ئەردەڵان فەرەجی
شەوی شەممە ٢١ی خەرمانان زیاتر لە ٢٠ فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان بە موشەکی جۆری کرووز هێرش دەکەن سەر دامەزراوە نەوتییەکانی کۆمپانیای ئارامکۆی عەرەبستانی سعوودی و بەرهەم هێنانی نیوەی نەوتی عەرەبستان پەک دەخەن و لە کورت ماوەشدا کاریگەری بەرچاو لە سەر نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهان دادەنێت.
میلیشیا شێعەکانی حوسی هەر زۆر زوو بەرپرسایەتی ئەو هێرشانە دەگرنە ئەستۆ. ئەو میلیشیایانە کە لە لایەن کۆماری ئیسلامی و سپای قودس، لقی دەرەوەی سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی پشتیوانی دەکرێن. ئاشکرایە کە میلیشیا شێعەکانی حوسی توانایی وەها هێرشێکیان نییە! بۆیە هەر زۆر زوو پەنجەی تۆمەت بەرەو کۆماری ئیسلامی ڕاکێشرا.
کاربەدەستانی عەرەبستانی سعوودی ئێرانیان بە تێوەگلان لەو هێرشانە تۆمەت بار کرد. مایک پەمپێئۆ بە مەستی تاوتوێ کردنی ئەو بابەتە سەردانی سعوودیای کرد و فەڕانسەش تیمی تایبەتمەندی بۆ لێکۆڵینەوە لەو بابەتە و دەست خستنی زانیاری دروست دەربارەی سەرچاوەی ئەو هێرشانە ڕەوانەی عەرەبستان کرد.
کۆماری ئیسلامی لە ڕێگەی وەزارەتی دەرەوە و وتەبێژی دەوڵەت و دواتر ورد و درشتی بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی کەوتنە وەدرۆ خستنەوەی ئەم ئیدیعایە کە ئێران لە پشت ئەو هێرشانەوە نییە. تەنانەت ڕۆژی دووشەممە وەزارەتی دەرەوەی ئێران نامەیەکی هەم هەڕەشە ئامێز و هەمیش پاکانەکارانەی بۆ باڵوێزخانەی سوئیس کە ڕۆڵی پارەێزەری بەرژەوەندییەکانی ئەمریکای هەیە لە تاران نارد و نووسی کە کۆماری ئیسلامی لە پشت ئەو هێرشانەوە نییە و حوسییە مەزڵوومەکان خۆیان گەیاندۆتە ئەو ناوچەیە و کاردانەوەیان نواندووە بەرامبەر بە عەرەبستان.
دوانیوەڕۆی ڕۆژی چوارشەممە تورکی ئەلمالکی وتەبێژی وەزارەتی بەرگری عەرەبستانی سعوودی لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانی وێڕای خستنەڕووی پاشماوەی ئاسەواری فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەکان باسی لەوە کرد کە "ئەم فڕۆکە بێ فڕۆکەوانانە هی ئێرانن و هێرشەکانیش لە باکوورەوە ئەنجام دراون نەک لە باشوورەوە”. مەبەستی ئەلمالکی ئەوە بوو کە ئێران لە باکووری عەرەبستان هەڵکەوتووە و یەمەنیش لە باشووری عەرەبستان.
جیا لەوەش تۆڕی میدیایی سی بی ئێسی ئەمریکا باس لەوە کردووە کە سەرچاوەیەک لە ناو دەوڵەتی کۆماری ئیسلامی پێی ڕاگەیاندوون کە "هێرشانە بە ڕەزامەندی مەرجداری عەلی خامنەیی ڕیبەری کۆماری ئیسلامی ئەنجام دراوە”.
