كاك فۆئاد و سیاسەتی کۆمەڵایەتی

كاك فۆئاد و سیاسەتی کۆمەڵایەتی

هاوڕێ یوسفی

ئەوەی ئاوڕێكی خێرای لە ژیانی شەخسی و هەروەها ژیانی سیاسی و شۆڕشگێڕانەی كاك فۆئاد دابێتەوە بۆی دەردەكەوێت كە هەموو كاروبارێكی سیاسی و بابەتێكی سیاسی بەلای ئەوەوە بەبێ خەڵك و ئامادەیی خەڵك كردارێكی نەكردە و مەحاڵە. لای كاك فۆئاد، سیاسەت لە غیاب خەڵکدا سیاسەت نییە بەڵكوو وەك ئالێن بەدیۆ دەڵێت مودیرییەتە، واتە بەڕێوەبردنی هەندێك كاروباری برۆكراتیك لە ژوورە تاریك و نووتەكەكانی دەوڵەتدا. ئەگەر بمانەوێت چالاكییەكانی كاك فۆئاد لە پانتای سیاسەتی هاوچەرخی كوردستاندا شی‌بکەینەوە ئەم یادداشتە بەرگەی ئەو کارە ناگرێت بەڵام تا ئەو شوێنەی پێمان بكرێت هەوڵدەدەین لە ڕێگەی نموونەیەکەوە ئەزموونی كاك فۆئاد بخەینەڕوو.

ئامادەیی كاك فۆئاد لە سەردەمی ڕاپەڕینی گەلانی ئێران و بە تایبەت كوردستاندا، بەلەبەر چاوگرتنی تەمەن، ئەزموون، زانست و فیكری خۆی و ئایدیای باڵادەستی ئەو كات، نەك بۆ ئێمە بەڵكوو بۆ زۆر كەس بۆتە مەتەڵێكی گەورە و زۆر كەس ناتوانێت بە ئاسانی لەم دیاردە نایاب و سەیرەی كوردستان تێبگات. ئەم سەیر، نایاب و عەجیب بوونە وای كردووە هەوڵێكی زۆر بدرێت بۆ ئەوەی كاك فۆئاد لە ئۆبژەیەكی سەركەش و نەگیراوەوە ‌بگۆڕێت بۆ ئۆبژەیەکی كەویكراو و دیاریكراو كە لە كاتی ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵیدا چیدی وەك جاران سڵی لێ‌نەكەینەوە و بە ئاسانی بتوانین لە ڕستێك پێناسەی زانستیدا كۆی بكەینەوە. لەخۆڕا نییە كاك فۆئاد دەبێتە بابەتی بڕوانامە و نامیلكەكانی ناو زانكۆكان، دەبێتە شیعری ناو گۆرانی و سروودەكان، دەبێتە ماتریالی ناو شیعرەكان و... كاك فۆئاد لای خەڵكی كوردستان و هەروەها لای كۆماری ئیسلامی دیاردەیەكی سەیر و ناجۆر بوو؛ دیاردەیەك بوو بە ئاسانی نەدەكرا تێیبگەیت. بۆ ئەوەی ئەم باسە زۆر درێژە نەكێشێت بەبێ ئەوەی هەوڵی ئەوە بدەین مانا یان چەمكێك بدەینە پاڵی و گۆشەیەكی چالاكییەكانی دیاری بكەین دەتوانین بگەڕێنەوە بۆ چەمكێكی گرینگ لە دەروونشیكاریی ژاك لاكاندا. ناوی لاكانیی كاك فۆئاد لە دەروونشیكاریدا (the real) یان واقیعیە. بانموونەیەكی كورت بۆ‌ تێگەیشتن لەم چەمكە بهێنینەوە. ماشینێكی ئاخرین سیستم لەبەر چاو بگرن كە خاوەنەكەی بۆ قۆماركردن لەسەر تو‌ندڕۆشتنی كڕیویەتی و بۆ ئەوەی خێراییەکەی تاقی و لە ڕاستیی ژمارەی واقعی ئامپێڕەكانی تێبگات ئەم ماشینە دەباتە ئۆتووبان و لەوێدا تا جێگەی هەبێت تووند دەڕوات و گازی دەدات. شۆفیر یان خاوەن ماشینەكە لەوە دڵنیایە كە لاینێكی ئۆتووبان بەشێوەیەكی یاسایی لاینی ئەوە ‌و هیچ ماشینێكی دیكە تەنانەت لە ڕووی یاسایشەوە بۆی نییە بێتە لاینەكەی ئەوەوە لەناكاو دەبێنێت پاسێكی گەورە لە لاینەكەی ئەودا بەرامبەری دێت. لە نموونەنەکەی ئێمەدا کاک فۆئاد ڕێک هەمان پاسە لە لاینی دژبەری سیاسەتی ڕەسمیدا.

