د. ڕێبوار سیوەیلی
١.ھەرگیز ئەوەندە خۆ بەکەمزان نابم، کە لە پێناوی فەلسەفەدا دەست لە کوردبوونی خۆم ھەڵگرم، چونکە ئەگەر فەلسەفە نەتوانێ تەعبیر لە چییەتی کوردبوونم بکات و کوردبوونی من نەبێتە ناوەڕۆکێک بۆ مانەوەی فەلسەفە، ئەوە دەست لە فەلسەفە ھەڵدەگرم و بۆ دەفرێکی تر دەگەڕێم تا کوردبوونمی ھەڵڕێژمە ناوی.
٢.ھەرگیز کوردبوونم لە سەرەوەی مرۆڤبوونمەوە نابینم، چونکە کوردبوونم، بەو ڕیگایە تێدەگەم کە ناوەڕۆک بە مرۆڤایەتیبوونم دەبەخشێت، ئەگەر مرۆڤایەتی ئەو دەفرە بێت کە کۆی گەلان و نەتەوەکانیتر بە قوربانیی و تێکۆشانەکانی خۆیان دروستیانکردووە.
٣.ھەرگیز ماف و ڕەوایەتی کێشە نەتەوایەتیەکەم و کۆی ئەو یادوەریانەی لەوبارەییەوە بۆم بوونەتە بار، بچووکناکەمەوە لە ڕق و تێروانینمدا بۆ ئەو کەسانەی داوای ئەم مافەم بۆ دەکەن. من خۆشەویستی و ڕقی خۆم بۆ کەسەکان، لە پشتگیریکردنی کێشە نەتەوایەتیەکەم جیا دەکەمەوە، تەنانەت ئەگەر ئەو کەسانە دوژمنیشم بن، لێیان خۆش دەبم.
٤.من لە ھیچ شوێنێک لەبەر بڕوانامەکەم، یان پێگەی ڕۆشنبیریی و ژمارەی کتێبەکانی بڵاومکردوونەتەوە، ڕێزلێگیراو نەبووم، ھێندەی ئەوەی کوردبوونەکەم حورمەتی بۆ دروستکردووم، چونکە لە ھەموو شوێنەکانی جیھاندا نوسەری چالاک و باشتر و خاوەن بڕوانامەی بەرزتر و ڕۆشنبیرتر و خاوەنبەرھەمی زیاتر لە من ھەبوون و ھەن، بەڵام کوردبوون جەوھەرێکی دانسقەیە و تەنیا دەبێت کوردبیت، تا وەک خۆت حسابت بۆ بکرێت. (وەک خۆت)، یانی: خاوەن قوربانی.
٥.من ناتوانم ئەو ڕێز و حورمەتەی لە کوردبوونم دەگیرێت، بە پاساوی ئەو ئازارانەی بە ھۆی کوردبوونمەوە تووشیان بووم، ڕەتکەمەوە، چونکە ئەمە لە ھەمان کاتیشدا ڕەتکردنەوەی گیان و ڕۆحی ئەو قوربانیانەیە کە ھەیبەتی کوردبوونی ئێمەیان بەو پێگە بەرزە گەیاندووە، کە لە جیھاندا ڕێزمان لێبگیرێت.
٦.من ھەرگیز لە نیگای مرۆڤایەتییەوە، کوردێکی تەنیا نیم، چونکە کوردبوونم چڕکراوە و کەڵەکەبووی مێژووی ئەو قوربانیانەیە کە بونەتە ھۆکاری بێدارکردنەوەی ویژدانی مرۆڤایەتی لە ئاست خۆمدا.
٧.بۆیە ھەر بێڕێزییەک، کەمتەرخەمییەک، پشتگوێخستنێک، نەیارییەک لە ئاست خودی خۆمدا، لە ھەمان کاتدا بێڕێزی و کەمتەرخەمی و پشتگوێخستنی کوردبوون و مرڤبوونمە لە یەک کاتدا.
٨.خودھووشیاریی من لە ھووشیاریم بە بەرامبەر بە کوردبوونم لە پرۆسەیەکی مێژووییدا و ھووشیاریشم بەرامبەر بە کوردبوونم لە ھووشیاریم بەرامبەر بە مرۆڤایەتی جیاناکەمەوە، چونکە پێبەپێی ئەوەی کوردبوونی من لەناو مێژوودا ئەم شێوەیەی وەرگرتووە، مرۆڤایەتیش لە خەباتدا بووە بۆ گەیشتن بەم شێوەیەی کە ھەیە.
٩.ھەر بۆیەشە من لە ھەمان کاتدا تێکەڵێکم لە ھەموو گەلانی جیھان، کە وەک من بە قوربانیدان و تێکۆشان لە پێناوی مرۆڤایەتییەکی باشتردا قوربانییان بەخشیوە و بەم شێوەیەی ئێستای خۆیان گەیشتوون.
١٠.ئەم شێوەیەی ئێستای گەلانیی جیھانی تێدا دەژین، بەرتەسک تر و بچووکترە لەو خەبات و قوربانیانەی میللەتان لە پێناوی مرۆڤایەتی و ئازایدا بەخشیویانە.
١١.لێرەشەوە، کوردبوون ئازارێکی بەردەوامە لە پێناوی جیھان و مرۆڤایەتیەکی باشتردا.. ھەرچەندە من جارجارە لە کوردبوونم وەڕس دەبم، بەڵام ناتوانم لەدەرەوەی مرۆڤبوونم ئەمکارە بکەم.
١٦/١٢/٢٠١٢
ئهم بابهته 3041
جار خوێنراوهتهوه