پێشووترەکانیش ئێران هەر کات هێرش و دەستدرێژی کردبێت، لە لایەن دام و دەزگا دیپلۆماسییەکەیەوە وەدرۆی خستۆتەوە کە دواتر دەکەوتووە کاری ئێرانە. هەر لە بەردانەوە فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەکەی ڕۆژی ٣٠ی جۆزەردان، تا هێرش بۆ سەر نەوت هەڵگرەکان، تێکدانی سیستمی جی پی ئێسی کەشتییە نەوتهەڵگرەکان و کێشانی بۆ سنوورە ئاوییەکانی خۆی و دواتر دەست بە سەرداگرتنی و … و ئەمجارەش هێرش بۆ سەر دامەزراوە نەوتییەکانی سعوودیا.
لە ڕۆژانی ڕابردوو ترامپ سەرۆک کۆماری ئەمریکا جان بۆڵتۆن ناودارترین لایەنگری هێرشی سەربازی بۆ سەر ئێرانی لە پۆستی ڕاوێژکاری ئاسایشی کۆشکی سپی دوور خستەوە، بە مانای ناردنی پەیامێک بۆ کۆماری ئیسلامی کە بتوانێت لە پەراوێزی دانیشتنی ساڵانەی کۆڕبەندی جیهانی ڕیکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، بوار بۆ دیدار و چاوپێکەوتن لەگەڵ حەسەن ڕووحانی خۆش بکات.
بەڵام هاوکاتی هێرش بۆ سەر دامەزراوە نەوتییەکانی عەرەبستانی سعوودی کە بەرەبەرە دەسەلمێت کە ئێران ئەنجامی داوە لە سەروبەندی سەردانەکەی ڕووحانی بۆ نیویۆرک، گومانەکان دەربارەی ئەوەی کە باڵی سەربازی کۆماری ئیسلامی کە سپای پاسدارانە نایەوێت ئەم وت و وێژ و چاوپێکەوتنانە ئەنجام بدرێت.
هەندێک لەوباوەڕەدان کە ڕەنگە ئەم هێرشانە هێزی کۆماری ئیسلامی لە سەر مێزی وت و وێژ لە بەرامبەری ئەمریکا دا بەهێز بکات، لە کاتێکدا خودی ئەم هێرشانە ئەگەری دانیشتن و دیدارەکەی لە بەین بردووە و ترامپ بە ڕاشکاوانە باسی لەوە کرد لەگەڵ ڕووحانی دانانیشێت و بە بێزەوە باسی لەوە کرد کە ڕووحانی دەتوانێت ڤیزای چوون بۆ ئەمریکا وەربگرێت.
هەڵبەت ترامپ و ئەمریکا بە دوای ئەوەی کە ژمارە تەلەیفوونە ڕمەزییەکەی دا بە باڵوێزخانەی سووئیس بۆ پەیوەندی، لێی ڕوون بوو کە ڕووحانی و زەریف هیچ کارەن و ئەو ژمارە تەلەیفوونە بۆ خامنەیی بوو.
سیاسەت نەشەڕ و نە وت وێژ کە خامنەیی بۆ ئەم قۆناغە لە بەرامبەر ئەوپەڕی گەمارۆکان ڕەچاوی کردووە، بەوە گرێ دراوە کە تا چەند ئێران دەتوانێت خۆی لەبەرامبەریان (گەمارۆکان) دا ڕاگرێت.
ئێران بە ئەنجامی ئەو هێرشان و پەکخستنی ڕەنگە دوایین هەوڵی خۆی بۆ کردنەوە دەرکەی فڕۆشی نەوت تاقی کردەوە. کۆماری ئیسلامی هەموو کات وتویەتی کە یان "نەوتی ئێران دەفرۆشرێت یان هیچ نەوتێک نافرۆشرێت” و زۆری هەوڵدا کە بتوانێت لە ڕێگەی تەنگەی هۆرمز و نائەمن کردنی ئەو تەنگەیە ئەم خواستەی خۆی وەدی بێنێت، بەڵام بە جێگیر بوونی ناوگانی هاوبەشی ئەمریکا و ئۆرووپا لەو ناوچەیە ئەو هەوڵەی سەری نەگرت و دواجار بڕیاری هێرش بۆ گەورەترین هەناردەکاری نەوتی جیهانی واتە عەرەبستانی سعوودی دا. بەو ئامانجەی کە ڕێژەی بەرهەم هێنان و هەناردەی نەوتی عەرەبستان کەم بێتەوە -وڵاتێک کە بەشێکی کورت هێنانی پشکی نەوتی هەناردەی ئێرانی لە ئەستۆ گرتووە- و لەم ڕێگەیەوە گوشار بخاتە سەر ئۆرووپا بۆ قەبڵاندنی ئەم خواستەی ئێران کە بتوانێت ڕۆژانە ٧٠٠ هەزار بۆشکە نەوت بفرۆشێت. گەڵاڵەیەک کە لە لایەن مەکرۆن سەرۆک کۆماری فەڕانسەوە درایە دۆناڵد ترامپ کە سەری نەگرت.
