«خەوەبەردینە»
سوارە ئیلخانی زادە
لە چەشنی گەرووی کەو
کەوی دۆمی یەخسیری زیندانی داری
پڕی سەوزە بەستەی خرۆشانی باڕی
تەرەی باوەشی تاسەباری بناری
شەپۆلی لە گوێن خوێنی شەرمی کچانە
لەسەر ڕوومەتی ماتی بووکی ڕەزاسووک
بە تینی بتاوێنی ڕوانینی زاوا
گەرمتر لە پڕشنگی تاوی بەھاری
وەکوو نەرمەھەنگاوی لاوی بەرەو ژوان
لە جێ ژوانی زیندوو بە گیانی کچی
جوان
وەکوو گەرمەیاوی قەشەی دەستی تاراو
لە بژوێنی دەریای بلوورینی بەروێ
بەخوڕ خۆ بە دیواری کێوا ئەدا ئاو
لەگەڵ گاشەبەردا سەر ئەسوێ سەر
ئەسوێ.
*
کچی نوور قەتیسی دەسی دێوی کێوە
لە ئەنگوستە چاوی دڵی خێوی کێوا
بەرەو دەر، بەرەو شاری دەریا بەڕێوە.
گەرووی ویشک و چاوی سپی چاوەکانی
دەرووی ڕوونی ئاوە
بە فانۆسی ئەستێرە بەرچاوی ڕوونە
لە بەرپێی حەریری کەوەی سێوەڕە
بە پۆی مانگەشەو چندراوە.
ئەڵێی بورجی خاپووری مێژووی لەمێژین
لە درزی ھەزار خشتی ڕۆژ و شەوانی
دڵۆپەی چپەی پۆلی پەریانی دادا
ئەڵێی پێکەنینی کچی سەرگوریشتەی
قەدیمی
لە ئەندامی تاپۆی وەکوو بوومەلێڵی
سنووری شەوی دوێنێ ئەوڕۆی بەیانی
پەچەی قورسی نسیانی ئینسانی لادا
*
ئەڵێی دەنگی شمشاڵە ڕەشماڵی دۆڵی
دڕیوە
شەماڵی دەرەی دوورە شاری
پشووی پڕ لە عەتری بەھاری کچی کورد
بە بلوێری شووشی گەرووی زەرد و زۆڵی
لە زەنوێری زێوی ئاژنی سای
زرینگانەوەی شەو
بە خوڕ زەمزەمەی ھەڵبڕیوە
بە ئیعجازی ئەنگوستی پاکی موحەممەد
شەتی نوور بە ڕووی مانگی عەرزا کشاوە
ترووسکەی برووسکەی شەوی دەم بەھاری
بە ھەورە
لەسەر عاسمانی زەوی ڕاخوشاوە.
لە ھەر گاز و ڕێبازێ وا گازی ئاوی
ئەگاتێ
نیازی ھەزاران گەزیزەی بەنازی وەدی
دێ
ئەبووژێتەوە داری چاکی بەودمی
ھەناسەی
شنەی نەرمە لاوێنی دەم بای ئەخاتێ.
*
ئەڵێن تاجی زمڕووتی دووڕگەی لە سەر
ناوە دەریا
ھەتا چاو ھەتەرکا، شەپۆلە، شەپۆلە
لە بوونا لە چوونا
بەئاھەنگە سەربەندی بزوێنی خۆشی
لەبەر خۆرەتاوا ئەڵێی سینگی ژینە
ئەھاژێ
ئەڵێی: ھانی ھەستانە دەنگی خرۆشی
سروودی خوناوەی بەھارە لە گوێما
لە ھەر شیوە جۆبارێ ھەر دەشتە چۆمێ
لە دڵمایە بڕوای بەرینی بە دەریا
گەیشتن
لە تاریکە تاراوگەکەم وا بەسەر چوو
زەمانی تەریکیم
ئیتر خێر و خۆشی لە ڕێما
*
وەھایە:
کە کانی بەھیوا
بەھارانە لووزەو ئەبەستن بەرەو شاری
دەریا
بەڵام داخی جەرگم لەگەڵ ھەر بەھارێ
کە ڕائەچڵەکن سەوزەڵانی
لە خاکینە خەونی گرانا
لە دڵما خەم و داخی ئەم دەردە سەوزە:
کە دەردی گرانی ھەموو ڕێبوارێ
وەنەوزە.
