لە ڕۆژانی سەرەتای دەرکەوتنی ڤیرووسی کۆرۆنا لە کوردستانی ڕۆژهەڵات، یەکەم قوربانیانی کۆمەڵایەتی ئەم ڤیرووسە، خەڵکی کرێکار، کەم داهات و هەژاری کوردستان بوون. خەڵکانێک کە داهاتیان ڕۆژانە بوو. داخرانی ناوەندەکانی کار و نەمانی دەرفەتی کرێکاری ڕۆژانە گرفتی جیددی بۆ کۆمەڵێکی بەرچاو لە خەڵکی هەژاری کوردستان پێک هێنا. کۆمەڵێک لە چالاکوانانی سیاسی و مەدەنی و دڵسۆزانی کوردستانی ڕۆژهەڵات کەمپینێکیان بۆ بە هاناوەچوونی خەڵکانی هەژار و کەمداهاتی کوردستان لە دەرەوە و ناوخۆی وڵات ڕێکخست. ئەم کەمپینە پاش ماوەیەک توانی یارمەتییەکی بەرچاو کۆبکاتەوە و بیانگەیەنێتە دەست، خەڵکانی شایستە. ئەوەی لێرەدا دەیخوێننەوە وت و وێژێکی ئاسۆی ڕۆژهەڵاتە لەگەڵ کاک «خەلیل عەبدوڵڵا پوور» ئەندامی بەڕێوبەری کەمپەینی هانای ڕۆژهەڵات.
ئاسۆی ڕۆژهەڵات؛ بەڕێز عەبدوڵڵا پووڕ بیرۆکەی دامەرزاندنی کەمپەینی «هانای ڕۆژهەڵات» لە چییەوە سەرچاوەی گرت؟ مەبەستان لە «ڕۆژهەڵات»، کوردستانی ڕۆژهەڵاتە؟ بۆچی ڕۆژهەڵات؟ و ئامانجی ئەم کەمپینە چییە؟
خەلیل عەبدوڵڵاپوور؛ سەرتای بڵاو بوونەوەی پەتای کۆرۆنا لێرە لەدەرەوەی وڵات ئەو بیرۆکەێە هاتەئاراوە کە ئێمە هەموو بەیەکەوە یارمەتی خەڵکی هەژار وکەم داهات بدەین، ئەو کەسانەی کە کرێکارێکی رۆژکارن یانی ئەگە ئەورۆ کار نەکەن سبەی هیچیان بۆ خواردن نییە. سەبارەت بە ناوی رۆژهەڵات، بەڵێ مەبەست ئەوە بوو کە ئێمە به هانای خەڵکی فەقیر و هەژاری رۆژهەڵاتەوە بچین ، ئەو بەشە لە کوردستان کە هەمیشە لەکاتە ناخۆش و تاڵەکاندا بە هانای پارچەکانی دیکەی کوردستانەوە هاتووە. لە چاو بەشەکانی دیکەی کوردستان، رۆژهەڵات زۆر لە مەترسی کۆرۆنا دابوو، ئامانجی هانای رۆژهەڵات جیا لە کۆ کردنەوەی هاوکاری بۆ خەڵکی فەقیر و کەم داهات. سازکردنی پلاتفۆرمێک بۆ هەموو ئەو کەمپەینانە کە لەناو خۆی وڵات لە لایەن خەڵکی خۆبەخشەوە وەرێ خراون.
ئاسۆی ڕۆژهەڵات؛ تا چەندە لە ئەنجامی کار و هەوڵەکانی خۆتان سەرکەوتوو بوون؟ بە هەڵسەنگاندنی خۆتان پێشوازی لە کەمپینەکە چۆن بووە و چاوەڕوانییەکانتان چین؟
خەلیل عەبدوڵڵاپوور؛ لە کاری رێکخراوەیی دا زەمان دیاری دەکا کە ئایا ئەو کەمپەینە سەرکەوتوو بوە یان نا! ئەمن دەتوانم بڵێم کەمپەینەکە زیاتر لە چاوەڕوانی سەرکەوتنی بەدەست هێناوە، خەڵکانێکی زۆر لە بەشەکانی دیکەی کوردستان و ناو خۆی وڵات پشتیوان و یارمەتیان داوە. ئەو یەکبوونە دەسکەوتێکی مەعنەوی گەورەیە بۆ کەمپەینی هانای رۆژهەڵات و لێرەوەش دەبێ ئەوەش بلێم کە زۆرێک لەو کەسانەی یارمەتی هانای رۆژهەڵاتیان داوە خەڵکی پارچەکانی دیکەی کوردستان و بەتایبەت باشوورن و ئێمەش لێرەوە دەستخۆشیان لێدەکەین.
