سرویسی ئابووری- ئاسۆی ڕۆژهەڵات/ دەستپێکی مامڵەکانی ئەمڕۆی بازاڕی
سەرمایە هێماگەری بوورس بە هەڵوەرینی ٣٥هەزار و ٨٢٥ یەکە بۆ ١ میلیۆن و ٨٦٧ هەزار
و ٤٤٣ یەکە دابەزی و هێماگەری گشتی هاوکێشیش بە هەڵوەرینی ٣ هەزار و ٥٧٧ یەکە بۆ
٤٩٧ هەزار و ٦٠٩ یەکە دابەزی.
بورسی تاران لە دواینن ڕۆژەکانی کاری هەفتەی ڕابردوو (سێ شەممە
و چوارشەممە) وێڕای یەک ٩٠ هەزار یەکە دابەزین و لە دوێنێ شەممە (یەکەم ڕۆژی کاری
ئەم هەفتەیە) ٧٢ هەزار یەکە کەمی کرد.
ئیحسان خاندووزی جێگری سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئابووری مەجلیسی ئێران
لە تویتێکدا دەربارەی هەڵوەرینی شاخسی بوورس لە ڕۆژی شەممە دا نووسی؛ هەفتەی
ڕابردوو بە لێدوانی وەزیری ئابووری لە بەرامبەر وەزیرێکی دیکە، بورس نیگەتیڤ
بوویەوە، شەممەش بڕیارێکی بانکی ناوەندی ئەم دابەزینەی خێراتر کردەوە."
ئەمە لە کاتێکدا کە ئەمڕۆ (یەک شەممە) لە ماوەی ٢٠ خولەک پاش
کرانەوەی بازاڕی بوورس بە لەبەرچاو گرتنی لێدوانەکانی دۆناڵد ترامپ دەربارەی کارا
کردنەوەی میکانیزمی "ماشە" (پەلە پیتکە) ٤٠ هەزار یەکە لە هێماگەری
بوورسی تاران دابەزی.
بە شێوەی ئاسایی و ڕووتین بوورسی هەر وڵاتێک نەبزی ئابووری هەر
وڵاتێکە و دەکرێت بە سرنج دان بە هەڵکشان و داکشانی بوورس، دۆخی ئابووری هەر
وڵاتێک لێک بدرێتەوە. بەڵام بوورسی تاران وادیارە کە شتێکی دەگمەنە کە ڕەوتی هەڵکشان
و داکشانی هێماگەرەکانی هیچ پێوەندییەکی لەگەڵ دۆخی ئابووری ئێران نییە و ڕەنگە
زۆرتر وەک موعجیزە یان چاوبەستێک بچێت.
بۆ وێنە هێماگەری گشتی بوورس لە سەرتای ئەمساڵی زاینییەوە زیاتر
لە ٤ ئەوندەی جاران بەرز بوویەوە و لە نیوەی هەفتەی یەکەمدا گەیشتە سەروو ٢ میلیۆن
یەکە، ئەمە لە کاتێکدایە کە لە سێ ساڵی ڕابردوودا بەرهەمی ناخالسی ناوخۆیی (ئابووری)
ئێران بە بەردەوامی ڕوو لە دابەزین و کەم کردن بووە. هەناردەی ئێران دابەزیوە و
ئێران نەک تەنیا کێشەی ئابووری، کێشەی سیاسی و ئەمنییەتی و بەم دواییانەش بە دوای
هاتنی ڤیرووسی کۆرۆنا تووشی قەیرانی تەندروستی و بێهداشتیش بووە.
کێشی هەندێک لە کۆمپانیا گەورەکان لە دیاری کردنی هێماگەری بورس
و هەڵکشان و داکشانەکان زۆر لە سەرەوەیە، بۆ وێنە بەهای پشکی چەند کۆمپانیایەکی
پیشەسازی و بانکی سەر بە دەوڵەت و سپا یان بەیتی ڕەهبەری خامنەیی، دەتوانێت بە
بەراوردی گۆڕینی بەهای پشکی سەدان کۆمپانیای تاکەکەسی و بچووک لە هێماگەری بوورس
کاریگەری دابنێت.
دەوڵەت لەم ساڵی هەتاویدا لەگەڵ کورتهێنانی بودجەی زۆر بەرەوڕوویە
و بەنیازە نەک تەنیا ڕێژەی سپاردنی بەشێکی زۆری بوارەکان بدات بە کەرتی تایبەت،
بەڵکوو فرۆشی سامانەکانیشی لەچاو ساڵی ڕابردوو ١٠ ئەوندە زیاد بکات و لە ڕێگەی
بوورسیشەوە هەوڵ بدات بۆ فرۆشی نەوتەکەی.
دەوڵەت دەڵێت لەم ساڵدا ٤٩ هەزار و ٥٠٠ میلیارد تمەنی لە
دارییەکانی خۆی دەفرۆشێت. ساڵی ڕابردوو ئەم ڕێژەیە ٤٤٥٠ میلیارد تمەن و ساڵی ٩٧ی
هەتاوی ٢٥٥٠ میلیارد تمەن بوو.
ڕژیمی کۆماری ئیسلامی بەدوای گەمارۆکانی ئەمریکا و کەم کردنی داهات
و بەتاڵ بوونەوەی سندووقی پاشکەوتی، ڕووی کردووەتە بەرز کردنەوەی دەسکرد و
لەناکاوی بەهای پشکی کۆمپانیاکان و هەروەها هەڵخراندنی خەڵک بۆ کڕینی ئەو پشکانە و
فرۆشی داراییەکانی خۆی. ئەمە ڕەنگە لە کورت ماوەدا بتوانێت بەهای کۆمپانیاکان بە
چەند ئەوندەی نرخی ڕاستەقینەی خۆی بفرۆشێت، بەڵام ئەم کارە وەک چاوبەست و تەڕدەستی
وایە و ڕاستی مەسەلەکە ئاشکرا دەبێت. کورد وتەنی ئەم بڵقە دەتەقێت و بە دڵنیاییەوە
خەڵکانێکی زۆر کە بە پێی ئامارەکان نزیک بە ١١ میلیۆن کەس لەو بوارەدا
سەمایەگوزاریان کردووە، زەرەر دەکەن.
ئهم بابهته 2613
جار خوێنراوهتهوه