بە پێی هەواڵێک کە بە ناوەندی راگەیاندنی کۆمەڵە گەیشتووە، بە داخەوە رۆژی پێنج شەممە رێکەوتی ۲۹ی مانگی گوڵانی ساڵی ۱٤۰۱ی هەتاوی، کاک رەسوڵی ئەحمەدی ناسراو بە (باوک خدر) پێشمەرگە و هاوڕێی دێرینی کۆمەڵە خەڵکی شاری بانە بە هۆێ نەخۆشی دڵەوە ماڵاوایی لە ژیان کرد.
کاک رەسول کەسایەتییەکی سیاسی و شۆڕشگێڕ بوو کە لە بزوتنەوەی٤٦ و ٤٧ی کوردوستانی رۆژهەڵات دا بەشدار بوو بۆ ماوەیەک کەوتە زیندان لە پادگانی جەڵدیان.
لە دوای روخانی رژیمی پاشایەتی بە فەرمی هاتە ناو ریزی پێشمەرگەکانی کۆمەڵە و بۆ ماوەی چەند ساڵێک لەو بۆرەدا خزمەتی کردوە.
دوای ساغ بوونەوەی کۆمەڵە کاک رەسول یەکێک لە چالاکانی ئەو قۆناغە بوو و پێوەندی نوێ لە گەڵ هاوڕێیانی کۆمەڵە گرێداوە و لە هەموو بوارەکانی سیاسی، تەبلیغاتی و تەنانەت یارمەتی دانی تیمی پێشمەرگەکانی کۆمەڵەدا چالاک بوو بۆ ماوەیەکیش کەوتە بەر ئازار و ئەزیەتی دام و دەزگا ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی لە شاری بانە.
بە ناوی ناوەندی راگەیاندنی کۆمەڵە، پرسە و سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی بنەماڵەی بەڕێزی ئەحمەدی و دۆستان و هاوڕێیانی کاک ئەحمەد دەکەین و خۆمان بە شەریکی خەم و پەژارەیان دەزانین.
ناوەندی راگەیاندنی کۆمەڵە
ئهم بابهته 215
جار خوێنراوهتهوه