ئەردەڵان فەرەجی
ڕۆژی هەینی ٢٤ی جۆزەردان (١٤ی ژوەنی ٢٠١٩) پاتریک شاناهان، سەرپەرستی
وەزارەتی بەرگری ئەمریکا لە کاردانەوە بە هێرشەکانی سەر دوو کەشتی نەوتهەڵگری "فرۆنت
ئاڵتێر"ی نۆروێژی و "کۆکۆکا کاریجس"ی ژاپۆنی لە دەریای عۆمان، لە
کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا وتی کە؛ ئێران "کێشەیەکی جیهانییە!" و کۆشکی
سپی لە هەوڵی پێکهێانی کۆدەنگییەک جیهانییە دژی ئەم کێشە جیهانییە کە ڕژیمی
تارانە.
دیپلۆمات و کاربەدەستان و هەموو دام و دەزگاکانی ئێستا دەوڵەتی ئەمریکا کەوتوونەتە
خۆ بۆ پێکهێنانی ئەو کۆدەنگییە جیهانییە دژی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی. بەڵام بە بێ
کۆدەنگی ناوخۆی ئەمریکا ئەم پرسە لە جیهاندا دێتە ئاراوە. بێ گومان کارێکی زەحمەت
دەبێت ئەگەر باڵانسی نەیارانی کۆماریخوازەکان واتە دێمۆکراتەکان لە پشت ئەو کۆدەنگییە
جیهانییەوە نەبن. بەڵام دۆناڵد ترامپ و تیمەکەی لەوەدا تا دێن سەرکەوتنی زۆرتر بە
دەست دێنن. هەر ئەوە بەهێزییە وای کرد کە ئادام شیف سەرۆکی دێمۆکراتی کۆمیسیۆنی
ئەمنییەتی کۆنگرێسی ئەمریکا، ڕۆژی یەکشەممە ڕایگەیاند کە زانیاری و بەڵگەکانی
ستادی فەرماندەیی ناوەندیی ئەرتەشی ئەمریکای پشت ڕاست کردەوە.
ستادی فەرماندەیی ناوەندی ئەرتەشی ئەمریکا ناسراو بە سێنتکام ڕۆژی یەکشەممە
٢٦ی جۆزەردان لە توێی ڕاگەیاندنێک دا ئێران بە ئەنجامی دوو هێرش کە بریتین لە هێرش
بە سەر نەوتهەڵگرەکانی دەریای عۆمان و هیرش کردن بۆ خستنەخوارەوەی فڕۆکەیەکی بێ
فڕۆکەوانی ئەمریکا لە جۆری ئێم کیۆ ناین، پشتڕاست کردەوە. بە پێی ڕاگەیاندنەکەی
سێنتکام، هێرش بۆ سەر فڕۆکە بێ فرۆکەوانەکەی ئەمریکا بۆ پێشگرتن بوو لە تۆمار
کردنی ساتی ئەنجامی هێرشەکە. مایک پەمپێئۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکاش بە پستن بەو
بەڵگانە ڕۆژی هەینی ٢٤ی جۆزەردان، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانی باسی لەوە کرد کە
ئەوان بەڵگە و دێمۆمێنتەکانیان پێشکەش بە ئەنجوومەنی ئاسایشی ڕێکخراوی نەتەوە
یەکگرتووەکان کردووە.
هەر زۆر زوو بەڵگە و دیکۆمێنتەکانی پەیوەست بەو هێرشە بۆ سەر نەوتهەڵگرەکان
بۆ دۆستان و هاوپەیمانانی جیهانی ئەمریکا ڕەوانە کران. ئیسرائیل، عەرەبستانی
سعوودی و ئیماڕات زۆر زوو ئەو بەڵگانەیان پشت ڕاست کردەوە و خوازیاری بەربەست
دانان بۆ ئاژاوەگێڕییەکانی ڕژیمی تاران بوون لە ناوچەکەدا. نتانیاهوو وتی؛ کە
دەبێت جیهان پشتی ئەمریکا بگرێت بۆ چارەسەری یەکجارەکی ڕژیمی تاران.
