خۆشبڕوایی
(به‌هانه‌یه‌ك بۆ قسه‌كردن له‌سه‌ر كورد و خۆشبڕوایی)
ڕێبوار سیوەیلی
ئه‌وه‌ی پنتی هابه‌شی نێوان كوردانه، نه ئه‌وه‌یه كوردن، نه ئه‌وه‌یه میلله‌تێكی ده‌ره‌وه‌ی مێژوون و نه ئه‌وه‌یشه له هه‌موو پارچه‌كان خاوه‌نی قوربانیی زۆرن. به‌ڵكو خۆشبڕوایی پنتی نه‌گۆڕی هاوبه‌شی وانه.
خۆشبڕوایی به‌ره‌نجامی نائومێدییه له چاوه‌ڕوانی و ئومێد به‌خشین و چاوه‌ڕوانییه له هه‌ر هه‌وڵدانێكی راسته‌قینه، یان ساخته كه مژده‌یه‌كی له خۆیدا شاردۆته‌وه. هه‌رچه‌نده خۆشبڕوایی ئه‌نجامی ئه‌زموونی دووباره‌وه‌بووه، به‌ڵام وه‌ك بونیادێكی سایكۆلۆژیش كاری خۆی ده‌كات. له ئه‌نجامی مێژوویه‌كی دوورودرێژی ئه‌زموونی شكستخواردووه‌وه، خۆشبڕوایی وه‌ك بونیادێكی سایكۆلۆژی و ڕۆشنبیریی پاسیڤ له دنیای كوردا ڕه‌گوڕیشاڵی خۆی داكوتاوه.
به پله‌ی یه‌كه‌م خۆشبڕوایی قوربانیی لێده‌كه‌وێته‌وه، چونكه یه‌كه‌م ئه‌ركی خۆشبڕوایی ئه‌وه‌یه كه توانای گومانكردن له مرۆڤدا ده‌كوژێت و ناچار له بڕواداری و له‌ناو بڕواكانیشدا ناچار به خۆشبڕوایی ده‌كات. له گوزاره‌ی (خۆشبڕوایی)دا وشه‌ی (خۆش) ده‌لاله‌تێكی سایكۆلۆژی ڕووتی هه‌یه، كه جۆرێ له وه‌ڕسی، بێتاقه‌تی، ماندوویی، په‌ستبوون له چاوه‌ڕوانیی ئاشكرا ده‌كات. مرۆڤی خۆشبڕوا، بڕوا به‌هه‌ر شتێك ده‌كات، كه خۆشی و چێژ، ده‌خاته دڵییه‌وه و ڕۆح و جه‌سته‌ی له‌و گوشارانه ڕزگار ده‌كات، كه ده‌وره‌یان داوه. بۆیه ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر سوور بشزانێت ئه‌و هه‌ڵده‌خه‌ڵه‌تێنرێ، ده‌سخه‌ڕۆ ده‌كرێ و چاوبه‌ست ده‌كرێ، هه‌ر بڕوا ده‌كات.
خۆشبروایی (بڕواكردنه به..)، له غیابی ژیریی و ئه‌قڵانیه‌تدا. ئه‌و خۆشییه‌ی له‌م فۆرمه‌ی بڕواهێناندا به‌ده‌ستمان ده‌گات، به له‌بیركردنی بڕیاری عه‌قڵی و توانای مرۆڤ بۆ دووباره‌بیركردنه‌وه له‌و شته‌ی كه ده‌یكات، به‌ئه‌نجام ده‌گات. هیچ خۆشبڕواییه‌ك نییه پێش دووركه‌وتنه‌وه، یان مه‌وداگرتن له ئه‌قڵ. ئه‌قڵ له خۆشبڕواییدا خۆی ده‌خاته په‌راوێزه‌وه، خۆی ده‌خه‌سێنێ بۆ ئه‌وه‌ی خۆشبڕوایی بێته جێگه‌كه‌ی و چاوبه‌ست جێگه‌ی حه‌قیقه‌ت، ڕواڵه‌ت شوێنی ناوه‌ڕۆك و چێژ جێگه‌ی بیركردنه‌وه و هزرین بگرێته‌وه و گومان له‌به‌رده‌م بڕوادا سه‌ری خۆی هه‌ڵبگرێت.