*
لەبەر نووری خۆرا
گەلێ کوێرەکانی شەوارەن
زنەی دەم بەھاواری ھاری درۆزن ھەزارن
کە تەسلیمی سیحر و تەلیسمی بنارن
بەبێ ھەوڵی ھەڵدان و چارانی چارن
بەھیوان بگرمێنێ ھەوری بەھاری
ڕەھا بن
لە زیندانی بەردینی غارا.
کەچی، وا کەوی و دەستەمۆی دەستەڵاتی
ڕکەی دۆڵ و شیون
لەبەر سامی ڕێ وا بەزیو و تەزیون
لەگەڵ گۆچی کردن گزنگێ،
چەواشەن لە پێچی نزارا.
*
ھەتا بیری تاڵی گڕاوێ
بە دڵما گەڕاوە
ھەتا یاد ئەکەم ئاوە بەو ورمە
بەردینە کاری کراوە
ئەڵێم سەد مخابن
وەجاخێ کە ڕووگەی ھەزاران نزای شینە
باھۆی بەتاسەن
وەبووژێنەوەی ھەست و ھان و ھەناسەن
چلۆنە کە بیژووی گڕاوان ئەبینن
لە نێو چاوی ئەو خانەدانە
لەھی چۆنە پیتی بڕاوە؟
نە سۆزەی بلاوێنی میری، خوناوەی
بەھاری
نە تووکی برای ڕێبواری
لە کاسی خەوا، فێری ڕاسانی ناکەن
لە مانا، بە ئامان و بریا
پەشیمانی ھەرمانی ناکەن
وەھاگەی لەشی بەوگە بەردینە گاوی
دراوە
کە حێلێکە، کۆڕژن و حیلەی نەماوە
وەھایە کە ھەر گیایە لەو دەشتە شینن
لەسەر ماتەمی ئاوە بەردینە، سەرشین و
سەرگەرمی شینن
*
گەلێ گۆلە لەو چۆلە یەخسیری خاکن
بە ڕوویا گەڵا وەک چەمۆڵەی کڵۆڵی
وەریون
گەمارۆی زەلی نێزە، وا تەنگی پێ
ھەڵچنیون،
کەبێ دەرفەتی پێکەنینن بەسەد بەرزگی
زەردە ماسی
لق و پۆپ و ھەشگەڵ
وەھا دەور و پشتی تەنیون
کە بێ فرسەتی چاوەبڕکێ
لەگەڵ عەرشی پاکن
*
ھەتا جۆگە ئاوێ بە وشکی دەبینم
ئەڵێی مێرگی ڕوخساری کیژێکی کاڵ و
مناڵە
بەکووزی تەمەن جاڕەجوانێکی پڕ خەوش و
خاڵە،
تەشەندارە جەرگی برینم.
بەڵێ: دوورە گەرمێنی دەریا
بەڵێ: وایە کانی ھەژارن
ئەزانم
ئەوانەی کە پاراوی ئاون بژارن.
ئەزانم لە ڕێگا،
مەترسی گەلێ ژەنگ و ژارن.
بەڵام کاکە ئەو گشتە عەقڵی خەسارن
لە ناو ئەو ھەموو ئاوە ھەر چاوەیەک
باوی ھەنگاوی خۆشە
بە تەنیا ئەوە شارەزای کۆسپ و
کەنداڵی ڕێیە
ھەوەڵ مەنزڵی زێیە، ئاواتی بەرزی
زرێیە
ئەزانێ لە ھەڵدێرە ھانی بەھێزی
لە ئەسکوند و چاڵایە ھەڵدان و گێژی
پەڕۆی شینی سەرشانی دەریایە ژینی
کەرێزی
ئەزانێ لەپێ ناکەوێ پێیە پێڵاوی
تاسەی پیاسەی لە پێ بێ
نەوەستان دەوەستێ بە دەستێ
کە خاراوی ئیش و سواوی سوێ بێ
لە ھەر شوێنێ ڕاماوە، داماوە، کاری
تەواوە
ئەزانێ ئەبێ ھەر بژێ و باژوێ، تا بژی
تا بمێنێ
ھەناوی بە ھەنگاوە، نەسرەوتنە
کوولەکەی ڕووحی ئاوە.
١٩٧٠ / ڕۆژهەڵاتی کوردستان
ئهم بابهته 3229
جار خوێنراوهتهوه