ناسر خورشیدی
خەتەنە کردنی
ژنان و کچان تەنیا برینێکی بچووکی ژنان نییە کە تەنیا لە چوار دیواریەکاندا بمێنێتەوە
یان زامێک بێت تەنیا لە لەتە تیغێک و قووماشێک و تیکەیەکی بچووکی گۆشت و چنگێک خۆڵەمێشدا
شرۆڤە بکرێت. یان لە چەن دێری ئەم یاداشتەدا
کۆتایی پێبێت. خەتەنەی ژنان یەکێک لە کردەوە سەرەکیەکانی دژە ژنان و کچانە کە بە هۆی
ئەم کردەوەیە یەکێک لە مافە گرینگەکانیان پێشڵ دەکرێت.
پێویستە دەیان
سمینار و کۆڕ و کۆنفرانس بگیردرێت لە سەر ئەم کارەی کە دژی ژنان دەکرێت، کە لە
درێژەدا ئاماژە دەدەم بە مێژووەکەی و هەروەها ئەو کاریگەرییانەی کە لە سەر ژنان
دەیبێت.
مێژووی خەتەنە:
خەتەنە شێوەیەکی
ئاشکرای دژە ژن بە ئەژمار دێت و گەر لە ڕیشەی خەتەنە کردنی کچان و ژنان بکۆڵینەوە،
ڕیشەکەی دەگەرێتەوە بۆ کلتوور و ئایین کە
پێشینەکەی بۆ میسری کۆن دەگەرێتەوە. لە میسری
کۆندا ئەم کردەوەیە باو بووە. و ئێستاش دوای ئەوەی لە ساڵی ۱۹۹۷ زایینی، نایاسایی کراوە و لە ساڵی ۲۰۰٨ی زایینیەوە کراوە بە تاوان، میسریەکان
و ئەفریقیەکان بەگشتی خەتەنە کردن وەک نەریتێکی کۆن بووە بۆیان و لەم باوەرەدان کە
مرۆڤەکان دوو جنسیەتین و بۆ ئەوەی جنسیەتێکی یەکدەستیان بێت دەبێ خەتەنە بکرێن. بۆ
ئەوەی پیاوێک تەواو پیاو بێت یان ژنێک تەواو ژن بێت خەتەنەیان کردوون و ئێستاش لە
وڵاتی میسردا بە ژنان بە چاویی سووک سەیری ژنێک دەکەن کە خەتەنە نەکرابێت و پێی دەڵێن:"
وەک پیاو وایت."
لە ساڵیانی کۆندا
لە زۆربەی وڵاتانی جیهان ئەم کردەوەیە باو بووە. مێژوو نووسی بە ناوبانگی یۆنانی هێرۆدۆت
لە کتێبەکەی خۆیدا بەناوی مێژووەکان نووسیویەتی:" خەتەنە کردنی ژنان جگە لەناو
میسریەکاندا لە نێو ڕۆمیەکان، ئێتیۆپییەکانیشدا باو بووە."
خەتەنە لە ناو
ئاییندا
لە ناو دینی یەهوود
و مەسیحیەتدا هیچ ئاماژەیەک و هیچ نیشانەیەک لە خەتەنەی ژنانی باوەرمەند بەو ئایینانەدا
نییە مەگەر وڵاتانێک کە کلتوور زیاتر باو بێت بەسەریاندا وەک مەسیحیە ئەفریقیەکان
کە ئێستاشی لەگەڵدا بێت ئەم کردەوەیە دەکرێت.
لە ناو سەرچاوە دینی موسوڵماناندا یانی
قووڕئان، هیچ ئاماژەیەک بە خەتەنەکردنی کچان و ژنان نەکراوە. مامۆستا ئایینیەکان تەنیا
بە گێڕانەوەی وتەیەکی پێغەمبەری ئیسلام، هەوڵ بە بەڵگەدار بوونی ئەو کارە دژە ژنە
دەکەن کە بیسەلمێنن ئەم کردەوەیە یاسایەکی دینیە و تەنیا بە پێیی گێڕانەوەیەک، خەتەنە
کردنی ژنان و کچانی پێ بەڵگەمەند دەکەن. ئەم
گێرانەوەیەش لە ناو کتێبی مێژووی تەبەریدا کەنووسینی محەممەد جەبەر تەبەریە، هاتووە :" پێغەمبەری ئیسلام بە ژنێک کە
ناسراو بە دایکە عەتییە بووە گوتوویەتی: دایکە عەتییە کاتێک ژنێک خەتەنە دەکەی لە
ئەندامی زۆر مەبڕە بۆ ئەوەی لە لای مێردەکەی ڕوخساری گەشاوە و جوان بێتە بەر چاو."
