٢٨ی گەلاوێژ
"بەرگری ڕەوا"ی خەڵکی کوردستان لە یاسای نێونەتەوەییدا
ئەردەڵان فەرەجی
هێرش، حاشا کردنی مافە و بەرگری، حاشا کردنی ئەو حاشاکارییە و هەر بۆیەش سەلمێنەری مافە.
هێگڵ
لە ماوەی ٤٠ ساڵی رابردوو، دەربارەی هۆکارەکان، رەهەند و کاریگەرییەکانی هێرشی رژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ سەر کوردستانی رۆژهەڵات زۆر وتراوە و زۆریشی لە سەر نووسراوە. رەنگە رەهەندێک کە کەمترین باسی لەبارەوە کرابێت، لێکدانەوە و شرۆڤەکردنی ئەم پرسە لە رەهەندی یاسای نێونەتەوەییەوە بێت. ئەگەرچی بۆ بەراوردکردن و لێکدانەوەی هێرشی ٢٨ی گەلاوێژ بۆ سەر کوردستان و بەرگری خەڵکی کوردستان دژی ئەو هێرش و داگیرکارییانە سەرچاوە و دەقی پڕ بە پێستی نێونەتەوەیی بوونی نییە، بەڵام لە جاڕنامەی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان چەند خاڵێک لەوبارەیەوە هەن کە دەکرێت ببنە بنەما و پێوەرێک بۆ لێکدانەوە ئەو ڕووداوە.
ئاشکرایە و بەڵگە و دیکۆمێنتی باوەڕ پێکراو لەبەر دەست دان کە باس لە "دەست درێژی"، "هێرشێکی ناڕەوا" و "داگیرکارییەک" دەکەن، بۆ سەر کوردستانی رۆژهەڵات، بە فەرمانی خومەینی و بەم جۆرە ٤٠ ساڵ لەمەوبەر "فەتوای جەهاد" دژی کوردی رۆژهەڵات درا.
لە بەرامبەر ئەو دەستدرێژی، هێرشە ناڕەوا و داگیرکارییە، خەڵکی کوردستان دژی وەستانەوە و بە بڕوای چالاکانی سیاسی کورد ئەو بەرەنگارییەی خەڵکی کوردستان تاکوو ئێستا بەردوامە.
دەربارەی ٢٨ی گەلاوێژ دوو چەمک جێی ئاماژەن: "هێرش" و "بەرگری". هەر هەوڵێکی داپڵۆسێنەرانە بۆ سەر ئەویتر "هێرش" و وەستانەوە لە بەرامبەر ئەو هەوڵە داپڵۆسێنەرانەیە، "بەرگری"یە. بەرگری بێ مانا دەبێت ئەگەر هێرشێک لە ئارادا نەبێت.
زۆر بە کورتی بەرگری و بەرگری ڕەوا نەک تەنیا مافی سرووشتی مرۆڤە، بەڵکوو پێویستی بەردەوامی ژیانی هەر گیان لەبەرێکە. هەر بۆیەش لە دێر زەمانەوە شەڕەکانیان بە دوو گرووپ دابەش دەکرد: شەڕە ڕەواکان و شەڕە ناڕەواکان. سیسروس رۆمی (۱۰۶ - ۴۳ زاینیی) یەکەم کەسە کە تیۆری شەڕی ڕەوای هێنایە گۆڕێ و تا رادەیەک توانی دەست بردنی بێ مەرج و رەهای بۆ شەڕ و زۆرداری بەرتەسک بکاتەوە.
لە سەردەمی هاوچەرخدا، گرینگترین بەڵگەنامەی نێونەتەوەیی کە تێیدا بەرگری ڕەوای وەک مافی سرووشتی ناسیوە، جاڕنامەی گەردوونی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانە و بە تایبەتی ماددەی ٥١ ئەو جاڕنامەیە. بە پێی ئەو ماددەیە لە ئەگەری هێرشی چەکدارانە و سەربازی بۆ سەر ئەندامێکی ئەو رێکخراوەیە، تا ئەو کاتەی کە ئەنجوومەنی ئاسایش هەنگاو و هەوڵی پێویست بۆ سەقامگیری و پاراستنی ئەمنییەت و ئاسایش دەدا، مافی بەرگری تاق و کۆ بۆ ئەو وڵاتەی کە هێرشی کراوەتە سەر بە ڕەسمی ناسراوە.