بۆ ئەوەی بتوانین وێنەیەك لە كاك فۆئاد بەدەستەوە بدەین دەگەڕێینەوە بۆ کورتە چیرۆکێکی گابریەل گارسیا ماركێز و هەوڵ دەدەین لەو ڕێگەوە وێنەیەك لە كاك فۆئاد نیگار بکەین: منداڵانی كەنارەكە بەرجەستەییەكی بۆریان بەدەم شەپۆلەكانی ناو دەریاوە بینی كە خەریكە لێیان نزیك دەبێتەوە، وتیان ئەمە بەلەمی دوژمنە، پاشان بینیان بەلەم نییە و وتیان نەهەنگە. بەڵام لەو كاتەدا كە شەپۆلەكان تووڕیان دایە كەنارە لمینەكەی دەریاوە و منداڵەكان قەوزە و گژ و گیاكەی سەریان هەڵدایەوە بینیان ئەمە پیاوێكی خنكاوە. هەموو ئەو پاش نیوەڕۆیە یاریان پێكرد و لە لمەكەدا دەیان ناشت و دەریان دەهێنایەوە بەڕێكەوت پیاوێك دەیانبینێت و خەڵكی گوندەكە لەم مەترسییە ئاگادار دەكاتەوە. ئەو پیاوانەی كە ئەم تەرمەیان بۆ نزیكترین ماڵی گوندەكە گواستەوە ئەوكات زانیان ئەم تەرمە لە هەموو ئەو تەرمانەی دیویانە قورسترە. كاتێك تەرمەكەیان دانا هەموو ژوورەكەی پڕكردەوە، وتیان لە هەموو پیاوەكان باڵا بەرزترە، بەڵام وا بیریان كردەوە كە ڕەنگە هەموو ئەوانەی دەخنكێن لە دوای مەرگ قامەتیان درێژ دەبێتەوە. بۆنی دەریای لێ‌دەهات و تەنیا بە تەرمەكەیدا دەتزانی مرۆڤە. گژ و گیای سەر و ڕوومەتیان لادا، خەڵكی گوندەكەی خۆیان نەبوو، ئەو شەوە كەس بۆ كار نەچووە دەریا. پیاوان چوونە گوندەكانی دیكە بۆ ئەوەی بزانن كەسێكیان لێ وون نەبووە، ژنەكان بۆ پارێزگاری لە تەرمەكە مانەوە. گڵ و لیتەی سەر تەرمەكەیان پاك كردەوە و... سەرقاڵی ئەو كارانە بوون كە زانیان جل و بەرگەكەی شیتاڵ شیتاڵ بۆتەوە و ئەو قەوزانەی بە تەرمەكەوە نووساون لە ئۆقیانووسە دوورەكان و ئاوە قووڵەكانەوە هاتوون. هەروەها زانیان كە مەرگی بەسەر بەرزییەوە هەڵبژاردووە چونكوو خەمۆكی بەسیمایەوە دیار نەبوو وەك مردووەكانی دیكە. بەڵام، ئەو كاتەی تەرمەكەیان خاوێن كردەوە قەڵافتی دەرکەوت و زانیان چ پیاوێك بووە، هەناسەیان سوار ببوو. لە هەموو ئەو پیاوانەی دیبوویان كەڵەكگەتر، بەهێزتر و چوارشانەتر بوو...

لە گوندەكەدا تەختێكیان نەدۆزییەوە لەسەری ڕایکێشن، نە جل و بەرگ و نە پێڵاوی هیچ پیاوێكی گوندەکە بۆی نەدەبوون. ئەو ژنانەی ئەوقی گەورەیی و جوانیەكەی ببوون بڕیاریاندا لە پارچەیەكی گەورەی بەلەمەكان پانتۆڵ و لە كراسی كەتانی زەماوەندی یەك لە ژنەكان كراسێكی بۆ بدوورن تاكوو لەكاتی مردنیشیدا شکۆ و سەربەرزییەكەی بپارێزرێت. ئەو شەوە كە ژنان سەرقاڵی دوورینی بەرگی خنكاوەكە بوون هەستیان كردن هیچ شەوێك ئەوەندەی ئەم شەوە دەریا تۆفانی و نائارام نەبووە و لای خۆیان وتیان ئەم نائارامیە پێوەندیی بەم تەرمەوە هەیە... پیرێژنێك، چونكوو لە هەموو ژنانی دیکە پیرتر بوو، خنكاوەكەی زیاتر لە ڕووی دڵسۆزییەوە ڕوانی بوو ئاخێكی هەڵكێشا و گوتی"سەر و سیما و قەڵافەتی لەكەسێك دەچێت بەناوی ستێبان".

