سامان ریشەساحێب
ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی پارێزگای خوزستان لە ئێران کە سەرەتا بە ناڕەزایەتی دەربڕین سەبارەت بە کێشەی بێ ئاوی دەستیپێکرد دوای چەند رۆژ کە روبەڕووی هێرشی دڕندانەی هێزە ئەمنیەتییەکان بوەوە ئەم شەپۆلە ناڕەزایەتیانە بەرین تر، گشت گیر تر بوون و ناڕازییان دروشمی دژە حکومەتیان سەردا. ئەم بابەتە ئێستاکە پشتیگری زۆربەی پارێزگاکانی ئێران و تەنانەت شارۆمەندانی دەرەوەی وڵاتیشی لە خۆ گرتووە.
رۆژی پێنج شەممە رێکەوتی 24ی مانگی پووشپەڕ خەڵکی ئەهواز پارێزگای خوزستان بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەبڕین سەبارەت بە سیاسەتی راگواستنی ئاو، گرتنەوەی ئاوی ماڵان و کشت و کاڵ دەستیان دایە خۆپیشاندان و تا ئێستاکە نزیک بە 8 کەس گیانیان لە دەست داوە.
بابەتی جیاوازی تەنیا گرێدراو بە جیاوازی ئابووری نییە، شارۆمەندێکی ئەهوازی لە بواری کۆمەڵایەتی، ئابووری، سیاسی و کەلتووری و تەنانەت شۆناسیش هەست بە جیاوازی دەکات. کۆماری ئیسلامی ئێران هیچکات مافی شۆناسی نەتەوە بن دەستەکان بە فەرمی نەناسیوە، کاتێک خوێندن بە زمانی دایکی بوونی نییە، پاراستنی کەلتووری نەتەوەیی بوونی نییە و زۆر بابەتی دیکە، تەنیا لە چوارچێوەی ئەو بابەتانە کە حکومەت دیاریان دەکات وەک شارۆمەندێک مافت هەیە، ئەم سیاسەتی رژیم کاریگەری زۆری لە سەر کەسایەتی تاک و پێگە کۆمەڵایەتیەکەی دەبێت. نەتەوە بن دەستەکانی ئێران وەک، کورد، بەلوچ، عەرەب، ئازەری و تورک هیچ جۆرە مافێکی یاسایی و سروشتیان نییە، تەنانەت لە رووی گەشەی ئابووری و سەقامیگریشەوە لە بارودۆخێکی زۆر دژوار و نالەبار ژیان بە سەر دەبەن و هەموو کات بە چاوێکی ئەمنیەوە سەیری ئەم پارێزگانە دەکرێت و بە تایبەت لە کوردستان هەموو کات میلیتاریزە کراوە و خودی دامەزرێنەری کۆماری ئیسلامی ئێران واتە خومیەنی لە 28ی گەلاوێژی ساڵی 1358ی هەتاوی فەرمانی جیهادی دژی خەڵکی کورد دەرکرد.
راگەیاندنەکانی کۆماری ئیسلامی بە ئەنقەست چاویان لە سەر راستیەکان بەستوە و وەک رەواڵی هەمیشەیی رووداوەکان سانسۆر بە لارێدا دەبەن. کاربەدەستانی حکومەتی بە هۆی داڕمانی ئابووری و ناکارامەیی لە بەڕێوەبردنی وڵات هەر کام بە جۆرێک مەبەستیانە راستی رووداوەکان بە جۆرێکی دیکە پرۆفە بکەن. لەم میدیا و راگەیاندنانەدا هەواڵێک سەبارەت بە کوژرانی ئەو لاوانە کە تەنیا تاوانیان هاوار بردن بۆ ئاو لە سەر شەقامەکان بوو نییە، نیشانەیەک لە بکوژان و بکەرانی ئەم جینایەتانە نییە. زۆر بێ شەرمانە بنەماڵەی دووان لە کوژراوانی رووداوەکانی ئەم دواییانەی پارێزگای خوزستان کە بە زۆرەملی و لە ژێر گوشار لە بەر شاشەی تی ڤی بانگیان دەکەن و پێیان دەڵێن دان بەوە بنێن کە رۆڵەکانیان لە لایەن کەسانی نەناسراوی دژە شۆڕشەوە کوژراون. هەمووان دەزانن کە ئەم مێتۆدە دیاردەیەکی نوێ نییەو شێوازی چووار دەیە لە دەسەڵاتی رەشی کۆماری ئیسلامی ئێرانە و ئێستاکە بە هۆی بوونی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان وراگەیاندنە سەربەخۆکان کە لە ژێر چاودێری دەسەڵات نین هیچ تاوانێکی کۆماری ئیسلامی ناتوانرێت نەبیندرێت و هەر ئەمانەش(کردەوە)کانیان بوونەتە دژی خۆیان.
ئاخێزی ئەم دواییانەی خوزستان و تەشەنە کردنی ناڕەزایەتییەکان بۆ پارێزگاکانی دیکەی ئێران دیاردەیەکی نوێ نییە و هەر لە سەردەمی بە دەسەڵات گەیشتنی کۆماری ئیسلامی ئێران ئەم شەپۆلانە سەریانهەڵداوە و هیچکات دانامرکێن. ئەم ناڕەزایەتیانە لە درێژەی مانگرتنە کرێکارییەکانی گرێبەستی پاڵاوگەکانی ئێرانە و مەبەستیش تەنیا بردنە ژێر پرسیاری نەمانی مەشروعیەتی نیزامە لە سەر شەقامەکان.
