كوردە لوڕەكان، قەیرانی شوناس و چارەنووسێكی هەڵواسراو! (بەشی ٤ و کۆتایی)

«کوردە لوڕەکان، قەیرانی شوناس و چارەنووسێکی هەڵواسراو!» لێکۆڵینەوە و خوێندنەوەیەکی مێژووی، جوگرافیایی، سیاسی، کولتوری، کۆمەڵایەتییە بۆ کوردە لوڕەکان، هەڵکەوتوو لە «لوڕستان»ـی ئیستا کە لە لایەن هاوڕێ «وەحید کەماڵی ئیلامی»ـیەوە نووسراوە.
ئەم لێکۆڵینەوەیە لە ١٤بەش یان سەردێڕدا تێدەکۆشێت ١. واتای وشەی لوڕ 2- لوڕ كێن‌و ڕەگەزیان چییە؟ 3- پێناسەی كوردی لوڕ و شێوەزاریان 4- هەشیمەت و ژمارەی كوردی لوڕ 5- جوگرافیای دانیشتنی كوردەلوڕەكان 6- كورتەیەك لە مێژووی دەسەڵاتە ڕامیارییەكان لە نێو كوردی لوڕ 7- ئایین و ئایین زا لە نێو كوردی لوڕ 8- كوردە لوڕەكان و ئێرانچێتی (پان ئێرانیزم ) 9- كوردی لوڕ و دەسەڵاتەكانی پاڵەوی و كۆماری ئیسلامی لە ئێران 10- كوردی لوڕ و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی نەتەوەیی كورد 11- كوردی لوڕ و هێزە سیاسییەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان 12- بۆچوون و پێناسەكانی ئێستای كۆمەڵگای كوردی لوڕ لە بواری شوناسی نەتەوەیی 13- دەرفەت و پرسیارەكان 14- پیشنیارەكان لەو بارەیەوە بۆ چارەسەری  چارەنووسە هەڵپەسێردراوەکان بخاتە ڕوو. ئەوەی لێرە دا دەیخوێننەوە بەشی چوارەم و کۆتایی ئەم لێکۆڵینەوەیەیە.
 
14- پیشنیارەكان :
لەبەر ئەوەی هەڵكەوتی پێكهاتەی كوردەلوڕەكان كەوتووتە ناو جوگرافیاو سنووری سیاسی هەردوو وڵاتی ئێران و عیراق و باشووری كوردستان بۆیە پیشنیارەكان لەپێناو تێكوشان بۆ لكاندنەوەی ڕامیاری-نەتەوەیی-جوگرافی كوردەلوڕەكان بە قەبارەی گشتی نەتەوەی كوردو وڵاتی كوردستان پۆلێن دەكرێن بە دوو بەشەوە كە لێرەدا ئاماژەیان پێدەدرێت؛
یەكەم : پیشنیارەكان بۆ ڕێكخراوە سیاسی و مەدەنییەكان و حیزبەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان.
-بڕیاردانی ڕەهای فیكری و ئایدولوژی و سیاسی و ڕێكخراوەیی لەسەر ئەوەیكە پێكهاتەی كوردی لوڕ و جوگرافیای ناوچەلوڕنشینەكان بەشێكی هەرەسەرەكی لەنەتەوەی كوردو وڵاتی كوردستانن و هەرچەشنە دوودڵییەك لەم بوارەدا لای خۆیان نەهێلن.
-لەهەموو نووسراوەو بڵاوكراوەو پەرتووك و...هتد كە دەنووسرێت و دەردەچێت لەسەر وڵاتی كوردستان و نەتەوەی كوردو شوناسی كوردی ، ئاماژە بدرێت بە كوردەلوڕەكانیش .
-لەكاتی ئاماژەدان یان ناوبردنی « لوڕەكان « لە وشەی « كوردی لوڕ « كەڵك وەربگیرێت هەروەك (كوردی سۆران، كوردی كرمانج ، كوردی زازا ،و ...). بەداخەوە زۆر جار دەبینین لە نووسینە فەرمی و نافەرمییەكان یان لە ناو بەرهەمی نووسەرانی كورد دونووسرێت : ( كورد و لوڕ ) ! و بەم شێوەیە بە زانابوون یان بە نەزانی كوردەلوڕەكان جیادەكرێنەوە لە نەتەوەی كورد.
-بایەخ دان بە ڕێكخستنی ڕێكخراوەیی – سیاسی و حیزبی كوردی لەنێو كوردەلوڕەكان.
-بایەخ دان بە زمان و داب و نەریت و كولتوور و هونەر و موسیقاو مێژوو و هەموو ڕەهەندەكانی هەبوونی كوردەلوڕەكان لە میدیای كوردی و ڕاگەیاندنە حیزبییەكان.
