ئەردەڵان
فەرەجی
کاتژمێر
دوو دوانیوەڕۆ کە خومەینی فەرمانی جیهادی دژی گەلی کورد لە کوردستانی ڕۆژهەڵات
ڕاگەیاند، دوو بژاردە لە بەردەم گەلی کورد دا بوو: تەسلیم بوون یان بەرەنگاری و
مقاومەت. ئێوارەی هەمان ڕۆژ کۆمەڵە لە توێی ڕاگەیاندنێک بە ناوی «خلق کرد در بوتە
آزمایش» بڕیاری وەستانەوەی بەرامبەر بەو هێرشەی دا. کاک فوئادی مستەفا سوڵتانی
یەکێک لەو گەنجە ڕۆشنیبرە تێکۆشەرانەی کە بەردی بناغەی کۆمەڵەیان دامەزراند بوو،
لە نووسەرانی ئەو ڕاگەیاندنەی کۆمەڵە بوو.
بەر
لەو ڕۆژە مێژووییە – (٢٨ی گەلاوێژ١٣٥٨ی هەتاوی) بۆ گەلی کورد کە لە لایەکەوە
دەسەڵاتی تازە بە دەسەڵات گەیشتوو بە «کافر» وەسف کرا کە ڕشتنی خۆێنی (کورد) حەڵاڵ
دەکات و بکۆژەکەی خۆدا جەزای چاکەی پێ دەداتەوە،- کاک فوئاد لە ٢٢ی پووشپەڕ ڕێبەری
کۆچی مێژووی شاری مەریوانی کرد لە ناڕەزایەتی دەربڕینی بە کوشتاری خەڵکی کوردستان
و بە تایبەتی خەڵکی شاری سنە. بڕیار بۆ هێنانە دەرەوەی خەڵکی شارێک وەک
نافەرمانییەکی مەدەنی دژی تۆپ و تانگ و تەیارە، دژی توندی و تیژی و چەک و ئاگر و
ئاسن بە شیواز بڕیارێکی نوێ و ڕەچەشکێنانە و هەنگاوێک پێشتر لە سەردەمی خۆی بوو.
ئەم بڕیارە بە بەرچاوی هەمووانەوە ئەمڕۆکە بووەتە سەرچاوەی ئیلهام بۆ خەباتی
مەدەنی هەموو کوردستان کە داهێنەرەکەی کاک فوئادە.
بەر
لە کۆچی مێژووی مەریوانیش کاک فوئاد بە باوەڕمەندی بە هێزی خەباتی چینی هەژار و
کرێکاری کۆمەڵگای کوردستان و ڕێکخستنی هێزیان، پێشووتر یەکێتی جوتیارانی
دامەزراندبوو. ئەو سەردەم دامەزراندنی یەکێتی و سێندیکاش مێژوویەکی ئەوتۆی لە
کوردستان و تەنانەت لە ئێرانیشدا نەبوو، بەڵام بە پێشەنگایەتی و ڕابەرایەتی کاک
فوئاد کۆمەڵە توانی یەکێتییەکانی جوتیاران، مامۆستایان، خوێندکاران، ژنان و ....
پێک بێنێت و دیسانەوە جێ پەنجەی کاک فوئاد لەو جووڵە کۆمەڵایەتی و سیاسییە دیارە.
کاک
فوئاد لە سەردەمی زیندان و بە دیلگیرانی لە لایەن ڕژیمی پاشایەتی ئێرانەوە، باوەڕی
قووڵی بە هێزی جەماوەر بوو و هەموو هەوڵیشی ڕێکخستنی ئەو هێزە بووە، لەم سۆنگەیەوە
زۆرجاران لەگەڵ باقی چالاکانی سیاسی ئەو سەردەم لە زیندان کەتبوونە مشت و مڕ لە
سەر ئەوەی کە مێتۆد و شێوەخەباتی چریکی بۆ ئەو قۆناغە نەگونجاوە. دواتر کاک فوئاد
لە گەرمەی خۆپیشاندانەکانی خەڵک دژی ڕژیمی شا و ڕوخانی ئەو ڕژیمە لە زیندان ئازاد
بوو. کاک فوئاد هەروا باوەڕی بە هێزی مەدەنی بوو و تەنانەت کۆچ پێدانی شاری
مەریوانیش بۆ پێشگیری بوو لە هەڵگیرسانی شەڕ و هاتنە ئارای توندوتیژی و بە تایبەتی
بۆ داکۆکی لە خەڵکی شاری سنە بوو کە لە شەڕی دوو بەرەی سەفدەری و موفتی زادەکان
ڕۆژانە شەهید دەکران.
