ڕێی خەباتە، ڕێی ڕزگاری کچانی وڵاتەکەم!

ڕێی خەباتە، ڕێی ڕزگاری کچانی وڵاتەکەم!
جوانە تەیمەسی

بەدوای هاتنە سەرکاری ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لە ئێران و بە چەسپاندن و جێ بە جێ کردنی یاسایی دژە مرۆیی و سەدە ناوەڕاستی کە بناغەی یەکەم و سەرەکییەکەی ئایین و شەریعەتی ئیسلامی بوو، بواری بۆ چەوساندنەوەی ژنان و کچان و ڕەگەزی مێینەی لە کۆمەڵگای ئێران خۆش کرد.
کۆماری ئیسلامی لە ماوەی ئەم ساڵانەدا لە ڕێی چوار دامەزراوەی گرنگ تێکۆشاوە کە ئەم خواست و یاسا دژە مرۆییانەی خۆی لە کۆمەڵگادا بچەسپێنێت و بیکات بە کولتور کە بریتین لە؛ ١. ئاموزش و پەروەرەش ٢. سەدا و سیما ٣. وەزارەتی ئیرشادی ئیسلامی و ٤ دام و دەزگا ئەمنییەتییەکان.
1. ئاموزش و پەروەرش (پەروەردە) کۆماری ئیسلامی پیلانی ئەوە بووە لە ڕێگەی دەست تێبردن لە ماددە دەرسییەکان و ناوەرۆکی دەرسەکان لە هەموو بوارەکان و بەرپاکردنی بەناو پەروەرشییەکان و دەرسی دینی و تەبلیغی بینشە ئیسلامییەکان هەوڵی داوە کە منداڵان و خوێندکارانی خوێندگەکانی ئێران بەرەو ئەو ئاراستەی کە خۆی دەخوازێت پاڵ پێوە بنێت.
2. ڕێکخراوی سەدا و سیما؛ کۆماری ئیسلامی بە باشی لە ڕۆڵی میدیا لە ئاراستە کردنی ڕای گشتی کۆمەڵگاکان ئاگایە و بۆ ئەو مەبەستە بە تەرخان کردنی بودجە گەورە هەموو هەوڵی ئەوە بووە لە ڕێگەی تەبلیغ و پروپاگەندە کردن لە میدیاکانی خۆیەوە لە ڕادیۆ و تەلەفزیۆن و نووسراوە و بەم دواییانەش ماڵپەڕە و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هەوڵی داوە کە بیرکردنەوە و جۆرە دنیابینییە دواکەوتوو و سەدەناوەڕاستییەکانی خۆی بە سەر کۆمەڵگای ئێران دا بچەسپێنێت.
3. وەزارەتی ئیرشادی ئیسلامی؛ وەزارەتخانەیەکی گرنگ کە لە وڵاتان بۆ پەرەپێدان و گرنگی پێدان بە کولتوور و بۆ پڕکردنەوەی کاتی زیادە لە دوای مەدرەسە و قوتابخانە و بەردەنگ بوون لە بەردەم میدیا (ڕادیۆ، تەلەفزیۆن، ڕۆژنامە و گۆڤار و ماڵپەڕ و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی ئیستاگرام و تێلێگرام و فەیسبووک و ...) کاتی خەڵکی ئێران مودیرییەت بکات و لەڕێگەی ئەم وەزارەتخانەیەوە بە تەرخان کردنی بودجەی گەورە و کەڵان مێشکی خەڵکی وڵاتەکەی داگیر بکات و دواجار لە قاڵبی دڵخوازی خۆی (کۆماری ئیسلامی) ـیانی بدات.
4. وەزارەتی ئیتلاعات و ناوەندە ئەمنییەتییەکان؛ نیزامی کۆماری ئیسلامی لە ماوەی چل ساڵی ڕابردوو ویستوویەتی لە ڕێگەی ئەو سێ ناوەند و وەزارەتخانەیەوە بیر و مێشک و ڕای گشتی کۆمەڵگای ئێران لە سەر حەز و ویستی خۆی لە قاڵب بدات و لە ئەگەری سەرپێچی و قبووڵ نەکەری تاکەکانی کۆمەڵگا بۆ ئەو قبووڵی ئەو ویستەی نیزامی کۆماری ئیسلامی ئۆرگانە ئەمنییەتییەکان وەک ئەهرۆم فشارێک لە ڕێگەی هەڕەشە و گرتن و زیندان و ئەشکەنجە و کوشتن، وا لە خەڵکی ئێران بکات کە بچنە ناو ئەو قاڵب و چوارچێوە فکری و بیرکردنەوەی کە ڕژیم دەخوازێت.
ئەزموونی چل ساڵەی لە سەرکار بوونی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی بە هەموو هەوڵ و ئیمکانات و توانایەوە نەیتوانیوە خواستی ئازادی و ژیانی شایستەی مرۆڤی سەردەم لە خەڵکی ئێران بستێنێتەوە.
