وتو وێژ لەگەڵ ھاوڕێ « وەحیدی کەمالی ئیلامی « سەبارەت بە ھەلومەرجی ئێستای ئێران و قەیرانە یەک لە دوای یەکەکان و نەمانی ڕەوابوونی کۆماری ئیسلامی
ئاسۆی ڕۆژھەڵات: دوای ھاتنەدەرەوەی ئەمریکا لە بەرجام و تەنانەت ماوەیەکیش پێش ئەوە ئێمە شایەتی کۆمەڵێک پەرچەکردار و دژکردەوەی جۆراوجۆرین سەبارەت بە پرسی ئێران چ لەلایەن کاربەدەستانی ڕژیمەوە چ لەلایەن کاربەدەستانی ئەمریکاوە بۆ نموونە ھێرشەکانی ترامپ لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان بۆ سەر ئێران و وڵامدانەوەی بەرپرسانی ئێران؟ ئەم پرسە بەڕای ئێوە تاکەی بەو شێوەیە درێژەی دەبێت؟
وەحیدکەماڵی ئیلامی: وێرای سڵاو و ڕێز بۆ ئێوەو خوێنەرە بەڕێزەکانتان پێم باشە کە وەڵامی ئەم پرسیارە بەو شێوەیە دەستپێکەم و سەرەتا ئاماژەیەک بدەم بەوەی کە بەڕای من ھاتنەوە سەرکاری دوناڵد ترامپ و دەوڵەتی تازەی ئەمریکا دەبێ خوێندنەوەیەکی جیاواز لە دەوڵەتەکانی پێشووی ئەمریکای بۆ بکرێت تایبەت دوای ئەوپەرچەکردارانەو ھەنگاوانەی کە ترامپ دوای ھاتنە سەرکاری جێبەجێان کردووە نەک تەنھا لەبەرانبەر کۆماری ئیسلامی بەڵکو لە بەرانبەر ھەموو وڵاتانی دونیا و تەنانەت ھاوپەیمانەکانی لە ئاست ھەموو دونیادا . بۆیە دەبێ ئێمە ئیتر لەم چەمکە تێبگەین کە سیاسەتەکانی ئەمریکا چی لەناوخۆی ئەو وڵاتە و چی لە ئاستی سیاسەتی دەرەوە پەیامێکی گەورەی تیایەو دەتوانرێت ئەم پەیامە بەو شێوەیە پێناسە بکرێت کە « دەوڵەتی ئەمریکا و بەتایبەت ترەمپ وەکو سەرکردەو پەیمانکاری ستراتیژی نوێ ئەمریکا بە ڕاگەیاندنی درۆشمی « لەھەموو بوارێک سەرەتا ئەمریکا» دەیەوێ بەشێوازێکی تاکڕەوانە سەروەری ھەموو دونیا بکات و نیزامێکی نوێ بەڕێوەبەرایەتی لە ھەموو جێھان پەیڕەو بکرێت و ھەنگاوە جیددی و سەرەتاییەکانی لەم ڕاستایە ھەڵگرتووە» .
سەبارەت بە کەیسی کۆماری ئیسلامیش دەوڵەتی ترامپ و تیمەکەی و تەنانەت خودی شەخسی ترامپ ھەم لەکاتی ھەڵبژاردنەکانی سەروکایەتی ئەمریکاو ھەم دوای ھاتنەسەرکاری دەوڵەتی تازەو دوای سێ ساڵ زیاتر لە دەسەڵاتداری زۆر ڕاشکاوانە سیاسەتی خۆیان ئاشکرا کردوەو پێموایە لەدانۆستانەکانی پشتی پەردەش ھەر بەم ڕاشکاوییە تەعامولیان لەگەڵ کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی کردوەو ئامادە نەبوونەو نین ھیچ چەشنە باج و ئیمتیازێک بدەنە حکومەتی کۆماری ئیسلامی و سوورن لەسەر جێبەجێ کردنی ئەو ١٢ داواکاریی و مەرجانەی ئەمریکا لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە بۆیە دەتوانین بڵەین کە ھەوڵی بێ وچانی سەرانی کۆماری ئیسلامی و لەوان زیاتر ھەوڵەکانی وڵاتانی ئەورۆپی وەک بریتانیاو ئەڵمانیاو