دوای
شەڕی ٢٤ ڕۆژەی شاری سنە و مقاومەت و بەرەنگاری خەڵکی کوردستان دژی داگیرکەرانی و
شکستی کۆماری ئیسلامی لە هێرشی یەکەم بۆ سەر کوردستان، وت و وێژ لە نێوانی کورد و
دەوڵەتی ناوەندی لە تاران هاتە ئاراوە. کورد هەیئەتی وت و وێژکاری پێکهێنا و
دەسەڵاتی ناوەندیش نوێنەرەکانی نارد بۆ کوردستان. دانیشتنێکی ٤٥ خولەکی کە لە
نێوان ئەو دوو لایەن ئەنجام درا پاش پشوویەک کە ڕاگەیەنرا بۆ دەست پێکی بەشی دووی
کۆبوونەوەکە ئەوا نزیکەی چل ساڵە بەردەوامە. لەو هەیئەتەشدا کاک فوئادی مستەفا
سوڵتانی تێیدا ئەندام بوو.
بە
تێگەیشتن و لێکدانەوەی دروستی کاک فوئاد لە نییەتی دەسەڵاتی ناوەندی، کاک فوئاد
قەناعەتێکی لا دروست بوو کە ئەم ڕژیمە مەیلێکی بۆ سازان و دانی مافی کورد و
داواکارییە ڕەواکانی نادات و بەڵکوو تەنیا لە هەوڵی یەکخستنی هێزە
سەرکوتگەرەکەیەتی بۆ سەر کوردستان و درەنگ یان زوو هێرش دەکاتە سەر کوردستان. ئەم تێگەیشتنە
پێویستی بڕیارێک بوو بۆ وەستانەوە و خۆڕاگری سەربازی. کۆمەڵە کە ئەوکات هێزی
پێشمەرگە و چەکداری ڕێکخراو و سازماندراوی نەبوو، بڕیار لە سەر دروست کردنی درا.
لە گەڕانەوەی کاک فوئاد و کاک عەبدوڵڵا موهتەدی لە سنەوە بۆ مهاباد کە ئەو کات
سەرکردایەتی کۆمەڵە لەوێ بوون، بە ڕاوێژ لەگەڵ باقی سەرکردایەتی ئەو کاتی کۆمەڵە
لە سەقز ئەو بڕیارە دەدرێت کە کۆمەڵە دەبێت بۆ مقاومەت و بەرەنگاری لە ئەگەری
چاوەڕوانکراوی هێرشی کۆماری ئیسلامی بۆ
سەر کوردستان، ئامادە بێت. لەو قۆناغەدا بوو کە کاک فوئادی مستەفا سوڵتانی بەوپەڕی
بوێرییەوە کە ڕۆژێک لە ڕۆژانی یەکێتییەکی بەهێزی
جوتیارانی دروست کرد، بڕیاری هەڵوەشانەوە دەدات و دەڵێت کە پێویستی ئەم قۆناغەی
خەباتی کورد، بوونی هێزێکی بەرگریکاری تۆکمەی پێشمەرگانەیە.
