سامان
ریشەساحێب
لەم ساڵانەی دواییدا ئێمە شاهیدی
فەراوانتر بوون و بەرینتر بوونی ناڕەزایەتییە جەماوەری و مەدەنیەکانین لە ئێران،
ئەم ناڕەزایەتییانە کە داخوازی و خواستی کۆمەڵایەتی، سیاسی، ئابووری خەڵکە زۆر جار
لە لە لایەن حاکمیەتەوە سەرکوت کراون بەڵام بۆ ماوەیەکی کەم، دواتر ئەم حەرەکاتانە
بونەتە هۆی گۆڕانێکی گەوەری جەماوەری لە ناو کۆمەڵگا و تا ئێستاش بەردەوامە.
ئەم ناڕەزایەتیانە تا دێن رادیکاڵتر
دەبن و شێوازی رادیکاڵ بوونیان بە خۆیان گرتووە تەنانەت لە درووشمەکانیش رەنگە دوو
هۆکاری سەرەکی هەبێت ئەوەی کە خەڵک بەهێز تر بوون یان ئەوەی حاکمیەت تووشی ترس
بووە. کۆماری ئیسلامی هەموو کات ترس و نیگەرانی هەبووە لە هەمبەر سەرهەڵدانی دەنگی
ناڕەزایەتی خەڵک، ئەمە چەند ساڵە شێواز و رەوتی ناڕەزایەتییە مەدەنییەکان شکڵێکی
نوێی بە خۆوە گرتووە. خەڵک چاوکراوەتر و بە هێز تر لە رابردوو ویست و
داخوازییەکانیان رادەگەیێنن.
کۆماری ئیسلامی لە چاو وڵاتانێکی
سەردەمی حکومەتی حوسنی موبارەک لە میسر، قەزافی و سەدام حسێن زۆر گەندەڵتر و
شپرزترە، ئاستی گەندەڵی، دزی، بێ کیفایەتی هێندە زەق و بەرز بوەتەوە کە هەرکامەیان
لە بیری داڕشتنی پیلانگێڕین بەرامبەر یەکتر. حکومەتە ئیدئۆلۆژییەکانی وەک کۆماری
ئیسلامی هەموو کات هێزی ئیدئۆلۆژی ساز دەکەن بۆ ئەوەی بەرەنگاری خەڵک ببنەوە لە
نێوخۆ بۆ پاراستنی بەرژەوەندییە تاکەکەسیاکانیان، هێزی ئیدئۆلۆژی تا سەر ناتوانی
بڕ بکات و بەرەنگاری بکات، لە ئەگەری هەر دەستێوەردانێکیان تێچووی زۆر قورسی
دەبێت، کاردانەوەی دەبێت بۆیە هەندێک جار کۆمەڵێک دەستەواژە بەکار دێنن وەکوو
نەرمشی قارەمانانە و زۆر مەجالی دیکەی پێنادەن.
لە ساڵی١٣٩٦ی هەتاوی بەم لاوە رەوتی ناڕەزایەتیەکان
ئاراستەکانیان گۆڕانێکی جدی و بنەڕەتی بە خۆە بینیوە. بزووتنەوەی کچانی سەر
شەقامەکمان بە ناوی کچانی شۆڕش دەستیپێکرد، واژۆنامەی 14 کەس لە چالاکانی مەدەنی و
سیاسی ئێران لە 22ی جۆزەردانی سالێ 1398ی هەتاوی لە سەر بارودۆخی نالەباری ئێران و
دەست لە کار کێشانەوەی خامنەی و چەند بابەتێکی دیکەی لەم چەشنە خاڵێکی بەهێزی
وەرچەرخان بوون لە ئێران.
