سەرکەوتن و پێشڕەو بوون لە گرەوی فێرکاریی ڕێکخراوەیی و ڕێکخراوی فێرکاری

سەرکەوتن و پێشڕەو بوون لە گرەوی فێرکاریی ڕێکخراوەیی و ڕێکخراوی فێرکاری

سەرکەوتن و پێشڕەو بوون لە گرەوی فێرکاریی ڕێکخراوەیی و ڕێکخراوی فێرکاری

دڵنیا ڕەحیم زادە

لەسەردەمی گلۆبالیزەیشێندا و لە ئێستادا دونیا بە خێرایی ڕوو لە گۆڕان و بەرەو پێشچوونە. لەم ھەل و مەرجەدا و لەم سەردەمەدا کە خێرایی گۆڕانەکان بەرچاوە، ڕێکخراو و سەندیکا و حێزبەکان چی دەکەن؟ چۆن خۆیان لەگەڵ دەو سەردەمە کە بە ھاسانی ناتوانرێت داھاتووەکەی پێشبینی بکرێت دەگونجێنن؟ دەبێ چ بکەن؟ ڕێکارەکان بۆ دەرباز بوون لە ڕێکخراوەو حیزبێکی سۆننەتی بۆ رێکخراوەو حێزبێکی مۆدێرن و پێشڕەو چییە؟ کاریگەری فێرکاری و فێربوون لەسەر ئەو ڕەوتە چییە؟ جیاوازییەکانی نێوان ڕێکخراوی فێرکاری و فێرکاریی ڕێکخراوەیی چییە؟ کامیان کاریگەری زیاتریان ھەیە لە بەرەوپێشبردن و پێشڕەو کردنی ڕێکخراوێک؟ لەم بابەتەدا ھەوڵ دەدەم وەڵامی ئەو پرسیارانەو چەند باسێکیتریش بخەمە بەر باس.

ڕێکخراوەکان بۆ بەرەو پێش چوون دەبێ ھەموو ھەوڵی خۆیان بخەنە گەڕ و ھەموو ئەندامەکانی دەبێ دەست بە دەستی یەکتر بیرۆکەی کۆن وەلا بنێن و بۆ گەیشتن بە ئامانج، پەیڕەوی ستراتێژی فێرکاری و نوێبوونەوە بن. گۆڕانکاری و نوێبوونەوە دەبێت ببێ بە ئامانجی ھەموویان و بەردەوام لەگەڵ گۆڕانکاری سەردەم خۆیان ڕێک بخەن. لە ئەگەری بەردەوام بوونی ئەم ھەوڵە، لە درێژماوەدا ڕێکخراوەکە سەرکەوتوو دەبێت و لە ڕێکخراوێکی سۆننەتی دەربازی دەبێت بۆ ڕێکخراوێکی پێشڕەو. ئەگەرچی، ئەم ھەوڵە بە ئەندامان بە تەنیا ناکرێت و حێزب و ڕێکخراوە دەبێ فەزای فێرکارییەکەی بۆ بڕەخسێنێت. ھەر بۆیەش فێرکاریی ڕێکخراوەیی و ڕێکخراوی فێرکاری بە یەکەوە دەتوانن یارمەتیدەر بن بۆ پێشڕەو بوونی ڕێکخراوەیەک.

ئێستاکە سەردەمی تێکنۆلۆژییەو پڕۆسەی گۆڕان بە خێرایی تێپەر دەبێت و داھاتوو زۆر ڕوون و بەرچاو نییەو ھەروەھا پێشبینی کردنیش زۆر ھاسان نییە، ھەر بۆیە ئەگەر ڕێکخراوەو حیزبەکان لەگەڵ ئەو گۆڕانکارییە نەڕۆنە پێشەوە ئەوە تووشی کێشەی جیددی دەبن و بەرەو نەمان دەچن. واتە لەگەڵ گۆڕانکاری لە دونیادا دەبێت ڕێکخراوەکانیش دەست بدەنە گۆڕانکاری جدی بۆ ھاوئاھەنگ بوون لەگەڵ سەردەمەکە. تەنیا یەک شت لە ڕێکخراوەکان نابێت بگۆڕدرێت ئەویش گۆڕانکاری و ڕاھاتن لەگەل دۆخی سەردەمە. درووست کردنی فەزایەک بۆ فێرکاریی و شایستە سالاری بنەمای ڕێکخراوەیەکی فێرکارە. رێکخراوی فێرکاری و فێرکاریی ڕێکخراوەیی، ئەگەر چی دوو مانا و واتای جیاوازیان ھەیە، بەڵام لە کۆتاییدا بە یەک دەگەن و ئاوەکەیان دەچیتەوە ڕووبارێک.