لێرەدا بە پێی ئەم
وتەیە کە ناتوانین بڵێن ڕاستە یان نا، دەر
دەکەوێت کە ئەم کردەوە قیزەونە دەبێت ڕیشەی جگە لە میسر و ڕۆمیەکان، ئێتیۆپیەکان،
و ئەفریقیەکان لە ناو عەرەبەکاندا باو بووە چوون دەبێ پێش هاتنی دینی ئیسلامیش خەتەنە
کردنی ژنان لە ناویاندا باو بووە چون کردەوەیەک نییە کە یەک ڕۆژە داهێنانی بۆ کرابێت
و دەس بە خەتەنە کردنی ژنان و کچانیان کرابێت.
لە نێوان چوار دەستەی
ئەهلی سوننەت تەنیا لایەنگرانی ئا شافعین کە خەتەنە کردنی ژنان بە پێویست دەزانن،
و دەڵێن پێویستە کچەکانتان خەتەنە بکرێن. بەڵام ئەحمەدی حەنبەلی، خەتەنە نەکردنی
ژنان و کچان بە مەکرووە ناودەبات و تەنیا پەسەندی کردووە. کەسەکان دەتوانن کچانیان
خەتەنە بکەن یان نەیکەن بەڵام گەر خەتەنەی کەن باشتر دەبێت. لە نێوان شیعەکاندا جگە
لە دەستەیەک بە نێوی موستەعلەوی کە لە میسر دەژین و زۆر بەربڵاو نین خەتنە کردنی
کچان بوونی نییە چون عەلی ئیمامی یەکەمی شێعەکان وتوویەتی تەنیا خەتەنە کردنی پیاوان
پیویستە و دەبێ بکرێت.
خەتەنە کردنی
ژنان تەنیا بە گووتەیەک کە هیچ ڕوون نییە لە بنەڕەتدا ڕاستە یان نا تێکەڵی داب و نەریتی
بەشێک لە کوردەکان بووە. کە دەبینین لە
کوردستانی ڕۆژهەڵات و کوردستانی باشوور لە هێندێک لە ناوچەکانیان ئەم کردەوەیە دەکرێت.
گەر بەڕاستی بۆنەیەکی دینیە بۆچی جگە لە یەک گووتە کە ناتوانین بڵێین گووتراوە یان
نا هیچ بەڵگەیەکیتر بۆی نییە؟
دام و دەزگا نێونەتەوەییەکان
خەتەنەی ژنان لە ژێر چاودێری دین و ئایین و کلتوور بە گشتی رەدکردۆتەوە و ئەوە بە
ئەشکەنجەی ئاشکرا دژی ژنان نێو دەبات.
مەترسیەکانی خەتەنە:
کاتێک ژنێک خەتەنە
دەکرێت چیتر ئەو ناتوانێت تا کۆتایی ژیانی چێژێکی تەواو لە سێکس وەر بگرێت. بەپێی
تۆژینەوەکانی ڕێکخراوەی تەندروستی جیهانی بیانوو بۆ خەتەنە کردنی ژنان بریتین لە:"
یارمەتی دەری سڵامەتی هەم لە ڕوانگەی ڕۆح و ڕەوان هەم لە ڕوانگەی تەندروستی،هەروەها
جوان کردنی کچان و گرینگترین بیانووشیان بۆ خەتەنە کۆنترۆڵ کردنی
کچان لە بەرانبەر بە هەستی سێکسی و ڕاگرتنی کچێنی تا کاتی شووکردن و چێژی زیاتروە رگرتنی
پیاوانە." بەم بیانوانە خەڵکی ناوشیار و نا ئاگا دەس دەدەنە خەتەنەی کچان، بەڵام
با بزانین بەڕاستی چ خەتەراتێک و مەترسیەک تووشی کچان و ژنان دەکات خەتەنە؟
ڕێکخراوەی تەندروستی
جیهانی لە لێکۆڵینەوەیەکدا باس لەو مەترسییانە دەکات وا لە ئاکامی خەتەنەی ژنان و
کچاندا، کە ئەم ڕەگەزە بۆی هەیە تووشیان بێت و بەم چەشنە ناویان دەبات:" خەسار
گەیاندن بە شا ڕەهەنی میز، ئیلتهابی خوێن، ئایدز، زەردوویی، سەرهەڵدانی کیست و
کوان لە شاڕەهەنی میز یان زارکی ئەندامی زاوزێ، خوێن بەربوون، هێدمە(شۆک و ترس) و
گیان لەدەستدان بە هۆی کەڵک وەرگرتن لە کەلوپەلگەلێک کە پاک و خاوێن نین و کەڵک وەرنەگرتن لە مەڵهەم و ڕۆن بە مەبەستی
چەورکردنی لەش، چڵکی بەردەوام و دریژخایەن یان تاوتاوی شاڕەهەنی میز و کاسیلکە، مەترسیی
نەزۆک بوونی ژنان، خەمۆکی، سارد بوونەوە و دابەزینی حەزی جووت بوون، ڕەحەت نەبوون
لە کاتی جووت بووندا(کاتی سێکس) وەستانی عادەتی مانگانە، کۆبوونەوەی خوێنی عادەتی
مانگانە لە ناو سکدا و هەروەها دواکەوتن و دژوار بوونی عادەتی مانگانە و تەنانەت
مردنیش."
