راپۆرت/ جوانە تەیمەسی
گرووپی وتووێژکارەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران و ئامریکا بۆ دەورەی نوێی وتووێژەکانی زیندوو کردنەوەی بەرجام چوونە دوحە پێتەختی وڵاتی قەتەر.
هاوکات رابێرت مالی، نوێنەری تایبەتی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە پێشهاتەکانی ئێران سەر لەبەیانی رۆژی سێشەممە رێکەوتی ٧ی پووشپەڕی ساڵی ١٤٠١ی هەتاوی، لەگەڵ "محمد بن عبدالرحمن آل پانی" وەزیری دەرەوەی قەتەر چاوپێکەوتنی بوو.
وەزارەتی دەرەوەی قەتەر بە بڵاو کردنەوەی بەیاننامەیەک سەبارەت بە وتووێژەکان رایگەیاند کە هیوادارە وتووێژەکانی ئەمجارەی زیندوو کردنەوەی بەرجام دەرەنجامێکی هەببێت.
باڵوێزخانەی ئامریکا لە دوحە پێتەختی قەتەر بە بڵاو کردنەوەی تویتێک رایگەیاند کە لەم دانووستانەدا سەبارەت بە هاوکارییەکی چڕ و پڕ لە نێوان ئەم دوو وڵاتە و هەروەها هەوڵە هاوبەشەکان لە دۆسیەی ئێراندا وتووێژیان کردووە.
هاوکات وەزارەتی دەرەوەی قەتەر رۆژی سێشەممە ١٤٠١/٤/٧، بە بڵاو کردنەوەی بەیاننامەیەک رایگەیاند کە ئەم وڵاتە لە میوانداری وتووێژەکانی نێوان ئامریکا و ئێران بۆ زیندوو کردنەوەی بەرجام لە دوحە پێشوازی لێدەکات و ئامادەیە کە دۆخێک درووست بکات کە یارمەتی دەری سەرکەوتنی ئەم وتووێژە بێت.
جێگای ئاماژەیە وتووێژەکانی زیندوو کردنەوەی بەرجام کە پێشتر لە ڤیەن پێتەختی ئوتریش بەڕێوە دەچوو، لە مانگی ڕەشەممە راگیرا.
بە وتەی سەرچاوەی "ایران اینترنشنال" عەلی باقری کەنی، وتووێژکاری باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران لەگەڵ لێژنەی وتووێژەکان لە هۆتێلی "اینترکنتینانتال" دەمێننەوە و وتووێژەکان روو بە میدیاکان بە تەواوی داخراوە.
شایانی باسە کە هێندێک لە سەرچاوە ئاگادارەکان رایانگەیاندووە کە بەرپرسانی باڵای قەتەر بڕیاریان داوە نەهێڵن بچووکترین زانیاری سەبارەت بە وتووێژەکان درز بکاتە دەرەوە.
وتووێژەکان لە وڵاتی قەتەر وەکوو وتووێژەکانی ڤیەن لە ژێر چاودێری یەکییەتی ئورووپا دەڕواتە پێشەوە و هەروەها ئێنریکە موورا، جێگری بەرپرسی سیاسەتی دەرەوە و ئەمنییەتی یەکیەتی ئورووپا وەکوو هاوئاهەنگی وتووێژەکانی زیندوو کردنەوەی بەرجام دێتە هەژمار.
موورا ڕا و بۆچوون و داواکارییەکانی وتووێژکارەکانی ئێرانی و ئامریکایی دەگەینێتە هەردوو لایەن.
شایانی باسە کە لە ئەگەری زیندوو کردنەوەی بەرجام، لە جێگەی گووشارەکانی بۆ سەر بەرنامەی بومبی ناوەکی کۆماری ئیسلامی، وا پێشبێنی دەکرێت کە بەشێک لە گەمارۆە ئابوورییەکانی دژ بە رژیمی ئێران پووچەڵ بکرێتەوە.
پێشتر محەممەد مەرەندی، راویژکاری میدیایی وتووێژکاری کۆماری ئیسلامی ئێران وتبووی: ((ئامریکاییەکان و هەروەتر ئورووپاییەکان دەزانن کە بە هۆی شەڕی ئۆکراین باروودۆخیان دژوارتر بووە، بۆیە گەیشتن بە رێککەوتن قازانجێکە بۆ ئامریکا)).
ئەمە لە حالێکدایە کە رۆژی دووشەممە رێکەوتی ٥ی پووشپەڕی ساڵی ١٤٠١ی هەتاوی، بەرپرسێکی باڵای دەوڵەتی جۆ بایدێن، بێجگە لەوەیکە سەبارەت بە وتووێژەکانی ئەم دەورەی کۆماری ئیسلامی ئێران گەشبین نەبوو بەڵکوو رایگەیاند کە ئەم وتووێژانە کە سێ مانگ پێش راگیرا، نزیکتر نییە.
ئەم بەرپرسەی باڵای ئامریکا کە شووناسی نادیارە، بە واشێنتۆن پۆستی رایگەیاند: ((ئێمە نامانەوێت لایەنگری بکەین بەڵام داخوازییەکانی خۆمان سەبارەت بەم دوەرە نوێیە لە وتووێژەکان زۆر لە ژێر دەسەڵات و چاودێری خۆماندا دەهێڵینەوە.
وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند بەو حاڵەوە کە وتووێژەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران، یەکیەتی ئورووپا و ئامریکا لە وڵاتی قەتەر سێ لایەنە و ناڕاستەوخۆ بەڕێوە دەچێت، وتی جۆ بایدێن چەندین جار لە رێگەی میانجییەوە پێمانی راگەیاندووە کە بۆ گەیشتن بە رێککەوتن ئیرادەیەکی جیدی هەیە، بەڵام ئێمە هێشتا جگە لە گووشارەکانی دەورەی ترامپ هیچ شتێکمان نەبینیوە.
حوسەین ئەمیر عەبدوڵڵاهیان زیادی کرد: قسە کردنی جۆ بایدێن جیاوازە بەڵام دەبێت لەم جارەی وتووێژەکاندا بزانین کە چەندە لە ئیدەعاکانی ئامریکا سەبارەت بە بوونی ئیرادە و خواستێکی جیدی لە راستی نزیکە.
ئهم بابهته 845
جار خوێنراوهتهوه