ڕێکخراوەی فێرکاری و فێرکاریی ڕێکخراوەیی خاڵی ھاوبەشیان زۆرەو ھەردووکیان بریتین لە فێر بوون. یەکیان پڕۆسەی فێرکارییەکەیە و ئەوی دیش بە کردەوە کردنی پڕۆسەکە. ئێستاکە ھەردوو شێوەکە لە رێکخراوە جۆربەخۆرە سەرکەوتووەکان بەڕێوە دەچێتت.

فێرکاریی ڕێکخراوەیی پڕۆسەییەکە بۆ ھەوڵ دان بۆ باشتر بوون و بەرەو پێش چوون لە ڕێگەی زانست و تێگەیشتنی زیاتر، بەڵام رێکخراوی فێرکاری، ڕێکخراوەیەکە کە لە پێناو ئامانجێکی تایبەت و بۆ بەھێزکردن و باشتر کردنی ڕێکخراوەکە، بنەما و ستراتێژییەکان درووست دەکات.

ھەروەک ئاماژەم پێدا رێکخراوی فێرکاری خۆی پڕۆسەی گۆڕانکارییەو لە ھەمانکاتدا فێرکاریی ڕێکخراوەیی پڕۆسەو ستراتێژی ھەیە بۆ بەکردەوەکردنی گۆڕانکارییەکان لە ھەموو ڕێکخراوەکەدا.

بەلەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە ڕێکخراوەکان بەردەوام لە پێشبڕکێ و رکەبەرایەتیدان، لە ئێستادا بەرەو ئاستێکی نزمتر لە پێشوو یا خود ئاستێکی نزمتر لە چاوەڕوانی سەردەم دەڕۆن. ھەربۆیەش ڕێکخراوەکان لە دونیادا بۆ پێشڕەو بوون لەم دوو حاڵەتە کەڵک وەردەگرن. کەڵک وەرگرتن لەم ستراتێژییە بە شێوەیەکی زیرەکانە یارمەتیدەر دەبێت بۆ مانەوەی رکەبەرایەتی و دەرباز بوون لە نشوستی سیاسی و ھەوڵ بۆ پێشڕەو بوون.

* فێرکاریی ڕێکخراوەیی

فێرکاریی ڕێکخراوەیی، بە واتای پڕۆسەی ئاڵوگۆڕ کردنی زانست و تێگەیشتنە لە ناوخۆی ڕێکخراوەکەدا و بەردەوام دەبێت ڕوو لە گەشە بێت. ئەندام، دەستەو ڕێکخراوەکە دەبێت لەو ماوەدا بنەمای زانست و تێگەیشتن دابڕێژن و باس و بابەت بۆ بەرەو پێش چوونی ڕێکخراوەکە بێننە بەر باس و گفتو گۆ و ھەوڵی جدی بۆ بدەن. بۆ نموونە دەبێت لەسەر بابەتی جۆر بە جۆر کە لە ئێران و لە کوردستان روودەدات، خوێندنەوەی بۆ بکەن و بیخەنە بەر باس کە دەبێ چ بکەن بۆ خۆ گونجادن و خۆ ڕێک خستن لەگەڵ ھەر شەپۆلێکی نوێی ناڕەزایەتی لە ناوخۆی وڵات یا خود ھەوڵ بدەن بۆ دۆزینەوەی ئێبتکاری نوێ بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی لەمسەردەمەدا. بە گشتی چوار جۆر زانستی فێرکاری لە ڕێکخراوەیەکدا ھەیە کە ھەرکامیان بە جۆرێک پێش دەکەون و جیا دەکرێنەوە لە کۆمەڵگەی فێرکاری و ئەو چوار جۆرە زانست و تێگەیشتنەش بریتین لە؛

تاکەکەسیindividual ،گرووپ، ڕێکخراوەیی و نێوان ڕێکخراوەیی، inter- organization .