-خۆپاراستن لە زەق كردنەوەی بابەتی ئایین زا یان دژایەتی مەزهەبی بەرانبەر بە كوردەلوڕەكان .
-ڕەخساندنی دەرفەت بۆ ڕووناكبیران و سیاسییەكانی كوردی لوڕ بۆ بەڕێوەبردن و بەشداری كردنیان لە هەموو بوارەكانی خەباتی نەتەوەیی كوردی لەڕۆژهەڵاتی كوردستان.
-بە پێشەنگ كردنی كوردەلوڕەكان لە بەڕێوەبەرایەتی حیزبی و پێش بردنی سیاسەتی نەتەوەیی كوردی.
-زۆرجار كە نەخشەی كوردستان لە ڕاگەیاندنەكان یان نووسینەكان بڵاو دەبێتەوە جوگرافیای ناوچەلوڕنشینەكان لەناو نەخشەكاندا نابیندرێت و دەخرێتە دەرەوی سنوورەكانی وڵاتی كوردستان .! زۆر گرینگە كە نەخشەی ژیوپولیتیك و دیموگرافیای كوردەلوڕەكان لەناو نەخشەی كوردستان بێت و نەخرێتە دەرەوەی سنوورەكانی كوردستان.
-خۆجێیی كردن (لۆكالیزە كردنی ) خەباتی ڕزگاریخوازی نەتەوەیی كوردی لەنێو پێكهاتەی كوردەلوڕەكان و ناوچە لوڕنشینەكاندا.
-پێویستە لەسەر حیزبە سیاسییەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان كە لە هەموو بەرنامەو ستراتیژی حیزبی خۆیان سەرمایەگوزاری جیددی بكەن لەسەر ناوچەكانی خوارووی ڕۆژهەڵاتی كوردستان و میراتی نەتەوەیی و ڕزگاریخوازی كورد بگوازنەوە بۆ ناو پێكهاتەی كوردی لوڕ و بە پێچەوانە.
-پەروەردە كردنی كادیری سیاسی –حیزبی پرۆفیشنال لە پێكهاتەی كوردی لوڕ لەلایەن هێزە سیاسییەكان و حیزبەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان.
-بایەخ دان بە كەسایەتییە ناودارەكانی مێژوویی و سەردەمی كوردی لوڕ و دانانی ناویان لەسەر شوێن و شەقام و بازنەو ... شارەكانی كوردستان.
-بەڕێوەبردنی كۆڕ و كۆبوونەوەو فیستیڤاڵ و ...هتد لەسەر پێكهاتەی كوردی لوڕ.
-ئاماژەدان بە كوردەلوڕەكان و پێگەو جێگەیان لەناو ستراكچەری نەتەوەی كورد و وڵاتی كوردستان لەناو وانەكانی پەروەردەو فێركاری لەنێو ڕێكخراوە سیاسی و مەدەنییەكان و حیزبەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان.
-نزیك بوونەوەو پەیوەندی كردن بەو حیزب و ڕێكخراوانەی كە هەڵقوڵاوی پێكهاتەی كوردەلوڕەكانن و هەوڵدان بۆ تێكەڵ كردنیان لە بزاڤی كوردی و داڕشتنی پیلانی هاوبەشی نەتەوەیی لەگەڵیان لەپێناو دامەزڕاندنی كیانی نەتەوەیی كوردی.
-تەرخان كردنی بەشێكی تایبەت لە هەموو ئورگانەكانی سیاسی و حیزبی(بەتایبەت ڕاگەیاندن) بۆ چالاكی كولتووری و ڕیكخستنی حیزبی لەنێو كوردەلوڕەكان .
دوویەم : پیشنیارەكان بۆ حكومەتی هەرێمی كوردستان و حیزب و ڕێكخراوە سیاسی و مەدەنییەكانی باشووری كوردستان
-ناساندنی زیاتری پێكهاتەی كوردەلوڕەكان بە خەڵكی باشووری كوردستان لەڕێگەی میدیای حكومی و حیزبی و چاپەمەنییەكان.
-بایەخ دان بە زاراوەی كوردەلوڕەكان لە ڕێگای ڕاگەیاندن و میدیای فەرمی حكومی و حیزبی لە باشووری كوردستان.
-دامەزڕاندنی كەناڵی ئاسمانی تایبەت و ڕادیو بۆ كوردەلوڕەكان.
