كە تڕامپ لە ماڵا نەما، مەلا لە تاران كەوتە تلیلی و سەما

كە تڕامپ لە ماڵا نەما، مەلا لە تاران كەوتە تلیلی و سەما

كە تڕامپ لە ماڵا نەما، مەلا لە تاران كەوتە تلیلی و سەما

سامان حەسەنخاڵی

گوشارەكانی دەوڵەتی ترامپ بە مەبەستی لاواز كردن و وشككردنی داهات و سەرچاوە داراییەكانی سوپای پاسداران و ڕێبەرانی كۆماری ئیسلامی كە لە تێرۆریزم و شەڕفرۆشی و ناكۆكیی وڵاتانی ناوچە خەرج دەكرا، دوای دوو ساڵ كۆتایی هات. ئەوپەڕی گوشار كە گەرووی سەرانی ئێرانی دەگوشی و بواری هەناسەدانی لە مەلاكان ستاندبوو. ئێستاش كە چیرۆكی سەرۆك كۆمارێتی تڕامپ كۆتایی هاتووە (هەر وەك تویتەر و فەیسبووكەكەی)، ڕێبەرانی ئێران پێستئەستوورتر لە هەمیشە گەشبینن بە ژیانەوەی بەرجام و تەواوبوونی ئابڵوقەكان.

ئەگەر بمانەوێ بە كورتی ئاماژەیەك بە كاریگەرییەكانی ئەو گوشارانەی دەوڵەتی ترامپ بكەن، دەتوانین بڵێین:

-       ئاستی دەرامەدی نەوتیی ئێران لە ساڵی ٩٨ و ٩٩ی هەتاویدا 60% تا 90% دابەزی.

-       پیشەسازی مەعدەنی ئێران و هەروەها ئەمساڵیش كەرتی عومران خرانە ناو لیستی گەمارۆكان.

-       ناوی سوپای پاسداران خرایە ناو لیستی ڕێكخراوە تێرۆریستییەكانەوە.

-       بانكی ناوەندی و سندوقی گەشەپێدانی ناوەندیی ئێران بە تاوانی پوڵ سپیكردنەوە و پاڵپشتیی ماڵی تێرۆریزم كەوتنە ناو لیستی گەمارۆكانی ئەمریكا و هەروەها ٣٩ ڕێكخراویی دارایی دیكەی جیهانەوە.

-       ڕێكخراوی وزەی ناوەكی و سەرۆكەكەی خرانە ناو لیستی گەمارۆكانەوە.

-       گەمارۆ خرایە سەر زۆربەی زانایانی بواری ناوەكی ئێران كە ڕەنگە ئێستاش لە زۆر شوێنی نهێنی خەریكی دروست كردنی چەكی ناوەكی بن.

-       سەید عەلی خامەنەیی ڕێبەری كۆماری ئیسلامی و هەروەها جەوادی زەریف، وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە كەوتنە ناو لیستی گەمارۆكانەوە.

-       قاسم سولەیمانی، بەرپرسی كوژرانی هەزاران كەس لە وڵاتانی ناوچە، لە هێرشێكی ئاسمانیی كتوپڕدا لە عێراق كوژرا.

-       ئابڵوقە خستنەسەر دەیان كەس و رێكخراوەی دیكەی سەر بە ئێران لە ناو وڵات و دەرەوەی وڵات بە تاوانی پشتگیری كردن و یارمەتیدانی ئۆرگان و رێكخراوە تیرۆریستییەكان.

-       زیادبوونی ژمارەی هێرشە ئاسمانییەكانی ئیسرائیل بۆ سەر كۆگای موشەك و تەقەمەنی، هەروەها بنكەكانی سەربازیی هێزی "فاتمیون" و سوپای قودسی سەر بە ئێران و هاوپەیمانەكانی وەكو حیزبوڵڵای لوبنان لە ماوەی ئەو ٢ مانگەدا لە سوریا، زەرەر و زیانێكی زۆری ماڵی و دەروونی لە كۆماری ئیسلامی داوە.

-       كوژرانی موحسینی فەخریزادە زانای ناوەكی ئێران و ئەندامی پایەبەرزی سوپای پاسدارانی ئێران.

-       دابەزینی بەرچاوی پاشەكەوتی دراو. بە پێی ڕاپۆرتی سندوقی دراوی نێونەتەوەیی، پاشەكەوتی دراوی ئێران لە ماوەی دوو ساڵ دا لە ١٢١.٦ میلیار دۆلارەوە دابەزیوە بۆ ٩ میلیار دۆلار.

-       دابەزینی 7% تێكڕای بەرهەمی ناوخۆیی.

