ئەردەڵان فەرەجی
حەسەن ڕووحانی ڕۆژی شەممە ١٥ی ژووەن
ڕێکەوتی ٢٥ی جۆزەردان، لە پێنجەمین کۆبوونەوەی سەرانی کۆنفرانسی هەڵکردن و
متمانەسازی ئاسیا ناسراو بە سیکا لە دووشەنبە پایتەختی تاجیکستان باسی لەوە کردووە
کە ئێران ناتوانێت تاک لایەنە بەرجام بپارێزێت.
لە لایەکی دیکەشەوە عەباسی عێراقچی
جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران پاش دانیشتن لەگەڵ "هێلگا ئیشمید"،
دپیلۆماتی ئەڵمانی یەکێتی ئۆرووپا وتی، مۆڵەتە ٦٠ ڕۆژەکەی ئێران بۆ ئەو وڵاتانەی
کە لە بەرجامدا ماونەتەوە بۆ پابەندبوونیان بە بەڵێنە بانکی و نەوتییەکان، درێژ
ناکرێتەوە.
کۆماری ئیسلامی ڕێکەوتی ١٨ی گوڵان
بەرابەر لەگەل ٨ مانگی مەی مۆڵەتێکی ٦٠ ڕۆژەی بە مەبەستی گوشار هێنان بۆ سەر
ئۆرووپاییەکان کە بۆ پابەند بوونیان بە بەڵێنەکانیان بۆ دۆزینەوە سازوکارێک بۆ
دەور لێدانەوەی گەمارۆکانی ئەمریکا دژی ئێران دیاریکرد.
ئەگەرچی هەر ئەو ڕۆژەی ئێران ڕێژەی
پابەندبوونی بە بەڵێنەکانی بەرجام بە پێی ماددی ٢٦ و ٣٦ی ڕێکەوتنەکە ڕاگەیاند،
ئۆرووپاییەکانی ناوبەرجام بە توندی ڕەتیان کردەوە و چین و ڕووسییەش بە بڕێک منگە
منگەوە، پشتی بڕیارەکەی ئێرانیان نەگرت.
ڕێک ١٣ مانگ ٧ ڕۆژ لەمەوبەر دۆناڵد
ترامپ لە بەرجام هاتە دەرێ و بە دوای ئەودا کۆمەڵێک گەمارۆی خستۆتە سەر ئێران و لە
ئێستادا گرژییەکانی ئێران و ئەمریکا لە بەرزترین ئاستی خۆیدایە.
لە کاردانەوە بەو بڕیاڕەی ئێران،
ئەمریکا بەشی پیشەسازی فلزاتی ئێران و ئەم دواییانەش پێترۆشیمی ئێرانی تەحریم کرد.
بەڵام کشانەوەی یەکجارەکی یان بە
شێنەیی ئێران لە ڕێکەوتننامە ئەتۆمییەکەی ناسراو بە بەرجام چ کاریگەرییەکی دەبێت؟!
ئەگەرچی هەر ئێستا بۆ ئەو کێشە
یاساییانەی کە لە بەرجام دا هاتۆتە گۆڕێ، کۆمیسیۆنێک هەیە ناوی کۆمیسیۆنی هاوبەشی
کێشەکان و ئێران لەوێدا سکاڵای تۆمار کردووە، بەڵام ئێران لەو کۆمیسیۆنەدا زۆر بێ
هێزە و هەر بۆیەش لە بەدواداچوونی خۆی بواردووە و ئەویش تەنیا لەبەر ترسی ڤێتۆی
ئەمریکا. وڵاتانی ئۆرووپایی لە بەرجامدا، تاق تاق و جووت جووت چوونەتە پاڵ ئەمریکا
و تا دێت هاوهەڵوێستیان لەگەڵ ئەمریکا زۆرتر دەردەخەن. تەنیا دوو وڵاتی چین و
ڕووسیەن کە لە بەرامبەر ئەمریکادا، سووکە پشتیوانییەک لە کۆماری ئیسلامی دەکەن.
چاوەڕوان دەکرێت بەهۆی ئەو شەڕە ئابوورییەی نێوان چین و ئەمریکا، چین شەڕی ئێران
بۆ خۆی نەکڕێت. ڕووسییە کە خاوەن بەرژەوەندییەکی بەهێزە لە گەمارۆکانی ئێران،
بەڵام سازانی لەگەڵ ئەمریکا لە سەر سووریە و کریمە و فرۆشی گاز بە ئۆرووپا، بە
دوای وتە بەناوبانگەکەی پوتین کە ئەوان ئاگرکوژێنەوە نین، پشتی کۆماری ئیسلامی بەر
دەدات.
سەرەنجامی پابەند نەبوونی ئێران بە
ڕێکەوتننامەکەوە، بە پێی خودی ڕێکەوتننامەکە لە ئەگەری پابەند نەبوونی ئێران بە
ڕێکەوتننامەکە، جارێکی دیکە دۆسییەی ناوکی ئێران دەگەڕێتەوە بۆ ئەنجوومەنی ئاسایشی
ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و هەر ٧ بڕیاڕنامە پێشووی ئەنجوومەنی ئاسایش و لە
سەروو هەموویانەوە بڕیارنامەی ١٩٢٩ زیندوو دەبنەوە.
بە پێی ئەو بڕیارنامەیە، ئێران وەک
وڵاتێکی مەترسیدا بۆ جیهان پێناسە دەکرێت و دەستی ئەنجوومەنی ئاسایش بۆ لەناوبردنی
ئەو هەڕەشە و مەترسییە لە ڕێگەی هێرشی سەربازییەوە، ئاواڵا دەکات.
ئەم ڕێگەیەی کە کۆماری ئیسلامی بۆ
تەعامول و هەڵسووکەوت لەگەڵ جیهان گرتوویەتە بەر و بەتایبەت بە کشانەوە و هاتنە
دەرەوەی لە بەرجام، دەبێت بە خۆکوژییەکی ئاشکرای ڕژیمی تاران.
ئهم بابهته 1699
جار خوێنراوهتهوه