هیچ لێخۆشبوونێك بۆ ئابڵوقەكانی سەر كۆماری ئیسلامی ئێران لە ئارادا نییە

هیچ لێخۆشبوونێك بۆ ئابڵوقەكانی سەر كۆماری ئیسلامی ئێران لە ئارادا نییە
هیچ لێخۆشبوونێك بۆ ئابڵوقەكانی سەر كۆماری ئیسلامی ئێران لە ئارادا نییە

سامان حەسەنخاڵی

لە كاتێكدا سەرۆك كۆماری ئامریكا "جۆو بایدن" بە نیازە جارێكی دیكە بگەڕێتەوە بۆ رێككەوتننامەی ئەتۆمی ساڵی 2015 یان هەمان "بەرجام"، ئێران هەوڵ دەدات گوشار بخاتە سەر دەوڵەتەكەی بایدن بۆ ئەوەی ئابڵوقە بەرفراوانەكان لە سەر ئەو ئۆرگانانە لابەرێت كە لە ساڵی 2015وە وەكو سەرچاوەی دارایی تیرۆریسم كرابوونە ئامانج. لەم نێوەندەدا دەوڵەتەكەی بایدن و پشتیوانەكانی دەبێ لە بەرامبەر وەها گوشارێك خۆڕاگری بكەن و ئابڵوقەكان وەكو خۆی بهێڵنەوە، بە تایبەت ئەو ئابڵوقانەی كە بانكی ناوەندی ئێرانیان كردبووە ئامانج، ئەویش بە مەبەستی لاوازكردنی سەرچاوە داراییەكانی سوپای پاسداران و پشتیوانیی ئەو ڕێكخراوە بۆ تیرۆریسم.

یەكێك لە خاڵە لاوازەكانی بەرجام ئەوە بوو كە كاتی خۆی لە بەرامبەر كەمكردنەوەی ئابڵوقەكان، بەرنامەی ئەتۆمی ئێران بە شێوەیەكی كاتی سنووردار كرا. ئەمە لە حاڵێكدایە كە دەوڵەتەكەی بایدن بە نیازە هەڵەیەكی هاوشێوە دووبارە بكاتەوە. لە ڕاستیدا پەیوەندی لەگەڵ كۆماری ئیسلامی وەكو پشتیوانێكی سەرەكی تیرۆریسم لە ناوچەكە، شتێك نییە كە ئەمریكا بیهەوێ بە ئاسانی باجەكەی بدات، ئەویش لە پێناوی گەیشتنە ڕێككەوتنێكی كاتیدا.
كۆماری ئیسلامی لە ساڵی 1984ەوە وەكو دەوڵەتی پشتیوانی تیرۆریسم ناسێنراوە و ئێستاش لە لایەن وەزارەتی دەرەوەی ئامریكاوە وەكو "خراپترین پشتیوانی تیرۆریسم لە جیهاندا" ناوزەد دەكرێت. سەرچاوەی ئەم ناوزەدكردنە دەگەڕێتەوە بۆ پێشینەی چل ساڵەی ئێران لە ڕووی پاڵپشتیی مادی و دارایی ڕێكخراوە تیرۆریستییەكانی وەك حزبوڵڵا، ئەلقاعیدە، حەماس و زۆربەی ئەو وڵاتانەی كە بە گشتی بەرپرسی مەرگی هەزاران مرۆڤن لە سەرتاسەری جیهاندا. 
ئۆرگانە داراییەكانی ئێران، بەتایبەت بانكی ناوەندی، ڕۆڵێكی بنچینەییان لەم چالاكییانەدا گێڕاوە. لەمێژساڵە كە بانكی ناوەندیی ئێران وەكو یەكێك لە كۆڵەكە سەرەكییەكانی دەوڵەتی ئێران دەناسرێت كە بەرپرسی دابینكردنی بودجە بۆ ڕێكخراوە تیرۆریستییەكانە. ساڵی 2006 "كۆندۆلیزا ڕایس" كە وەزیری دەرەوەی ئامریكا بوو، ئێرانی بە "بانكی ناوەندیی تیرۆریسم" ناو برد. ساڵی 2007 یەكەی جێبەجێكاری تاوانە داراییەكانی ویلایەتە یەكگرتووەكان راپۆرتێكی لە بارەی سیستمی دارایی ئێرانەوە پێشكەش بە ئۆرگانە دەوڵەتییەكانی ئەو وڵاتە كرد كە تێیدا ئاماژە بە ئابڵووقەی سەر بانكەكان و سەرچاوە داراییەكانی ئێران دەدات، هەروەها هۆشداری داوە لە بارەی پەیوەندییان لەگەڵ ڕێكخراوە تیرۆریستییەكان و پەرەپێدانی چەكی تەتۆمی. (1)
دواتر لە هەمان ساڵدا، وەزارەتی خەزانەداریی ویلایەتە یەكگرتووەكان ڕۆڵی بانكی ناوەندیی ئێرانی لە پاڵپشتیی دارایی ترۆریسم ئاشكرا كرد. (2)

