ئەمریکا دەست بۆ بژاردەی سەربازی دەبات؟!

ئەمریکا دەست بۆ بژاردەی سەربازی دەبات؟!

 

ئەمریکا دەست بۆ بژاردەی سەربازی دەبات؟!

ئەردەڵان فەرەجی

لە ماوەی دوو هەفتەی ڕابردوو پرسی درێژ کردنەوە گەمارۆی چەک و چۆڵ لە ئەنجوومەنی ئاسایشی ڕیکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بە تایبەتی لە لایەن ئەمریکاوە هاتووەتە ئاراوە و تیمی دۆناڵد ترامپ سەرۆک کۆماری ئەو وڵاتە بە چڕی بۆی کەوتوونەتە خۆ.

بابەتە لەوەوە دەست پێ دەکات کە ماوەی کەمتر لە یەک مانگی دیکە گەمارۆکانی چەک و چۆڵ لە سەر کۆماری ئیسلامی هەڵدەگیرێت و ئێران دەتوانێت وەک باقی وڵاتانی دیکە لە پرۆسەی کڕینی و فرۆشتنی چەک و چۆڵ لە بازاڕ دا ئازاد بێت، ئەمریکا لەو بڕوایەدایە کە ڕژیمی ئێران ئەو ڕژیم و سیستمە نییە کە متمانەی ئەوەی پێبکرێت لەو بازاڕەدا ئازادانە و بە یاسایی بەشدار بێت.

پشت ئەستووری ئەمریکا بە بڕگەی ١٠ لە بەڵگەنامەی ٢٢٣١ی ئەنجوومەنی ئاسایشە کە ئەگەر هەرکام لە وڵاتان، لە سەر پێشێلکاری جیددی کۆماری ئیسلامی لە بەڵێنەکانی لە ”بەرجام"دا سکاڵا تۆمار بکەن، ئەنجوومەنی ئاسایش هەموو گەمارۆکانی پێشووی ئەو ناوەندە دژی کۆماری ئیسلامی کارا دەکاتەوە.

لە لایەکی دیکەوە دوو وڵاتی ڕکابەری ئەمریکا واتە چین و ڕووسییە کەوتوونەتە پشتگیری کردنی کۆماری ئیسلامی و تەنانەت ڕەشنووسی پێشنیاری بڕیارنامەیەکی ئەمریکایان بۆ درێژ کردنەوە گەمارۆکان لە ئەنجوومەنی ئاسایش ڕەت کردەوە.

هەرچی کۆماری ئیسلامی و چین و بە ڕادەیەکیش ڕووسییە و هاوپەیمانانی ئۆرووپای ئەمریکا لە بەرجام دایە، لەو بڕوایەدان کە پاش هاتنە دەرەوەی ئەمریکا لە ڕێکەوتننامەی بەرجام (ڕێکەوتننامەی ٥+١ لەگەڵ کۆماری ئیسلامی دەربارەی چالاکییە ناوکییەکانی)، ئەمریکا بۆی نییە کە لەو بارەیەوە بڕیارنامە بە ئەنجوومەنی ئاسایش بقەبڵێنێت، لە بەرامبەر دا ئەمریکا لەو بڕوایە دایە کە هەم بە ڕاشکاوانە ناوی وڵاتەکەی لە بەڵگەنامەی ٢٢٣١ دا هاتووە و بۆی هەیە وەک ئەندامێکی هەمیشەیی ئەنجوومەنی ئاسایش ئەو داواکارییە بێنێتە گۆڕێ و لە لایەکی دیکەشەوە بەرجام ڕێکەوتننامەیەکی سیاسییە و تەواو لە بڕیارنامەی ٢٢٣١ جیاوازە.

بێگومان ئەم بابەتە شەڕێکی یاسایی و ناکۆکی گەورە دێنێتە ئاراوە.

هەموو جیهان و لەوانە کۆماری ئیسلامی و ئەمریکاییەکان چاوەڕوانی هەڵبژرادنەکانی دەورەی داهاتووی سەرۆک کۆمارین لە ئەمریکا. بابەتێک کە پرسی بەرجام و دۆسییەی ئەتۆمی کۆماری ئیسلامی و گەمارۆکانی سەر ئێران و زۆر پرسی دیکەی گەورەی سیاسی نێودەوڵەتی یەکلای دەکاتەوە.

