ئاسۆی ڕۆژهەڵات: "زۆهرە سادات لاجەوەردی" نوێنەری مەجلیسی کۆماری ئیسلامی لە وتووێژ لەگەڵ هەواڵنێری "ڕۆکنا"ی سەر بە کۆماری ئیسلامی، باسی لەوە کرد کە منداڵ هاوسەری پرسێکی گرنگ نییە و ئێمە بە هیچ شێوەیەک ئەو دیاردەیە بە پرسێکی گرنگ نازانین.
" لاجەوەردی" لە وتووێژ لەگەڵ "ڕۆکنا" لە وڵامی یەکێ لە پرسیارەکاندا سەبارەت بە گرنگی و بەرنامەی مەجلیس بۆ دیاردەی منداڵ هاوسەری وڵامی دایەوە؛ ئەم باسە لە جومڵەی ئەو باسانە بوو کە بە بێ لە نەزەر گرتنی ئەولەویەتەکان هاوردرایە بەر باس و بە هیچ شێوەیەک پرسێکی گرنگ نییە.
لاجەوەردی لە بەشێکی دیکە لە قسەکانیدا وتی؛ ئێمە ناتوانین بۆ هاوسەرگیری تەمەن دیاری بکەین و کچێک کە بە تەمەنی بلوغ گەیشتبێ دەتوانێ هاوسەرگیری بکات. تەمەنی بلوغ لە ڕووانگەی دینی ئیسلام بۆ ژنان ٩ ساڵە و ئەم قسانەی "لاجەوەردی" بە مانی ئەوەیە کە منداڵانی کچی ٩ ساڵان بۆ هاوسەر گیری ناتوانرێ قەدەغە بکرێ.
پێویستە بوترێ کە ئەم قسانەی "لاجەوەردی" پێشێل کردنی ئاشکرای بەندی ١٦ی جاڕنامەی گەردوونی مافی مرۆڤە سەبارەت بە هاوسەرگیری، لە کاتێکدا کە ئێران لە جومڵەی یەکەمین وڵاتەکان بوو کە بەڵێنی جێ بە جێ کردنی ئەو بڕیارانەی لە یاسای وڵاتەکەیدا واژۆ کردوە.
هەروەها کنوانسیۆنی مافی منداڵان" ڕێکخراویەکی نێونەتەوەییە کە ئێرانی پێ زیاد بووە، کەسانی ژێر ١٨ ساڵی بە منداڵ ناسیوەو دەوڵەتەکانیان بە بەرپرس زانیوە کە پێش بە منداڵ هاوسەری و لە وڵاتەکانیان بگیردرێت.
پێشتر« کامیل ئەحمەدی» لێکۆڵەری کۆمەڵایەتی، باسی لەوە کرد کە لە بەفرانباری ساڵی٩٧ بە ئێعلامی ئەوەی کە ١٧ لەسەدی هاوسەرگیرییەکان پەیوەندی بە کچانی ژێر ١٨ ساڵە، ڕایگەیاندووە کە ١٤ هەزار منداڵی بێوەژن ژێر١٨ ساڵ لە ئێران هەیە.
کولتوری چەوت و پیاو سالاری لە ئێران، بارودۆخی نالەباری ئابووری، کێشە کۆمەڵایەتییەکان و ڕێگا خۆشکردنی یاسا بۆ دیاردەی پیاو سالاری و... ڕێگای بۆ پەرە پێدانی منداڵ هاوسەری خۆش کردووە و بە پێی نوێتین ئامارەکان، منداڵ هاوسەری ٤ بەرابەر لە چاو ساڵی رابردوو زیادی کردووە.
ئهم بابهته 3497
جار خوێنراوهتهوه