- بەشداركردنی كوردەلوڕەكان لەبەڕێوەبردنی دامودەزگا حكومی و حیزبییەكان
-ڕێگەخوش كردن و ئاسانكاری ئیداری و حكومی بۆ سەرمایەگوزاری ئابووری و پیشەیی و تیجاری و...هتد كوردەلوڕەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان بە تایبەتی لە هەرێمی كوردستان و دەكرێت ئەم بابەتە لە پەرلەمانی كوردستانیش گەڵاڵە بكرێت و دوای پەسەند بوونی یاساو ڕیسای بۆ دیاری بكرێت.
تێبینی : هەر تاكێكی كوردی لوڕ لەهەرێمی كوردستان سەرمایەگوزاری بكات لەهەر بوارێكدا خۆبەخۆ دەبێتە نوێنەرێك بۆ گواستنەوەی ڕاستییەكان لە بواری یەكبوونی شوناسی كوردەلوڕەكان لەگەڵ باقی پێكهاتەكانی نەتەوەی كورد بۆناو پێكهاتەی كوردەلوڕەكان و پەیوەندییە هەمەلایەنەكان بەم شێوەیە پتەوتر دەبێت لە نێوان كوردەلوڕەكان و باقی بەشەكانی نەتەوەی كورد.هەرچەندە ئەم سیاسەتە زۆر قازانج و دەستكەوتی دیكەشی هەیە بۆ حكومەتی هەرێمی كوردستان و دانیشتوانی باشووری كوردستان لەهەموو بوارەكاندا.
-دامەزڕاندنی ڕێكخراوەو ناوەندو ... كولتووری و وێژەیی تایبەت بە كوردەلوڕەكان.
- جێگر كردنی وانەی پەروەردەیی و زانیاری لەسەر دیموگرافی و جوگرافیای سیاسی و سروشتی كوردەلوڕەكان لە قوتابخانەكاندا.
- دامەزڕاندنی ناوەندێكی ستراتیژی بۆ لێكۆلینەوەو تۆماركردنی زانیاری و لێگەڕین لەسەر كوردەلوڕەكان لەپێناو داڕشتنی پیلانی ستراتیژی بۆ داهاتووی كوردەلوڕەكان لە چوارچێوەی شوناس و بەرژەوەندی نەتەوەیی كوردوكوردستان.
- یەكێك لە كەم و كوڕییەكانی پێكهاتەی كوردی لوڕ لە عیراق و لەئێران كەژمارەیان لەسەرەوەی 10 ملیون كەسە ئەوەیە كە لە لایەكەوە نەك توانیویانە وەك پێویست بەشداری حیزبە سیاسییەكانی كوردستان بن و نەك خۆیان حیزبێكی سیاسی كوردیان هەیە كەبتوانن وەك ناوەندێكی سیاسی خۆیان و شوناسی ڕاستەقینەیان ببیننەوە لە ناوێدا بۆیە هەمووكات پەرش و بڵاو بوونەتەوەو نەیانتوانیوە یەك بگرن. لە لایەكی دیكەوە حیزبەكانی باشوو و ڕۆژهەڵاتی كوردستانیش بە زۆر هۆكاری جیاواز كەمتەرخەم بوون بە نیسبەت ڕاكێشانی كوردەلوڕەكان بۆناو شوناسی نەتەوەیی كوردی و بەشداركردنیان لە بزاڤی ڕزگاریخوازی نەتەوەی كورد.بۆیە بیركردنەوە لە پاڵپشتی و پشتیوانی كردنی كوردەلوڕەكان لەپێناو دامەزڕاندنی حیزبێكی سیاسی – نەتەوەیی كوردی لەلایەن حكومەتی هەرێمی كوردستان و هێزە سیاسییەكانی باشووری كوردستان ئەركێكی نەتەوەییەو دەتوانێت یارمەتیدەری زۆر بێت بۆ یەكلاكردنەوەی كێشەو قەیرانی شوناسی كورد بوون لە نێو كوردەلوڕەكان لە عیراق و لە ئێران.
- دیاری كردنی بەهر و پشكی تایبەت بۆ كوردەلوڕەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان بۆ درێژەدان بە خوێندن لە زانكۆكانی هەرێمی كوردستان لە لایەن وەزارەتی خوێندنی باڵای حكومەتی هەرێمی كوردستان.
- دانانی ناوی كەسایەتییە بەناوبانگەكانی كوردی لوڕ لەسەر شوێنە گشتییەكان و گەڕەك و جادەو كۆڵانەكان لە شار و شارۆچكەكانی هەرێمی كوردستان .
تێكوشان بۆ چارەسەركردنی قەیرانی شوناسی نەتەوەیی لە نێو كوردەلوڕەكان هاندانی نەتەوەی كوردە بەرەو پێكهێنانی ئاواتە بەرز و دێرینەكانی .
كۆتایی

AM:10:28:04/07/2019




ئه‌م بابه‌ته 95 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