تیمی دۆناڵد ترامپ لە کۆشکی سپی لەو بڕوایەدان کە بە چاوخشاندنێکی خێرا بە سەر مێژوو و ئاکار و ڕەفتاری کۆماری ئیسلامی دەردەکەوێت کە ئەو ڕژیمە، ڕژیمێکی نائاسایی و ناموتەعارفە و متمانەی ئەوەی پێناکرێت کە خاوەن چەکی پێشکەوتوو بێت. ڕژیمێک کە هێرش دەکاتە سەر باڵوێزخانە، دیپلۆمات بە بارمتە دەگرێت، کەنیسە و کلیسا دەتەقێنێتەوە، نەیارانی سیاسی خۆی لە ناوخۆی و دەرەوەی وڵاتەکەی خۆی تیرۆر دەکات، هەڕەشەی لەناوبردنی وڵاتێکی دان پێندراوی وەک ئیسرائیل دەکات، پشتیوانی سەرەکی تیرۆریزمە لە هەموو جیهاندا، مایەی ناسەقامگیری و بشێوی و ئاڵۆزی و شەڕەنگیزییە لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و … شایستە و متمانە پێکراو نییە بۆ ئەوەی وەک وڵاتێکی ئاسایی هەڵسووکەوتی لەگەڵدا بکرێت.

ئەمریکا تا ئەمڕۆکە هەموو هەوڵێکی ئەوەیە کە بە شێوەی یاسایی و بە پێی بڕیارنامە و ڕێکەوتنی گەورەی جیهانی ڕێگری لە دەست پێڕاگەیشتنی کۆماری ئیسلامی بە چەکی ئەتۆمی و چەکی پێشکەوتوو بگرێت، چونکا پێی وایە چەکدار بوونی ڕژیمی ئێران بە چەکی لەو شێوانە، ئەمنییەت و ئاسایشی هەموو جیهان و بە تایبەتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەخاتە مەترسی جیددییەوە.

لە لایەکی دیکەوە دۆناڵد ترامپ بەنیازە بۆ خولی دووهەمیش لە کۆشکی سپیدا بمێنێتەوە. شەڕی گەورەی تیجارەت و بازرگانی لەگەڵ چین ڕاگەیاندووە، ڤیرووسی کۆرۆنا تا ڕادەیەکی زۆر کاریگەری لە سەر گەشەی ئابووری پۆزەتیڤی ئەمریکا داناوە کە دەیتوانی بەرگی بەرەندەی ترامپ بێت لە هەڵبژاردنەوەی دا، پێشکەوتنێکی لە ئاسایی کردنەوەی لەگەڵ کۆریای باکوور دەست پێکرد، بەڵام تا ئێستا بە ئەنجام نەگەیشتووە، لە پرسی ڤێنێزۆئێلاش سەرکەوتنی بەرچاوی نەبووە، ڕاستە توانیویەتی پشتی ئیسرائیل بگرێت لە کردنی ئۆرشەلیم بە پایتەختی ئەو وڵاتە و هاوپەیمانییەتییەکی گرنگ و مێژووی لە نێوان ئیماڕات و ئیسرائیلدا پێک هێناوە، بەڵام هەموو ئەمانە بەس نیین بۆ قەناعەت پێهێنانی ڕای گشتی ئەمریکا بۆ دووبارە هەڵبژاردنەوەی ترامپ بۆ جاری دووهەم بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری ئەمریکا.

ترامپ لەو بڕوایەدایە کە بەرەو پێش بردنی پرسی ئێران دەتوانێت باڵانسی هێز لە بەرژەوەندی خۆی دا یەک لایی بکاتەوە. ئێران وڵاتێکی گرینگی ستراتیژییە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و چین، ڕکابەری سەرەکی ئەمڕۆی ئەمریکا لە جیهان چاوی تەماحی تێبڕییەوە و نزیکایەتی زۆر لە نێوان چین و ئێراندا هەست پێ دەکرێت، بە واتایەک دۆڕاندنی ئێران بە چین مانای دۆڕاندنی هەڵبژاردنەکانی ئەمریکایە بۆ ترامپ.

هەر بۆیە ئەمریکا هەموو هەوڵی خۆی خستووەتە گەڕ بۆ ئەوەی لە پرسی ئێراندا سەرکەوتوو بێت بە لەبەرچاو گرتنی هەموو بژاردەکانی بەردەمی.

ئەمریکا سیاسەتی ئەوپەڕی گوشارەکانی دژی کۆماری ئیسلامی و کەسایەتییە یاسایی و ڕاستەقینەکانی خستووەتە گەڕ، سەرچاوەکانی داهاتی وشک هەڵگەڕاندووە و … بەڵام هێشتا کۆماری ئیسلامی ڕازی نەکردووە بۆ واژۆ کردنی ڕێکەوتننامەیەکی نوێ بێنێتە سەر مێزی گفت و گۆ، ئەمە دەتوانێت بە مانای شکست بۆ ئەمریکا و شەخسی دۆناڵد ترامپ لێک بدرێتەوە.