فەرانسە کە شەریکی سەرەکی کۆماری ئیسلامین و تەنانەت گوشارە سیاسی و دیپلوماسییەکانی وڵاتانێک وەکو روسیا و چین بۆسەر ئەمریکا تا ئێستا نەیانتوانیوە شتێک لە بابەتەکەو ھەڵویستی دەوڵەتی ئەمریکا لەبەرانبەر کۆماری ئیسلامی بگوڕن و نوێنەرانی ئەمریکا لە ھەموو وتار و قسەکانیان پێ لەسەر ئەو ١٢ خاڵ و مەرجانە دەگرن کە بۆ کۆماری ئیسلامی دانراوە وەک پێش مەرج و ھەڵسوکەوت و وتەکانی ئەم دواییەی سەرانی کۆماری ئیسلامی و وڵاتانی ئەورۆپی ھەر لە ھەڕەشەکانیان بگرە تاوەکو دەربڕینی بێ ھیواییان ئەوەمان پێ نیشان دەدات کە داھاتووی ئەم ھاوکێشەیە دەبێ ھەر ئەوە بێت کە ئەمریکا دەیھەوێت . ھەرچەندە وڵاتانی ئەورۆپا و روسیا و چین و ئێران و تەنانەت تورکیا لە ھەوڵی ئەوەدان کە بە ھەر شێوەیەک پێش لە ھەنگاوەکانی دەوڵەتی ئەمریکا لە بەرانبەر بابەتی ئێران و سیاسەتی دەرەوەی ترامپ لە بوارەکانی ئابووری و سەربازی بگرن بەڵام ئەو ھەلومەرجەی کە ئەم وڵاتانە تیایدا دەژین و کێشە قووڵەکانیان لە بوارە جیاجیاکان زەحمەتە ئەو دەرفەت و تواناییەیان بۆ بڕەخسێتەوە کە بتوانن ببنە ئاستەنگ لە بەرانبەر سیاسەت و کردارەکانی ئەمریکا(کەتا ڕۆژی ئەمڕۆش پێیان نەکراوە) و لە کۆتاییدا ئەمە پێشبینی دەکرێت کە ملکەچی ویستەکانی دەوڵەتی ترامپ دەبن .
ئاسۆی ڕۆژھەلات: وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ژوورێکی تایبەتی دامەزراندووە بۆ کاروباری ئێران و ئەو پرسانەی پێوەندیان بە ئێرانەوە ھەیە. ھەرچەندە ھەموومان لەوە ئاگادارین کە ئەمریکا پلان یان ستراتێژیکی دیاریکراوی بۆ ئێران نییە و زۆرتر باسی گۆڕینی ڕەفتاری ئێران دەکەن. ئێوە ئەو پرسە چۆن لێک دەدەنەوە؟
وەحیدکەماڵی ئیلامی: ستراتیژی و سیاسەتی دەوڵەتی تازەی ئەمریکا زۆر شەفاف و دیاریکراو و ڕاشکاوانەیە و ئەو ١٢ خاڵەی کە وەک مەرج بۆ ئێران دیاریکراوە لە بواری حقوقی و دیپلوماتیک زۆر ڕوون و ئاشکران و نیشاندەری ئەوەن کە دەوڵەتی ئەمریکا بە ھیچ تعاروفێکی سیاسی و دیپلوماتیک دەستی داناوە لەسەر ئەو خاڵانەی کە مەبەستییەتی و ئەگەر ورد ببینەوە لەو ١٢ خاڵە مەرجە بە جوانی دەبینین و تێدەگەین کە ویستی ئەمریکا چیە . بە ڕای من دەوڵەتی ئەمریکا دو ئامانجی سەرەکیی ھەیە لە پێشکەش کردنی ئەو ١٢ خاڵە کە بەمجورە پێناسەیان دەکەم :
یەکەم: پاشەکشەکردن بە کۆماری ئیسلامی تا پشت سنوورەکانی خۆی و داڕماندنی ئابووری ئێران .
دووەم: ورد کردنەوە و ڕوخاندنی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی لە پرۆسەیەکی زەمەنی مامناوەند و نەفەس گیر و بە ھێزی ناوخۆیی ئێران بە کەڵک وەرگرتن لە زانستی سەردەمی مودیرییەتی قەیرانەکان .
