ڕۆژهەڵات، هەلومەرجی داهاتوو، پێویستییە هەنووکەییەکان
نووسەر: ئۆمید تاهیری
یەکەم: دۆخی ئابووری خەڵکی ئێران بە زۆر هۆکاری گشتیی، بنچینەیی، پێکهاتەیی و ڕێکخراوەیی، و خەڵکی کوردستان -بەهۆی ڕوانینی ئەمنییەتی، دواهێشتنەوەی
پلاندار و پشتگوێخستنی سیستەماتیک- لەو پەڕی خراپیدایە. گەندەڵی و ڕانت و بێکاری و
هەژاری و هەڵاوسان و نەبوونی دەرفەتی یەکسان وەکوو هۆکارگەلێکی بەردەوام و
خراپتربوونی چەندقاتەی بەهۆی کۆرۆنا و ئابڵۆقەکانی ئەمریکا -وەکوو لێکەوتەی
سیاسەتی دەرەکی نادروست، دژبەرانەو هەڕەشەئامێزی دەسەڵاتداران- گوشارێکی بێوێنەو لەڕادەبەدەری
بۆ خەڵک هێناوە. چینی هەژار بۆ نانی شەو داماوەو سفرەو داهاتی چینی مامناوەندیش کە
قەبارەو پێکهاتەکەی ڕوو لە داڕووخانە، ڕۆژلەدوایڕۆژ بچووک و کەمتر دەبێتەوە.
دووهەم: قەیرانی ئابووری کە ئێستا پێی ناوەتە قۆناغی خەسار، بووەتە هۆی سەرهەڵدانی
قەیران و دیاردەگەلی کۆمەڵایەتی جیددی. بەپێی هەموو پێوەر و داتاکان، ستراکچێری ئابووری
و کۆمەڵگای ئێران تووشی داڕمان بووەو قەیرانە سیاسییەکانی هەم لە ئاست ناوخۆیی و هەم لە حاست دەرەکی قووڵتر و بەرینتر کردووە.
خەساری ئابووری و کۆمەڵایەتی، کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر سیاسەت و بەڕێوەبەری باڵا
هەیەو گۆڕانکاری سیاسی بەدواوە دەبێت. هەستی گۆڕانخوازی و پێویستیی دەربازبوونێکی
بنچینەیی لەم دۆخەی ئێستا پەرەی سەندووەو بێمتمانەیی و بێهیوابوونی خەڵک بەرامبەر
بە کارامەیی دەسەڵات و چاکسازی لەو بازنەدا گشتگیر بووەتەوە.
سێهەم: بەرزبوونەوەی ئاستی دووبەرەکی لەنێو بازنەی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی لە
ئەگەری گەیشتن بە قۆناغی لێکدابڕان، شەمشێرێکی دوو لێوارەیە کە لایەکی جەستەی خۆی
دەبڕێت و لاکەی دیکەی سازبوونی ئۆپۆزیسیۆنێکی
هاوتەریبی لێدەکەوێتەوە. گوشاری بێوێنە لەسەر کۆماری ئیسلامی و پێویستیی گۆڕانکاری
قووڵ لەپێناو مانەوەدا شانبەشانی ئەزموونی شکەستخواردووی ئیسڵاحات، ڕێفۆرمخوازان بەرەو ڕادیکاڵیزەبوون -لانیکەم لە فۆرمدا- دەبات.
ئێستا زۆریەک لە سەردەمداران و میراتداران و چالاکانی پێشووی ئیسڵاحات، باس لە دێمۆکراسی
و سێکۆلاریزم، پێویستبوونی گۆڕانکاری لە یاسای بنەڕەتی(قانون اساسی)، نەمانی
وەلایەتی فەقیە و بانگەشەی بایکۆتی هەڵبژاردنەکانی کۆماری ئیسلامی دەکەن. سەرهەڵدان و پێکهاتنی ئۆپۆزیسیۆنێکی ناتەبا
لەگەڵ بنەماکانی کۆماری ئیسلامی -لەنێو دڵی خۆیەوەو لە جەرگەی کۆمەڵگادا- لەپاڵ
دەستڕاگەیشتن بە ئامراز و جومگە و سەرچاوەکانی ئابووری، دەسەڵات، ڕاگەیاندن،
ڕێکخستن و بەڕێوەبەری، هەڕەشەو مەترسییەکی هێزەکی(بالقوە)یە لەسەر بەرهەڵستکارە
ناسراوەکانی ڕژیم.