خۆشبڕوایی وه‌ك په‌یوه‌ندییه‌ك له نێوان دوو لایه‌ندا دێته‌كایه‌وه: فریوده‌ر و فریودراو. لایه‌نێك زۆربه‌ی جار شاراوه و نادیار و لایه‌نێك ئاشكرا و به‌رجه‌سته. فریوده‌ر، كار و پیشه‌ی بریتیه له دروستكردنی زه‌مینه‌ی خۆشبڕواكردن بۆ سه‌لماندنی بوونی خۆی، به‌ڵام فریودراو، خۆشبڕوایه‌كه كاروپیشه‌ی ته‌سلیمبوونه به فریو له ئه‌نجامی له‌بیركردنی زه‌مه‌ن و خودی خۆی.
هه‌میشه فریوده‌ر بۆ بردنه‌وه كاری خۆی ده‌كات، له كاتێكدا هه‌وڵی سه‌ره‌كیی خۆشبڕوا بریتیه له دەرچوون و ڕزگاربوون له گووشاری ئه‌و دۆخه‌ی تێیدایه. له‌به‌ر ئه‌وه، ئه‌گه‌ر فریوده‌ر نه‌یباته‌وه خۆی به دۆڕاو نازانێت، به‌ڵكو میكانیزمی فریودانه‌كه‌ی ده‌گۆڕێت. له كاتێكدا ئه‌گه‌ر خۆشبڕوا نا ئومێد بێت، یان چاوه‌ڕوانییه‌كه‌ی نه‌یه‌ته دی، یاخود فریو نه‌خوات، هه‌ست به مه‌ترسیی ده‌كات و وا ده‌زانێت هه‌لێكی میژوویی له‌ده‌ستداوه.
خۆشبڕوایی جۆرێكه له (فریودان)، له (ئیغراكردن) و له (ده‌ستگه‌رمكردنه‌وه) به دۆخێكی تاكه‌كه‌سی و مرۆیی بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و كه‌سه دوابخه‌ین له‌وه‌ی خۆی بیر له‌و دۆخه بكاته‌وه و ڕێگریی بكرێ له‌وه‌ی خۆی وه‌ك بڕیارده‌ر و بكه‌ری یه‌كه‌م و چالاك ده‌ربكه‌وێ. لێره‌شه‌وه خۆشبڕوایی له دۆخێكی سایكۆلۆژی تاكه‌كانه‌وه ده‌گوازرێته‌وه بۆ میكانێزمێك كه له ڕێگه‌یه‌وه كۆمه‌ڵه‌كه‌سانێك، یان كۆمەڵگە و میلله‌ت و نه‌ته‌وه‌یه‌ك ده‌ستخه‌ڕۆ ده‌كرێن به شتێك، وه‌عدێك، ئومێدێك یان چاوه‌ڕوانیی و مژده‌یه‌ك كه ئه‌ویتر په‌یمانی هێنانه‌دی، یان ئاسانكاری بۆ هێنانه‌دی ده‌گرێته ئه‌ستۆی خۆی و به‌هۆیه‌وه مژده‌پێدرا و ده‌خاته دۆخێكی ئومێده‌وارانه و ته‌نانه‌ت ڕۆمانسیانه‌ی خۆشبڕوایانه‌وه، كه نه‌توانێت چیتر واقیعیه‌ته‌كان ببینێ و بیریان لێبكاته‌وه.
