ئالان سەلیمی
بە بۆنەی چل ساڵە بوونی کۆماری ئیسلامی جێگەی ئەوە هەیە کە
ئاماژە بە چل ساڵ جەنایەت بەرامبەر بە ژنان لە ژێر سێبەری کۆماری ئیسلامی دا
بکەین.
بۆ ماوەی زیاتر لە چل ساڵە کە ژنان لە ئێران لە ژێر ئاڵای
کۆماری ئیسلامی دا مافیان دەخورێت و بە شێوەیەکی سیستماتیک دەچەوسێنەوە و ئەرک و
دەنگ و ڕەنگی ژنان لە ئێران زۆر زۆر بە دەگمەن دیارە. هەر لە سەرەتاوە کە
«ئایەتوڵا خومەینی» هاتە سەر کار، دەستی کرد بە چەوساندنەوەی ژنان و هەر لە
نامەیەک دا کە ١٦ ساڵ پێش ڕووخانی «ڕەزا شا» ١٧ ڕەزبەری ١٣٤١ خومەینی بۆ ڕەزا شای
نووسیوە دەر دەکەوێت کە خومەینی، ئەو کەسایەتییەی کە دواتر و ساڵی ١٣٥٧ دوای شۆڕشی
گەلانی ئێران گەیشتە دەسەڵات و بوو بە رێبەری کۆماری ئیسلامی، چەندە دژی ژنان و
ماف و ئازادییەکانی ژنانە. لەو نامەیەدا خومەینی دژ بە بڕیاری مافی دەنگدانی ژنان
دەوەستێتەوەو بە لادان لە ئامۆژە دینییەکانی ناو دەبات و دەڵێت:» داواکارم ژنان لە
بەرنامە دەوڵەتی و حیزبییەکان دوور بخرێنەوەو بێبەری بکرێن بۆ ئەوەی میللەتی
موسوڵمان رازی بن. « دەقی نامەکەی خومەینی بۆ شا لە ساڵی ١٣٤١ بەم شێوەیەی
خوارەوەیە. ئەو کاتە خومەینی لە قوم و لە حەوزەی قوم خەریکی وانە وتنەوە بوو.
«بۆ ئێوەی بەرز و بەڕێز
لەگەڵ هیوا و دوعا بۆ ئێوەی بەڕێز، بە پێی هەواڵی ڕۆژنامەکان، دەوڵەت مافی دەنگ دانی داوە بە
ژنان. لە ئێوەی بەڕێز ئاشکرایە کە بۆ وڵاتەکە باشترە کە احکامی ئیسلام ڕابگیرێت
داواکارم ژنان لە بەرنامە دەوڵەتی و حیزبییەکان دوور بخرێنەوەو بێبەری بکرێن بۆ
ئەوەی میللەتی موسوڵمان رازی بن.»
ئەمە ئایدیای ئەو کەسەیە کە دواتر دەبێت بە سەرۆکی وڵات و بە
فەرمانی ئەو یاسایەک جێگیر دەبێت کە پشت بەستووە بە ئیسلام و ئامۆژەکانی. هەر لە
یەکەم رۆژەکانی بەدەسەڵات گەیشتنی کۆماری ئیسلامیەوە، هەڵوێستی ئەم رژیمە بەرامبەر
بە ژنان دەرکەوت و زۆر زوو لە لایەن بەسیج و هێزە دەستکردەکانەوە دەست کرا بە
توندووتیژی دژی ژنان. کوشتنی نامووسی و پژاندنی تێزاب بە سەر ژنان، بەزۆر لەچکە
کردنە سەر ژنان، دوورخستنەوەی ژنان لە بەشێکی زۆر لە چالاکییە کۆمەڵایەتی و سیاسی
و مەدەنییەکان هەوڵەکانی رژیم بووە دژی ژنان و ئێستاش هەر بەردەوامە.