چوارەم: دەرهاویشتەی وتووێژ و دانووستانەکانی ئەم خولەی ئێران و ٥+١ ، لە گریمانەی
گەیشتن بە گرێبەست، لانیکەم لە ڕەواڵەتدا کورتخایەن نابێت: بەهۆی ئەزمونی پێشوو
توندوتۆڵتر دەکرێتەوە، لەنێوان وڵاتەکان دەبەسترێت نەک دەوڵەتان، تاک ڕەهەندی و
تاکەبابەتی نییەو پێویستە لە زۆر بواردا نیگەرانی وڵاتانی ناوچەکە بسڕێتەوە. ئەمەش
بە واتای لەدەستدانی ئامرازێکی هاوتەریبی دەرەکییە بۆ تێپەڕبوون لە حکومەت لە قۆناغێکی
ئاڵتوونیدا. درێژەدان بە گفتوگۆ سەرەڕای چوونەدەرەوەی ئەمریکا لە بەرجام، کوشتنی
سلێمانی و فەخریزادە، شەڕە شاراوەو ئاشکراو مەیدانییەکان، پیتاندنی ٦٠ لەسەدی
ئۆرانیۆم، تەقینەوەکانی نەتەنز هەروەها زۆر ئاڵۆزی دیکە، پیشاندەری ئیرادەی
دوولایەنەیە بۆ گەیشتن بە ڕێکەوتن. گرتنەبەری ئەم هەڵوێستە لەلایەن ئێرانەوە
بەناچارییەو لەلایەن ئەمریکاوە وەکوو تەسلیمکردنی ئێران لە دەرفەتێکی ڕەخساودا.
پەنجەم: گرێبەستی ٢٥ ساڵەی چین و ئێران، بیانوو و پێگەیەکی هەمیشەیی بۆ مانەوەی
چین لە ڕۆژئاوای ئاسیا دەکاتەوە. بەخشین و پێشکەشکردنی ئێران بەو وڵاتە، دوو
دەرەنجامی هاوئاراستەی لێدەکەوێتەوە. یەکەم بەرژەوەندی و پێگەی زلهێزەکانی دیکە لە
ڕۆژهەڵاتی ناڤین لاواز دەکا و ئەو باڵانسی هێزە تێکدەدا کەوا نزیکەی ٢ دەیەیە
ئەمریکا و تەنانەت ڕوسیا تاوان و تێچووی بۆ ئەدەن، دووهەم خواست و مەیلی نەیارانی
بۆ شێواندنی گرێبەستەکە بەرزدەکاتەوە کە یان بەشێوەی ئاشکرا و دیپلۆماتیک دەیکەن
یاکوو هەوڵەکانیان بۆ تێکدان و دەستێوەردان لەژێرەوە چڕدەکەنەوە.
شەشەم: ئەگەری گەیشتن بە ڕێکەوتنێکی گشتگیر لەسەر مژارەکانی ناوەکی، ناوچەیی و
مووشەکی -ئەگەرچی زۆر دژوارە- بەڵام بەشێکی زۆر لە گرفت و قەیرانە هەنووکەیی و
نزیکەو ڕوودانەکانی کۆماری ئیسلامی بەشێوەی کاتی فریز یان چارەسەر دەکات لەوانە: ڕووبەڕووبوونەوەی
خەڵک و دەسەڵات و پرسی مافی مرۆڤ تا ڕادەیەک دەخاتە پەراوێزەوە، مەجالی
هەناسەدانێکی ئابووری بۆ ڕژیم دەڕەخسێنێت، چەندباڵێنەی ناو دەسەڵات -ئەو بەشەی بۆ سیاسەتی
دەرەکی و دەوری ناوچەیی سوپا دەگەڕێتەوە- کەم دەکاتەوە، کات بۆ یەکدەستکردنەوەی یەکجاری
و گشتیی دەسەڵات، موهەندیسی جێگەرەوەی خامنەیی دابین دەکا و هتد بەڵام هیچکام لە
قەیران و کێشە ناوخۆیی و ناوەڕۆکییەکانی ڕژیم -بەهۆی ماهییەت، سروشت، بنەڕەتی بوون
و نوقسانی سیستەمەکە- چارەسەر ناکات.
حەوتەم: ئەجێندای دەستێوەردانی ناوچەیی ئێران بە ئامانجی هەناردەکردنی ئینقلاب و
ڕێبەرایەتی شێعەکان و سڕینەوەی ئیسرائیل، بنەمایەکی ئایدۆلۆژیک و ستراتژیکی هەیەو دەستبەرداربوون
و ڕاوەستاندنی تا ڕادەیەکی زۆر نامومکینە. ئەگەرچی گروپە ئەقمارییەکانی دوێنەی، ئێستا
چیتر پێویستییان بە پاڵپشتی ڕاستەوخۆ نەماوە، تا رادەیەک ئامانجەکانیان پێکاوە،
بوونی خۆیان لەسەر عەرزی واقیع چەسپاندوەو لە هاوکێشە سیاسییەکانی وڵاتەکانیاندا
فاکتەرگەلێکی حاشاهەڵنەگرن.