-       بەهای پوڵی نەتەوەیی ئێران دابەزی بۆ نزمترین ئاست و نرخی 1 دۆلار گەیشتە سەرەوەی ٣٠ هەزار تمەن.

-       حوسییەكانی یەمەن ناسراو بە ئەنساڕوڵڵا كە بە تەواوی لە لایەن كۆماریی ئیسلامی ئێرانەوە پاڵپشتی دەكرێن و لە لایەن سوپای پاسدارانەوە بە هەموو جۆرەكانی چەك و تەقەمەنی و موشەك و فڕۆكەی بێ فڕۆكەوان تەیار كراون، خرانە نێو لیستی تیرۆرەوە.

-       ئابڵوقەكان و بەگشتی ئەو ڕووداوانەی كە لە ماوەی دوو ساڵدا بە سەر كۆماری ئیسلامی هات، گەندەڵی و تاوانەكانی ڕژێمی كۆماری ئیسلامی لە ئاستی جیهانیدا زەقتر كردەوە. گرانی و دۆخی نالەباری ئابووریی ئێران لە ساڵی ڕابردوودا بووبە هۆی ناڕەزایەتی و خۆپێشاندانی خەڵك لە شارە جۆراوجۆرەكانی ئێران، كۆماری ئیسلامیش بە ڕاگرتنی هێڵی ئینتێرنێت بۆ ماوەی ١٠ ڕۆژ لە سەرانسەری ئێران و كوشتنی نزیكەی ١٥٠٠ كەسی بێ تاوان لە ماوەی مانگێكدا لە سەر شەقامەكان وڵامی ئەو ناڕەزایەتییانەی دایەوە. ئەو كوشتارە كە بە فەرمانی خودی ڕابەری كۆماری ئیسلامی ئێران (سەید عەلی خامنەیی) بووە، یەكێكە لە قێزەونترین تاوانەكانی دژی مرۆڤیایەتی لە سەدەی ٢١ دا.

-       كوژرانی المصری، كەسایەتی دووهەمی القاعدە و ڕێبەری داهاتووی ئەو ڕێكخراوە تیرۆریستییە بە دەست هێزەكانی موساد لە تاران، هەروەها ئاشكرا كردنی پەیوەندیی ئێران و ئەلقاعیدە لەلایەن مایك پۆمپئۆ وەزیری پێشووی دەرەوەی ئەمریكا كە كوتی كۆماری ئیسلامی پێگەی نوێی تیرۆریستەكانی ئەلقاعیدیە، سەرنجی هەموو دنیا زیاتر بۆ سەر پەیوەندیی ئێران و تیرۆریسم ڕادەكێشێت.

 

ئێران بە خۆشحاڵی و دەستی پڕەوە خۆی بۆ سەر سفرەی بەرجام ئامادە كردووە

(باجدان بە كۆماری ئیسلامی بە مانای پەرەسەندنی زیاتری تیرۆریزمە)

 

لێرەدا تیشك دەخەینە سەر ئەو بابەتە كە ئاخۆ كۆماری ئیسلامی بە چی دڵخۆشە و چ كارتێكی لەدەستدایە تاكو زمانی هەڕەشە بە كار بێنێت و موڵهوڕی بكات. دوای بەسەرچوونی قۆناغی گوشارەكان، كۆماری وشك و مردووی ئیسلامی لە ڕۆیشتنی تڕامپ و هاتنە سەر كاری بایدن خۆشحاڵە. ئێران خەریكە بیر لە زیندووكردنەوەی "بەرجام" و هەڵگیرانی یەكجاریی ئابڵوقەكان دەكاتەوە. ئەو ڕێككەوتننامەیەی كە كۆماری ئیسلامی لە سەر بنەمای درۆ و دەلەسە ئیمزای كرد و ڕەنگە تا پێش هەڵوەشانەوەشی لەلایەن تڕامپەوە زیاتر لە لایەنەكانی دیكە سوودی لێ دیتبێت.

حەسەنی رۆحانی سەرۆك كۆماری ئێران كە گوایە بە هاتنە سەر كاری بایدن زۆر دڵڕوونە، لە دانیشتنەكەی ١ی ڕێبەنداندا داوای لە بایدن كرد كە ئەمریكا بگەڕێنێتەوە سەر پەیماننامەی بەرجام. هەروەها لەو دانیشتنەدا كوتی: "ترامپ مرد و ژیانی سیاسیی تەواو بوو، بەڵام بەرجام زیندوو مایەوە! ئێستاش نۆرەی وڵاتانی ئوروپایە كە وادە و بەڵێنەكانیان بەجێ بێنن". ڕۆحانی هەروەها دەڵێت: "ترامپ لە سیاسەتدا زۆر نەزان بوو؛ لە حاڵێكدا بایدن و تیمەكەی لە سیاسەت تێدەگەن"!