فێرکاری تاکەکەسی؛

ھەروەک لە ناوەکەیدا دیارە بچووکترین فێرکاری ڕێکخراوەیی، فێرکاری تاکەکەسییە کە تەنیا لە یەک کەس پێک دێت. لە کۆمەڵگەدا ئەگەر تەنانەت یەک کەسیش زانست و تێگەیشتنی لە سەرەوە بێت، بە گشتیی دەتوانێت یارمەتیدەر بێت لە باشتر بوونی کۆمەڵگەیەکدا، بەڵام بۆ ئەوەی کاریگەری ھەرچی زیاتری ببێت ئەوە کەسەکە دەبێت ئەو زانیارییە شەیر یا خود بڵاو بکاتەوە لەگەڵ کەسانیتردا و ئەو زانست و تێگەیشتنە وردە وردە بە ناو ڕێکخراوەکەدا بڵاو دەبێتەوەو ڕێکخراوەکە بەگشتی سوودی لێ دەبات.

فێرکاریی گرووپ؛

گرووپ و کاری تیمی لە ڕێکخراوەکاندا دەتوانێت کاریگەری زۆر زیاتری ببێت لە چاو فێرکاریی تاکەکەسی. لە فێرکاریی گرووپ و تیمدا، کەسەکە بە ئەرکی خۆی دەزانێت زانستی بباتە پێش و ھەموو ھەوڵێک دەدات لەگەڵ تیم و گرووپەکەی زانستیان بەرنە سەرەوەو کاتی بۆ تەرخان دەکات. باشترین نموونە، کاری گرووپیی پزیشکانە لە نەخۆشخانەکان. کاتێک نەخۆشێک پێویستی بە نەشتەرگەری دەبێت ئەوە چەند پزیشک و پەرەستار و موتەخەسێسی تایبەت نەشتەرگەری بۆ نەخۆشەکە دەکەن و ئەگەر پزیشکێک تووشی ھەڵەیەکی تایبەت ببێت لە نەشتەرگەریدا ئەوە لە ئەگەری سەرکەوتوو بوون ھەموویان سەرکەوتوو بوون و لە ئەگەری ناسەرکەوتوویش ھەموویان بەشدارن لە ناسەرکەوتوو بوونی نەشتەرگەرییەکە. لێرەدا فێرکاریی گرووپ و تیم دەریدەخات کە چەندە یارمەتیدەر دەبێت لە بەرەپێشچوونی پڕۆسەی فێرکاری.

ئێستا باسەکە ئەوەیە فێرکاریی ڕێکخراوەیی چ گرنگیەکی ھەیە؟ لەوانەیە ڕێکخراوەکان بڵێن ئەوە نییە ئێمە ھەوڵی فێر کردنی ئەندامانمان دەدەین و فێرگەکانمان بەردەوام لە ھەوڵداندایە، ئایا ئەوە بەس نییە؟ لە ڕاستیدا نەخێر ئەوە بەس نییە. لەبەر ئەوەی وەک لە سەرەتاشدا ئاماژەم پێدا، سەردەمەکە ڕوو لە ئاڵوگۆڕێکی خێرایە، حیزب و ڕێکخراوەکان ناتوانن بەو ئاستە لە فێرکاری، پێش بکەون و خاڵی جێی سەرنج ئەوەیە، کە ڕێکخراوەکان بۆ ئەوەی بتوانن خۆیان لەگەڵ ئەو ژینگەیە کە بە خێرایی ڕوو لە گۆڕانە بگونجێنن، دەبێت بەردەوام لە فێربووندا بن و تەنیا فێربوونی ئەندامان، سەرکەوتنی درێژ ماوە بەدوای خۆیدا ناھێنێت.

چۆن فێرکاریی ڕێکخراوەیی بکەینە پڕۆژەو پلان بۆ کاری ڕێکخراوەیی؟

ڕێکخراوەکان بە سێ ھەنگاو دەتوانن فێرکاریی

ڕێکخراوەیی لە ناو ڕێکخراوەکاندا بەرنە سەرەوەو کاری پێ بکەن. یەکەم ھەنگاو بەکارھێنان یان درووست کردنی زانست و زانیارییە. بەڕێوەبەرانی ڕێکخراوەکان دەبێ بەردەوام لە ھەوڵی دۆزینەوەی زانستی نوێ و ھەڵسەنگاندنی دۆخەکەو لێکدانەوەی ژینگەی چالاکییەکانیاندا بن.

