ڕاگەیەندراوی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران

ڕاگەیەندراوی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران


کۆڕو کۆمەڵە جیهانییەکان!

ڕێکخراوەکانی داکۆکی لە مافەکانی مرۆڤ!

کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان!

لە پەلامارێکی سەرکوتکەرانەی دام و دەزگا ئەمنیەتییەکانی ڕێژیم بۆ سەر چالاکانی مەدەنی له کوردستان‌، به دەیان کەس دەستبەسەر و ڕاپێچی ناوەندە ئەمنیەتییەکان کران. لە ئێوارەی ڕۆژی پێنجشەممە، ٢٠ خەزەڵوەری ١٤٠٠ هەتاوییەوە تا ئێستا ٢٨ کەس لە چالاکانی مەدەنی کە زۆربەیان چالاکی فەرهەنگی و ژینگەپارێزن، لە شارەکانی بانە، مەریوان و سەقز لە لایەن هێزە ئەمنیەتییەکانی سەر بە ئیدارەی ئیتلاعاتی پاڕێزگای سنەوە دەستبەسەر و ڕاپێچی ئیدارەی ئیتلاعتی سپای پاسدارانی ڕێژیم لە شاری سنە کراون.

ئەم شەپۆلە نوێیە لە ڕەشبگیریی چالاکانی مەدەنی لە کوردستان کە هاوکاتە لە گەڵ ئاڵوگۆڕی هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم لە ناوەندە ئەمنیەتییەکان و بەرپرسانی ئەم ڕێژیمە دوای دەستبەکاربوونی دەوڵەتی رەئیسی، دەرخەر و سەلمێنەری دوژمنایەتیی لەبڕانەهاتووی ئەم نیزامە لە گەڵ خاک و خەڵکی کوردستانە.

دەوڵەتی تازە خۆسەپێن کە لە ئێستادا بە دەیان قەیرانی چارەسەرنەکراوی سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتی و پێوەندیدار بە ژیان وگوزەرانی خەڵکی وڵاتی لە ئەستۆیە و لە ئاستی نیوونەتەوەیی‌ و ناوچەکەدا لە هەمیشە گۆشەگیرتره و لە گەڵ رق و بێزاریی پەنگخواردووی خەڵکی وڵات بەرەوڕوویە، بەم پەلامارەی بۆ سەر چالاکانی مەدەنی لە کوردستان، خەریکە هێزی خۆی بەرانبەر بە خەڵک بە تاقی دەکاتەوە. غافڵ لەوەیکە دەوڵەتانی پێش ئەو و، ئەم ڕێژیمە لە تەواویەتی خۆی‌دا زیاتر لە چل ساڵە هێزی سەرکوت ودوژمنایەتیی خۆیان لە سەر خەڵکی کوردستان تاقی دەکەنەوە و جیا لە پەرەسەندنی ڕق و بێزاریی خەڵک و لەسەرپێمانەوەی ئەم نەتەوە مافخوازه بەرهەمێکیان نەچنیوەتەوە.

پەلاماری هێزە سەرکوتکەرە ئەمنیەتییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە نیوەی دووهەمی خەزەڵوەری ئەمساڵ‌دا لە کاتێک دایە کە دادگایەکی نێونەتەوەیی لە وڵاتی بریتانیا وێڕای ئامادەبوونی سەدان شاهید و قوربانیی دەستی چاڵەڕەشەکانی ئەم ڕێژیمە، لێکۆڵینەوە لە جەنایەتەکانی ڕێژیم دەرحەق بە خۆپێشاندەرانی ناڕەزایەتییەکانی خەزەڵوەری ١٣٩٨ی هەتاوی دەکات.

ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران وێڕای مەحکومکردنی ئەم شەپۆلە لە ڕەشبگیریی چالاکانی مەدەنیی کوردستان، داوا لە کۆڕ و کۆمەڵە جیهانییەکان و ناوەندەکانی داکۆکی لە مافەکانی مرۆڤ و هەروەها کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان و کۆمەڵگەی مەدەنی دەکات، بەرانبەر بەم سەرکوتکاریانەی ڕێژیم و چارەنووسی چالاکانی دەستبەسەرکراوی کورد بێ‌هەڵوێست نەبن.

هەروەها لەم دەرفەتەدا وێڕای هیواخواستن بۆ بەروپێشچوونی کارەکانی دادگای نێونەتەوەیی لەندەن کە بە دادگای ئابان ناسراوە و دەرچوونی بڕێارێکی ئازایانە و دادپەروەرانە، ئاواتەخوازین لە وەها دادگایەک دا ڕاشکاوانە بڕیاردەرانی سەرکوت و کوشتاری خەڵکی کوردستان دادگایی و بە سزای جینایەتەکانیان بگەن و لەبەرانبەر ئەم جینایەتانەی رێژیم بێ هەڵوێست نەبن
.

ناوەندی هاوکاری حیزبەکانی کوردستانی ئێران

٢٣ی خەزەڵوەری ١٤٠٠

١٤ی نوامبری ٢٠٢١




ئه‌م بابه‌ته 121 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


PM:02:21:14/11/2021