ئاسۆی ڕۆژهەڵات؛ پێوەندی کەمپینی «هانای ڕۆژهەڵات» و ڕێکخراوە و کەمپینە خۆبەخش و مەدەنییەکانی ناخۆی کوردستان چۆنە و لە چ ئاستێکدایە؟ دەکرێ کورتەیەک لە چۆنییەتی و شێوازی کاری کەمپینەکەمان بۆ باس بکەن؟
خەلیل عەبدوڵڵاپوور؛ هانای رۆژهەڵات لە زۆرینەی شارەکانی رۆژهەڵات یارمەتی کەمپەینەکانی داوە، بەدڵنیایەوە هانای رۆژهەڵات دەستی زۆرێک لەو کەمپەینانەی گرتوە کە داوای هاوکاریان کردوە و ئەرکی هانای رۆژهەڵاتیش تەقویەتی ئەو کەمپیەن و رێکخراوانەیە کە چالاکن و خەڵکین.
ئاسۆی ڕۆژهەڵات؛ بەڕێز عەبدوڵڵا پووڕ چالاکی ڕێکخراوە مەدەنییەکان و کەمپەینەکان لە شارە و گوندەکانی ڕۆژهەڵات تا چ ڕادەیەک توانیووە پێشگیری لە تەشەنە سەندنی ڤیرووسی کۆرۆنا بکات و کاریگەرییە نەرێنەکانی ئەم هەڵ و مەرجە لەسەر بنەماڵە کەم داهاتەکان کەم بکاتەوە، بە گشتی ڕۆڵی ڕێکخراوەی مەدەنی و خەڵکانی خۆبەخش لەم هەڵ و مەرجە دا چۆن دەنرخێنن؟
خەلیل عەبدوڵڵاپوور؛سەرەتا ئەوە ئەرکی رێکخراو و کەمپەینەکان نییە کە ئەرکی دەزگای تەندرووستی وڵاتێک لە پێشگرتنی نەخۆشی کرۆنا دا بگێرن، لێرە ئێمە لەگەڵ بۆشایەکی خزمەتگوزاری رووبەرووین کە حکوومەت لە بەرامبەری دا زۆر خەم ساردەو و هیچ بۆ نەکردوە. ئەو کەمپەینانە توانیویانە لە بواری مەرهەمێکی چکۆلە بخەنە سەر برینی ئەو خەڵکە هەژارە، بەڵام لە بواری ئاگا کردنەوە دەتوانم بڵێم رۆڵێکی بەرچاویان گێراوە .
ئاسۆی ڕۆژهەڵات؛ هەروەک بۆ خۆشتان دەزانن کەمپین «کاتی»ـیە و بۆ ئامانجی کاتی پێک دێت، کەمپینی «هانای ڕۆژهەڵات» پلان و بەرنامەی درێژماوەی هەیە؟ یان پاش نەمانی کۆرۆنا کۆتایی پێ دێت؟
خەلیل عەبدوڵڵاپوور؛ هانای رۆژهەڵات بۆ یارمەتی دانی خەڵکی فەقیر و هەژار لە کاتێ کرۆنا دا پێک هات و لە کوردستانیش بەهۆی ئەو پراوێز خستن و پشت گوێ خستنەی حکوومەتەکانی ناوەند لە ئێران و بێ گومان خەلگانێکی زۆر هەیە کە پێویستیان بە یارمەتی دەبێ تەنانەت لە دوای دەورانی کۆرۆناش، هەر چەند باس لە دەوری دووهەم و مەترسی داری کرۆناش دەکرێ، بەڵام فیعلەن هانای رۆژهەڵات درێژە بە کارەکانی دەدات.
ئهم بابهته 1949
جار خوێنراوهتهوه