ن: شلێر
شاملی
من وەکوو ژنە
پێشمەرگەیەکی رزگاریخواز، کە بۆ گەیشتن بە مافەکانی ژیانی مرۆڤایەتی چەکم
هەڵگرتووەو لە ریزی پێشمەرگەکانی کۆمەڵەدا بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانم خەبات دەکەم،
پیرۆزبایی ٨ی مارس رۆژی جیهانی ژن دەکەم لە هەموو ژنانی دونیا، ئەو ژنانەی کە
سەربەستانە دەژین و دژ بە زڵم و زۆر و ستەمکاری دەوەستنەوەو خەبات دەکەن.
من کاتێک کە
باسی ئازادی و یەکسانی جێندەری دەکەم و خوازیاری مافەکانی خۆمم لە کۆمەڵگادا، واتە
باس لەوە دەکەم منی ژن دەبێت مافی یەکسانم هەبێت لە کۆمەڵگا و بۆ ئەم مافە یەکسانە
تێدەکۆشم و خەبات دەکەم.
من ئاگادارم
و دەزانم بە درێژایی مێژوو، سەرەڕای هەموو هەوڵ و کۆششەکان، بەڵام لە لایەن
دەسەڵاتەکانەوە، بەر بەوە گیراوە ژن دەور و نەخشی خۆی بە تەواوەتی لە پانتا
جۆراوجۆرەکانی کۆمەڵگا، چ سیاسەت، چ کەلتوور و چ پەروەردە دەربخات. ژن بە تاوانی
ژن بوونی خراوەتە پەراوێزەوە، بەر بە چالاکییەکانی گیراوە. لە سووچی ماڵ خراوەو بە
گشتی ئیزنی ئەوەی پێ نەدراوە وەک بەشێک لە کۆمەڵگا، بەو شێوەیەی کە شایستە و شیاوە
دەور و نەخشی هەبێت لە کۆمەڵگا. کاتێک باس لە ژن دەکەین واتە باس لە نیوەی کۆمەڵگا
دەکەین. بەڵام سیستەمی باوکسالاری و پیاوسالاری بە درێژایی مێژوو هەوڵیداوە ئەم
نیوەی کۆمەڵە بخاتە پەراوێزەوەو لە کۆمەڵگا دووریان بخاتەوە. بە پەراوێز خستنی
ژنان لە کۆمەڵگا، زیانی گەورەی بە کۆمەڵگا بە گشتی و بە ژن بە تایبەت گەیاندوەو
لەراستییدا باجەکەی کۆمەڵگا داویەتی و ژنیش زیاتر زیانی بەرکەوتووە لەو باجدانەدا.
ئەوەی ئەمڕۆ
وەک چەوسانەوەی ژنان لە کۆمەڵگا هەیە، شتێک نییە کوت و پڕ و یەک رۆژە ڕوویدابێت.
بەڵکوو دیاردەیەکە بە درێژایی مێژوو روویداوەو بووە بە نۆرمێک لە ژیان. فرێدریک
ئێنگلس، وەرچەرخانی کۆمەڵگا، لە کۆمەڵگای دایک سالارییەوە بۆ باوکسالاری یان
پیاوسالاری بە سەرەتای وەرچەرخانی کۆمەڵگا دەزانێت بەو ئاراستەیەدا کە چەوسانەوەی
مرۆڤ بە دەستی مرۆڤ دەست پێدەکات.
سەردەمی ڕاو
کرد و ئەوەی کە مرۆڤەکان دەست دەکەن بە ڕاو، سەرەتایەکە بۆ ئەوەی ئەم وەرچەرخانە
مێژووییە ڕوو بدات. لە سەردەمی دایک سالارییدا، ژن بە سەنتەر و ناوەندی بنەماڵە
دەزانرا. بەڵام دوای ئەوەی مرۆڤەکان ڕوویان هێنایە ڕاو کردن، بە هۆی باری جەستەییەوە،
بە هۆی بافی فیزیۆلۆژییەوە، ژنان لە بەر ئەوەی سکیان پڕ دەبوو و مناڵیان دەبوو لە
ماڵەوە دەمانەوەو پیاوان دەچوونە ڕاو. ئەمەش سەرەتایەکە بۆ چەوسانەوەی ژنان لە
لایەن پیاوانەوە. پیاوان بە هۆی باری جەستەیی و فیزیکییەوە بوون بە نان هێنەری
بنەماڵە و بەم شێوەیە ئابووری کە یەکێکە لە جمکە گرینگەکانی کۆمەڵگا و بنەماڵە
کەوتە دەستی پیاوان. هەر لەم ڕووەشەوە توانیان جڵەوی دەسەڵات بگرنە دەست و بەم
شێوەیە چەوسانەوەی مرۆڤ بە دەستی مرۆڤ دەست پێدەکات.