لە ئێستادا دۆناڵد ترامپ ماوەیەکی کەمی بە دەستەوە ماوە بۆ قەناعەت پێهێنانی هاوپەیمان و ڕکابەرە جیددییەکانی بۆ مل کەچ بوون بە ویستەکانی لە کۆماری ئیسلامی. هەوڵ دەدات لە ڕێگەی یاساییەوە ئەم ویستەی خۆی بەدەست بێنێت، بەڵام ئەی ئەگەر لە ڕێگەی یاسایی و کۆدەنگی جیهانی ئەم کارەی بۆ بە ئەنجام نەگەیشت؟ بە بڕوای نووسەر ئەمریکا تەنانەت ئامادەیە بە شێوەی سەربازی و شەڕی گەرم بەرەوڕووی کۆماری ئیسلامی ببێەوە.

بەدەر لە چاک و خراپ بوونی شەڕ و هێرشی سەربازی بۆ سەر کۆماری ئیسلامی و چەندایەتی و چۆنایەتی ئەم بەریەک کەوتن و پێکدادانە سەربازییە، بەڵام ترامپ پێویستی بە ئێرانە بۆ بردنەوەی لە هەڵبژاردنەکاندا.

لە ماوەی مانگ و هەفتەکانی ڕابردوودا، بەردەوام هەواڵی تەقینەوە و تەخریبی ناوەندە گرنگ و هەستیار و ئەتۆمییەکانی ئێران دەدرێت لە ناوخۆ و دەرەوەی سنوورەکانی ئەو وڵاتە. سەرچاوەی ئەو هێرشانە دەتوانێت زۆر شوێن بێت، بەڵام زۆرجاران بەرپرسانی ئیسرائیلی ڕووبەری پرسیار لەو بارەیەوە کراون، هەڵوێستی ئەوان وڵامێکی ”نا"ی ئاشکرا نییە و ڕەتی ناکەنەوە، ئەمە دەکرێت وا لێک بدرێتەوە کە ئێسرائیل گڵۆپی سەوزی بۆ لێدانی ڕژیمی تاران لە ئەمریکا و ترامپ وەرگرتبێت و تەنانەت ناچار کردنی ئێران بە تێوەگلانی لە شەڕ یان بەریەک کەوتنێکی سەربازی هەرچەند بچووکیش، لە بەرامبەر دا کۆماری ئیسلامی خۆی لە هەموو ئەو هێرشانە دەدزێتەوە بەو هیوایەی کە لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوو دا ”جۆ بایدێن"ی دێمۆکرات بێتە سەر کار.

هەندێك لە چاودێرانی سیاسی لەو بڕوایەدا بوون کە ئەمریکا دەیزانی کە ڕەشنووسە پێشنیارکراوەکەی بۆ کردنی بە بڕیارنامە لە ئەنجوومەنی ئاسایش دەنگ ناهێنێتەوە و تەنانەت هەندێک لەوەش ئەولاترەوە دەچن و لەو بڕوایەدان کە ئەمریکا ئەو دەقەی وا نووسیبوو کە دەنگ نەهێنێتەوە. هەموو جیهان بینی کە تەنیا کۆماری دۆمینیکێن و ئەمریکا دەنگی ئەرێیان و ١١ ئەندامەکەی دیکەی ئەنجوومەنی ئاسایش ”بێ لایەن" بوون، بەڵام بۆ ئەو گەڵاڵەیەی دا؟ یان ئێستا بە پرسی کارا کردنی میکانیزمی ”ماشە" (پەلەپیتکە) شەڕ و ناکۆکییەکی گەورەی یاسایی دروست کردووە کە تەنانەت ئەو سەری دیار نییە کە بۆی کارا دەکرێتەوە یان نا؟ بەڵام ئەگەر بۆی کارا نەکراوە و کاتی هەڵبژاردنەکانیش گەیشت؟

لەو حاڵەتەدا تاکە ڕێگە کە لە بەردەم ترامپ و ئەمریکادا دەمێنێتەوە، پرسی هێرشی سەربازی دەبێت بۆ وەستاندنی ئێران و دەرهێنانی لە چنگی چین و ڕووسیە و کردنی بە بەرگی بەرەندەی لە هەڵبژاردنەکاندا و دواجاریش ئەوەی کە لە مێژووی ئەمریکادا هیچ کەس وڵاتی لە کاتی شەڕ دا لە سەرۆک کۆمارێکی دیکە کە خۆی شەڕەکەی هەڵگیرساندووە، وەر نەگرتووە.


ئه‌م بابه‌ته 2548 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


PM:02:32:25/08/2020