خومەینی و دەسەڵاتە نوێکە، لە گەڵ گەیشتن بە دەسەڵات و لە
ڕۆژی ٧ ڕەشەمەی ١٣٥٧ و دوای بە دەستەوە گرتنی دەسەڵات، یاسای «پشتگیری لە بنەماڵەکان»ی بە شتێکی بێ
بنەما ناو برد و هەڵوەشاندەوە. ئەو یاسایە کە لە سەردەمی پاشایەتیدا دامەزرابوو تا
رادەیەک مافی دەدا بە ژنان لە ناو بنەماڵە و کۆمەڵگادا. رۆژێک دواتر واتە رۆژی ٨ی
رەشەممەی ١٣٥٧ بە پێی فەرمانی خومەینی ژنانی دادوەر لە دام و دەزگای دادوەری ئێران
دوور خرانەوە. لەبەر ئەوەی بە پێی ئامۆژە ئایینیەکان ژنان بۆیان نییە دادوەر
بن. بێگومان ئەم هەڵوێستانەی حکوومەتی
نوێ، دەرخەری ئایدیا و بۆچوونی ئەم دەسەڵاتە نوێیە و دامەزرێنەرەکەی بوو کە بە هیچ
شێوەیەک بڕوای بە مافی یەکسان و بەرابەری ژنان و پیاوان نەبوو. بە پێچەوانەوە مافی
یەکسانی ژن و پیاوی بە گاڵتە و دژ بە فەرمانە ئیسلامییەکان دەزانی. «یەکسانی بوونی
ژن و پیاو پێشێل کردنی چەند حوکمی بنەڕەتی ئیسلامە و وەستانەوەیە دژ بە بەشێک لە
فەرمانەکانی قورعانە و قورعان لەم بارەوە ئەرکی باوەڕمەندان بە ئیسلامی بە ڕوونی
خستۆتە ڕوو « (ڕۆژنامەی ڕەسالەت ٣٠ ڕەزبەری ١٣٧٦)
خومەینی وەک ئایدۆلۆگ و کەسایەتییەک کە دامەزرێنەری کۆماری
ئیسلامییە زۆرجار و لە زۆر شوێن هێرشی کردۆتە سەر ژنان بۆ وێنە لە یەکێک لە کتێبە دیارەکانیدا بە ناوی
«تەحریر وەسیلە» کە دیارترین بەرهەمی خومەینییە کاتێک باس لە پرسی تەڵاق و جیابوونەوەی ژن و پیاو و هەروەها مافی ژنان
لە جیابوونەوەدا دەکات دەڵێت:»»بۆ جیابوونەوە {تەڵاق} پێویست نییە ژن ئاگادار بێت،
چ بگا بە ئەوەی کە ڕازی بێت. (تحریر الوسیلە چاپی دووهەم- لاپەڕەی ٣٢٧ مەسئەلەی ٨)
ڕووبەڕووی بوونەوەی نێوان رژیم و ژنان هەر لە یەکەم رۆژەکانی هاتنە سەر کاری
کۆماری ئیسلامییەوەو لە ڕەشەممەی ١٣٥٧ەوە دەستی پێکرد. رەوتێک بە چەوساندنەوەی
ژنان دەستی پێکرد. ئەم رەوتی چەوساندنەوەی ژنانە لە ڕەشەممەی ١٣٥٧ و بە دروشمی «یا
رووسەری یان تووسەری» دەستی پێکرد و بە درێژایی مێژووی رژیمی ئیسلامی هەر درێژەی
بووەو هەیە.