بە
تێگەیشتن و ژیری و وریایی و لێکدانەوە و هەڵسەنگاندنێکی واقیعبینانە، کاک فوئادێک
کە باوەڕمەند و ڕێبەر و ڕەچەشکێن و لایەنگری خەباتی مەدەنی بوو، بڕیار لە سەر
مقاومەت و وەستانەوە دژ بە هێرشی داگیرکەرانی کوردستان دەر دەکات. مقاومەت و
وەستانەوەیەک کە تێیدا خوێن دەڕێژڕێت. مێژووی چل ساڵەی بەرەنگاری خەڵکی کوردستان،
ئەمڕۆ شایەتی دروستی و ڕاستی ئەو بڕیارەی کۆمەڵەن کە کاک فوئادی ڕێبەری دەکرد.
دووانەی
ڕێبەرانی کۆمەڵە کاک فوئادی ڕابەر، کاک سدیقی کەمانگەر بوو. کاک سدیقی کەمانگەر.
پارێزەرە و ڕووناکبیر و تێکۆشەری ناوداری کوردستان.
کاک
سدیق بەهۆی وتاربێژییە ئاگرینەکانی کە بۆ یەکەم جار لە پاش دەست بە سەرداگرتنی
ڕادیۆ و تەلەفزیۆنی سنەوە ڕوو لە خەڵکی کوردستان پێشکەشی کرد، بە «زمانی ئاگرینی
شۆڕش» ناوی دەرکرد. پیاوێکی بەهەیبەتی ژیری خوێنگەرم، ڕێبەرێکی مەیدانی، چاونەترس
و وریا. کاک سدیق کە ئەندامی هەیئەتی نوێنەرایەتی گەلی کورد بوو، لە دانیشتن لەگەڵ
نوێنەرانی دەسەڵاتی تاران، کاتێک کە ئەحمەدی موفتی زادە بۆ خۆ شیرین کردن لە لای
تاڵەقانی و باقی نوێنەرانی تاران، دەنگی تۆمار کراوی کاک سدیق کەمانگەر بە زەبت لێ
دەداتەوە، تاڵەقانی کە گوێی گرانە، گوێ دەباتە پێش زەبتەکە و دواتر دەڵێت؛ ئەم
سدیقی کەمانگەرە کێیە؟ بۆ نایگرن و ئیعدامی کەن؟ پیاوێکی کەڵگەتی بەهیبەتی دەنگ
دلێر هەڵدەستێتە سەر پێ و بە دەست لە سەر سنگی دەدات و دەڵێت؛ منم سدیقی کەمانگەر.
هەر
گەل و نەتەوەیەک لە خاڵ و قۆناغێکدا دەکەوتنە دۆخێکی هەستیارەوە کە بڕیاری
سەرکردەکانی دواڕۆژی گەلەکەیانی پێوە بەندە. کورد شانازی دەکات بەوەی دوو سەرکردەی
وەک فوئاد و کاک سدیقی بوو کە ڕێبەرایەتی بزووتنەوەیەکی داواکارانەی بەرحەقیان
دەکرد و کۆمەڵەش پێشەنگی بوو. کەم بوون ئەوانەی لە یەکەم ساتەکان بێ دوو دڵی
بڕیاری وەستانەوە و مقاومەتیان دا، بەڵام کەمینەیەکی بەپێز و بەهێزبوون.
پراگماتیستی
دوو سەرکردەی دیاری بزووتنەوەی گەلی کورد کە دووکیان لە ڕێبەری و سەرکردایەتی
کۆمەڵەدا بوون ئەو شانازییەیان بۆ میللەتەکەیان تۆمار کرد و ڕێیان نیشاندا کە یان
تەسلیم بن و ببن بە میللەتێکی تەزیو و بەزیو یان ڕوو سووری مێژوو و نەوەکانی
داهاتوویان بن. گەلی کورد بە ڕێبەری دووان لە سەرکردە ژیرەکانی کورد خۆڕاگریی و
وەستانەوەیان هەڵبژارد. ئەگەرچی میراتێک کە کۆمەڵە و ڕێبەرانی گیانبەختکردووی
کۆمەڵە و ئەو دیارییانەی کە ڕێبەری کۆمەڵە پێشکەش بە بزووتنەوەی گەلی کوردی پێشکەش
کردووە، تێگەیشتنێک دەبەخشێت کە تاکی کورد بۆ دەستەبەر کردنی مافە ڕەواکانی لە
هەموو بوارەکانی خەبات کەڵک وەربگرێت و نابێ و نەگونجاوە تەنیا یەکێک لەو بوارانە
ڕەچاو بکات. هەر ئەوەی ئەمڕۆکە لە دان و ستانەوە بگرە، تا خەباتی مەدەنی و
دیپلۆماسی و جەماوەری کورد ڕەچاوی دەکات.