بریتانیا دوو ڕۆژ دواتر بە ڕاشکاوانە و پاش هەڵسەنگاندن و تاوتوێی
سەربەخۆیانەی بەڵگەکانی ئەمریکا، ئیدیعاکەی ئەمریکایان بۆ بەرپرس بوونی ئێران لەو
هێرشانەدا پشت ڕاست کردەوە.
دەوڵەتی ئاڵمان بڕێک بە گومانەوە، ڕایگەیاند کە سەت لە سەت دڵنیا نین کە
ئێران لە پشت ئەو هێرشانەوە بن. ئەوڕۆ دوو شەممەش وەزیرانی دەرەوەی یەکێتی
ئۆرووپا بۆ تاوتوێ کردنی دۆخی ئێستا نێوان ئێران و ئەمریکا لە لۆکزامبورگ
کۆبوونەوە.
لە ئەنجامی کۆبوونەوەکەدا وا ڕاگەیەنرا کە ئاڵمان و لۆکزامبورگ و هۆڵەند
پشتیوانی لە هەڵوێستی ئەمریکا دژ بە ئێران ناکەن و پێویستە بە وشیارییەوە مامەڵە
لەگەڵ ئەم پرسە بکرێت. بەڵام وتیان کە دۆخی پاراستنی بەرجام واتە ئەو ڕێکەوتنەی کە
پێنج زلهێزی جیهان بۆ پرسی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران واژۆیان کردووە و ڕێک ١٣ مانگ و ٨
ڕۆژ لەمەوبەر ئەمریکا یەک لایەنە لەو ڕێکەوتنە هاتە دەرێ، کارێکی دژوارە.
ڕووسیە کە یەکێکە لە زلهێزەکانی جیهان و ئەندامی ئەنجومەنی ئاسایشی
ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان کە لە هەمان کاتدا پشتیوانێکی سەرەکی مێژووی ٤٠ ساڵی
ڕابردووی ئێران بووە، نەک بەو ڕاشکاوییەی ئیسرائیل و سعوودیا، بەڵام ئەویش ڕەخنەی
لە هەڵسووکەوتی کۆماری ئیسلامی گرتووە و وێڕای مەحکووم کردنی هێرش بۆ سەر کەشتییە
نەوتهەڵگرەکان، ڕایگەیاندووە کە نابێت ئەو بابەتە ببێتە دەستمایەی هێرش بۆ سەر
ڕژیمی تاران. چین کە لە بەرەی بەرامبەری ئەمریکادایە و بە جەمسەری بەرامبەری
ئەمریکا دادەندرێت شەرمنانە داکۆکییەکی لە ڕژیمی تاران کردووە.
ڕووسیا بە دوای دیدارەکەی ساڵی ڕابردووی ترامپ و پوتین لە هێلسینکی
فینلاند، بەرەبەرە لە بەرە و جەمسەری ئەمریکا نزیک دەبێتەوە و پوتین لە
دانیشتنەکەی لەگەڵ مایک پەمپێئۆ لە مانگی ڕابردوو دا بە ئاشکرا وتی کە ئەوان
ئاگرکوژێنەوە نین کە لە هەر شوێنیک ئاگر کەوتەوە بچن دایمرکێننەوە کە ئەمە ئاماژە
بوو بۆ ئەوەی ئەوان چی دی پشتیوانی لە ئێران ناکەن.
هەموو ئەم هەڵوێست و ڕووداوانە لە کاتێکدا دێت کە ئەمریکا با ئاشکرا
ڕایگەیاندووە کە لە هەوڵی پێک هێنانی کۆدەنگییەکی جیهانییە دژی ڕژیمی تاران.
