زاگرۆس خسرەوی؛ کوردەکان نیگەرانی پرۆسەی جێ بە جێ کردنی ئاگربڕەکەن!

زاگرۆس خسرەوی؛ کوردەکان نیگەرانی پرۆسەی جێ بە جێ کردنی ئاگربڕەکەن!
کوردەکانی سوریە، نیگەرانی ڕەوتی بەڕێوەچوونی ئاگربڕن- وت و وێژ لەگەڵ زاگرۆس خسرەوی (کادری دێرین و ئەندامی پێشووی کومیتەی کۆمەڵە)
بەشی فارسی ڕادیۆی نێونەتەوەیی فەڕانسە دەربارەی نیگەرانی کوردەکانی سوریە لە بەڕێوە چوونی ڕەوتی ئاگربڕ وت و وێژێکی لەگەڵ زاگرۆس خسرەوی کادری دێرین و ئەندامی پێشووی کومیتەی ناوەندیی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕ ئەنجام داوە کە دەقی وەرگێردراوی ئەو وت و وێژە لە درێژەدا دەخوێننەوە:
هێرشەکانی تورکیە بۆ سەر هێزە کوردەکان لە باکووری سوریە کە لە ڕۆژی نۆی ئۆکتۆبرەوە (٢٠١٩) دەستی پێکرد، پاش هەفتەیەک بە ڕێکەوتن لە سەر ئاگربڕێک لە نێوان سوریە و تورکیە کۆتایی پێ هات. زاگرۆس خسرەوی چالاکی سیاسی کورد دەڵێت لەم ئەم ئاشتییەدا، ویستەکانی تورکیە هاتۆتە دی و ئێستا کوردەکان لە پرۆسەی بەڕێوەچوونی ئەم ئاگربڕە و کشانەوەی هێزەکانی تورکیە لەون ناوچەیە نیگەرانن.
هێزەکانی کوردی سوریە ڕۆژی یەکشەممە ٢٠ی ئۆکتۆبر لە شاری مەرزی رەئسولعەین کە لە لایەن ئەرتەشی سوریەوە گەمارۆ دراوبوو، پاشەکشەیان کرد. ئەمە یەکەمین پاشەکشەی هێزە کوردییەکانە لە دوای ڕێکەوتن لەسەر ئاگربڕەکە لە باکووری سوریا کە بە نێوەندگیری واشینتۆن هاتە دی.
زاگرۆس خسروەی، لە وت و وێژ لەگەڵ بەشی فارسی ڕادیۆی نێونەتەوەیی  فەڕانسە دەڵێت؛ سەرەڕای داواکاری و ویستی کوردەکان لە ڕیکخراوە نێونەتەوەییەکان بۆ چاودێری کردنی ڕەوتی پاشەکشەی هێزە ئەمریکاییەکان و چۆڵ کردنی ناوچەکە، ئەم کارە بە بێ چاودێری بەڕێوە دەچێت و هەر بەم هۆیەش لە بەڕێوە چوونی پرۆسەی ئاگربڕەکە نیگەرانن.
بەوتەی زاگرۆس خسرەوی چالاکی سیاسی کوردی ئێران کە ئێستا لە سوئێد نیشتەجێیە، کوردەکان لە ئێستادا نیگەرانی پاکسازی ناوچەکە و گۆڕینی دێمۆگرافی ناوچە کوردستانییەکانی سورییەن.
ئەم چالاکە کوردە دەڵێت؛ کوردەکان بەر لەمەش لە مێژوودا چەندین جار تووشی «تراژێدی» و کارەساتی لەو چەشنە بوونەتەوە و لە دێرژ ماوەدا کوردەکان کوردەکان هەڵدەستنەوە و دەسکەوتە بە تاڵانچووەکانیان وەردەگرنەوە.

ئه‌م بابه‌ته 2680 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


PM:05:05:04/11/2019