ئامارە نوێکانی کۆمیسیۆنی
ئۆرووپا دەری دەخات کە بازرگانی دوو لایەنەی ٢٨ی ئەندامی ئەم یەکێتییە لەگەڵ ئێران
لە ساڵی ڕابردوودا بۆ یەک لە چوار کەمی کردووە.
بازرگانی دوو لایەنەی ئێران و یەکێتی ئۆرووپا لەم لە یەک ساڵی
ڕابردوو بۆ ٢ میلیارد و ٥٥٨ میلیۆن یۆررۆ دابەزیوە کە یەک لە چواری ڕێژەی بازرگانی
دوو لایەنەی لە شەش مانگی یەکەمی ساڵی پارە.
بە پێی ئەو ئامارانەی کە کۆمیسیۆنی ئۆرووپا ڕۆژی دوو شەممە ٢٨ی
گەلاوێژ لە ماڵپەڕی ڕەسمی خۆی بڵاوی کردۆتەوە، هەناردەی یەکێتی ئۆرووپا بۆ ئێران
لەم خولەدا ٥٣٪ دابەزیوە و بۆتە ٢.١٤ میلیارد یۆرۆ و هاوردە کردنیش لە کۆماری
ئیسلامی ٩٣٪ کەمی کردووە و ئۆفتی ١٤.٦ بەرابەری بۆ ٤١٨ میلیۆن یۆرۆ دابەزیوە.
هۆی دابەزینی بەرچاوی هەناردەی ئێران بۆ یەکێتی ئۆرووپا لەم
خاڵەدایە کە بەشیکی گەورەی هەناردەکانی ئێران لەگەڵ یەکێتی ئۆرووپا "نەوتی
خاو" بوو. ئەمریکا گوڵانی ساڵی ڕابردوو لە بەرجام کشایەوە و کۆمپانیا
ئۆرووپاییەکانیش لە نیوەی دووەمی ساڵی ڕابردووی زایینییەوە هاوردە کردنی نەوتی
ئێرانیان ڕاگرتووە.
ئاڵمان بەردەوامی یەکێک لە گەورەترین هەناردەکارانی کاڵایە بۆ
ئێران لە ناو بازنەی وڵاتانی یەکێتی ئۆرووپا، بەڵام هەناردەی ئەم وڵاتە بۆ ئێران
لە نیوەی سەرەتای ساڵ تەنیا ٦٧٧ میلیۆن یۆرۆ بووە کە لە چاو خولی هاوشێوەی ساڵی
پار بۆ نیوە دابەزیوە.
ئیتالیا دووەمین هەناردەکاری ئۆرووپایی کاڵایە بۆ ئێران، ئەو
وڵاتەش فرۆشی کاڵاکانی بۆ ئێران کردووەتە نیوە و بۆ ٣٧٥ میلیۆن یۆرۆ دایبەزاندووە.
ئیتالیا هەروەها گەورەترین ئامانجی هەناردەکاری ئێران بووە لە ناو
یەکێتی ئۆرووپا و لە نیوەی یەکەمی ساڵی ڕابردوو ١.٧٨ میلیارد یۆرۆی کاڵا لە ئێران
کڕێبوو کە بەشێکی مەزنی نەوت بوو. بەڵام ئەم ژمارەیە لە شەش مانگی سەرەتای ساڵی
٢٠١٩ بۆ نزیکەی ٩٤ میلیۆن یۆرۆ دابەزیوە.
فەڕانسەش
هەروەها لەم خولەدا تەنیا ١٠ میلیۆن یۆرۆ کاڵای لە ئێران هاوردە کردووە، لە
کاتێکدا لە نیوەی یەکەمی ساڵی ڕابردوو ئەم ژمارەیە ١.١٨ میلیارد دۆلار بوو. ئەم
وڵاتە پاش ئیتالیا گەورەترین کڕیاری ئۆرووپای نەوتی کۆماری ئیسلامی بوو.
ئێران چەند
مانگێکە داوا لە یەکێتی ئۆرووپا دەکات هەرچی زووتر سازوکاری بازرگانی ناسراو بە
"ئینستێکس" بخاتەگەڕ و ئەمریکاش ڕایگەیاندووە ئەگەر ئەم سیستمە تەنیا
کڕین و فرۆشتنی ئەو کاڵایانەی تێیدا ئەنجام بدرێت کە لە لایەن ئەمریکاوە گەمارۆیان
نەخراوەتە سەر، کێشەی نییە.
برێند ئەربێل،
باڵوێزی پێشووی ئاڵمان لە ئێران کە وەک سەرۆکی نوێی سازوکاری تایبەتی ماڵی بۆ
تجارەت و بازرگانی لەگەڵ ئێران یان ئینستێکس، ناسێنرا، ڕۆژی ١٧ی گەلاوێژ لە قبووڵی
ئەو بەرپرسایەتییە پاشگەز بوویەوە.
ئێران تا ئێستا
لە دوو قۆناغدا پابەندی خۆی بە بەڵێنەکانی لە بەرجام دا کەم کردۆتەوە و هەڕەشەی
ئەوەی کردووە کە ئەگەر بەرژەوەندییە ئابوورییەکانی کۆماری ئیسلامی لە بەرجام
نەیەتە دی، هەنگاوی سێهەمیش دەنێت.
ئهم بابهته 2603
جار خوێنراوهتهوه