به‌م مانایه‌ش، خۆشبڕوایی به‌شێكه له ئایدیۆلۆژیای ده‌ستخه‌ڕۆكردن و چاوبه‌ست، كه دوژمن، یان ئه‌ویتر، به نیه‌تی خۆیه‌وه ئێمه‌ی پێده‌ستخه‌ڕۆ و ئیغرا ده‌كات و فریوی ده‌دات تا ئه‌و شوێنه‌ی پاسیڤی بكات و نه‌هێڵێت وه‌ك بكه‌رێكی چالاك هه‌بێت و ده‌یكاته بكه‌رێكی ناچالاك و چاوه‌ڕوان به‌بێ ئه‌وه‌ی نییه‌ته‌كه‌ی بێنێته دی.. وه‌ك به‌شێك له ئایدیۆلۆژیای ده‌ستخه‌ڕۆكردن، خۆشبڕوایی میكانێزمێكی ئاشكرا و دیاری فریوده‌ران و دوژمنانه و لێره‌شه‌وه ڕه‌خنه‌گرتن له‌م سترتیژه ئاشكرایه، ئه‌وه‌نده بێمانایه كه بێده‌نگیی له ئاست ئاماده‌یی بۆ فریودان و خۆفریودان..
بۆیه خۆشبڕوایی له بنه‌مادا ئاماده‌یی كه‌سه‌كانه بۆ فریوخوداردن، ئه‌مه ئه‌و ساته‌وه‌خته‌یه كه فریوده‌ر، یان ئیغراكه‌ر ڕووخساره جوان و نیه‌تمه‌ندیی شاعیرانه و عاشقانه‌ی خۆیمان پیشانده‌دات. پاشان وه‌ك میكانێزمێكی ئایدیۆلۆژی بۆ فریودان و ده‌ستبه‌سه‌ركردنی كۆمەڵگە و میلله‌تان به‌كار ده‌هێنرێت و به‌هۆیه‌وه ئه‌تمۆسفێرێك چێده‌كرێت، ده‌نگۆیه‌ك، گوتارێكی خۆشبڕوایانه به‌رهه‌مده‌هێنرێت تا ئه‌وانیتر ئومێدێكی تێدا دروستبكه‌ن، كه له ڕاستیدا فریوه نه‌ك ئومێد.
خۆشبڕوایی و كات:
خۆشبڕوایی په‌یوه‌ندییه‌كی قووڵی به نه‌بوونی تێگه‌یشتێنكی به‌رجه‌سته و ڕوون له چه‌مكی كات، هەیە. ئه‌و كه‌سانه‌ی كه فریوده‌خۆن، یان ڕه‌نجه‌ڕۆ ده‌كرێن، پاشان ئه‌م دۆخه وه‌ها لێكده‌ده‌نه‌وه كه تیایدا ئه‌وان خۆیان (له بیر كردووه). له‌م خۆله‌بیركردنه‌دا به ڕوونیی نائاماده‌یی چه‌مكی كات ده‌بینرێته‌وه. چونكه هه‌میشه و زۆربه‌ی جاران له‌سه‌ر حسابی له‌بیرچوونه‌وه‌ی كات، خۆمان له‌بیر ده‌كه‌ین. لێره‌شه‌وه، له نێوان خۆشبڕوایی و بێ هۆشبوون و سه‌رخۆشبوون به ماده‌هۆشبه‌ر و كحوولییه‌كان، نزیكییه‌كی بونیادی هه‌یه. ئه‌مه‌ش نه‌ك له‌به‌ر ئه‌وه‌ی وشه‌ی (خۆش، یان چێژ) له هه‌ردوو دۆخه‌كه‌دا: (خۆشبڕوایی و سه‌رخۆشیی)دا، هه‌یه، به‌ڵكو له‌به‌رئه‌وه‌ی له هه‌ردووكیاندا چه‌مكی كات پشتگوێخراوه و له‌م كاته‌شدا دزه‌كانی فریودان و ده‌ستخه‌ڕۆكردن هه‌ڵده‌ستن به دزین و ڕفاندنی (خود) له فریودراو، بیركردنه‌وه له تاك و ویست و بڕیار له مرۆڤ.
نه‌بوون و نه‌مانی چه‌مكی كات، ئه‌و كاته ده‌سته‌به‌ر ده‌كات كه دزینێك ڕوو ده‌كات، كه خود تیایدا خۆی له‌بیر ده‌كات و ده‌ستخه‌ڕۆ ده‌كرێت. به‌مجۆره‌ش ته‌نیا له دۆخێك‌دا كه كات و گرنگییه‌كه‌ی، كه ئه‌زموون و وانه‌كانی و خه‌بات و قوربانییه‌كانی له‌بیر ده‌كرێن، خۆشبڕوایی ده‌بێته میوانمان..