ئاسۆی ڕۆژھەڵات: ئەمریکا لەم دەورە یەکەمەی گەمارۆ ئابوورییەکاندا توانیویەتی گوشارێکی قورس بخاتە سەر کۆمەڵێک بانک و کۆمپانیای جۆراوجۆر و ئەمەش کۆمەڵێک لە بەرپرسانی وڵاتانی ناچەکە_ بۆ وێنە عێراق_ی ھێناوەتە سەر خەت و ھەڵوێستیان ھەبووە. دۆخی ئێران لە ناوچەکەدا چۆن ھەڵدەسەنگێنن؟
وەحیدکەماڵی ئیلامی: نالەباربوونی ڕەوشی ئابووری ژیانی خەڵک و مایەپووچ بوونی زۆرینەی کۆمپانیاکان لە ئێران و نەبوونی ھیچ چەشنە ئاسۆ و ھیوایەکی ڕۆناک بۆ داھاتوو و مەرگی تەدریجی دراو و پارەی کۆماری ئیسلامی لە بەرانبەر دراوەکانی دیکە و چوونەدەرەوی کۆمپانیا بیانییەکان لە ئێران و ترسی وڵاتانی دراوسێ و زۆرێک لە وڵاتانی جیھان لە بەردەوامی پەیوەندییە ئابوورییەکان لەگەڵ ئیِران بە ھۆی ھەڕەشەی گەمارۆکانی ئەمریکا بۆسەر کۆماری ئیسلامی و ئەو وڵاتانەی بیانەوێت بەردەوام بن لە پەیوەندییە ئابوورییەکان لەگەڵ ئێران و ھەروەھا پەرەسەندنی ناڕەزایەتییەکانی خەڵک لە ناوخۆی ئێران و دەرکەوتنی نیشانەکانی کۆتایی ھاتنی تەمەنی کۆماری ئیسلامی و ململانییە پڕ تێچووەکانی سیاسەت و ھێزەکانی رژیم لە عیراق ولوبنان و سوریا و یەمەن و ...بوونە بە ھۆکاری ئەوەی کە سەنگی کۆماری ئیسلامی لە ناوچەکە تووشی گۆڕانکاری و لاوازی ببێت و تەنانەت وڵاتانی دراوسێ و ئەو ھێزانەی تادوێنی ھاوپەیمانی کۆماری ئیسلامی بوون بیر لە پێاچوونەوەیەکی جددی بە نسبەت پەیوەندییەکانیان بکەن لەگەڵ کۆماری ئیسلامی و ھەنگاوەکان لەم بوارەدا لە لایەن چەند لایەنێک کە پێشتر پشتی خۆیان بە دەسەڵاتی ئێران قایم کردبوو ھەڵگیراوەو کاردانەوەی نەرێنی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیی بەدوای خۆی ھێناوە .
بەتێپەڕ بوونی کات کۆماری ئیسلامی ڕۆژ بەدوای رۆژ زیاتر ھەست بە لاوازی و تەنیایی و پەراوێز کەوتنەوە دەکات و ھەرچەندە سەرانی کۆماری ئیسلامی ھەرکەسەو بە جورێک ھەوڵ دەدەن ڕاستییەکانی ئەو ھەلومەرجەی کە تیایدا کەوتوون چەواشەو پێچەوانە بکەن بەڵام دونیای ئەمڕۆی سیاسەت و ئاراستەکانی لە ناوچەکەو لەجیھاندا و ئامرازەکانی ڕاگەیاندن و پەیوەندی و گۆڕانکارییە ھەنووکەییەکان لە ناوچەکە و جیھاندا ئەمری واقێع بۆ ھەموولایەک دەردەخەن و ئەگەر ھەربەم شێوەیە پێش بڕوات زەحمەتە ھێزی ڕۆخێنەری دەرەکی و ناوەکی تەنانەت دەرفەتی دان پێدانان بدات بە دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی و ئەم رژیمە لە بەرانبەر پروسەی شکست و کەوتن و ڕۆخان ناتوانێت دڵ بە ھاوپەیمانەکانی خۆش بکات .