ئەوەی ئێستاکە وەک مژاری سەرەکی بوونی
هەیە، نەمانی هەیمەنە و (اقتدار) رێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران عەلی خامنەییە،
نیزامە توتالیتێرەکان و هاوشێوەکانی هەموو کات لە کاتی قەیرانی ناوخۆیی تەنانەت
منداڵەکانی خۆشیان دەکەنە قوربانی بەرژەوەندییەکانیان لە کێبەرکێ نێوخۆییەکان لە
بەرامبەر باڵەکانی دیکەی دەسەڵات، درئەنجامی ئەم ململانێ نێوخۆییانەی ئێران و شپرز
بوونی دەسەڵاتدارییەتیەکەی وایکردووە کە بە پێچەوانەی ساڵانی رابردوو جێگە و پێگە
و بڕەوی خامنەی لاوازتر بێت. ئەمە بابەتێکی جێگای سەرنجە لە مێژووی
دەسەڵاتدارییەتی کۆماری ئیسلامی ئێران کە تەنانەت رێبەری و کەسی یەکەمی وڵات لە
ناو کەسانی نزیکی خۆی تووشی ئەو قەیرانە بێت و دەست ببات بۆ سیاسیەتی لابردن واتە
حەزف کردن.
بۆ مانەوەی هەر رژیمێکی دیکتاتۆر لە ناو
کۆمەڵگاکەی خۆی دەبێت تا رادەیەک ئاسایش و ئەمنیەت لە ناو کۆمەڵگا بوونی هەبێت و
دەرەجەیەک لە سەقامگیری سیاسیش پێویستە. لە نێوخۆی ئێران ئَێمە شاهیدی ئەوەین کە
ناڕەزایەتییەکان بەرفراوانتر بوون، درزی کۆمەڵایەتی، چینایەتی، ئائینیی، رەگەزی و
ئێتنیکی زۆرتر بوون و رۆژ لە دوای رۆژ بۆشایی و درزی زیاتر دەکەوێتە نێوان
حاکمیەتی دەسەڵاتدار و خەڵک. لە دەورانی سەرۆککۆماری حەسەن روحانی کە
ئیسلاحتەلەبانی حکومەتی تا رادەیەک هێزێکی کاریگەری سیاسی بوون تەنانەت
دروشمەکانیان رادیکاڵتر بوو بەڵام نەیاندەویست ریبەری وڵات واتە عەلی خامنەیی
بگرێتەوە لە ساڵی ١٣٩٦ی هەتاوی روبەرووی باڵی دیکەی ئێران واتە (ئوسولگەرا) کان
بوونەوە و ئاراستەی دروشمەکان گۆڕا و لە ئاخێزە جەماوەرییەکەی خەزەڵوەری٩٨ی هەتاوی بنەما و ئیدئۆلۆژی کۆماری ئیسلامی سست
بوون و هەر ئەمە بووە هۆی ئەوەیکە عەلی خامنەیی خۆی تەداخولی راستەو خۆی بکات لەو
ناڕەزایەتیانە و فەرمانی سەرکوت و کوشتنی خەڵکی بێ تاوانی درەکرد. ناڕەزایەتی و
مانگرتنەکان ئێستاشی لە گەڵ بێت بەردەوامن، بزووتنەوەی 16 رەزبەری خوێندکاران،
مانگرتنە سەرانسەرییە کرێکاراییەکان، ناڕەزایەتییەکانی خوزستان و ناڕەزایەتی لە
دوای ناڕەزایەتی بەردەوامەو و خەڵک سوورن لە سەر دەستبەرکردنی مافەکانیان و حکومەت
و رێبەری ئێرانیش لاوازتر دەبن.