هەشتەم: لە ئەگەری سەرگرتنی ئەو گریمانەیە کە کۆماری ئیسلامی لە دەستێوەردانی
ناوچەیی پاشەکشێ بکات، پێوەندییەکەی لەگەڵ سەعودی و وڵاتە عەرەبییەکان ئاسایی
بێتەوە، هێزە راستەوخۆ و پرۆکسییەکانی لە ئەفغانستان و بەحرەین و عێراق و سوریا و
لوبنان و یەمەن و غەززە بکشێنێتەوە یان چیتر پاڵپشتیان نەکا، لە دژایەتی ئیسرائیل
واز بێنێت و بەڕێوەبەری یان پاڵپشتایەتی تێرۆریزمی نێودەوڵەتیش نەکا، لەبەامبەریدا
هەندێک مەرج دیاری دەکات.
نۆهەم: جوغرافیای کوردستان بەگشتیی لەنێوان ئەو مەیدانەدا
هەڵکەوتووە کە دەبێتە جێگای مشتومڕی لایەنەکان. هەرێمی کوردستان سەرەڕای
کێشەوگرفتە ناوخۆییەکانی، وەکوو سەکۆی دێمۆکراسی، مەکۆی پێکەوەژیان و ناوچەیەکی
سەوز لەنێو ئاگرستانی ناوچەکە بە هەژمار دێت. زۆربەی وڵاتان پێوەندی دیپلۆماتیک و
ئابووری-یان لەگەڵی هەیە، گەورەترین کۆنسولگەری ئەمریکا لەوێ دادەمەزرێت و بەبۆنەی
پێکهاتەی سیاسی و دێمۆگرافیک، بەستێنێکی موستەعیدە بۆ دەستێوەردانی ناوچەیی.
دووجار هێرش بۆسەر هەولێر لە ماوەیەکی کورتدا لەلایەن دەستوپەیوەندییەکانی کۆماری
ئیسلامی ئێران، بەبێ پلان و پەیام نەبوو! گۆڕانکاری ناوچەیی بەبێ باسی کوردستان
مەحالەو ئەم پرسە ڕۆژهەڵاتیش دەگرێتەوە.
دەهەم: دەرەنجامی هەرکام لە سێناریۆ ئیحتمالی و مومکینەکان، کارتێکەری راستەوخۆ و
ناڕاستەوخۆی لەسەر خەبات و بزاڤی کوردی ڕۆژهەڵات و داهاتووی حیزبەکانی وەکوو هێزێکی
حاشاهەڵنەگر و زایەڵەی پرس و داخوازییەکی واقیعی دەبێت.
بە هەڵسەنگاندن و لێکدانەوەیەکی دروست و ڕێئالیستی لە
هەلومەرجەکان هەروەها ئاکامی هەڵبژاردنی پێشووی وڵایەتە یەکگرتووەکان و پێشبینی
هەڵبژاردنەکانی داهاتووی ئێران و عێراق، و بەلەبەرچاوگتنی دۆزی کورد لە ڕۆژهەڵات،
بارودۆخی ناوخۆیی ئێران و ململانێ ناوچەیی و جیهانییەکان، زەوین و یاساکانی کایەو
یاریزانانی پێشوو ڕوو لە گۆڕانن. پێویستە حیزبە سیاسییەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات و
کۆمەڵگای مەدەنی خۆیان لەگەڵ ئاستەنگ و دەرفەتە نوێکان نوێکەنەوەو ڕێکبخەن.
بۆ کوردی ڕۆژهەڵات: یەکڕیزی و هاوتەبایی زیاتر لە گوتار
و کردەوەدا بە حوکمی چارەنووس و بەرژەوەندی هاوبەش مەرجی سەرەتاییە، بۆشایی
ناوەندێکی ڕەوا و هەمەڕەنگ بۆ دیپلۆماسی دەرەکی کە نوێنەرایەتی و داکۆکی لە مافی
کوردی ڕۆژهەڵات بکا خەسارێکی گەورەیە، کەلێنی تیڤی-یەکی کارا و بەهێز کە ببێتە زایەڵەی
دەنگ و ڕەنگی ڕۆژهەڵات و توانای ڕێکخستنی هزر و بیروڕای گشتیی و دیالۆگ و هەواڵ و شرۆڤەی
بێت بە بوونی میکرۆمێدیا پڕ ناکرێتەوە. لە کۆتاییدا پێکهێنانی بەرەیەکی کوردستانی،
سەرەتا گرتنی کۆنگرەیەکی نەتەوەیی ڕۆژهەڵات و گشتگیر لە دەرەوەو دواتر کار بۆ
کۆنگرەیەکی هاوبەش لەگەڵ هاوپەیمانانی بەرهەڵستکاری کۆماری ئیسلامی بۆ پەیڕەوکردنی
بەرنامە و کارێکی هاوبەش لەپاڵ بەڕێوەبردنی جیددیتری ئەرکە پێشووەکان و فوکوس
لەسەر ڕێکخستنی ناوخۆ لەهەموو بوارێکدا دەتوانێت بەشێک لەم خۆگونجاندن، نوێبوونەوەو
خۆڕێکخستنەوە بێت.
ئهم بابهته 629
جار خوێنراوهتهوه