خۆشبڕوایی و فه‌ریادڕه‌س:
یه‌كێك له بنه‌ما قووڵ و ئۆنتۆلۆژییه‌كانی خۆشبڕوایی بریتیه له بڕوابوون به ڕزگاركه‌ر و فه‌ریادڕه‌س. بیرۆكه‌ی فه‌ریادڕه‌س، له زۆرینه‌ی ڕۆشنبیری و شارستانیه‌ته‌كاندا ده‌بینرێته‌وه. بۆیه خۆشبڕوایی له ئاستی بچووك و گه‌وره‌دا كاری خۆی ده‌كات. میكانێزمێكی په‌یوه‌ندیی نێوان تاكه‌كانه، وه‌ك ئه‌وه‌ی له په‌یوه‌ندیی حه‌زلێكردن و قلقلێنه و كه‌پڵاندندا ده‌بینرێته‌وه. له هه‌موو ئه‌م په‌یوه‌ندیانه‌دا، لایه‌نێك په‌نا بۆ ده‌ستخه‌ڕۆكردن، فریو، چاوبه‌ست و ئیغراكردن به مه‌به‌ستی سه‌رنجڕاكێشانی ئه‌ویتر، ده‌بات. هیچ په‌یوه‌ندییه‌كی له‌م بابه‌ته به‌بێ دروستكردنی كه‌شێكی خۆشبڕوایانه ناچێته سه‌ر. مرۆڤ ئاماده‌یی خۆفریودان و خۆشباوه‌ڕی تێدایه و ئه‌مه‌ش كارئاسانی بۆ فریوده‌ر ده‌كات. هه‌ندێجار ئه‌م شێوازه له ئه‌نجامدا ئازار به‌خشه، به‌ڵام له پراكتیك و هه‌نووكه‌ی جێبه‌جێكردنیدا خۆش و له‌زیز و چێژبه‌خشه. به‌بێ ئه‌م چێژبه‌خشین و سه‌رخۆشكردنه، شتێكمان نابێت به ناوی خۆشبڕوایی.
به‌ڵام خۆشبڕوایی له ئاستی په‌یوه‌ندیی سه‌رده‌سته و ژێرده‌سته، نێوان میلله‌ت زۆر و كه‌مینه‌كان، له نێوان ده‌وڵه‌تان و ئه‌تنیك و نه‌ته‌وه‌كانیشدا دووباره ده‌بێته‌وه كاری خۆی ده‌كات و له‌م په‌یوه‌ندیشه‌دا و له هه‌نگامه‌ی به‌رێوه‌چوونیدا دیسانه‌وه، خۆش و مه‌ستكه‌ر و ئومێدبه‌خشانه‌یه. به‌ڵام هه‌میشه ئه‌نجامه‌كه‌ی ئازاربه‌خش و قوربانیویست و تراژیدیكیانه‌یه.
ئه‌گه‌ر له‌م ڕوانگه‌یه‌وه مێژووی كورد بخوێنینه‌وه، به ئاشكرا ئاراسته‌یه‌كی خۆشباوه‌ڕانه‌ی تێدا ده‌بینینه‌وه، كه به میكانزمه‌كانی فریودان، ده‌ستخه‌ڕۆكردن، چاوبه‌ستكردن، ئیغراكردن و مژده‌بونیاددا تێپه‌ڕ بووه و خاڵی هاوبه‌شی نێوانیشیان بریتیه له دزینه‌وه‌ی خود، بیركردنه‌وه و چالاكی له‌م كه‌سایه‌تیه‌ی ناوی كورده و دواخستن و وه‌ستاندن و هێشتنه‌وه‌ی له بازنه‌ی خۆشبڕواییدا له‌سه‌ر حسابی بیرچوونه‌وه‌ی كات و مێژوو. له كۆنترین نمونه‌دا پێده‌چێت، ده‌ستهه‌ڵگرتن، یان كاڵبوونه‌وه‌ی په‌یوه‌ندیی كورده‌كان له‌گه‌ڵ ئایینی دێرینی زه‌رده‌شتی یه‌كه‌مین نمونه‌ی ئه‌م دۆخه‌بێت كه تیایدا فۆرمێكی تری ئایین، خۆشبروایی له‌لای ئه‌م میلله‌ته دروستكردبێت له به‌خشینی مژده‌یه‌كی تایبه‌تدا. ساته‌وه‌ختی سه‌لاحه‌دینی ئه‌ییووبی، ته‌سلیمبوونی كورده‌كان له میانه‌ی مێژوویه‌كی دوورودرێژدا به ئیمبراتۆریه‌ته‌كانی فارس، عه‌ره‌ب و ئیسلامی و تورك و عوسمانی و پاشان مژده‌كانی كۆڵۆنیاڵیزمی خۆرئاوا (به‌ریتانیا) و ئه‌مه‌ریكا، له نمونه‌كانیتری ئه‌م مێژووه‌ن.