ئاسۆی ڕۆژھەڵات: زۆرکەس لەو باوەڕەدان کە کۆمەڵگای ئێران دەکوڵێت و جموجووڵ و ناڕزایەتییەکی بەرین ھەیە و دەوڵەتیش خۆی بە بەرپرس نازانێت و ئەرکەکانی خۆی بە نسبەتی خەڵکەوە_بۆ وێنە دۆخی کاسبکاران، کامیۆنداران، لێقەوماوانی کرماشان و سەرپێڵ زەھاو و ..._ ڕاناپەڕێنێت. پێتان وایە دەوڵەت لە توانایدا نییە ئەم ئەرکانە ڕابپەڕێنێت یان ئەوەندە کێشەکانی نێو خۆی قووڵە کە سەری خەڵکی ناپەرژێت؟
وەحیدکەماڵی ئیلامی: کۆمەڵگای ئێران بە گشتی و ھەروەھا کۆماری ئیسلامی ئێستاکە تووشی زۆر قەیران و ئاڵۆزی ناوەکی و دەرەکی بوونەتەوە و لەلایەک ڕێژەی جەماوەری ئێران بە ھەموو نەتەوەکانییەوە زیادی کردووەو ئاستی خواستی گەلان لە ئێران لە ھەموو بوارەکان بەرز بووتەوەو گۆڕانی بەسەر دا ھاتووەو خەڵکی ئێران دەیانەوێت ھەرچوون بێت خۆیان بگەیننە ئاستی ژیان و ئستانداردی مودێرنی جیھانی ، ئەمانە لەلایەک و لەلایەکی تریش سیاسەت وھەوڵە فراوانخوازە چڕ و پڕەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ داگیرکردنی بەشێکی زۆر لە دونیای عەرەب و ئیسلامی سوننە و باقی دەستدریژییەکانی ئێران بۆ باقی وڵاتان و بەرزبوونەوەی تێچووی کردارەکانی و زۆر ھۆکاری ئاشکرای دیکە وەک دزپەروەری دەسەڵات ، بوون بە بارگرانی قورسی ئابووری و کۆمەڵایەتی بەسەر ئێران و سیستەمەمی حاکمی ئەم وڵاتە و ھەڕ ڕۆژەو بەشێک لە قووتی گەلانی ئێرانی دەکرێتە خەرجی سیاسەتە چەپەڵ و نامرۆڤاکانی دەروە و وردە وردە ئاستی خزمەتگۆزارییەکانی بەخەڵک و بەھاناچوونی داواکارییەکانیان کەم بویەوەو دەبێتەوەو لە تێنەگەیشتوویی و دەمارگڕژی خۆیانیش بە زەبر و زەنگ و ئاسن و سەرکوت بەرەنگاری ویستی ڕەوای خەڵک لە ھەموو بوارەکان بوونەتەوەو دەبنەوە و ئێستا تەنانەت کۆماری ئیسڵامی ئەگەریش بیەوێت پێناکرێت وەڵامدەری گەلانی ئێران بێت بۆیە ھەوڵ دەدات ئەوەندە خەڵکی ئێران برسی و فەقیر بکات ھەتاکو خەڵک بۆ نانی ڕۆژ ئامادە بێت بە مانەوەی ئەم دەسەڵاتە رازی بێت بەڵام سەرھەڵدانەکان و ناڕەزاییەکانی ئەم دواییەی خەڵک لە زۆرینەی پاریزگاکانی ئێران ئەم ڕاستییەی سەڵماند کە چڵ ساڵ چەواشەکاری و ناپاکی دەسەڵات لە سیاسەتی ناوخۆ و دەرەوە ئێتر فەشەلی ھێناوەوە کۆماری ئیسلامی کەوتووتە سەراولێژی کەوتن و نەمان.
