بەردەوامی خۆپیشاندانی ناڕەزایەتی مامۆستایانی کوردستان

بەردەوامی خۆپیشاندانی ناڕەزایەتی مامۆستایانی کوردستان



راپۆرت/ ئاسۆی رۆژهەڵات

ئەمڕۆ پێنجشەممە، رێکەوتی ٢٦ی جۆزەردانی ساڵی ١٤٠١ی هەتاوی، مامۆستایانی شارەکانی مەریوان، سەقز، بۆکان و سنە بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین و وڵام نەدانەوەی بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی بە داخوازییەکانیان خۆپیشاندانێکی بەربڵاویان بەڕێوە برد.

شایانی باسە کە مامۆستایان یەکەم جار نییە دێنە سەرشەقامەکان و ناڕەزایەتی خۆیان بە رژیمی ئێران دەردەبڕن، ئازادی مامۆستایانی زیندانی، زیاد کردنی حەقدەستی مامۆستایان، نەبوونی جیاوازی رەگەزی لە نێوان مامۆستایان و دابین کردنی بیمەی کاری بۆ مامۆستایانی خانە نشین لە داخوازییە سەرەکییەکانی مامۆستایانە.

جێگای ئاماژەیە کە لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا شارەکانی تاران، خوزستان، شووشتەر، ئەردەبیل، ئەسفەهان، ئەهواز، شیراز، ئیلام و فەسا خۆپیشاندانێکی بەربڵاویان بەڕێوە برد کە تاوەکوو ئێستاش بەردەوامە.

هۆکاری ئەم خۆپیشاندانانە کێشەی ئابووری، سیاسی، کۆمەڵایەتی و بە تایبەت گرانی ئەم چەند مانگەی رابردووە کە ئیبراهیم رەئیسی بە پشیتوانی عەلی خامنەیی رێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران  بەرنامەکانی خۆی کە بە ناوی ''جراحی اقتێادی'' جێبەجێ کردووە کە لە ئاکامدا گووزەرانی ژیانی خەڵک لە باروودخی نالەبار چووەتە قۆناغێکی هەستیارەوە کە ژیانی رۆژانەی خەڵکی دژوارتر کردووە.

کۆماری ئیسلامی ئێران لە سەرەتای هاتنە سەرکاری و داسەپاندنی دەسەڵاتی خۆی بە سەر تەواوی چین و توێژەکانی کۆمەڵگای ئێران لە ماوەی ٤ دەیەی رابردوودا بە درووست کردنی باروودۆخێکی ئەمنییەتی و سیاسی رێگربووە لە بەر ویست و داخوازییەکانی کرێکاران، رۆشنبیران، خۆێندکاران، مامۆستایان و بەتایبەت پرسی ژنان.
جێگای ئاماژەیە لە نوێترین پیلانی رژیمی ئێران بۆ سەرکووتی ناڕەزایەتییەکان و خۆپیشاندەران بە پەسەند کردنی یاسایەک کە رێگە دەدات ئەو کەسانەی کە چەکداری حکوومەتن بەڵام سەر بە هیچ هێزێکی ئەم رژیمە نین تەقە لە خۆپیشاندەران بکەن.






ئه‌م بابه‌ته 674 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


PM:03:16:16/06/2022