هه‌ریه‌ك له شۆڕشه‌كانی شێخ مه‌حمود، قازی محه‌مه‌د، مه‌لامه‌سته‌فای بارزان، دانیشتنی شه‌هید قاسملوو و هاوڕێكانی له‌گه‌ڵ دوژمن، دانوستانی 1983ی یه‌كێتی و به‌عسییه‌كان و له ساته‌وه‌ختی ئێستاشدا ئیسلامگه‌ریی تورك له فۆرمی بیروڕاكانی (گوله‌ن) و هاوڕێكانیدا، هەروەها لەشكركێشییەكانی ئەردۆگان بەو ناوەی هیچی لەگەڵ هەرێمی كوردستان نییە و تەنیا شەڕی پەكەكە دەكات، ڕهه‌ندی خۆشبڕوایی چ وه‌ك مكیانێزمێ
كی ئایدیۆلۆژی غه‌یره‌كورده‌كان و چ وه‌ك دۆخێكی مه‌ستبوونی كورده‌كان به خۆشبڕوایی به شێوه‌یه‌كی به‌رجه‌سته ئاماده‌ن. ئه‌مه جگه له ئه‌و خۆشبڕواییه‌ی ئه‌زموونی حكومه‌تداری كورد له عێراقدا، به تایبه‌تی له دوای 2003وه، كه له‌سه‌ر بنه‌مای گریمانه‌ی پشتیوانی ئه‌مه‌ریكا دامه‌زراوه، خاڵیی نین له ڕه‌گه‌زه كوشنده‌كانی خۆشبڕوایی و فریودان.
خۆشبڕوایی پێویسته، چونكه به‌بێ ئاستێكی خۆشبڕوایی هیچ شتێكمان پێناكرێت. پێویسته به‌ڵام ناچاره‌كی نییه، پێویسته وه‌ك تاكتیك، به‌ڵام ستراتیژ نییه. پێویسته وه‌ك شێواز، به‌ڵام مه‌به‌ست و ناوه‌ڕۆك نییه. مینتاڵیته و زه‌ینییه‌تی خۆشبڕوایی مه‌ترسیداره و پێویسته خۆمانی لێده‌رباز بكه‌ین، به‌ڵام په‌یوه‌ندییه ساده و ڕۆژانه‌ییه‌كانی نێوان مرۆیه‌كان، پێویستی به ئاستێكی خۆشبڕوایی هه‌یه. مرۆڤ به‌بێ خۆشبڕوایی، بڕوای به هیچ نامێنێت و دۆخێكی بێ‌بڕوایی سه‌رهه‌ڵده‌دات كه ڕه‌نگدانه‌وه ده‌روونی و كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانی مه‌ترسیدارن و به بی متمانه‌یی كۆتاییان دێت. ئه‌و كاته‌ش كه مرۆڤ بێمتمانه‌یه، چیتر ناشتوانێت له ژێر ئه‌و بانه‌شدا بمێنێته‌وه، كه تیایدا ده‌ژی، چونكه وا ده‌زانێت هاكا به‌سه‌ریدا ده‌ڕووخێت..
ئه‌م بابه‌ته 2230
جار خوێنراوه‌ته‌وه