لەناو ئەو ژنانەدا، گەنجترین ژنەكان، چەند كاتژمێرێكیان بەم خەیاڵەوە بردەسەر كاتێك ئەو جلەی بۆیان دووریوە بیكەنە بەری و بە پێڵاوی چەرمینەی بریقەدارەوە لەناو گوڵەكاندا پاڵی بخەن، ڕەنگە بتوانین بڵێین ناوی لاوتارۆیە. بەڵام خەیاڵێكی بەتاڵ بوو، پارچەكەیان کەم و جلەكان هیچیان بەبەری نەدەبوون و... ئەو ستێبان بوو. تاكوو هەڵهاتنی دەمەوبەیان ژنەكان بیریان لە سەدان خەیاڵی جۆراوجۆر دەكردەوە. كەمێك پاش ئەمە ڕوخساری خنكاویان بە دەسرەیەک داپۆشی نەوەك خۆر ئازاری بدات و بیگەزێ... یەك لە دوای یەك ژنان بە گریانەوە شیوەنێكی ‌گەورەیان خستەڕێ و هەر چییەك دەگریان دوو ئەوەندەی دیكە بە گریانەكەی خۆیان خەمبار دەبوونەوە چونكوو خنكاوەكە زیاتر دەبووە ستێبانی ئەوان و تا دەیانتوانی دەگریان چونكوو ستێبانی هەژار لە هەموو ئەو پیاوانەی ڕووی زەمین هەژارتر و بێنەواتر و بێئازارتر و میهرەبانتر بوو.‌ كاتێك پیاوانی وندەکە گەڕانەوە خەبەریان هێنا خنكاوەكە خەڵكی گوندەكانی ئەو دەڤەرە نییە، ژنان لە نێوەڕاستی شینگێڕییەكەیاندا پڕ بە دڵ شاد بوون؛ ئاخێكیان هەڵكێشا و گوتیان "شوكور بۆ خوا، لە خۆمانە".

پیاوانی گوندەكە پێیان وابوو ئەم (خۆشەویستییە)‌ لە سەرەڕۆیی ژنەكانەوە سەرچاوە دەگرێت. ئەوان كە لە پرس و جۆكردن ماندوو ببوون تاقە شت كە حەزیان لێ‌دەكرد ئەوە بوو ‌لەو ڕۆژە وشك و بێ‌بایەدا، پێش ئەوەی تینی تاو بڵێسە بدات، بۆ هەمیشە لە شەڕ و زەحمەتی ئەم تەرمە ڕزگاریان بێت. بێ. بە دارتەل و شفرەی شكاوی بەلەمەكان، ڕاخەرێکیان درووست كرد و بە گوریسی بەلەمەکە ئەو دارتەلانەیان لێك هەڵپێکا و قایمیان كرد تا بەرگەی قورسایی تەرمەکە بگرێت و ڕایکێشن تا لای تاشە بەردەكان. ویستیان لەنگەری كەشتی و بەلەمێكی بارهەڵگر بهێنن تا بە ئاسانی توێی قووڵترین شەپۆلەكانی دەریادا نوقم بێ؛ شوێنێك كە هەموو ماسیەكان كوێرن و دەریاوانەكان لە عەزرەتان دیق دەكەن و دەریای تووڕە چیدی نەیگەڕێنێتەوە بۆ كەنار و گوندەكەی ئەوان. بەڵام هەرچییەك پەلەیان دەكرد، ژنەكان زیاتر ماتڵیان دەكرد و كاتیان دەكوشت. ژنان ئەوەندە زێڕوزیویان بەسەر خنكاوەكەدا باراند كە لای پیاوەكان ئەم پرسیارەی درووست كرد؛ ئەم هەموو جوانكاری و زێڕوزیوانە بۆ ئەسپەردەكردنی مردوویەك بۆ؟ چونكوو پیاوان دەیانزانی سەرەڕای هەموو ئەم زێڕوزیو و ئاوە پیرۆزەی دەست ژنەكان، كووسەكان ئەم تەرمە دەخۆن، بەڵام ژنان گوێیان نەدەدا و زیاتر زێڕوزیویان بەسەر تەرمەكەدا دەكرد. پیاوەكان لەمە تووڕە بوون و وتیان: تا ئێستا كێ ئەم هەموو گاڵەگاڵەی کردووە بۆ تەرمێك كە دەریا هێقی کردبێتەوە، بەسەر ئەم خنكاوە بێكەسە، بەسەر پارچە گۆشتێكی ساردەوە بووی ڕۆژی چوارشەممەدا؟ یەك لە ژنەكان كە خۆی پێ‌ڕانەگیرا دەسرەی سەر ڕۆخساری تەرمەكەی هەڵدایەوە و پیاوانیش بەم كارە تف لە زاریاندا وشك بوو: ئەو ستێبان بوو. پێویست نەبوو لەبەر چاوی ئەوان ناوی بهێنن تاكوو بیناسنەوە. ناوی هەر كەسێكی دیكەیان ببردبا ئەوا ئەوەندەی ئێستا لەم تەرمە دڵنیا نەدەبوون. چونكوو تەنیا ستێبانێك لە هەموو جیهاندا هەبوو كە لەبەردەمیاندا درێژاودرێژ ڕاكشابوو. تەنیا بە هەڵداننەوەی دەسرەكە و بە ڕوخساری تەرمەكەدا زانیان شەرمەزارە یان نا، كە گوناحی ئەو نییە ئەوەندە قورس و ئەوەندە جوانە و ئەگەر بیزانیبا ئەوا لە شوێنێكی باشتردا خۆی نوقم دەكرد.