ئێستا کۆماری ئیسلامی و لایەنگرانی لە ناوەوەو دەرەوەی ئێران تەنھا یەک خەمیان ھەیەو ئەویش بابەتی بەردەوامی و مانەوەیانە و پرسی برسی مان و بێخزمەتی بە خەڵکی ئێران لە ئەولەوییەتیان نییەو ھەموو ھەوڵ و ھێزی خۆیان خستووتەگەڕ تاکۆ بەھەر قیمەت و موعاملەیەک و ڕێگایەک بێت بەردەوامی بەخۆیان بدەن و ئامانجەکانیان بسەپێنن بەسەر ناوچەکەو جیھان. بەڵام کۆماری ئیسلامی لەیەک بابەت باش تێگەیشتووە کە ھەتاکو ئۆپوزیسیوونەکەی چی لەناوخۆ و چی لە دەرەوە ئاوا پەرژ و بڵاو بێت و ڕێبەرایەتی و ھێزی یەکگرتوویان نەبێت نارەزاییەکانی ناوخۆیی ھەرچوون بووە پێ کونتروڵ دەکرێت ھەرچەند نکوڵی لەمەش ناکرێت کە ئاستی کێشە ناوخۆییەکانیشی لە ھەرکاتێکی ڕابردوو زیاترەو بەم ھەلومەرجەی کە ئێستاکە تیا کەوتووە لە ڕۆژان و مانگانی داھاتوو بەتایبەت ئەگەر گەمارۆکان بەردەوام و زیاتر ببن قوڵایی کێشەکان زیاتر دەبێت بۆیە لە ئاستی ناڕەزاییەکانی چین و توێژەکانی کۆمەڵگای گشتی ئێران و نەتەوەکان و پەیڕەوانی ئایین و ئایینزا جیاوازەکان زیاتر ھەوڵ دەدا بە پڕۆپاگاندە خەڵک و کۆمەڵگاو تەنانەت لایەنگرانی خۆیشی ھەڵبخەڵەتێنێ.بۆیە دەتوانین وا بڵەین کە کۆماری ئیسلامی جگە لەوەی کە لەئاستی نێونەتەوەیی و ناوچەیی ڕەوابوون و شەرعییەتی خۆی بەتەواوەتی لەدەستداوە بەڵکۆ لەناوخۆی وڵاتیش خەریکە ناڕەوابوون و نامەشرووع بوونی دەگاتە لووتکەو ئەمە بە گوێرەی زانستی دیالکتیکی تاریخی لە بواری تەمەنی مانەوەی دەسەڵاتەکان واتە « ئەمە ئیتر سەردەمی کۆتایی کۆماری ئیسلامییە مەگەر ئەوەیکە خۆی بە ھەموو شێوەیەک بگۆڕێت و ملکەچی دونیای دەرەوە بێت و پێناسەیەکی سەردەمییانە لە خۆی بکاتەوە « کە تا ڕۆژی ئەمڕۆش ھێماکان ئاماژە بە ھیچ گۆڕانکارییەکی ڕاستەقینەو گۆڕینەر لە ھەیکەل و سیاسەتەکانی ناوخۆ و دەرەوەی ئەم دەسەڵاتە ئێکسپایەرە ناکەن و ئەمش ھۆکاری زۆری ھەیە کە شەرحیان لە مەجالی ئەم وتو وێژە نیەو و بابەتێکی فراوانە.
ئاسۆی ڕۆژھەڵات: پێتان وایە کورد دەبێ دەورێکی چۆنی ھەبێت لە ئێستای ناڕەزایەتییەکانی ئێراندا؟
وەحیدکەماڵی ئیلامی: ژێرخانی بیروباوەر و سەرەکی ترین ئاواتی خۆم وەک ھەموو تاک و تێکوشەرێکی کورد ئەوەیە کە ئەنجامی ئەم ناڕەزاییانەی کە ناخۆی ئێران ھەیە و بەرھەمی گۆشارەکانی دەرەوە بۆسەر کۆماری ئیسلامی ببێتە ھۆی دروست بوونی کیانێکی سەربەخۆی کوردی و نەتەوەکەمان بگاتە مافە ڕەواکانی بەڵام ئەمە ھێشتا لەدایک نەبووە و دەبێ دان بەم ڕاستییە بنێن کە ھێزی کورد بەتەنیایی لە ھەموو بوارەکاندا تا ئەمڕۆ توانای ئەوەی نەبووە کە دەسەڵاتی ئێران و سیاسەتەکانی بگوڕێ و کورد و خاکەکەی تەنھا گەڵی داکیرکراو لە ئێران نییەو ئەزموونەکانی مێژووی ئێران و زۆر وڵاتی دیکە ئەمەی سەڵماندووە کە ئەو نەتەوەو ھێزانەی لە یەک جوگرافیا داگیر کراون تەنھا بە ھاوکاری و ھەماھەنگی یەکتر توانیویانە گوڕانکاری بەدی بیەَنن یان خۆیان ڕزگار بکەن لە بن دەسەڵاتی سیستەمە داگیرگەرەکان .تەنانەت خودی دەوڵەتی ئەمریکاش بۆ بەرەنگار بوونەوەو سەرکەوتن بەسەر کۆماری ئیسلامی بە دوای ھاوپەیمان و ھاوکار و شەریک دەگەڕێت وە بە بڕوای من چەمکی ھاوپەیمانێتی و ھاوکاری و یەکگرتوویی لە ھۆکارە سەرەکییەکانە بۆ سەرکەوتن لەبەرانبەر نەیارانی بەھێز و چارەسەر کردنی ھاوکێشە نەتەوەییەکان لەوەڵاتی ئێران.