سەرهەڵدانی شۆرش و راپەرین، شەڕ، کودەتای سەربازی و هەوڵ و پەلەقاژەی حکومەت بۆ سەقامگیری سیاسی لە دیاردەکانی نەمانی حکومەتێکی دیکتاتۆر و توتالیتێرە لە هەر وڵاتێک، رەنگە ئێران تا ئێستاکە لە ئاستانەی ئەم رووداوانە نەبێت بەڵام ئاخێزی ئەم جارەی خەڵک و گشتگیر بوونی دەرخەری ئەو راستیەن کە ئەم نیزامە ملهۆڕە روبەرووی تەقینەوەیەکی گەورەی جەماوری و کۆمەڵایەتییە.
لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی رەشی ویلایەتی فەقیه رۆڵی درزە چینایەتیەکان زەق تر بوونەتەوە و چینی مام ناوەندی کۆمەڵگا لە ژێر داڕمانی ئابووری، کاریگەری هەژاری و نەبوونی ئەمجارە زۆرتر سەرنج لە سەر گرینگی ئەم ئاخێزانە و پەیوەست بوونیان بەم بزووتنەوەیە بە گرینگ دەزانن.
سەرهەڵدانی شەپۆلی ناڕەزایەتییەکانی ئەمجارەی ئێران وەبیرهێنانەوەی ناڕەزایەتییەکانی ساڵانی پێشووترە، واتە درێژەی بزووتنەوەی برسیەکان و خەبات دژی نادادپەروەری کۆمەڵایەتی و ئیتنیکی. کۆماری ئیسلامی و هێز و ناوەندە ئەمینەکانی تا ئێستاکە وەک پێش تر کەڵکیان لە کەرەستەی سەرکوت وەرنەگرتوە، ئەمە بابەتە رەنگە چەندین هۆکاری هەبێت وەکوو، نیگرانی دەسەڵات لە تێچووی زۆر وەکوو سەرکوتی خوێنینی خەزەڵوەری ساڵی 98، کۆماری ئیسلامی لە دوای هاتنی سەرۆککۆماری نوێ ئامریکا لە ئاستانەی گفتوگۆیە لە گەڵ وڵاتان لە سەر بەرنامە ناوەکیەکەی، تەنانەت هاتنی رەئیسی وەکوو سەرۆککۆماری نوێ ئێران بۆ ئەوەی سیمایەکی دژە خەڵکی نیشان نەدەن و هتد... . بەڵام درێژەی ئەم بزووتنەوەیە یان ئەم ئاخێزە رەنگە سەرکوتی بە دواوە هەبێ. ئێستاکە رژیم هەوڵ ئەدات بە جۆرێک درز بخاتە نێو ئەم شەقامە ناڕەزایەتییانە و بە هەڵبەستنی درۆ و و چەسپاندنی هەوڵ بۆ جیاخوازی و نەمانی یەکپارچەیی خاکی ئێران(لە نێوان کەمایەتییە نەتەوەیی و ئاینییەکان) لە لایەک و دەستبەسەرکردنی چالاکانی ئەم بزووتنەوەیە و رەخساندنی بەستەری ترس و ئەمنی کردنی هەرچی زۆرتری کۆمەڵگا لە لایەکی دیکەوە هەوڵ بدەن شەپۆلەکە تا رادەیەک دەستی بەسەردا بگرن.
بەڵام ئەوەی راستیە ئەمەیە کە رژیمی کۆماری ئیسلامی توانای وڵامدانەوەی بە کۆمەڵگا نییە، ناتوانێت داخوازی و داواکارییەکانی خەڵکی جێبەجێ بکات بۆیە تەنیا وڵامی یەک شتە، ئەویش سەرکوت کردنە، بەڵام هەر جۆرە سەرکوت و پیلانێک دەرئەنجامەکەی دەبێتە تەقینەوەیەکی بەرینی کۆمەڵایەتی و روبەرووبونەوەی راستەو خۆی خەڵکی توڕە و وەزاڵەهاتوو و مەشروعیەتی نیزامە.
رەمزی سەرکەوتنی ئەم شەپۆلە ناڕەزایەتیە رەوایە تەنیان لە گرێوی پێکهێنان و یەکگرتوویی سەرجەم بزووتنەوە کۆمەڵایەتی و هێزە سیاسی و ئۆپۆزسیۆنەکانی دژبەری نیزامی کۆماری ئیسلامی ئێرانە بە گشتی. هێزە سیاسیەکان دەبێت هاودەنگ تر و هاوئاهەنگ تر و بە تێگەیشتنی زیاتر بتوانن رێبەری ئەم بزووتنەوە سەرانسەرییە بکەن. دەبێت ئۆپۆزسیۆنی دژبەری کۆماری ئیسلامی دەنگی ئەم ناڕەزایەتییانە زیاتر بە گوێی کۆمەڵگای جیهانی و ریکخراوەکانی مافی مرۆف، رێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی، شۆراری مافی نێونەتەوەیی بگەیێنن و ئەم بزووتنەوەیە پشتیگری جەماوەری و جیهانی بۆ پەیدا بکەن بۆ ئەوەی بتوانێت بە ئاراستەیەکی دروست رەواڵی خۆی تێپەڕ بکات و بە دەرئەنجامی کۆتایی خۆی واتە نەمانی رژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران بگات.
ئهم بابهته 588
جار خوێنراوهتهوه