داڕمانی ئابووری ئێران و ناکارامەبوونی دەسەڵات

داڕمانی ئابووری ئێران و ناکارامەبوونی دەسەڵات



هەواڵ و راپۆرتەکان باس لە بەرز بوونەوەی لە رادەبەدەری  نرخی ئارد و  شت و مەکی سێنفی و پیشەیی لەوانە ماکارۆنی و نان لە ئێران، کەمی رۆن لە مارکێتەکان و فرۆشتنی ماکارۆنی ماوەبەسەرچووی ساڵی پێشوو بە نرخی ئەمڕۆ دەکەن. هەروەها کارخانەیەکی بەرهەمهێنەری ماکارۆنی داهاتەکانی پاییزی ساڵی پێشوو واتە ١٤٠٠ی هەتاوی بە نرخی ئەمڕۆ دەنێرێتە بازار.


رێکخراوەی پاڵپشتی لە بەرهەمهێنەران و بەکارهێنەران، بە هۆی کەمبوونی جۆرەکانی ماکارۆنی لە مارکێتەکان، رێکەوتی ١٢ی گوڵانی ساڵی ١٤٠١ی هەتاوی لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بە بەرز بوونەوەی نرخی ئەم بەرهەمەدا لەوانە، بەستەی ٥٠٠گرەمی لە ٦هەزار و ٣٠٠تمەن بۆ ١٧هەزار تمەن، بەستەی ٧٠٠گرەمی لە ٨هەزار و ٦٠٠تمەن بۆ سەرووی ٢٤هەزار تمەن و بەستەی هەزار گرەمی لە ١٢هەزارە و ٥٠٠تمەنەوە بۆ ٣٤هەزار تمەن.


لە لایەکەوە بەرپرسی گشتی رێکخراوەی مارکێتەکانی ئێران وتی: هیچ کێشەیەک لە بەرهەمهێنان و هەناردەی ماکارۆنی بۆ بازاڕەکان نەهاتووەتە پێش و بەو شێوەیە چاوەڕوان دەکرێت کە هەتا کۆتایی حەفتەی داهاتوو مارکێتەکان پڕ بێت لە ماکارۆنی، بەڵام رۆن بە شێوەی تەواو هەناردە ناکرێتە بازاڕەکان.


ئەسەدوڵڵا ئەحمەدی شەهریوەر، بەرپرسی یەکیەتی خواردەمەنی تاران، بە بڵاو کردنەوەی ئەوەیکە بەهای نانی لەواش لە ٥هەزار تمەنەوە بۆ سەرووی ١٠هەزارتمەن بەرز بوەتەوە، وتی کە بەشە نان لانیکەم لەسەدا ١٥ بەهای هەر ساندویچێکە و  ئەم بەرز بوونەوەی نرخانە بوەتە هۆی ئەوەیکە ساندویچی( فەلافل)کە خواردنی چینی کەم دەستکەوتە، ببێتە کاڵایەکی گران و بە شایەتی هاوکارەکانمان کڕینی ٢دانە فەلافل بەرامبەر ٤کەسە.



ئەمە لە حاڵێکدایە رۆژێک دوای ئەوەیکە ئیبراهیم رەئیسی سەرۆک کۆماری ئێران باسی لە بڕیارە ئابووریەکانی دەوڵەت کرد و  ئاماژەی بەوە دا کە ئەم بڕیارگەلە ئاکامی ٧مانگ تاوتوێ کردن و  کەڵک وەرگرتن لە پسپۆڕانی شارەزا لە بواری ئابووری بووە، نوێنەرانی پەرلەمانی شۆڕای ئیسلامی و بەڕێوبەری پەرلەمان لە کۆبوونەوەی ئاشکرای رۆژی یەکشەممە رێکەوتی ١٨ی گوڵانی ساڵی ١٤٠١ی هەتاوی، لە سەر باروودۆخی نالەباری ئابووری دەوڵەتی ئیبراهیم رەئیسی و بە تایبەت بە هۆی بەرز بوونەوەی نرخی ئارد رەخنەیان لێ گرت و رایانگەیاند کە باروودۆخی خەڵک لە هەموو کات زیاتر ئاڵۆزە.


هاوکات لەگەڵ رەخنەکان سەبارەت بە گرانی بەشێک لە خواردەمەنیە سەرەکییەکان لە ئێران، بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی چەندین بۆچوونی جیاواز و دوور لە راستی سەبارەت بە باروودۆخی نان دەڵێن؛ لە پارێزگای خوزستان بە دوای بانگهێشت بۆ خۆپیشاندان دژ بە گرانی، ئینتێرنێتی موبایل کێشەی بۆ درووست بووە. 
لە درێژەی بۆچوونە پێچەوانەکانی بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی، رۆژی هەینی هادی سوبحانیان، جێگری وەزیری ئابووری، دابەش کردنی نانی بە شێوە جیرە بەنی ئینکار کرد و لە درێژەی وتەکانی دا ئاماژەی بەوەدا کە ئارد بۆ درووست کردنی نان لەگەڵ مووچەی مانگانەدا هەناردە دەکرێت وتی: قەرار وانیە نان دابەش بکرێت، بەڵکوو ئاردێک کە دەکرێتە نان مووچەی تایبەت بە خۆی هەیە و دەبێتە هۆی ئەوەیکە پێش بە قاچاخی ئارد بگرێت.


بەهای هەر یەک کیلۆگرەم ئارد بۆ بەکارهێنەرانی سێنفی و پیشەیی نانەواکان لە ماوەی یەک حەفتەدا لە ٢٧٠٠تمەن بۆ ١٢هەزار تمەن رۆشتوەتە سەرەو و ئێستا گەیشتووەتە  ١٦هەزار تمەن، هەروەها بەرپرسێکی سێنفی وتوویە ئەم نرخە جێگر نابێ و بەرزتر دەبێتەوە.
ئەمە لە حاڵێکدایە کە بەرپرسانی دەوڵەتی ئیبراهیم رەئیسی، بەرز بوونەوەی نرخی نانیان ئینکار کرد وعەلی بەهادوری جەهرومی، وتەبێژی کۆماری ئیسلامی ئێران، باسی لەوە کرد کە ئیبراهیم رەئیسی لە کۆبوونەوەیەکداجەختی لەوە کردوەتەوە من هیچ کات رێگە نادەم نرخی نان بڕواتە سەرەوە.

بە پێی هەواڵەکان لە زۆربەی شارەکانی پارێزگای خوزستان لەوانە، ئەهواز، سووسەنگێرد، حەمیدیە و شادێگان، رۆژی هەینی ئینتێرنێتی مۆبایل بە تەواوی بڕا و زۆر بە خاوی کاری دەکرد.






ئه‌م بابه‌ته 420 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


AM:09:35:10/05/2022