ڕۆڵی ژنان و پیاوان بۆ دامەزراندنی کۆمەڵگایەکی دادپەروەر

ڕۆڵی ژنان و پیاوان بۆ دامەزراندنی کۆمەڵگایەکی دادپەروەر

حەنیفە مام ڕەحمان پوور

بە پێی گریمانە مێژووییە زانستییەکان سەردەمانێک لە ژیانی بە کۆمەڵی مرۆڤ، ژنان ناوەند و سەنتەری خێزان و سەرپەرشت و بەرپرسیاری سەرەکی خێزان و کۆمەڵەکەیان بوون. تەنانەت شوێنەوارناسان و بواری زانستی مێژوو ئەو سەردەمە بە سەردەمی "دایک شایی" (مادر شاهی- Mothers Kings) ناوزەد دەکەن. ئەو ناوە و ئەو قۆناغە دەرخەری پێگەی بەهێزی ژنە بووە لە ناو بازنەی خێزان و گرووپە سەرەتاییەکانی مرۆڤ. 
بەڵام بە دوای پێکهاتنی گۆڕانکاری لە شێوە بەرهەم هێناوە هێدی هێدی ژنان لە پرۆسەی وەبەرهێنان کە ئەو سەردەم زۆرتر "ڕاو" بوو دوور کەوتنەوە. دوور کەوتنەوە لە پرۆسەی وەبەرهێنان تەنیا بە هۆکاری باری فیزیۆلۆژی ژنان کە توانایی جەستەییان بەو شێوەیە نەبوو کە بتوانن لە ڕاو دا بەشدار بن (دوو گیان دەبوون و لە باری جەستەییەوە لاوازتر لە پیاو بوون) ژنان بە ناچار زۆرتر لە ماڵ دا دەماننەوە. بەڵام مانەوەی ژنان لە ماڵ بوارێکی دیکەی شکۆفانەوەی ژنان بوو و لە سەر دەستی ژنان "کشت و کاڵ" دۆزرایەوە. 
دۆزینەوە و کەشفی کشت و کاڵ کۆی ژیانی مرۆڤ و شێوەی بەرهەم هێنانی گۆڕی  و سەردەمانێک زۆر بووە بە شێوە وەبەرهێنانی مرۆڤ و قەوارەی کۆمەڵگای مرۆڤایەتی لە سەر بنەمای ئەم جۆرە بەرهەم هێنانە ڕێکخرایەوە. بە دوای شۆڕشی پیشەسازی لە ئۆرووپا و دواتر گشتگیر بوونەوە لە هەموو جیهاندا جارێکی تر قەوارەی کۆمەڵگای مرۆیی گۆڕییەوە و گەشەی کاپیتالیزم و سەرمایەداریش جارێکی دیکە پێوەندی و قەوارەی مرۆڤی گۆڕییەوە. 
بە هەموو ئەو گۆڕانکارییانە و ڕۆڵی ژن لە کۆمەڵگا تەنیا بە هۆی باری جەستەییەوە هەر وا لە پەڕاوێزدا بووە. بۆ وێنە کۆی هەموو خاوەنانی مڵک و زەمین لە سەر گۆی زەوی تەنیا ١٠٪ی بە ناوی ژنانەوەیە. واتە هەموو ئەو زەمین و مەڵکە تاپۆکراوانەی گۆی زەوی تەنیا ١٠٪ بە ناوی ژنانەوە و باقییە ٩٠٪ دیکە بە ناوی ژنانەوە کە ئەمە دەرخەری بێ بەشی ژنان بێت وەک مرۆڤی هاوسان لەگەڵ پیاو کە سەر گۆی زەوی دەژین. 
ئەمە جیا لەو ڕۆڵە گرنگ و کاریگەرانەی ژنانە لە هەموو سێکتەرەکانی ژیانی مرۆڤایەتیدا، هەر لە کشت و کاڵ و پیشەسازی، بەرهەم هێنان، پەروەردە و سیاسەت و ...
ئامارە جیهانییەکان باس لەوە دەکەن کە ٤٠ بۆ ٦٣٪ دانیشتوانی گوندەکان ژنان پێکی دێنن. واتە ژنان کۆڵەکەی سەرەکی بەرهەم هێنانی بەروو بوومە کشت و کاڵییەکانن و ڕۆڵی یەکەمیان هەیە لە دابین کردنی ئەمنییەت و ئاسایشی خۆراکی هەموو جیهان، بەڵام بەوپەڕی بێ مافی و کەم مافییەوە. 
لە سەردەمی ئێستادا و گەشی تێکۆنۆلۆژی و گۆلۆبالیزەیشن و جیهانگیری و سەدەی وشیاری مرۆڤ هێشتا ژنان لە مافە سەرەتاییە مرۆییەکان بە هەندێک جیاوازییەوە لە ناوچە جیاجیاکانی گۆی زەوی بێ بەشن. 
لە ماوەی سەرهەڵدانی بزووتنەوە عیداڵەتخوازانەکان، بزووتنەوەی ژنان بۆ دەستەبەر کردنی مافەکانیان سەریان هەڵداوە و ئەمڕۆکەش بە چڕ و پڕی بەردەوامە. 
بەم باکگراوندە مێژووییەی مرۆڤ و هەموو لێکۆڵینەوە زانیستی و کۆمەڵایەتییەکان پیاوان هۆکاری سەرەکی بوون لە پەراوێز کەوتنی ژنان لە هەموو بوارەکانی ژیانی مرۆڤ. بۆ پیاوی عیداڵەت و ئازادیخوازی ئەم سەردەمە ئەرکی ڕزگاری و دەستەبەر کردنی مافەکانی ژنان بە پێی جاڕنامەی گەردوونی مافی مرۆڤ تەنیا ئەرکی تاکی ژنان نییە.
ئەرکی سەرخستنی بزووتنەوەی ژنان و دامەزراندنی کۆمەڵگایەکی یەکسان کە تێیدا جیندەرەکان لەگەڵ یەک یەکسان و بەرابەر بن لە ماف و دەسکەوتەکانیان، تەنیا هی ژنان و لە ئەستۆی ژنان نییە.
پرسی ژنان و دامەزراندنی ئەو کۆمەڵگایەی کە تێیدا هەموو تاکەکان بە پێی توانا ڕۆڵ بگێڕن و بە پێی پێویستی بەهرەمەند بن، هەم ئەرکی ژنە و هەم ئەرکی پیاو. وشیاری ژنان و پەروەردە کردنی نەوە و بەرەی وشیار دەیان ساڵە دەستی پێکردووە و ڕۆڵی گەورەی لە ئاراستەی پێشکەوتنخوازی مرۆڤ بووە. باوەڕمەندی بە مافی ژنان لە لای ژنان و پیاوان زامنی سەرکەوتنی بزووتنەوەی مافخوازانەی ژنان و دامەزراندنی کۆمەڵگایەکی دادپەروەرە.


ئه‌م بابه‌ته 3146 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


PM:03:28:12/11/2019