ئەوەی ڕاستییە نەتەوەی کورد لە کوردستانی ڕۆژهەڵات و ئێران لە ھەموو تەمەنی زیانباری کۆماری ئیسلامی، موتور و دینامۆی ھەمیشە ڕوشنی خۆڕاگری لە بەرانبەر سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی لە دژی ھەموو گەلانی ئێران بووەو تا ئەمڕۆش وانەکانی خۆڕاگری و موقاومەت و کۆڵنەدان بەگوێ ھەموو نەتەوەکانی ئێران دەخوێنێت.
بە بڕوای من ئەگەر دەبینین کە لەشارەکانی ئێران و لە نێو گەلانی دیکە ناڕەزایەتی جۆراوجۆر دژ بە دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ڕوودەدات ، ئەمە بە شێوەیەک خۆی نیشاندەری ئەوەیە کە خۆڕاگری گەلی کورد ھێزی خۆڕاگری لە ناو نەتەوەکانی دیکەی ئێران زیندوو ھیشتووەو یەکێک لە ھیواکانی باقی گەلانی ئێران پشتبەستن بە ھێزی دیاری کەر و چارەنووس سازی گەلی کوردە لە ئێران.
لەم ھەلومەرجەی ئێستای ئێران و ھەتا کاتی دەستپیکردنەوەی پروسەی گوڕان یان نەمانی کۆماری ئیسلامی کورد دەبێ لە دو بواری سەرەکی خۆی رێکبخات:
یەکەم؛ بە پرۆژەی ئامادەکراو بۆ شێوازی حوکمرانی لە داھاتووی ئێران و ھەماھەنگ لەگەڵ نەیارانی کۆماری ئیسلامی چی لە ناوەوە و چی لە دەرەوە و بە تایبەت بە یەکگرتوویی و ھاودەنگی بە موازاتی باقی ھێزەکانی گوڕانخواز لە ئێران ھەنگاو ھەڵگرێت و لە قافڵەی گۆڕانخواز لە ئێران پاش نەمێنێت و ھەمیشە و بۆ ھەموو قوناغە چارەنووس سازەکانی کانی داھاتوو پیلان و پرۆژەی ھەبێت.
دووەم؛ پڕچەک کردنی خۆی لە ھەموو بوار و ڕەھەندەکان و ھەوڵی زیاتر لەپێناو زووتر یەکگرتن و ھەڵگرتنی ھەنگاوی کرداری ھاوبەش لە پێناو پرسی نەتەوەیی و مافەکانی نەتەوەی کورد و ھەروەھا سەپاندنی خۆی بەسەر ئەو ھێزانەی کە پیلانی ھاوبەشیان ھەیە لە ڕووبەڕوو بوونەوە لەگەڵ کۆماری ئیسلامی .
کۆمەڵگای کوردستانی ڕۆژهەڵاتیش دەبێ زۆر بە جددی خۆی بۆ داھاتوویەکی نزیک و ڕاپەڕینێکی جەماوەری ھەماھەنگ لەگەڵ باقی گەلانی ئێران لە دژی کۆماری ئیسلامی ئامادە بکات . خەڵکی کورد لە ئێران دەبێ ئەم بابەتە بە جیددی وەربگرن کە ھیچ ڕێگایەکی دیکەیان نییەو ناچارن خێراتر لەجاران خۆیان ڕێک بخەن و بە ھێزێکی تۆکمەوە بڕۆنە پیری گوڕانکارییەکی مێژوویی کە داھاتوو و چارەنووسیان دیاریدەکات .پشتگیری کردن لە گەلانی دیکەی ئێران کە خواستی ھاوبەش و ھاوشێوەیان ھەیە لە بەرانبەر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی لە ڕاستیدا پشتگیری کردن لە دۆزی خۆیەتی و دەبێ نەتەوەی کورد لە ڕۆژھەڵات بە مۆدێرن ترین شێوازەکانی خەباتی مەدەنی ھەماھەنگ بن لەگەڵ گەلانی دیکەی ئێران تا بتوانن لە داھاتوویەکی ھاوبەش و ھەلومەرجێکی مێژوویی بڕیار لەسەر چارەنووسی خۆیان بدەن.
ئهم بابهته 1883
جار خوێنراوهتهوه