ڕۆژی
٩ی خەرمانانی ساڵی ١٣٥٨ی هەتاوی کاک فوئادی ڕابەر بەداخەوە لە مەیدانی خەبات گیانی
ئازیزی لە پێناو ئامانجە بەرزەکانی گەلی کورد و بزووتنەوە شۆڕشگێڕانەکەی بەخت
دەکات و هەر لە مانگی خەرمانان دا و لە ڕۆژی ١٣ و دە ساڵ پاش شەهید بوونی کاک فوئاد، کاک سدیقیش لە ساڵی ١٣٦٨ بە دەستی یەکێک
لە بەکرێگیراوانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی تیرۆر دەکرێت.
لە
دەست دانی ئەو دوو ڕێبەرە جەماوەرییە بۆ گەلی کورد و بە تایبەتی بۆ کۆمەڵە زیانێکی
گەورە و گران بوو. بەڵام بیر و ئەندێشە و ڕێبازی کاک فوئاد و کاک سدیق هەر
زیندوون.
ئەمڕۆکە
کۆمەڵەی شۆڕشگێڕ کە درێژە دەرەی ڕێگا و ڕێباز و ئەندێشەی کاک سدیق و کاک فوئادە
چالاکانە لە شانۆی سیاسی و گۆڕانکارییەکان دا بەشدار و ڕۆڵی کارای لە ئاراستە
کردنی ڕووداوەکان هەیە. بوونی پێگەی جەماوەری کۆمەڵە کە خۆی لە جووڵە بەربەرینە
کۆمەڵایەتی و سیاسی و کولتوورییەکان لە باکووری ترین تا باشووری ترین ناوچەکانی شوێنی کوردستانی
ڕۆژهەڵاتەوە دەنوێنێت لە هەموو فۆڕم و بوارەکانی خەبات، سەلمێنەری ئیدعای زیندوو
بوونی بیر و ڕێباز و ئەندێشەی کاک فوئادە.
ڕاستە
ئەمڕۆ ئەو ڕۆژە نییە بڵێین کە شۆڕش و بزووتنەوەی گەلی کورد سەرکەوتووە، بەڵام ئەو
ڕۆژە دوور نییە و ئاسۆی گەیشتن بە سەرکەوتن گەشترە لە ماوەی ئەم چل ساڵەی ڕابردوو.
ئەرکی ڕێبوارانی ڕێگای کاک فوئاد و کاک سدیق بە ئەنجام گەیاندنی ئامانجەکانی ئەو
دوو ڕێبەر کاریزماتیکەی گەلی کورد. شۆڕش بە بێ فوئاد سەردەکەوێ، بەڵام بە بێ بەدی
هاتنی ئامانجەکانی کاک فوئاد سەرناکەوێ، واتە پێناسەی سەرکەوتوو بوونی شۆڕش و
بزووتنەوەی خەڵکی کوردستانی ئێران لە گرەوی هاتنە دی ئامانجەکانی کاک فوئاد و کاک
سدیقە و خەبات تا وەدیهاتنی ئەو ئامانجانە بەردەوامە و ڕێبوارانی ڕێگای کاک فوئاد
و کاک سدیق بێ سڵ کردنەوە لە تەنگ و چەڵەمەکانی سەر ڕێی ئەو خەبات و شۆڕشە تا
سەرکەوتن هەدا نادەن.
ئهم بابهته 2154
جار خوێنراوهتهوه