ماددەی ٥١_ لە ئەگەری هێرشی سەربازی دژی یەکێک لە ئەندامانی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، تا ئەو کاتەی کە ئەنجوومەنی ئاسایش (رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان) هەنگاوی پێویست بۆ سەقامگیرکردنی ئاشتی و ئەمنییەتی نێونەتەوەیی دەنێ، هیچ کام لە خاڵەکانی جاڕنامەی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان مافی سرووشتی بەرگری ڕەوای تاک یان بە کۆمەڵی ئەندامان پێشێل ناکات. ئەندامان دەبێت بە زووترین کات هەوڵەکانی خۆیان بۆ ئەنجامی ئەو بەرگرییە بە ئاگاداری ئەنجوومەنی ئاسایش رابگەیەنن. ئەم هەوڵانە بە هیچ شێوەیەک لە ئەستۆ و بەربرسایەتییەک نییە کە ئەنجوومەنی ئاسایش بە پێی ئەم جاڕنامەیە هەیەتی بۆ پارێزگاری و سەقامگیر کردنی ئاشتی و ئەمنییەتی نێونەتەوەیی لە هەر کاتدا کە بە پێویستی بزانێت کە رێوشوێنی پێویست بگرێتە بەر.
جێی ئاماژەیە کە لە ماددەی ٥١دا ئاماژە بەوە دەکاتی کە پشت بە ستن و جوڵاندنی هێزی سەربازی تەنیا لە کاتی هێرشی سەربازی دا رێگە پێدراوە. بە تایبەتی هەرچەشنە هێرشێکی داگیرکەرانە لە رێگەی هەڕەشە و یان کەڵک وەرگرتن لە هێزی سەربازی بەدەر لە چوارچێوەی فەسڵی حەوتەمی جاڕنامەی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانی بە پێی خاڵە ئاماژە پێکراوەکانی جاڕنامەکە نایاساییە.
ئەگەرچی شی کردنەوە و لێکدانەوەی ئەم ماددە یاساییە لە پسپۆڕی شارەزایان و مافپەروەرانی یاسای نێودەوڵەتییە، بەڵام ئەم چەند خاڵە دەربارەی مەرجەکانی بەرگری ڕەوا جێی ئاماژەن کە دەکرێت وەک بنەمایەک بۆ هەڵسەنگاندی بەرگری خەڵکی کوردستان دژی هێرشی کۆماری ئیسلامی ئێران بە بەرگری "ڕەوا"ی جێی پشتگیری و پشتیوانی کۆمەڵگای نێونەتەوەیی کەڵکی لێوەربگیردرێ کە بریتین لە:
1. هێرشی سەربازی مەرجی یەکەمی بەرگری ڕەوایە و هەر چەشنە هێرشێکی پێشگیرانە نایاساییە. هەروەها بەرگری ڕەوا دەبێت لە بەرامبەر هێرشێکی سەربازی بێت و هەر چەشنە هێرشێکی ئیدۆلۆژیکی، کولتوری و یان ئابووری نابنە پاساو بۆ بەرگری ڕەوا.
2. بەرگری ڕەوا دەبێت "پێویست" (Necessity) بێت. واتە بەرگری ڕەوا کاتێک ئەنجام دەدرێت کە هەموو رێگەچارە ناسەربازی و دیپلۆماسییەکان بە مەبەستی ڕەواندنەوەی مەترسی هێرش گەیشتبێتە بن بەست.
3. هاوسەنگی (proportionality) واتە لە نێوان هێرش و بەرگری ڕەوا دا دەبێت هاوسەنگی هەبێت، ئەگەرچی لە بنەڕەتدا دیاریکردنی هێرش و دەستدرێژی لە دەسەڵاتی ئەنجوومەنی ئاسایشی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکاندایە، بەڵام دەبێت بەرگری ڕەوا هاوسەنگ بێت لەگەڵ ئەو هێرش و دەستدرێژییەی کە ئەنجام دراوە. بۆ وێنە ئەگەر هێرش یان دەستدرێژی لە ئاستی پیدادانێکی سەر سنووری نێوان دوو وڵات بێت، نابێت بەرگرییەکە بە جۆرێک بێت کە بگاتە ئاستی وێرانکردنی گشتی وڵاتی هێرشبەر.
4. بەرگرییەکە بۆ ئەوەی کە ڕەوا بێت، دەبێت خێرا و دوابەدوای هێرشەکە دا بێت. واتە ئەگەر هێرشەکە کرابێت و کۆتاییشی پێ هاتبێت و بەرگرییەکە پاش ماوەیەک ئەنجام بدرێت، ناچێتە خانەی بەرگری ڕەواوە، بەڵکوو ئەمە دەبێت "تۆڵە ستاندنەوە"، مەگەر ئەوەی کە هێرش و داگیرکارییەکە هەر بەردەوام بێت.
5. راگەیاندن بە ئەنجوومەنی ئاسایش، هەر ئەو جۆرەی کە لە ماددەی ٥١ی جاڕنامەکەدا ئاماژەی پێدراوە، واتە هەر هەوڵێک بۆ بەرگری ڕەوا دەبێت بە زووترین کات بە ئاگاداری ئەنجوومەنی ئاسایش رابگەیەندرێ.