لە مانگی نۆڤامبری 2011 و سەردەمی سەرۆكایەتی ئۆباما، یەكەی جێبەجێكاری تاوانە داراییەكانی ویلایەتە یەكگرتووەكان لە ڕاپۆرتێكی دیكەدا باسی تاوانەكانی ئێرانی كردووە سەبارەت بە سپیكردنەوەی پووڵ. جەختیش لە سەر ئەوە دەكاتەوە كە ئۆرگانە داراییەكانی ئێران بە تایبەت بانكی ناوەندی، بە هەوڵی خەڵەتێنەر كردە نایاساییەكانی كۆماری ئیسلامی دەشارنەوە، لەوانەش پشتیوانی كردنی تیرۆریسم. (3)

لە ئۆكتۆبری 2018شدا كە ترامپ یاسای ڕێگری لە پشتیوانیی دارایی نێودەوڵەتی بۆ حزبوڵڵای واژوو كرد، هەر بە مەبەستی گۆشەگیرتركردن و سنووردارتر كردنی سەرچاوە داراییەكانی ئەو ڕێكخراوە بوو كە بانكی ناوەندی ئێرانیشی دەگرتەوە. كۆمەڵێك ئابڵوقە كە هەموو ئەو كەسیایەتی و ئۆرگانە دەوڵەتی و بیانییانەی دەگرتەوە كە بە ئاشكار پاڵپشتی حزبوڵڵایان دەكرد و هاوكاریی داراییان پێشكەش دەكردن، یان لایەنەكانی سەر بەو ڕێكخراوەی دەكردە ئامانج كە دەستیان لە قاچاغی مادە هۆشبەرەكان و زۆربەی تاوانە نێونەتەوەییەكاندا هەبوو. (4)

مانگی سێپتامبری 2019، دۆناڵد ترامپ سەرۆك كۆماری پێشووی ئامریكا لە هەوڵێكدا بانكی ناوەندیی ئێرانی بە تۆمەتی گواستنەوەی چەندین میلیارد دۆلار بۆ سوپای قودس و حزبوڵڵا و حوسییەكان خستە ناو لیستی SDGT ( لیستی تیرۆریستە تایبەتەكانی جیهان). (5)

ئەو لیستە لە ساڵی 2001 و دوای هێرشەكانی 11ی سێپتامبر لە لایەن جۆرج بوش سەرۆك كۆماری ئەو كاتەی ئامریكاوە بە واژوو كردنی ڕێكارنامەی 13224 پێك هات. ئەم ڕێكارنامەیەش لە ڕاستیدا بە مەبەستی دابینكردنی دەسەڵاتی زیاتر بۆ وەزارەتی دەرەوە و وەزارەتی خەزانەداری ئامریكا بۆ ڕێگری لە دابینكردنی بودجەی تیرۆریسم و ئاراستەكردنی هەوڵە نێودەوڵەتییەكان بۆ ڕاگرتنی چالاكییە تیرۆریستییەكان واژوو كرا. (6)

ساڵی 2017 لە سەر بنەمای هەمان ڕێكارنامە ئابڵوقەی تیرۆریستی خرایە سەر سپای پاسداران و ئۆرگانە پاشكۆكانی ئەو ڕێكخراوە بە هۆی ئەو ڕۆڵەی لە پشتیوانی كردنی گرووپە تیرۆریستییەكاندا هەیبووە.

پێچەوانەی ئەو كەسانەی كە لەو باوەڕەدا بوون كردنە ئامانجی بانكی ناوەندی ئێران هەڵە و دووركەوتنەوەیە لە سیاسەتی دەوڵەتەكانی پێشووی ویلایەتە یەكگرتووەكان، یان پێیان وا بووە ئەم جۆرە ڕێوشوێنانە تەنیا دەبێ لە دژی گروپ یان كەسانێكدا بگیرێتە بەر كە بە شێوەی ڕاستەوخۆ لە تیرۆریسم، چالاكی تیرۆریستی و توندوتیژیی سیاسیدا بەشدارییان كردووە، دەبێ بگوترێت ئەو ئۆرگان و ڕێكخراوە داراییانەی ئێران كە ئابڵوقەیان خراوەتە سەر، بە پێكهێنانی چەندین كاناڵی جۆراوجۆری دارایی و بۆ پشتیوانی كردنی تیرۆریسم و بڵاوكردنەوەی نائارامی لە ناوچەكە بوونەتە مەترسی بۆ سەر ئاشتی و سەقامگیری لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست. 