خدە و ڕەفتاری تەرمەکە ئەوەندە داوێن‌پاكانە و ساکار بوو كە بەدگومانترین پیاوانیش، واتە ئەوانەی تفتیی ئەو شەوە لە بڕان نەهاتووەی‌ پاڵ دەریایان ئەزموون كردبوو كە مەبادا ژنەكانیان لێیان ماندوو بووبێتن و وردە وردە خەو بە خنكاوێكەوە ببینن، تەنانەت ئەوان و پیاوە دڵگرانەكانیش، لە سۆزداری و نزیكیی سیمای ستێبان وەك دار ڕەق بوون.

بەم جۆرە، بیرۆكەی شكۆدارترین ئەسپەردەكردنیان بۆ خنکاوەکە لا درووست بوو و چیان بۆكرا ئەنجامیان دا. ئەو چەند ژنە كە بۆ هێنان و كۆكردنەوەی گوڵ بۆ گوندەكانی دەورووبەر ڕۆیشتبوون، لەگەڵ ئەو ژنانەی هەندێك شتیان بیستبوو و باوەڕیان بەمە نەدەكرد تاكوو چوون سیمای خنكاوەكەیان بینی. ئەوانیش بۆ كۆكردنەوەی گوڵ ڕۆشتن. ئەوەندەیان گوڵ هێنا و ئەوەندە خەڵك كۆ ببوونەوە كەس كەسی نەدەناسیەوە. دواجار، بە درێغیان دەزانی وەك هەتیوێك ڕەوانەی دەریای بكەن. لەناو باشترین كەسەكاندا، باوك و دایكێكیان بۆ هەڵبژارد، هەروەها پوور و مامە و خاڵۆزا و پوورزا و... بە جۆرێك كە لە ڕێگەی ئەم تەرمەوە هەموو خەڵكی گوندەكە دەبوونی خزمی یەكتر. پیاوان و ژنان بۆ چوونە ژێرداری مەیتەكە لە ململانێ و كێشمەكێشدا بوون كە بە بینینی شكۆمەندی و جوانی خنكاوەكەیان، بۆ یەكەم جار كەوتنە هەوڵەوە كە كۆڵانەكانیان دوور و پەرتە، حەوشی ماڵەكانیان بەرەهووتە و خەونەكانیشیان نزم و بچووك. بەبێ لەنگەر تەرمەكەیان خستە نێو دەریاكەوە تاكوو هەركات حەزی كرد و ویستی، بگەڕێتەوە ناویان. لەو كاتەدا بوو خەڵكەكە لەوە تێگەیشتن پاش ئەم ڕووداوە هەموو شتێك دەگۆڕدرێت، دەرگای ماڵەكانیان گەورەتر، بنمیچەكانیان بەرزتر و بن ژوورەكانیان قایمتر دەبێت، تاكوو یادەوەری ستێبان، بەبێ ئەوەی شان و قەڵافەتی لە چوارچێوەی دەرگاكان بكەوێت، بێتە ژوورەوە، دەیانویست دیمەن و نمای ماڵەكانیان بە ڕەنگە ڕوونەکان بخەمڵێنن تا یادەوەریی ستێبان بۆ هەتا هەتایە لە دڵیاندا بمێنێتەوە و دەیانویست ئەوەندە ‌كانی لە دڵی گاشە بەردەكان هەڵبكەنن و بەسەر بەردەكاندا گوڵ بڕوێنن تا چیدی پشتیان ڕاست نەبێتەوە، تا ئەو جێگایەی كە لە ساڵانی داهاتوو و ئایەندەدا، لە