خوکۆشتن یان ناچاربوون بە خۆکوژی

خوکۆشتن یان ناچاربوون بە خۆکوژی


ن: ئاسۆی رۆژ

بە پێی هەواڵەکان لە هەفتەی رابردوودا، ٥ ژنی کورد لە شار و ناوچە جیاوازەکانی کوردستانی رۆژهەڵات بە هۆکاری جیاوازی وەک کێشەی بنەماڵەیی، هەژاری، بەزۆر بەشوودان و کێشەی کۆمەڵایەتی و ... دەستیان داوەتە خۆکوژی و کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێناوە.

بە پێی راپۆرتی ماڵپەڕی "هەنگاو" رۆژی شەممە ١١ی جۆزەردان، ژنێکی گەنجی خەڵکی "ئابدانان"ی سەر بە پارێزگای ئیلام بە هۆی کێشەی خێزانییەوە بە خواردنی حەبی برنج کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوەو خۆی کوشتووە.

رۆژی پێشتر، رۆژی هەینی ١٠ی جۆزەردان کچێکی ١٧ ساڵەی خەڵکی گوندی "پسوێ"ی پیرانشار بە ناوی "سارا ئیسماعیلی" کچی سولەیمان ئیسماعیلی" ناسراو بە "عەزیز مەمۆ" بە هۆی ئەوەی بە زۆر لە لایەن بنەماڵەکەیەوە بە مێرد دراوە ، خۆی کوشتووەو کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە.

هەر لە هەمانڕۆژدا و رۆژی هەینی ١٠ی جۆزەردان ژنێکی کرماشانی بە ناوی "گوڵپەری ئەمیری" بە هۆی کێشەی خێزانی و ناکۆکی لەگەڵ مێردەکەی خۆی هەڵواسیوەو کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە.

بە پێی زانیارییەکان ، رۆژی چوارشەممە ٨ی جۆزەردان ژنێکی ٢١ ساڵ تەمەنی خەڵکی ورمێ بە ناوی "کەژاڵ مەحموودی" بە هۆی کێشەی خێزانییەوە کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوەو خۆی کوشتووە.

لە شاری خۆی سەر بە پارێزگای ورمێ، ژنێکی تەمەن ٢٠ ساڵان بە ناوی "کوبرا ئەسەدی" بە هۆی کێشەی خێزانییەوە ئاگری لە جەستەی خۆی بەردواوەو خۆی سووتاندوەو کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە.

خۆکوژی ژنان لە کۆمەڵگای کوردستان و ئێران بووە بە دیاردەیەکی بەربڵاو کە بەداخەوە زۆرجاران دەبیستین ژن و کچانی کورد بە هۆکاری جیاوازی کۆمەڵایەتی و ئابووری و خێزانی و.. پەنا بۆ مەرگ دەبەن و خۆیان دەکوژن. ئەم دیاردە بێگومان پێویستی بە لێکۆڵینەوەی کۆمەڵناسانە و دەروونناسانە هەیە. بەڵام ئەوەی ڕوون و ئاشکرایە دوو فاکتەری سەرەکی دەوریان هەیە لە پەرەسەندنی خۆکوژی بە گشتی لە ئێران و کوردستان بۆ دوو هۆکاری سەرەکی ئابووری و لە هەمانکاتدا کۆمەڵایەتی دەگەڕێتەوە.

گوشاری ئابووری بۆ سەر ئێران و کوردستان، نەبوونی دەرفەتی کار، هەژاری و بێکاری گوشارێکی زۆری دەروونی بۆ سەر خەڵک دروست دەکات و بەداخەوە بەشێک لە خەڵک ناچار دەبن بۆ هەڵهاتن لەو گوشارە ئابوورییە ، رێگایەکی نادروست بگرێتە بەر کە ئەویش پەنابردنە بۆ خۆکوشتن و خۆکوژی.

لە لایەکیترەوە هۆکاری کۆمەڵایەتی بە تایبەت سیستەمی پیاوسالاری کۆمەڵگا، هۆکارێکی سەرەکی گوشار هێنانە بۆ سەر ژنان لە کۆمەڵگای ئێران و کوردستان. ئەوەی کە ٥ ژن لە ١ هەفتەدا دەست ئەبەن بۆ خۆکوژی بە هۆکاری کێشەی کۆمەڵایەتی و خێزانی دەرخەری باری قورسی ئەم گوشارانەبە بۆ سەر ژنانی کورد. وەستانەوە دژ بە سیستەمی پیاوسالاری و نۆرمەکانی پیاومەزنی ئەرکی چالاکانی کۆمەڵایەتی و مەدەنییە.

ئەوەی وەک خۆکوژی ژنان چاوی لێدەکرێت لە راستیدا ناچارکردنی ژنانە بە خۆکوشتن لە ژێر هەمان کەلتووری پیاومەزنیدا. ناکرێت خۆکوژی ژنان لە کوشتنی راستەوخۆی ئەوان بە دەستی پیاوان جیا بکەینەوە بە هەر بیانوویەکەوە بێت. کوشتنی ژنان یان ناچارکردنیان بە پەنابردن بۆ خۆکوشتن دیاردەیەکە کە بەشێوەی بەرچاو بە داخەوە پەرەی سەندووەو تا دێت لە پەرەسەندندایە.

ژنانی کورد دەبێت بە هەموو مانایەک دژ بە سیستەمی پیاوسالاری بوەستنەوەو لە بری ملکەچبوون بە خواستەکانی ئەم سیستەمە دەبێت بەرامبەری بوەستنەوەو هەڵوێست بگرن. لە بری پەنابردن بۆ خۆکوشتن دەبێت شێوەو فۆڕمەکانی جیاوازی خەبات دژ بە سیستەمی پیاوسالاری بگرنە بەر و خۆیان ئامادە بکەن بۆ وەستانەوە دژ بە سەرجەم ئەو نۆرم و بەها کۆمەڵایەتی و یاسایی و دینی و عورفیانەی کە ناچاریان دەکات پەنا بۆ خۆکوشتن ببەن و دەست لە ژیان بەر بدەن.


ئه‌م بابه‌ته 3427 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


PM:04:48:03/06/2019