ئێران ئەو پەڕی کارتەکانی ئەم هێرش سەربازییە بوو کە کردییە سەر عەرەبستانی سعوودی. فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی ئەمریکا بەردایەوە بەڵام ئەمریکا وڵامی سەربازی نەدایەوە و گوشارەکانی قورستر کردەوە، ئەمە جیا لەو دەسکەوتە گەورەیە بوو کە ئەمریکا شوێن و ڕێژەی توانای سەربازی ئێرانی دەستکەوت. هێرشی کردە سەر کەشتییە نەوت هەڵگرەکان، بەڵام بە جێگیر بوونی ناوگانی هاوبەشی وڵاتانی ڕۆژئاوایی و لە سەروو هەموویانەوە ئەمریکا، کانادا، ژاپۆن، ئۆسترالیا، ئاڵمان و بریتانیا ئەو ڕێگەیەشی لێ کوێ بوویەوە.
دەستی کردەوە بە پیتاندنی زرۆتر و خەستتری یۆرانیۆم، بەدەر لە ڕێکەوتننامەکەی بەرجام و ئەمەش کاردانەوەی توندی ئۆرووپاییەکان و بە تایبەت دوو دۆستی ئێران کە بریتین لە فەڕانسە و بریتانیا و دواجار ئەم هێرشەی بۆ سەر کێلگە نەوتییەکانی عەرەبستان بۆ کاریگەری دانان لە سەر نرخی وزە لە جیهان دا کە دا دێت تێچووی ئەو کارە بۆ ئێران قورستر و قورستر دەبێتەوە.
نابێت لە لێکدانەوەیەدا دۆخی ئێستای ئەمریکاش لە بەرچاو نەگیرێت. ترامپ لە بەردەم هەڵبژاردەکانی سەرۆک کۆماری خولی داهاتووی ئەمریکادایە. نەشازە لە کەمپینی هەڵبژاردەکان باسی "شەڕ” بکرێت. ئەو بابەتە لە سەر ترامپ قورسایی دەکات کە وەشاندنی گورزی سەربازی لە ئێران بە مانای دەست پێکردنی شەڕ دەبێت و خەڵکی ئەمریکاش زۆر مەیلەو شەڕ نین.
دوایین هەل کە دەکرا چاوڕوانی ئەوەی لێ بکرێت ئێران و ئەمریکا لە سەر یەک میز دابنیشن، کۆڕبەندی ساڵانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بوو. هەڵبەت خامنەیی بۆ یەکلا کردنەوەی ئەمریکا بۆ دانەنیشتن ئەم هێرشەی ئەنجام دا. خامنەیی سەرڕای ئەوەی کە بە زار و بە وتە ڕایگەیاند کە هیچ چەشنە دانیشتن و وت و وێژێک و لە هیچ ئاستێکدا لەگەڵ ئەمریکا ناکرێت، بۆ قایمکاری ئەو هێرشانەشی ئەنجام دا مەبادا لە قووڵای دڵی ئەمریکا هیوایەک بۆ دانیشتن هەبێت لە نیۆیۆرک و ئەو تۆزە هیوایەش بسڕێتەوە.
بە هەموو ئەمانەوە ئاسۆی گرژییەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا هەرچی بێت، لە ئێستادا وت و وێژ نییە.
ئهم بابهته 1999
جار خوێنراوهتهوه