رۆڵی ژنان لە بزووتنەوەی کرێکاری

رۆڵی ژنان لە بزووتنەوەی کرێکاری




جوانە تەیمەسی



ژنان بە درێژاییمێژوو لە بووارەکانی کۆمەڵایەتی، ئابووری، سیاسی و کولتووری رۆڵێکی بەرچاویان گێڕاوە و هیچ کۆمەڵگایەک بە بێ بەشداری ژنان لە بووارە جۆراوجۆرەکاندا نەیتوانیوە و ناتوانێت بنەما بنەڕەتییەکانی دیمۆکراسی و یەکسانیخوازی هەمە لایەنە دابین و بونیات بنێت. ئەوەیکە بە شیوەیەکی کورت دەتوانین ئاماژەی پێبکەین ئەوەیە کە لە سێ خۆپیشاندانی بەربڵاوی ژنان کە سەردەمێکی نویێان خولقاند، یەک لەوانە ژنانی کارگەی رستن و چنینی شاری نیۆیۆرک لە ساڵی ١٨٥٧ی زاینیی بوون کە بوو بە سەرهەڵدانی شۆڕشێکی جەماوەری بەربڵاو کە تا ئێستاش لە سەرانسەری جیهاندا درێژەی هەیە.

یەکەمین خۆپیشاندان لە ٨ی مارسی ساڵی ١٨٥٧ی زایینی ڕووی دا، دووهەمین خۆپیشاندانی گرینگی ژنانی کرێکار ٥١ساڵ دواتر لە ٨ی مارسی ساڵی ١٩٠٨ی زایینی و سێهەمینیان ئەوە بوو کە بە رێبەری یەکیەتی ژنانی کرێکاری کارگەی رستن و چنین بە شێوەی مانگرتنی گشتی بۆ ماوەی ٢١ رۆژ لە مانگی نۆڤامبری ساڵی ١٩٠٩ بەڕێوە چوو، ژنانی کرێکار لەم خۆپیشاندانەدا داواکاری باشتر بوونی باروودۆخی کار، پێشگرتن لە کاری منداڵان و لە سێهەمین خۆپیشاندانەکەیاندا داواکاری مافی دەنگدان و هەموو مافەکانی مەدەنی، ئابووری و سیاسی بوون کە مافی سەرەتایی هەر مرۆڤێکە.

دیارە ئەم مانگرتنانە و کۆبوونەوەکان کە خۆپیشاندانی تێدا بەڕێوە دەچوو گەرچی بە شێوەیەکی تووندووتیژانە لە لایەن پۆلیسەوە وڵام دەدرایەوە وتەنانەت لە لە لایەن یەکیەتی کرێکارانی ئەو سەردەمە ئەم پرسە گرینگە پشت گوێ دەخرا. بەڵام بە تێکۆشان و کۆڵنەدانی ژنانی کرێکاری نیویۆرک، سەرەتا شۆڕشێکی هەمە لایەنە و دەستپێکی قۆناغێکی نوێ بۆ ژنانی کرێکار و هەموو ژنانی مافخواز لە سەرانسەری دوونیا هاتە ئاراوە.

بە دوای تێپەڕ کردنی ئەم سێ قۆناغەی شۆڕشی ژنان لە ساڵی ١٩١٠ی زایینی لە کۆنفڕانسێکی نێونەتەوەیدا ژنانی کرێکار کە بە نوێنەرایەتی لە لایەن ١٧وڵات و رێبەرانی یەکیەتییە کرێکارییەکان بەڕێوە چبوو، بە پێشنیاری ''کلارا زێتکین'' کەسایەتییەکی سۆسیال – فیمینیزمی ناسراو و یەکێک لە رێبەرانی حیزبی سۆسیال دیمۆکراتی ئاڵمان، بە مەبەستی رێزێک لە شۆڕشی ژنانی کرێکار و پتەو کردنی رۆژێک کە هەموو ژنانی کرێکار و ئەو ژنانەی کە مافخوازن لە سەرانسەری جیهان دژ بە چەوسانەوە دەنگیان هەڵبڕن، رۆژی ٨ی مارس بە ''رۆژی جیهانی ژن'' بەشێوەیەکی فەرمی ناوزەد کرا.

