دەستەگەرمەکانیان، بە گەرمی لە دەست بگرین!

دەستەگەرمەکانیان، بە گەرمی لە دەست بگرین!
ئەردەڵان فەرەجی

ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕۆژی ٢٦ی جۆزەردان (١٥ی ژوەن)ی وەک ڕۆژی وشیاری دەربارەی هەڵاواردن و توندوتیژی بەرامبەر بە بەساڵاچووان ناوزەد کردووە. 
ڕێکخراوی بیهداشتی جیهانی (wHO) باس لەوە دەکات کە لە هەر شەش بەساڵاچوو یەکیان تووشی هەڵاواردن و توندوتیژی دەبنەوە. 
بە چاوخشاندنێکی خێرا بە سەر شێواز و جۆری خانەوادەکان و لە لایەکی دیکەوە پێشکەوتنی خزمەتگوزاری پزیشکی دەردەکەوێت ڕێژەی بەساڵاچووان واتە مرۆڤەکانی سەروو ٦٠ ساڵ ڕوو لە زیاد بوونن. لە ئێستادا ١٠٪ حەشیمەتی گۆی زەوی بەساڵاچوون و پێ دەچێت لە ماوەی ٣٠ ساڵی داهاتوودا ئەم ڕێژەیە ببێت بە ٢٠٪ کە دەکاتە سەروو ٢ میلیارد مرۆڤ. 
لە ئێرانیش سەرەڕای پاشگەزبوونەوەی سیاسەتی کۆنتڕۆڵی جەمعییەت لە سەرەتاکانی دەیەی ٩٠ی هەتاوی بۆ گەنج هێشتنەوەی کۆمەڵگا، بەڵام بەردەوام ڕێژەی بەساڵاچووان ڕوو لە زیاد بوونە و پێ دەچێت لە ماوەی ٣٠ ساڵی داهاتوو بگاتە یەک لە سەر سێی جەمعییەتی ئێران. 
ڕێزگرتن و حورمەت دانان بۆ گەورەی ماڵ، لە داپیرە وباپیرە بەشێک لە شوناسی کولتووری کوردە و ئەرکی خزمەتکردن و پێڕاگەیشتن بە بەساڵاچووان لە کولتووری کوردی دا لە ئەستۆی عەولاد و نەوە و کەس و کاریەتی، جیا لەوەی کە ئەم کولتوورە بەرزە جێی خۆیەتی بەهێزتر بکرێت، بەڵام بەهۆی دۆخی نالەباری ئابووری و وڵامدەرەوە نەبوونی عەولادەکان بە پێداویستییە ڕۆحی و مادییەکانیان، ڕەوتی ناردنی بەساڵاچووان بۆ خانەی پیران ڕوو لە زیاد بوونە. 
بیرمان نەچێتەوە کە داپیرە و باپیرەکان ڕۆژێک لە ڕۆژان هاتوونەتە سەر ئەم گۆی زەوییە و پاش تەمەنێک  هەوڵ و ماندوو بوون، ئەم جیهانەیان بە ئێمە سپاردووە. جێی خۆیەتی و فەڕزە لە سەر هەموومان بەوپەڕی ڕێز و حورمەتەوە خزمەتیان بکرێت و دژی هەرجۆرە سووکایەتی و ئەزیەت و ئازارێک بوەستینەوە کە بەرامبەر بە گەنجەکانی دوێنێ بکرێت. کورد وتەنی "ئەمە وشترێکە لە بەر دەرکەی هەمووان دەخەوێت". 
سادەترین پێناسەی ئازاری پیران و بەساڵاچووان بریتییە لە؛ هەر هەوڵێکی بە ئەنقەست و یان بێ ئەنقەست کە یەک یان چەند جار دووپات دەبێتەوە و دەبێتە هۆی ئازار و ئەزییەتی بەساڵاچووەکە، بە تایبەتی لە کەسە نزیکەکانی پیرەکەوە کە چاوەڕوانی متمانەی تەواوی پێ بکرێت. بە پێی توێژینەوەکان، هەڵسووکەوتی نەشیاو لەگەڵ بەساڵاچووان، شاراوەترین جۆری توندوتیژی خێزانییە.
جیا لە ڕەهەندە ئەخلاقی و مۆڕاڵییەکەی پرسی ئاگالێبوونی بەساڵاچووان لە لایەن عەولاد و کەس و کارە نزیەکانی پیرەکەوە، ڕەهەندە گرنگەکەی تر، بریتییە لە؛ بەرپرساییەتی دەوڵەت و سیستمە سیاسی زاڵی کۆمەڵگایە بەرامبەر بە بەساڵەچووان.
 لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی بەهۆی دۆخی خراپی ئابووری بنەماڵەکان و ڕێژەی ڕوو لە زیادبوونی بەساڵاچووان، پیران لە زومرەی هەستیارترین توێژەکانی کۆمەڵگای پێناسە دەکرێن کە ڕاستەوخۆ پارێزگاری کردن لە کەرامەت، سڵامەتی و ئاگالێبونیان دەکەوێتە ئەستۆی دەوڵەت و دەسەڵاتەوە.
کۆماری ئیسلامی و دەسەڵاتی ئەو ڕژیمە لە ئێران لە لایەک بەهۆی ئەو ڕۆژڕەشییەی کە تووشی خەڵکەکەی کردووە، کە بێ توانا دەبن لە سەرپەرشتی و ئاگالێبوونیان لە گەورەکانیان، بووەتە هۆی هۆکاری سەرەکی توندوتیژی نواندن بەرامبەر بە بەساڵاچووان و لە لایەکی دیکەوە بە دەست بردنی بۆ گیرفان و پاشکەوت و بەرهەمی ساڵانێکی ساڵی کارکردن و ئارەق ڕشتنیان لە بانکەکان داناوە و شەپۆل و حەشیمەتی زۆری ماڵخوراوان، ئەوندەی دیکەی بواری بۆ ڕۆژگاری پڕ مەینەتی و بێ کەرامەتی بۆ پیران و بەساڵاچووان خۆش کردووە. 
ڕێگەی بەهرەمەندی و گەڕانەوەی کەرامەت بۆ تاکی ئێرانی بە سەر سەری کۆماری ئیسلامیدا تێپەڕ دەبێت.

ئه‌م بابه‌ته 2044 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


PM:05:08:14/06/2020