ئەم شەپۆلی دژی ژنە هەر بوونی هەبووەو هەیە. بۆ وێنە حیجاب و
لەچکە بووە بە یەکێک لە ناسنامەکانی ئەم رژیمە و رژیم زۆر بە هەستیارییەوە
بەرامبەر بە پرسی حیجاب هەڵسووکەوت دەکات. لە مانگی گوڵانی ١٣٨٩، مەجلیسی کۆماری
ئیسلامی یاسایەکی پەسەند کرد بە ناوی «یاسای پەڕەپێدانی رێکارەکانی حیجاب» ، کە
بەرپرسایەتی چاودێری کردنی ژنان درا بە ٢٦ ناوەندی دەوڵەتی. ئەم یاسایە لە ڕاستییدا هەوڵێکیتری رژیم بوو بۆ
ئەوەی جارێکیتر عەبا و حیجاب بە سەر ژناندا داسەپێنێت و توندی بکاتەوە. ئەمەش دوای
ئەوە بوو سەرەڕای هەوڵەکانی رژیم بۆ سەرکوت و داسەپاندنی جل و بەرگی ئیسلامی،
بەڵام خەڵکی ئێران و ژنان هەوڵیانداوە دژ بە حیجابی زۆرە ملێ بوەستنەوە. داهێنانی
مۆدێلە جیاوازەکانی جل و بەرگ و جۆرێک گۆڕینی مۆدێلەکان بە شێوەیەک کە دژی ئەو
نەریتە باوانە بێت کە رژیم دەیهەوێت دایسەپێنێت، ئەو هەوڵانە بوو کە خەڵک دەیاندا
دژی یاساکانی رژیم. هەروەها رژیمی کۆماری ئیسلامی بەدرێژایی مێژوو لە رێگای
دامەزراوەی «امر بە معروف و نهی از منکر» ەوە هەوڵدەدا بەوە کە بازنەی ئازادییە
تاکەکەسییەکان لە کۆمەڵگای ئێران بە گشتی و ژنان بە تایبەتی تەسکتر بکاتەوە.
رژیم بۆ بەرتەسککردنەوەی ئازادییە فەردی و تاکەکەسییەکان و
نەهێشتنی ئازادی ژنان، پەنای بۆ هەموو هەوڵێک بردووەو شەقامی تەسک کردۆتەوە لە
ژنان و کۆمەڵگا. پژاندنی تێزاب بە سەر ژناندا بە شێوەیەکی بەرنامە بۆ داڕێژراو لە
شارە گەورەکان لەوانە تاران و ئیسفەهان لە لایەن بەسیجییەکانەوەو بە ئیزن پێدانی
ناڕاستەوخۆی ئیمام جومعەی ئیسفەهان هەوڵەکانی رژیمە بۆ ئەوەی شەقام ببەستێت لە
ژنان و ئازادییەکان بەرتەسک بکاتەوە.
ژنان بە درێژایی مێژووی کۆماری ئیسلامی و تەنانەت پێش هاتنە
سەر کاری ئەم رژیمەش و لە سەردەمی رژیمی پاشایەتیدا، هەوڵیانداوە بۆ بەدەستهێنانی
ئازادی و مافە تاکەکەسییەکانیان. هەرچەند ئەوان بەردەوام لە لایەن دەسەڵاتەوەو
هەروەها لە لایەن سیستەمی دواکەوتووی کۆمەڵگاشەوە هێرش کراوەتە سەر ئازادییە
تاکەکەسییەکانیان.
ژنان لە ئێران هەروەها لە ماوەی دەسەڵاتی پاشایەتی و دەسەڵاتی
ئیسلامیشدا، بەشێکی گەورە بوون و هەن لە بزووتنەوەی سیاسی دژی دەسەڵات. ژنان دەوری
باڵایان هەبوو لە ڕووخانی سیستەمی پاشایەتی و ئامادەگیان هەبوو لە شەقام. لە دوای
هاتنە سەرکاری کۆماری ئیسلامیش بەردەوام ئامادەییان هەبووە و لە مەیداندا بوون. لە
سەرەتای هاتنە سەرکاری کۆماری ئیسلامی و دەیەی ١٣٦٠ دا، ژمارەیەکی زۆر لە ژنان و
کچانی ئازادیخواز و بیرجیاواز تەنها بە تاوانی بیرجیاوازی خرانە زیندان و ئیعدام
کران. بەر لە ئێعدام دەستدرێژی سێکسی
کرایە سەریان لە لایەن پاسدارەکانەوە. زۆریشیان تەرمەکانیان هەر نەدرایەوە بە
بنەماڵەکانیان. ئەمە مێژووی ڕووبەڕوو بوونەوەی ژنان و دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامییە
لە ٤٠ ساڵی رابردوودا و هەر بوونی هەیە.