ئەم بارودۆخەی ئێران بەم ئاراستەیە
بڕوات لە داهاتوودا ئێمە شاهیدی ئەوە دەبین کە حکومەتی کۆماری ئیسلامی تووشی
داڕمان و ترسی زیاتر دەبێت و دەرئەنجام هەڵوەڕین و لە ناو چوونی حاکمیەتی رەشی
کۆماری ئیسلامی بەدوادەبێت، بۆیە خامنەیی وەک شەخسی یەکەمی وڵات نیگران تر لە
جاران پێگە و نفوزی کەمتر دەبێتەوە. هەرچەند هێزە نیزامی و ئەمنیەکانی کۆماری
ئیسلامی ئێران هەوڵ ئەدەن لە داهاتوودا لە کەرەستەی سەرکوت کەڵک وەرگرن بۆ ئەوەی
خەڵکی پێ چاوترسێن بکەن بەڵام ئاماژەکان ئەوەمان پێدەڵێن کە کۆمەڵگای ئێران و
بزووتنەوە مەدەنی و سیاسیەکەی هیچکات هەنگاوێک بەرەو دواتر ناڕوات و ئەوە دیکتاتۆری
بە زۆر داسەپاوی کۆماری ئیسلامی ئێرانە کە پاشەکشە دەکات. ئەوش بڵێن کە کۆماری
ئیسلامی هەرکاتێک تووشی قەیرانی نێوخۆیی و بەتایبەتی دەسەڵاتداریەتی دەبێت لە
کەرەستەی سەندوقی دەنگ دان و هەڵبژاردنەکان کەڵک وەردەگرێت و دەڵێت هەمو شتێک
دەبێت لە چوارچێوەی حاکمیەت بێت.
ئەوەیکە کۆماری ئیسلامی ئایا بە ئاراستەی
نەمان و داڕمان دەڕوات بابەتێکی تایبەتە و ناکرێ هەڵسەنگێندرێ لە گەڵ وڵاتانی
دیکە، بەو مانایە بارودۆخ و زەمان و کاتەکان جیاوازان لە وڵاتان. بەڵام کۆمەڵێک
فاکت و رەوەندی گشتی بوونیان هەیە کە نیشانەکانی کۆتایی دیکتاتۆر دەسەڵمێنن.
کۆماری ئیسلامی کە بنەماکانی دامەزراندنی بە پێی قۆرغ کردن و زوڵم دامەزراوە
کۆمەڵێک سنوور و هێڵی سووری بۆ خۆی داناوە و زۆتر کۆمەڵگا و روداوەکانی وەک شانۆ
سەیر دەکات و دەست بردن بۆ هەر کام لەو بابەتانە حاکمیەت تووشی کێشە دەکات. هەندێک
جار وڵاتان لەوەها بارودۆخێکدا کە جیاوازییەکان زەق دەبنەوە و پێکهاتەی سیاسی وڵات
تووشی کێشە دەبێت دەگەڕێنەوە بۆ دەنگی خەڵک واتە ریفراندۆم، بەڵام لە کۆماری
ئیسلامی ئێران کە هەموو شتێک هێلێ سوورە ئەستەمە ئەو کارە بکرێت و لە باتی
سەقامگیری و گوێ گرتن بو دەنگی خەڵک زۆتر لە بیری دارشتنی پلان وپیلانن و دژ
کردەوەی توندیان دەبێت بەرامبەر خەڵک و داخوازییەکانیان.
هەمووی ئەو خاڵانەی لە سەرەوە ئاماژەیان
پێکرا دەرخەری ئەو راستیەن کە کۆماری ئیسلامی ناتوانێ هیچ کات بگەڕٍێتەوە بۆ
ئیقتەدار و باڵادەستیەکەی پێشتری، زۆر جار لە رووداوێکی مێژوویی ئاڵوگۆڕەکان دەکرێ
جا چ بە شێوەی شۆڕشێکی جەماوەری بێت، مردنی دیکتاتۆر بێت، هەندێک جار کودەتایەکی
سەربازییش ئاڵۆگۆر پێکدێنێت، دەستێکی دەرەکی بێت، بە هەر حاڵ زۆر ئەستمە ئێران و
رێبەرییەکەی بتوانن بگەڕێنەوە بو سەر مەشروعیەت و هێز و دەسەڵاتدارییەتی پێشتریان.
ئهم بابهته 526
جار خوێنراوهتهوه