دەمەو بەیاندا، كەشتییە هەڵمیە موسافربەرەكان، لە بۆنی باغچەكانی دەریا ئازادەكان، مەست بن و لە خەو ڕابن و كەشتیوان، بە جلوبەرگی كەشتیوانییەوە، بە ناچاری لە سەكۆكەی دابەزێت، بە قوبەكانی سەر كڵاوەكەیەوە، بە ڕێزە میداڵەكانی سەر سینگیەوە دەست بۆ بەرزایی كەڵەگەتی گوڵە سوورەكان ڕاكێشێت و بە چواردە زمانەوە بڵێت، چاو لەو شوێنە بكەن، ئەو شوێنەی كە با ئەوەندە ئارام، ئەو شوێنەی كە خۆر ئەوەندە تیندار و كە گوڵە بەڕۆژەكان نازانن بەكام باردا بگەڕێن، ئەوە گوندی ستێبانە. (ئەم چیرۆكە لە ساڵی 1968 لەژێر ناوی (جوانترین خنكاوی جیهان دا نووسراوە ).

بەپێی ئەو چیرۆكەی كە لە سەرەوە لە گارسیا ماركێز هێنامانەوە ناتوانین لە خۆمان بپرسین ئایا ئەو كەسەی كە دەریا یان بە تەعبیرێكی دیكە شەپۆلە تووڕەكانی كرێكاران و هەژارانی كوردستان بەخشیان بە كوردستان، هەمان ستێبانی ئێمە، كاك فۆئاد نییە؟ ئایا كاك فۆئاد سەردەر و چوارچێوەی دەرگا بچكۆلە و تەنگەكانی ئێمەی نەگۆڕی؟ ئەم چیرۆكە خاوەن دەیان ڕەمز و خوازەی ناسك و وردیلەیە كە بەبێ خوێندنەوەی چەند جارەكی ئەستەمە بتوانین لە گشتێتییە ماناییەكانی چیرۆكەكە تێبگەین. یەكێك لەو خاڵانەی كە دەبێت سەرنجی پێ‌بدەین ئەوەیە كە ئەم چیرۆكە لە ساڵێكدا نووسراوە كە كۆی ئۆرووپا و جیهانی ڕۆژئاوایی لەژێر زەبری چەندان بزووتنەوەی جۆراوجۆردا بوو و (ساڵی1968)، ساڵی بزووتنەوەی خوێندكاران، ژنان، كرێكاران و... هتد. خاڵێكی دیكە كە دەبێت لەسەری هەڵوەستە بكەین ئەوەیە كە هەموو خەڵكی ئەو گوندە هەوڵ دەدەن ببن بە دایك و باب و خوشك و برا و خاڵۆزا و پوورزا و ئامۆزا و... ئەم خنكاوە ‌و چەندان خاڵ و ڕەمزی هێماینی دیكەی لەم چەشنە. بێگۆمان، كاك فۆئاد ستێپانی ئێمەیە، ستێپانی كرێكاران و زەحمەتكێشان بۆیە شوێنی ژیانی كاك فۆئاد نە ئاڵمانەیە نە مەریوان، نە ساڕاڵە نە چەمشار، نە زرێبارە نە ‌شاهۆ، بەڵكوو ئارامگەی كاك فۆئاد دڵە گەورە ‌و هەژارەكە، دەریای تووڕە ‌و بە لرفەی هەژارانی كوردستانە.



ئه‌م بابه‌ته 4697 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


PM:10:05:03/08/2018