بە دێژایی
مێژوو ئەم چەوسانەوەیە بەردەوام دەبێت، ئایینەکان، فەلسەفەی کۆن، کەلتوور و هتد
دەبن بە مێکانیزمە پەرە پێدەرەکانی ئەم چەوسانەوەیە. سەرجەم ئایینەکان رەگێکی
قووڵی پیاوسالارییان تێدایە و پەرە پێدەر و بڵاوکەرەوەی پیاوسالارین. هەر لە یەکەم
ئەفسانەی دروست بوونی مرۆڤەوە لە ئایینەکان کە دروستبوونی ئادەم و حەوایە تا
دەرکردنیان لە بەهەشت لە سەر میوەی قەدەغە کراو ( لە مەسیحییەت و یەهوودییەتدا
سێوەو لە ئیسلامدا گەنم) دیدی بە کەم زانینی ژنان بوونی بووەو هەیە. ئێستاش ئایین
و بە تایبەت لە کۆمەڵگا هەژارەکاندا، لە کۆمەلگا دوا کەوتووەکاندا هۆکارێکی سەرەکی
چەوسانەوەی ژنە. لەو جوغرافیایەی کە ئێمە تێیداین ، ئایینی ئیسلام ئایینی زاڵ و
باڵادەستە. ئایینی ئیسلام کە سەرچاوەکەی لە کەلتووری عەشیرەیی عەرەبەوە وەرگرتووەو
بەشێکی زۆر لە کەلتووری خێڵەکی عەرەب تێیدا رەنگی داوەتەوە، وێڕای ئەوەی کە لە زۆر
ڕووەوە کەڵکی لە ئایینەکانی پێش خۆی واتە مەسیحییەت و یەهوودییەت وەرگرتووە. ئەم
ئایینە بنەمایەکی قووڵی پیاوسالاری تێدایە پەرە پێدەر و بڵاوکەرەوەی پیاوسالاری و
کەلتووری دژە ژنییە. کەلتووری فرە ژنی و ئەوەی کە پیاوێک ئەتوانێت ٤ ژن وەک ژنی
فەرمی و چەند ژن وەک کەنیزەک هەڵبژێرێت. بە پێی ئامۆژەکانی ئەم دینە، ژن وەک نیوەی
کۆمەڵ چاوی لێدەکرێت. لە شاهیدی داندا ٢ ژن وەک پیاوێک چاویان لێ دەکرێت. لە
میراتدا بە هەمان شێوە ژن نیوەی پیاوی بەردەکەوێت. بە گشتی ژن لەم ئایینەدا بووە
بە بوونەوەرێکی پلە دوو کە پیاو خاوەنی ئێختیارییەتی.
کەلتوور و
داب و نەریت هۆکارێکیتری چەوسانەوەی ژنانن. زۆر جاریش جێگۆڕکە هەیە لە نێوان
کەلتوور و داب و نەریتدا لەگەڵ ئایین. لە راستییدا بەشێک لە کەلتوور مەشرووعیەت و
ڕەوابوونی خۆی لە چەوساندنەوەی ژنان لە ئایین وەردەگرێت. گەورە بە بچووک کردن،
مارەیی سەرلانکە، مارەبەجاش، بەرخوێن دانی ژنان، و ... کۆمەڵێک دیاردەن لە
کۆمەلگای ئێمە زیاتر نەریتین و لە کەلتووری کۆمەڵگاوە سەرچاوەیان گرتووە، بەڵام
دین ئیزنی پێداون و بەرگی ئایینی کراوە بە بەریاندا. زۆر جار داب و نەریتەکان،
بەرگی ئایینی دەکرێت بە بەریاندا و ئەمەش وەک یاسایەکی ئایینی پێ دێت. سیستەمی
باوکساری بە گشتی بەرگێکی ئایینی کراوە بە بەرداو دەستبردن بۆی وەک دژایەتی لەگەڵ
بنەماکانی دین و ئایین چاوی لێدەکرێت.
ژنان دەبێت
بە دیدێکی کراوەو بە تێگەیشتنێکی قووڵەوە خۆیان پەروەدە بکەن و خۆیان بار بهێنن بۆ
ئەوەی دژ بە هەموو ئەو شتانە بوەستنەوە کە هۆکاری چەوساندنەوەی ژنانن لە کۆمەڵگا.
بێگومان وشیاری و خۆپێگەیاندنی ژنان، ناساندنی مافەکانیان ئەتوانێت بەر بە
سەرەڕۆییەکانی کۆمەڵگای پیاوسالاری بگرێت.
بێگومان
ئازادی هەر کۆمەڵگایەک بەندە بە ئازادی تاکەکانی ئەو کۆمەڵگاوەو هیچ کۆمەڵگایەک
ئازاد نابێت تا ژن ئازاد نەبێت. دەبێت هەموو ئینسانە ئازادیخوازەکان هەنگاو بنێن
بۆ دروستبوونی کۆمەڵگایەکی ئازاد و یەکسان، بە بێ هیچ جۆرە چەوساندنەوەیەک.
وەستانەوە دژ بە سیستەمی پیاوسالاری، خۆ وشیار کردنەوەو خۆ پێگەیاندن بۆ وەستانەوە
دژ بەو سیستەمە ئەرکێکە کە هەموو تاکەکانی کۆمەڵ دەبێت خۆیان بە بەرپرس بزانن
بەرامبەری.
هەشتی مارس، وەک رۆژی جیهانی ژن دەبێت ببێت بە
رەمزێک بۆ وەستانەوە دژی هەر چەشنە چەوسانەوەیەکی رەگەزی، چەوسانەوەی مرۆڤ بە
دەستی مرۆڤ.
ئهم بابهته 4029
جار خوێنراوهتهوه