پاڵپشتیە جیهانیەکان
بۆ نەهێشتنی خەتەنە:
ڕێکخراوەی یۆنیسێڤساڵی 1990خەتەنەی کچانی پێشێل کردنی مافی
کچان نێو دەبات. لە ساڵی 2008 دا، ڕێکخراوەی بهداشتی جیهانی بە هاوکاری دامودەزگا
و کۆنوانسیۆنەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، خەتەنەی
ژنان بە یەکێک لە مافە پێشێلکراوەکانی مرۆڤ نێو دەبات. لە ساڵی 2003 بەم لاوە هەموو
ساڵێک 6ی فێبریواری بە ڕۆژی دژایەتی لەگەڵ خەتەنەی ژنان ناونراوە.
کۆتایی:
لەهەر ڕوانگەیەکەوە
چاو لە خەتەنە بکەین کارێکە بە تەواوەتی دژی ژن و مافەکانی ژنانکە بەداخەوە ئێستاش
بینەر و بیسەری ئەو کارەین و هەڵسووکەوتێکی دڵخۆشکەر بۆ لە ناو بردنی ئەو کردەوەیە
چ لە لایەن چالاکانی مافی مرۆڤ و چ لە لایەن حکومەتەوە نابینین. کۆماری ئیسلامی ئێران
هیچ هەنگاو و هیچ یاسایەکی بە دژی خەتەنە کردنی کچان و ژنان دانەڕشتووەو
هەڵنەهێناوە و بەتەماش نییە بیکات و هەروەها میدایاکانیش ئەو جۆرەی کە دەبێ گرینگی پێبدەن، نایدەن و دەبینین زۆرینەی میدایاکان
سەبارەت بە خەتەنە کردنی ژنان و کچان بەرنامە و پرۆگرامێکیان نەبووە و بۆ بە ئاگاهێنانی
کۆمەڵانی خەڵک تا بتوانن ڕێژەی ئەم کردەوە قیزەونەکەم بکەنەوە.
بەڵام با سەرنجێکیش
سەبارەت بە ژنان لەم یاداشتەدا بنووسم: لە خەتەنەدا یەک شت جێگای سەرنجە کە خەتەنەی
ژنان بەدەستی ژنان دەکرێت و دایکانن کە مەڕاسمی خەتەنە کردن بەڕێوەدەبەن. ژنانێک کە
خۆیان قوربانی ئەم دیاردەیە بوون کچانی خۆیان قوربانی دەکەن لە راستیدا میکانیزمێکی
کولتوری پیاوسالارانە بۆ زیندانی کردنی ژن بۆ بەدیل گرتنی زیاتری ژن و کۆنترۆڵ
کردنی هەستی ژن و ڕۆڵی ژن لە کۆمەڵگادا. ئایا ژنان بە ئاگان لەم کردەوەیەی خۆیان و
قوربانی کردنی کچانی خۆیان؟
ئەی چالاکانی
بواری ژنان لە کوێن؟
کوان بەرنامە و
پرۆگرامیان بۆ بە ئاگاهێنانی کۆمەڵگا سەبارەت بە خەتەنە؟
زۆر پرسیار تر هەیە
سەبارەت بە ئەو کەسانەی خۆیان پێ چالاکی ژنانە بەڵام با بۆ ئەم یاداشتە بەس بێت.
ئهم بابهته 3638
جار خوێنراوهتهوه