کۆمەڵگای کوردستان وەک ڕێکخراوترین بەشی کۆمەڵگای ئێران کە هەموو کات سەنگەری وەستانەوە و خۆڕاگری دژی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی بووە ، پێشەنگی وەستانەوە بەرامبەر بە یاسا دواکەوتوو و سەدە ناوەڕاستییەکانی ڕژیمی تاران بووە و لە سەروو هەموویانەوە دژی چەوسانەوەی ژنان. کۆماری ئێسلامی لە یاسا دواکەوتووە دژی ژنانەکەی زنجیرێکی گرانی دروست کردووە و لە دەست و پێی و ملی ژنانی ئێران و کوردستانی هاڵاندووە.
ژنانی کوردستان هەرگیز ملیان بۆ ئەو زوڵم و چەوسانەوە سیستماتیکە لە لایەن ڕژیمی کۆماری ئیسلامییەوە، نەداوە و بە ڕابوون و ڕێکخراو بوونی خۆیان سەرەتا بە هۆشیاری و ئاگایی لە چەوسانەوەی خۆیان، هێزی خۆیان یەکخستووە و خەباتیان کردووە. مێژووی بزووتنەوەی حەقخوازانەی گەلی کورد و لە سەروو هەموویانەوە حیزبی کۆمەڵە تاقانە ئادرەسی ژنانی خەباتکاری کوردستان بوو بۆ خەبات و وەستانەوە دژ بە یاسا کۆنەپەرستانەکانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی و ئەو میدالیایەش بۆ هەمیشە لە بەرۆکی کۆمەڵە دەدرەوشێتەوە.
لە ئێستاش دا کە کوورە خەباتی شۆڕشی خەڵکی کوردستانی ڕۆژهەڵات لە هەستانەوە و هەڵەسوو هێنانەوەیەدایە، ژنان کۆڵەکەی بەهێزی پێگەی جەماوەری کۆمەڵەن و مێژووی ڕوو سوور و سەربەرزانەی کۆمەڵە ڕاستی ئەم ئیدیعایە دەسەلمێنێت، کە کچان و ژنانی کوردستان بۆ ڕزگاربوونیان لە چەوسانەوە و دەستەبەر کردنی کۆمەڵگایەکی دادپەروەر کە تێیدا ژنان چی دی مافەکانیان پێشێل نەکرێت و خاوەن کەرامەتی بەرزی مرۆڤی ئەم سەردەمە بن، تەنیا ڕێگای خەبات و هەوڵ و تێکۆشانە بۆی.
کۆمەڵە بە باوەڕمەندی بەوەی کە پرسی ژنان تەنیا پرس ژنانی کۆمەڵگا نییە و خەبات بۆ بنبڕ کردنی چەوسانەوەی ژنان ئەرکی سەر شانی هەموو ژنان و پیاوانی ئازادیخوازە، بۆتە مەڵبەند و مەکۆی خەبات بۆ ئەو ئامانجە بەرز و پیرۆزە. جا هەر لە بەر ئەم ئەسڵە سەرەکی و سەرەتاییە ژنانی کوردستان تەنیا ڕێگەی ڕزگاری و دەربازبوونیان لەم مەینەتییەی کە لە لایەن ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لە ڕێگە گەلی جۆراوجۆرەوە بە سەریاندا سەپاوە، خەبات و پێشمەرگایەتییە.
زۆرن ئەو ژن و کچانەی لە ڕابردوو و لە ئێستادا چەکی شۆڕش و خەباتی کۆمەڵەیان لە شان کردووە و ئەمڕۆ لە سەنگەی پێشەوەی خەباتی ڕێکخراوی کۆمەڵەدا خەبات دەکەن. زۆرن ئەو ژنان و کچانەی لە ڕێکخستنە ناوخۆییەکانی کۆمەڵە و بزووتنەوەی ئازادیخوازانەی گەلی کورد لە شار و گوندەکان کوردستان خەبات دەکەن.
لە بەر کردنی بەرگی پیرۆزی پێشمەرگایەتی، ئەرکێکی گەورە و گرانە کە سەرەڕای هەموو مەینەتی و سەختی و دژواری ژنان و کچانی کوردستان، لە بەری دەکەن. ئەمەش لە تێگەیشتووی و پێگەیشتووی ژنان و کچانی کوردستانەوە سەرچاوە دەگرێت کە ڕێگەی ڕزگای و دەرباز بوون لەم مەینەتییە و دەستەبەر کردنی ژیانێکی شایستەی مرۆڤی ئەم سەردەمە لە کورستان بۆ ژنان (وەک ماف و پرسێکی «دەستێندرێت» و نەک «ببەخشرێت») پێشمەگایەتییە.

ئه‌م بابه‌ته 2949 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


PM:05:50:31/10/2019