هاوکات لەگەڵ شۆڕشی ژنانی کرێکار و ژنانی سۆسیال دیمۆکرات لە ئەمریکا و ئورووپا ، کۆمەڵێک لە ژنانی کرێکاری ئێران بە رەنگدانەوەی پرسی سۆسیال دیمۆکراسی بە بەڕێوە بردنی یەکیەتی کرێکاران و دامەزراوە سێنفییەکان لە ساڵی ١٢٨٥ی هەتاوی بە پاڵپشتی لە شۆڕشی مەشرووتە خۆپیشاندانێکیان رێکخست، بەڵام هەر لە نێوان ساڵەکانی ١٢٨٧- ١٢٨٥زیاتر لە دە ئەنجومەن و یەکییەتی و شۆڕا، لە لایەن ژنانەوە بە شێوەیەکی سەربەخۆ هاتە گۆڕ. ئەم ئەنجومەنانە جگە لەوەیکە بەرگریان لە مەشرووتیەت و چینەکانی دیکەی کۆمەڵگا دەکرد هەروەها بە شێوەیەکی دیاریکراو لە رێگەی بە دەستهێنانی ماف، ئازادی دیمۆکراتیک و لە ناوبردنی ستەم دژ بە ژنان لە تەواوی بوارەکاندا بە پتەوی هەوڵیان ئەدا.

لە ساڵی ١٣٠٠ی هەتاوی دوای ساز بوونی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران، کۆمەڵێک لە چالاکوانانی بزووتنەوەی ژنانی ئێران بە پاڵپشتی ئەم حیزبە لە چوارچێوەی حەشیمەتەکان و ئەنجومەنەکانی تایبەت بە ژنان، دیسانەوە چالاکییە ئازادیخواز و مافخوازانەکانی خۆیانیان لەسەرەتاوە دەستپێکردەوە. ئەم حەشیمەتانە داواکاری دابین کردنی مافی ژنان لە تەواوی بوارەکاندا، بردنە سەرەوەی ئاستی زانیاری ژنان لە رێگەی بەڕێوە بردنی خولی تایبەت بە ژنان، بەڕیوە بردنی لێدوان و کۆبوونەوەکان، ساز کردنی قووتابخانەگەلێکی تایبەت بە ژنان بوون و یەکێک لە چالاکانی ناسراوی ئەم ئەنجوومەنە جەمیلە سدیقی و شەوکەت رووستا بوون کە دواتر لە لایەن هێزەکانی رژیمی رەزا شا دەستبەسەر و زیندانی کران.پاش شۆرشی گەلانی ئێران لە ساڵی ١٣٥٧ی هەتاوی بە تێپەڕاندنی قۆناغێکی بێ ئاکام، دیسانەوە شایەتی سەرهەڵدانی بزووتنەوەی ژنان لە بواری سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتی بووین.

ئەم بزووتنەوەیە بە بوونی لاوەکان، هێزی نوێی کۆمەڵگا و هەروەها ئەزموونی چالاکوانانی دەست پێشخەر بە سەرکەوتن گەیشت کە بە شێوەیەکی ئاشتی خوازانە، داخوازییە گشتییەکانی ژنانی ئێرانیان جارێکی تر بە پشتیوانی بزووتنەوەی کرێکاری و چالاکوانانی ریکخراوە سێنفییەکان پەیوەند دا و بە دانانی یاسا و رێنماییەکان و پەروەردە کردنی خەڵک بەو کوولتوورە کە ژنان نابێ بە هۆی جیاوازی ڕەگەزییەوە بچەوسێنەوە.