ئێستاكە سەرانی كۆماری ئیسلامی ئێران خوازیاری هەڵوەشانەوەی بێ مەرجی ئابڵوقەكانی ئامریكان كە بە گوتەی خۆیان رێگە لە چالاكیی ئازادانەی یەكە ئابووری و بازرگانییەكان دەگرێت. ئەوان دەیانهەوێ جگە لە كرانەوەی دەرگاكانی سەرمایەگوزاریی دەرەكی و بەلاوەنانی قەدەغەی فرۆشتنی نەوت، پووڵە بلۆككراوەكانی دەرەوەی وڵاتیشیان ئازاد بكرێت. ئەمەش لە حاڵێكدایە كە ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم باسی پێشێلكردنی ئاشكرای بڕگە و مادەكانی ڕێككەوتننامەی بەرجام لە لایەن ئێرانی كردووە. "ڕافائێل گروسی" سەرۆكی ئاژانسەكە، ڕۆژی هەینی 12ی مارس باسی هەوڵەكانی خۆیان بۆ پشكنین و چاودیری كردنی زیاتری بنكە ئەتۆمییەكانی ئێرانی كردووە و گوتوویەتی: پیتاندنی ئۆرانیۆم لە لایەن ئێرانەوە، خەریكە لە بەكارهێنانی بواری سەربازی نزیك دەبێتەوە. هەروەها لە وتووێژێكیدا لەگەڵ ڕۆژنامەی ئاسیا نیككی گوتی: بەرهەمهێنانی ئۆرانیۆم لە ئاستێكی بەرزتری پیتاندندا، ئێران دەگەیەنێتە دۆخێك كە ئیتر ناتوانین دەرفەتی بەكارهێنان لە بواری سەربازیدا پشتگوێ بخەین. 
لە ڕاستیدا كەمكردنەوە یان هەڵگرتنی ئابڵوقەكانی سەر كۆماری ئیسلامی لە لایەن ئامریكاوە بژاردەیەكی هەڵەیە و كۆنگرێسی ئامریكا نابێ بە هیچ شێوەیەك ئەم بڕیارە پەسەند بكات. هیچ بەڵگەیەك لە بەر دەستدا نییە كە بیسەلمێنێ ئێران پشتیوانی كردنی گروپە تیرۆریستییەكان یان پیتاندنی ئۆرانیۆم بە مەبەستی بەرهەمهێنانی چەكی ئەتۆمی ڕاگرتووە. 

بەرجام لە هەلومەرجی ئێستادا چارەسەری ئەو گرفتانە ناكات كە لە لایەن ئێرانەوە دروست كراون و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی چیتر نابێ فریوی سیاسەتەكانی ئەو ڕژێمە بخوات. هەر چەشنە هەوڵێكی دەوڵەتەكەی بایدن بە شێوەی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ بۆ پشتگیری كردن لە كۆماری ئیسلامی ئێران، لە ڕاستیدا بەو واتایە دێت كە بەرگێكی یاسایی بە بەری تیرۆریسمدا بكرێ و چاوپۆشی لە تاوانەكانی سەرانی ئێران لە دژی مرۆڤایەتی و مافەكانی مرۆڤ بكرێت.

كۆماری ئیسلامی هەروەها هاوكاری رێكخراوگەلێكی تیرۆریستی عێراقی وەكو كتائب حزب الله، حركت النجبا و عصائب اهل الحق دەكات كە ئەندامەكانیان بەرپرسی كوژرانی سەدان كەسن لە ئێران. 

هاوكات پشتیوانی سەربازی لە انصارالله یەمەن دەكات. ئەو چەكدارانەی كە بەم دواییە هێرشی ئاسمانییان كردووەتە سەر هۆیەكانی گواستنەوەی نێودەوڵەتی. سەرەڕای ئەمانە، پەیوەندیی كۆماری ئیسلامی لەگەڵ ڕێكخراوەكانی ئەلقاعیدە و تاڵیبان و داڵدەدانی چەكدارەكانیان لە ئێرانیش ساڵی ڕابردوو لە لایەن دەوڵەتی ئامریكاوە پشتڕاست كراوەتەوە. بەڵگە و شایەتییەكی زۆریش لە بەردەستە كە بانكی ناوەندی ئێران ڕۆڵێكی بەرچاوی هەبووە لە دابینكردنی بودجەی گروپە توندڕەوەكاندا. 
بەكورتی هەڵوەشاندنەوە یان كەمكردنەوەی ئابڵوقەكانی سەر كۆماری ئیسلامی و ئۆرگانە داراییەكانی ئێران لە لایەن ئامریكا تەنیا بۆ مامەڵە و دانوستان لەگەڵ سەرانی ڕژیم، بڕیارێكی هەڵە و مەترسیدارە بۆ ئاسایش و ئاشتیی جیهان.  


لینکی سەرچاوەکان:
1.  FinCEN Advisory – FIN-2007-A001 | FinCEN.gov
2.  Fact Sheet: Designation of Iranian Entities and Individuals for Proliferation Activities and Support for Terrorism (treasury.gov)
3.  https://www.govinfo.gov/content/pkg/FR-2011-11-25/pdf/2011-30332.pdf
4.  https://www.congress.gov/115/plaws/publ272/PLAW-115publ272.pdf
5.  https://home.treasury.gov/news/press-releases/sm780
6.  https://2009-2017.state.gov/j/ct/rls/other/des/122570.htm


ئه‌م بابه‌ته 765 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

PM:10:01:31/03/2021