دووھەم ھەنگاو ڕاگرتنی زانست و زانیارییەکەیە. کاتێک بەڕێوەبەرانی ڕێکخراوەیەک زانست و زانیاری نوێی تەریب لەگەڵ سەردەمەکە دەدۆزنەوە، پێویستە سیستێمێک بۆ راگرتنی ئەو زانست و زانیارییە لە ڕێکخراوەکەدا بدۆزنەوە. ئەو زانست زانیارییانە دەبێت بە جۆرێک ئارشیڤ بکرێت کە لە داھاتوودا کەسانیتریش بتوانن کەڵکی لێ وەربگرن. دوایین ھەنگاو بۆ پێشبردنی فێرکاریی ڕێکخراوەیی، گواستنەوەی زانست و زانیارییەکەیە. دەبێت وەک ستراکچێرێک بۆ زانستی گشتیی ڕێکخراوەکە بڕوانینە فێرکاریی ڕێکخراوەیی. ئەندامان و بەڕێوەبەران بە گشتیی شتی نوێ فێر دەبن و ئەو زانستە لە ناو ڕێکخراوەکەدا شەیر دەکەن و بەو شێوەیە گۆڕانکاری گەورەو ئەرێنی لە ڕێکخراوەکەدا ڕوو دەدات و سەرکەوتنی درێژ ماوە مسوەگەر دەکەن بۆ ڕێکخراوەکەیان.

ڕێکخراوەی فێرکاری

ڕێکخراوە فێر کارییەکان، بەو ڕێکخراوانە دەوترێت کە ئەندامان و بەتایبەتی ئەندامانی بەڕێوەبەری بە بەردەوامی لە فێربووندان و بەردەوام ئۆلگووی نوێ و بیرۆکەی نوێ پەروەردە دەکەن.

ئەرکەکانی ڕێکخراوەیەک بۆ ئەوەی ببێت بە ڕێکخراوێکی فێرکاری؛ *

دابین کردنی ھەلی بەردەوامی فێرکاری.

بۆ گەیشتن بە ئامانجەکان کەڵک لە فێربوون وەربگرێت.

پێرفۆرمانس یان کارکردی تاکەکەسی گرێ بدەن بە پێرۆرمانسی ڕێکخراوەییەوە.

بەھێز کردنی دیالۆگ و گفتوگۆ و دابین کردنی ئەمنییەت بۆ خەڵک و ریسک کردن.

لە کۆتاییدا و بەلەبەر چاوگرتنی پێناسەی رێکخراوەی فێرکاری و فێرکاریی ڕێکخراوەیی و جۆرەکانی، گرنگترین شت پاش تێگەیشتن لە بابەتەکەو بەدواداچوون، ئەوەیە کە زانستی چۆن بەکارھێنانی ھەر کام لەو جۆرانەی فێرکاری لە پێگەو جێگەو کاتی تایبەتدا دەتوانێت یارمەتیدەر بێت بۆ پێشڕەو بوونی حیزب یان ڕێکخراوێک و ئەو تێگەیشتن و زانستەیە گرنگی ئەو باسەو ئەنجامی سەرکەوتنیی درێژماوە دەردەخات. ئەگەر بە ھەڵە لە فێرکاری و جۆرەکانی، کەڵک وەربگیرێت یا خود دووپاتبوونەوەی ناپێویست لە ھەرکام لە بەشەکاندا بکرێت ئەوە ئەنجامی سەرکەوتووانە نابێت و کوردی وتەنی ریسەکە ھەموو دەبێتەوە بە خوری و لە ھەمانکاتیشدا ئەگەر بە درووست و بە جێ و بەبەردەوامی کەڵکی لێ وەربگیرێت ئەوا ڕێکخراوەکە ھەڵکشانی سەرکەوتنی بەردەوام بە خۆیەوە دەبینێت. من لەو بڕوایەدام حیزبەکان لە سەردەمی ئێستادا پێویستە فێرکاریی ڕێکخراوەیی و ڕێکخراوەی فێرکاری بکەنە پلان و پرۆژە بۆ کاری داھاتوویان و ئەوەیە کە دەتوانێت یارمەتیدەر بێت لە حێزبێکی سۆننەتی دەربازیان بێت و ببنە حیزبێکی پێشرەو سەرکەتنی یەک لەدوای یەک مسوەگەر بکەن و پێشڕەو بمێنن.


ئه‌م بابه‌ته 3171 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


PM:02:24:12/08/2020