هەر بزووتنەوەیەک پێویستی بە ئیرادەی هەر نەتەوەیەکە و بەشیک لەو نەتەوەیە پیک دێت لە ژنان کە نیوەی هەر کۆمەڵگایەکن، بۆیە لە مێژوودا ژنان ڕۆڵێکی بەرچاویان گێڕاوە بۆ داخوازی لە مافەکانی خۆیان و لەگەڵ ئەوەدا بۆ یەکسانی نێو کۆمەڵگاش شێلگیرانە هەوڵیان داوە. لە چوار دەیەی رابردوودا کە کۆماری ئیسلامی دەسەڵاتی بەدەستەوە بووە سەبارەت بە دابین نەکردنی داخوازییە سەرەکییەکانی کرێکاران و بە تایبەت ژنانی کرێکار ناکارامەیی خۆی سەلماندووە و مەشرووعیەتی خۆی لەدەستداوە و ئەمە بووەتە هۆی ئەوەیکە گرینگی و رەنگدانەوەی بزووتنەوەی کرێکاری لە قۆناغە پێشووەکانی خۆی زیاتر بێت. بە تایبەت لە یەک دەیەی رابردوودا تاوەکوو ئێستاژنانی کۆمەڵگای ئێران بە گشتی و بە تایبەت کوردستانی رۆژهەڵات بە هۆی گوشاری ئابووری و جیاوازی رەگەزی لە باروودۆخێکی نالەباردا ژیان بەسەر دەبەن، دەتوانین ئاماژە بە ژنانی کۆڵبەر، ئەو ژنانەی کە بە تەنیا و لە نێو کۆمەڵگای ئێران کە خاوەن بارودۆخێکی دژوار و تاقەت پڕوکێنی ئابووریدایە بە هۆی ناکارامەیی دەسەڵاتداران سەرپەرشتی بنەماڵەیان لە ئەستۆدایە، نەبوونی بیمەی کاری، ئەمنیەتی شوێنی کار،یاسای ساعەتی کاری و دەستدرێژی جنسی هەندێک لە خاوەن کاران دەبینین کە کۆماری ئیسلامی هیچ پشتگیرییەکی یاسایی یاوەکوو رێکخراوەییەکی تایبەت بە ژنانی بێ سەرپەرشتی دانەناوە، ئەگەریش ببێت هیچ کاریگەرییەکی سەبارەت بە پرسی ژنان و کێشە و داخوازییەکانیان لە هیچ بوارێکدا نەبووە.

سەرەڕای هەمووی ئەم پێشێلکارییانە کە لە لایەن کۆماری ئیسلامییەوە دژ بە ژنان دەکرێت و بەردەوامە، لەوانە دەتوانین بگەڕێینەوە بۆ ئەم خۆپیشاندانانەی ساڵانی رابردوو کە ژنان بە هۆی ئەوەیکە وەکوو رەگەزی دووهەم پێناسە دەکرێن سەرکووت دەکرێن و لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بێ رێزیان پێ دەکرێت و هەندێک جاریش دەستبەسەر و سزای زیندانی کردنیان بەسەردا دەسەپێت. رۆڵی ژنان لە بزووتنەوەی کرێکاری هەروەک لەم بابەتە باسی لەسەر کرا، رۆڵێکی گرینگ و کاریگەریان گێڕاوە و کە نابێت و ناکرێت رۆڵی ئەم چینە لە بزووتنەوە کۆمەڵایتەییەکان و بە تایبەت بزووتنەوەی کرێکاری لە بەرچاو نەگیردرێت، بەڵام ئەگەر بمانهەوێ بەرەو سەرکەوتن و هەرچی خێراتری گەشە کردن پێش بڕۆین دەبێت سەرەتا لە بناغەوە واتە بنەماڵە کە وەک سەرەکیترین ناوەندی فێربوون و پەروەردە کردن ناسراوە، ئەم کولتوورە کە ژنان وەک رەگەزی دووهەم پێناسە نەکرێن لە نێو بنەماڵەکاندا جێ بخەین.

هەروەک لەم بابەتە باسی لەسەر کرا ژنان دەبێت رێکخراو و یەکگرتوو بن، لە ئێران یەکییەتی و سێنفی کرێکاری تایبەت بە خۆیان بێت بۆ گەیشتن بەداخوازییەکانیان و لەم پرسەدا ئەرکی لایەن، رێکخراو و حیزبە سیاسیەکانە کە پاڵپشتی بزووتنەوەی ژنان، بە تایبەت ژنانی کرێکار بن بە مەبەستی گەیشتن بە ماف و داخوازییەکانیان.




ئه‌م بابه‌ته 424 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

PM:06:45:27/04/2022