لە ڕووداوەکانی بەفرانباری ١٣٩٦ بە دواوە ژنان دەوری چالاکیان
هەبوو. شەپۆلی ژنانی بە ناو ژنانی «مەیدانی ئینقلاب» کە وەستانەوە بوو دژ بە حیجاب
زۆرە ملێ، دەرخەری ئەو راستییە بوو کە ژنان مەیدان چۆڵ ناکەن. هەردەم ئامادەن لە
مەیدان. سەرەڕای هەڕەشە کردن و گوشار هێنان، سەرەڕای دەستگیرکردنیان بەڵام هەر
بەردەوامن و لە مەیدان ئامادەن. بە شێوەیەک لە بەفرانباری ١٣٩٦ەوە تا کۆتایی ١٣٩٧
دەیان ژنی چالاکی مەدەنی و کۆمەڵایەتی دەستگیرکراون. تەنانەت لە دوایین رۆژەکانی
ساڵی ١٣٩٧ دا رژیم سزای ٣٠ ساڵ زیندانی بەسەر نەسرین ستوودە، پارێزەر و چالاکی
ژناندا سەپاند. ئەمەش تەنها بە تاوانی
هەوڵەکانی ئەم ژنە دژ بە سیستەمی سەرکوتگەر و نادادپەروەر.
دۆخی ژنان لە کوردستان:
بێگومان ئەوانەی لە سەرەوە باسی کرا وەک دۆخی ژنان لە ئێرانی
ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی، بۆ کوردستانیش بەهەمان شێوەیە بەو جیاوازییەوە کە لە
کوردستان هۆکاری زیاتر هەیە بۆ ڕووبەڕوو بوونەوەی رژیم و ژنان و لەهەمانکاتدا
هەوڵی رژیم بۆ سەرکوتی زیاتری ژنان.
خەڵکی کوردستان هەر لە یەکەم رۆژەکانی دەسەڵاتی کۆماری
ئیسلامییەوە زۆر زوو ماهییەتی ئەم رژیمەی ناسی و بە کۆی دەنگ دژی رژیمی کۆماری
ئیسلامی وەستانەوە. ژنانی کورد شان بە شانی پیاوان، بەشداربوون لە بزووتنەوەی رزگاریخوازی
دژی رژیم و بەشدارن. ئیعدامی چالاکانی ژن لە دەیەی ١٣٦٠ لە کوردستان دەرخەری ئەو
راستیەیە کە رژیم لە کوردستان بە هیچ شێوەیەک دەستی لە سەرکوتی کۆمەڵگا بە گشتی و
ژنانیش بە تایبەتی نەپاراستوە. ئێستاش ژمارەی ئەو ژنە کوردانە بە هۆکاری سیاسی و
چالاکی سیاسی لە کوردستان لە زیندانن، لە هەموو ئێران زیاترە.
جگە لەمەش کوردستان لە لایەن رژیمەوە هەوڵدراوە بە ئەنقەست لە
باری ئابوورییەوە ناپێشکەوتوو بمێنێتەوە. نەبوونی دەرفەتی کار و بێکاری هۆکاری
دیاری چەوساندنەوەی ژنانە لە لایەن سیستەمی پیاو سالارییەوەو رژیم پەرە پێدەری ئەم
سیستەمەیە.
بێگومان وەستانەوە دژیئەم سیستەمە، ئەرکێکی مێژووییەو خەڵکی کورد هەر لە سەرەتاوە هەستیان بەم
ئەرک و بەرپرسایەتییە کردوەو لە پێناویشیدا قوربانیان داوە.
ناسنامەی ئەم رژیمە، ناسنامەیەکە دژی ئازادی تاک، دژی ئازادی
رادەربڕین، دژی ئازادی ژنان و ئازادی سیاسی و کۆمەڵایەتی. ئەم رژیمە وەک
دەسەڵاتێکی تۆتالیتەر هەوڵیداوە دەست وەربدات لە ژیانی کۆمەڵایەتی و تاکەکەسی
تاکەکان . رێکخراوەکانی وەک «امر بە معروف و نهی از منکر» لە راستیدا هەوڵدانە بۆ
ئەوەی دەست وەربدات لە سەر تایبەتیترین لایەنەکانی ژیانی تاک لە کۆمەڵگا. ئەم
رژیمە لە لایەن نوێنەرەکانییەوە خۆی بە کامێرایەکی شاراوە دەزانێت کە هەوڵدەدات
شاراوەترین ساتەکانی کەسەکانیش کۆنتڕۆڵ بکات.
ئهم بابهته 3908
جار خوێنراوهتهوه