دەیوید فریدمەن باڵوێزی ئەمریكا لە ئیسرائیل دەڵێت: "زۆربەی ئەو كەسانەی كە بایدن بۆ كابینەكەی خۆی هەڵیبژاردوون، هەر ئەو كەسانەن كە ڕۆڵێكی سەرەكییان لە ئیمزاكردنی ڕێككەوتننامەی ئەتۆمی ئێراندا هەبووە". كەواتە دەردەكەوێت بۆچی حەسەنی ڕۆحانی دەڵێت بایدن و تیمەكەی لە سیاسەت تێدەگەن و دڵی بە زیندووكردنەوەی بەرجام خۆش كردووە، بەڵام بە هۆی جیاوازیی نێوان بارودۆخی ئێستا و ساڵی ٩٤ی هەتاوی (ڕێككەوتنی بەرجام)، ڕەنگە دانوستانی ئەمجارە لەگەڵ كۆماری ئیسلامی هەروا بە ئاسانی نەچێتە پێش و ئەو ڕێككەوتننامەیە دووبارە زیندوو نەبێتەوە.

ماوەی ٣٧ ساڵ زیاترە كە كۆماری ئیسلامی وەكو حكومەتێكی تیرۆریست و پشتیوانی تیرۆر هەڕەشە لە دەوڵەتانی جۆراوجۆری دنیا دەكات و بۆتە هۆی تێكدانی سەقامگیری و ئاسایش لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. لە پڕچەككردن و پشتیوانیی ماڵی لە حیزبوڵڵای لوبنان و میلیشیا شیعەكانی ئێراق و انصارالله و حەماس و جیهادی ئیسلامیی فەلەستینەوە بگرە تاكو فرۆشتنی چەك بە ئەلقاعیدە و داڵدەدانی ڕێبەرانی ئەو ڕێكخراوە تیرۆریستی و مەترسیدارە لە تاران. پاوانخوازی و ملهوڕی ئێران هەر لە دوای هەڵبژاردنەكانی سەرۆك كۆماریی ئەمریكا لە مانگی خەزەڵوەری ئەمساڵیش، لەڕاستیدا بیانوویەك بوو بۆ بەدەستهێنانی ئامرازی گوشار بۆ زیندووكردنەوەی بەرجام یان گەیشتن بە بەرجامێكی نوێ! لە دروست كردنی خێرای تونێل لە نەتەنز و پیتاندنی 20%ی یۆرانیۆمەوە بگرە تا سێ جار مانۆڕی سەربازی و تاقیكردنەوەی موشەكی باڵستیك لە ماوەی دوو هەفتەدا لە لایەن سوپای پاسداران.

ئێستاش كە كۆماری ئیسلامی بە دەستی پڕلە یۆرانیۆمی پیتێنراو پاڵی داوەتەوە، چاوەڕێی لابردنی ئابڵوقەكان و گەڕانەوەی ئەمریكا بۆ سەر مێزی بەرجام دەكات.

زێدەڕۆیی و هەڕەشەكردنی كۆماری ئیسلامیش بە جۆرێك بۆتە هۆی بێ باوەڕی ئوروپا و بریتانیا و ئەمریكا كە وەزیری دەرەوی ئەڵمانیا هایكۆ ماس دەڵێت: ئیتر باوەڕمان بە ئێران نییە و تەنیا گەڕانەوە بۆ بەرجام بۆ ڕێككەوتن لەگەڵ ئەو وڵاتە بەس نییە و هەر بۆیە پێویستمان بە ڕێككەوتننامەیەكی نوێ هەیە.

هەروەها ماكرۆن سەرۆك كۆماری فەڕانسە دەڵێت: هەر گفتوگۆیەكی تازە لەگەڵ ئێران لە سەر بەرجام دەبێ شێلگیرانە بێت.

لەڕاستیشدا هەر دەبێ بەو شێوەیە بێت كە ماكرۆن سەرۆك كۆماری فەڕانسە باسی دەكات. كۆماری ئیسلامی دوای ٤٠ ساڵ تیرۆر و سێدارە و هەڕەشە و پێشێلكردنی مافی مرۆڤ و... چیتر جێگای متمانە نییە. مامەڵە كردن لەگەڵ كۆماری ئیسلامی تەنیا لە سەر بەرنامەی ناوەكیی ئەو وڵاتە، لەڕاستیدا بە مانای چارەسەركردنی كێشەی ئێران و گەیشتن بە ئارامی و ئاسایش نییە! ترس بەرامبەر بە بۆمبی ناوەكیی ئێران ترسێكی بێ مانایە، لە بەر ئەوەی خودی دەسەڵاتی كۆماری ئیسلامی بۆمبی ناوەكی و جێگای مەترسییە و كێشەی هەرە گەورە بوونی ئەو دەسەڵات و نیزامەیە. لێرەدا پرسیارێك دێتە گۆڕێ، دەرەنجامی ڕێككەوتنامەی بەرجام لە ساڵی ٩٤ دا جگە لە پەرەسەندنی دەسەڵاتی كۆماری ئیسلامی و تیرۆریزم و ناسەقامگیری لە ناوچەكە چی تر بوو؟