لێرەدا زۆر بە کورتی بە پشت بەستن بە ماددەی ٥١ی جاڕنامەی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و کۆی ماددە و بەندەکانی جاڕنامەکە، پەیوەست بە مافی بەرگری ڕەوا، هەڵسەنگاندنێک دەکەین بۆ بابەتی ٢٨ی گەلاوێژ:
1. کوردستان و بەتایبەتی کوردستانی رۆژهەڵات ئەگەرچی لەو کات و تەنانەت ئێستاش یەکیک نییە لە ئەندامانی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، بەڵام ناوچە و دانیشتوانێکی سەلمێنراو، لە ئاستی نێونەتەوەیی هەیە کە لە لایەن یەکیک لە وڵاتانی ئەندام لە رێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە هێرشی دەکرێتە سەر. کەواتە هێرشەکە یان داگیرکاری و دەستدرێژییەکە سەلمێنراوە.
2. کاتێک کە هێرش دەکرێتە سەر کوردستان، سەرکردایەتی سیاسی و ئایینی و کۆمەڵایەتی ئەو کاتی کوردستان هەموو هەوڵەکانیان دەخەنەگەر بۆ وەستاندنی ئەو شەڕە داسەپێندراوە کە بەر دەرکەی ماڵی کوردی گرتووە، بۆ پێشگیری لە خەسار و کاولکاری، بەڵام بێ سوود دەبێت. بە پشت بەستن بە مەرجی دووهەمی بەرگری ڕەوا کە ئاماژە بەوە دەکات بەرگری ڕەوا کاتێک ڕەوا دەبێت کە هەموو هەوڵە دیپلۆماتیک و ناسەربازییەکان بێسوود و کاریگەر بن، بەرامبەر بەو هێرشەی دەسەڵاتی ناوەند خەڵکی کوردستان دەست دەدەنە بەرەنگار بوونەوە. بەرەنگاربوونەوە لە بەرامبەر هێرشێکدا کە هیچ سنوورێکی نەدەپاراست و ژیانی هەموو خەڵکی کوردستانی خسبووە مەترسی لەناوچوونەوە.
3. ئەگەرچی مقاومەت و بەرەنگاری خەڵکی کوردستان بە هەموو توانایانەوە بە ژن و پیاو و پیر و گەنج و هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگای کوردستان بووە، بەڵام هیچکات هاوسەنگ نەبووە لە بەرامبەر ئەو دەستدرێژی و داگیرکارییەی کۆماری ئیسلامی و هەموو کات تای تەرازوی هێزی کۆماری ئیسلامی لە کوردستان قورستر بووە. خەڵکی کوردستان هەرگیز هێرشیان نەکردۆتە سەر بستێک خاکی ئەولاتری کوردستان و تەنیا بەرگرییان لە خۆیان و خاکی کوردستان کردووە.
4. بەرگری خەڵکی کوردستان لە یەکەم ساتەکانی ئەو هێرش و داگیرکاری و دەستدرێژییەی رژیمی کۆماری ئیسلامییەوە دەستی پێکرد و هیچ دەستەوەستانی و وەقفەیەک لە نێوان مەودای هێرش و بەرگریدا نەبووە. ئەگەر ئەو بەرگرییەش تاکوو ئێستاش بەردەوامە، ئەوا تەنیا لە بەر ئەوەیە کە ئەو داگیرکاری و دەستدرێژی و هێرشە بۆ سەر کوردستان بەردەوامە و هیچی تر و هەرگیز بەرەنگاری خەڵکی کوردستان نەچۆتە خانەی تۆڵەستاندنەوە.
5. لە یەکەم ساتەکانی ئەو هێرشەی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر کوردستان، سەرکردایەتی سیاسی کوردستان هەوڵیان داوە لە رێگەی دیپلۆماسی و میدیا جیهانییەکان ئەم هێرشە لە قاو بدەن و بەرەنگاری خەڵکی کوردستان بە ئاگاداری هەموو ڕای گشتی جیهانی بگەیەنن.
ئەگەرچی بە وردبوونەوەی زۆرتر دەربارەی خاڵە ئاماژە پێکراوەکانی جاڕنامەی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان مەرجەکانی بەرگری ڕەوا زۆرتر و زیاتر رەهەند و ناوەرۆکە داگیرکارانە و دەستدرێژیکارانەکەی هێرشی کۆماری ئیسلامی و لە بەرامبەردا "ڕەوا"یی "بەرگری" خەڵکی کوردستان دەردەکەوێت، بەڵام بێ دەنگی ماناداری کۆمەڵگای نێونەتەوەیی لەو سەردەمەدا و لە ئێستاشدا جێی گومانە.
_دەقی ماددەی ٥١ی جاڕنامەی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان:
.
Article 51
Nothing in the present Charter shall impair the inherent right of individual or collective self defense if an armed attack occurs against a Mem-her of the United Nations, until the Security Council has taken the measures necessary to maintain international peace and security. Measures taken by Members in the exercise of this right of self defense shall be immediately reported to the Security Council and shall not in any way affect the authority and responsibility of the Security Council Under the present Charter to take at any time such action as it deems necessary in order to maintain or restore international peace and security.
ئهم بابهته 2222
جار خوێنراوهتهوه