مەک کاتێن سیناتۆری کۆماریخوازی ئەمریکاش ڕۆژی یەکشەممە ٢٦ی جۆزەردان لە وت
و وێژ لەگەڵ تەلەفزیۆنی بی بی سی باسی لەوە کردووە کە سەلماندنی ئەو هێرشانە لە
سەر ئێران، ڕەوای بە هێرش کردنە سەر ئێران لە لایەن ئەمریکاوە دەبەخشێت.
لە لایەکی دیکەوە ئێران ئەمڕۆ دوو شەممە ٢٧ی جۆزەردان ڕایگەیاندووە کە تا
١٠ ڕۆژی تر ئەوان لە سنووری ٣٠٠ کیلۆگرەم ئۆرانیۆمی پیتێنراو تێپەڕ دەبن. ئەمە پاش
ئەوە دێت کە ٣٩ ڕۆژ لەمەوبەر کۆماری ئیسلامی زەربولعەجەلێکی ٦٠ ڕۆژەی دا بە
ئۆرووپاییەکانی ئەندام لە بەرجام کە ئەگەر بە بەڵێنەکانیان بۆ پێك هێنانی
سازوکارێکی ئابووری بۆ دەورلێدانەوەی گەمارۆکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران، پابەند
نەبن، ئەوا قۆناغ بە قۆناغ لە بەرجام و ڕێکەوتنە ناوکییەکە دەکشێنەوە.
ئاڵمان لە پێناو بەرژەوەندییە گەورە بازرگانییەکانی لەگەڵ ئێران و بۆ جۆرێک
خۆنواندن لە بەرامبەر ئەمریکادا لە هەوڵی زیندوو کردنەوەی تەرمی بەرجامە. بەڵام پێ
ناچێت ئەویش پاش هەوڵی کۆماری ئیسلامی بۆ چالاک کردنەوە چالاکییە ناوکییەکانی ئەو
ڕژیمە کە ئەنجامەکەی دروستکردنی بۆمبی ئەتۆمی لێ دەکەوێتەوە، پشتیوانی بکەن.
کاراکردنەوە چالاکییە ناوکییەکانی ئێران و کشانەوەی لە بەرجام، جارێکی دیکە
دۆسییە ناوکی ئێران دەگەڕێنێتەوە بۆ ئەنجوومەنی ئاسایشی ڕێکخراوی نەتەوە
یەکگرتووەکان کە پێشووتر ٧ بڕیاڕنامەی دژ بە ئێران پەسند کردووە. گرنگترینی ئەو
بڕیار نامانە بڕیارنامەی ١٩٢٩ـیە کە لەو کاتەدا، ئێران وەک مەترسی و هەڕەشەیەک بۆ
سەر جیهان پێناسە دەکات کە ئەو دەسەڵاتە بە ئەنجوومەنی ئاسایش دەدات بە هێزی
سەربازی ئەو مەترسییە لە ناو ببات.
ئۆروپاییەکان و لەوانە ئاڵمان و هۆلەند هێشتا هەر لە هەوای کۆن دەیژەنن و
پێیان وایە توند بوونەوەی بارگرژییەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا، توندڕەوکان لە
ئێران بەهێز دەکات واتە هەر ئەو مێتۆدە و دکتۆرینەی کە ئۆباما بەرامبەر بە ئێران
گرتبوویە بەر. ئۆباما پێی وابوو لە ڕێگەی یارمەتیدان بە هەستانەوەی ئیسڵاحخوازان
ڕیگە بۆ گەڕانەوەی ئێران بۆ کۆمەڵگای نێونەتەوەیی دێمۆکراتیزە کردنی ئێران خۆش
بکەن، بێخەبەر لەوەی کە دەسەڵات لە ئێران دا دەمێک ساڵە یەک کاسە بۆتەوە و مەگەر
درۆزن فەرقی ئیسڵاحتەڵەب و ئۆسوڵگەرا بزانێت.
ئهم بابهته 1928
جار خوێنراوهتهوه