ئێستاش مەترسی مامەڵە كردن و ڕێككەوتنێكی نوێ لەگەڵ كۆماری ئیسلامی هەیە بە بێ لەبەرچاوگرتنی تاوان و تیرۆرەكانی كۆماری ئیسلامی لە ناوخۆ و دەرەوەی ئێران. لە ڕاستیدا باجدان بە كۆماری ئیسلامی بە مانای پەرەسەندنی شەڕ و ناسەقامگیری لە ناوچەكە و تەشەنەی زیاتری تیرۆریزمە، چونكە كۆماری ئیسلامی دوای ڕێككەوتنی بەرجام، هەم دەسەڵات و هەژموونی خۆی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پەرە پێدا، هەم داهاتێكی یەكجار زۆری دەست كەوت (١٥٠ میلیار دۆلار دارایی بلۆككراو و ١ میلیار و ٨٠٠ میلیۆن دۆلار پوڵی نەقد بە وتەی تڕامپ سەرۆك كۆماری پێشووی ئەمریكا). داهاتێك كە بڕیار بوو ببێتە هۆی ئاوەدانیی ئێران یان لە بواری پێشكەوتنی كۆمەڵگای مەدەنی خەرج بكرێت، بەڵام بە پێچەوانەوە هەموو ئەو داهاتە چووە ناو خەزێنەی دەوڵەت كە لە ژێر كۆنتڕۆڵی عەلی خامەنەییدایە. ئەو داهاتەش نەك تەنیا لە ئێران خەرج نەكرا، بەڵكو هەمووی لە بواری شەڕ و تیرۆر لە سوریا و لوبنان و یەمەن و عێراق و فەلەستین خەرج كرا. بۆ نموونە بەشار ئەسەد ڕەنگە بە بێ پشتگیری ئێران لە سوریا، بە تەنیا توانای ئەو ژینۆساید و تاوانانەی نەبوایە. یان حەسەن نەسروڵڵا ڕێبەری حیزبوڵڵای لوبنان كە بە ئاشكرا و بێ پەردە دەڵێت: "بودجە و خەرج و خۆراك و چەك و موشەكی حیزبوڵڵا، هەمووی لە ئێرانەوە دابین دەكرێت. تا ئەو ڕۆژەی ئێران پارەی هەبێت، حیزبوڵڵاش پارەی هەیە". هەر ماوەیەك لەمەوبەر بوو كە مەحمود زەهار، ئەندامی ڕێبەرایەتی "حەماس" وتی ساڵی ٢٠٠٦ لە دیدارێكدا لە تاران باسی كێشەی ئابووریی حەماس و خەڵكی غەزەمان لە لای قاسم سولەیمانی كردبوو كە هەر بۆ بەیانییەكەی لە فڕۆكەخانە ٢٢ میلیۆن دۆلاریان لە چەمەداندا بۆ ناردین. زەهار دەڵێت هەر كام لەو چەمەدانانە تەنیا ٤٠ كیلۆیان دەبرد و پڕ بوون لە دۆلار. لەوە زیاتر نەماندەتوانی دۆلار لەگەڵ خۆمان لە ئێران بەرینە دەرەوە. ئەوانەش لە حاڵێكدایە كە هەتا ئەمڕۆ لە زۆربەی شار و گوندە بەشبڕاوەكانی ئێران كێشەی نەبوونی قوتابخانەی مناڵان هەیە. هەفتانە تەرمی دەیان لاوی كۆڵبەری كورد لە كوردستان دەنێژرێت كە بۆ بژێوی ژیان و پارووە نانێك ڕوویان لە شاخ و داخ كردووە. لە زۆربەی گوندەكانی زاهیدانی ڕۆژهەڵاتی ئێران كێشەی نەبوونی ئاوی خواردنەوە هەیە و بە سەدان قەیران و كێشەی ناوخۆیی تر، بەڵام كۆماری ئیسلامی ئەمانە بە كێشەی خۆی نازانێت و خۆی لە بەرپرسیارێتییە سەرەكییەكانی دەدزێتەوە.

 

 


ئه‌م بابه‌ته 597 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

AM:12:34:03/02/2021