ئاسۆی رۆژهەڵات/ لانیکەم ۵۰۰ کەس لە دادخوازان و چالاکانی سێنفی و مەدەنی لە ئێران بە بڵاو کردنەوەی بەیاننامەیەک، بە هۆی بەردەوامی زیندانی کردنی بنەماڵەی دادخوازەکانی مانگی خەزەڵوەری ١٣٩٨ ناڕەزایەتی خۆیانیان دەربڕی و داواکاری ئازاد کردنی هەرچی خێراتری ئەوان بوون.
شایانی باسە کە لەم بەیاننامەدا کە رۆژی یەکشەممە رێکەوتی ٢ی گەلاوێژ لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاو بووەوە لە نێوەڕۆکی هاتووە کە مانەوەی دایکانی دادخواز لە ژووری تاکە کەسی زیندانەکانی ئێران کارەساتێکی گەورەیە لە سەر عەداڵەت و ویژدانە کوژاوەکان.
جێگای ئاماژەیە کە ئارەش سادقی، ئاسف بەختیاری، عەباس واحدیان شاهروودی، فاتمە سپێهری، مەزاهر شەهامەت و عەلیڕەزا بێهنام لەو کەسانەن کە ئەم بەیانییەیان واژۆ کردووە.
لە ماوەی رۆژانی رابردوودا لە درێژەی دەستبەسەر و سەرکووتەکان لە لایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە، هەندێک لە ئەندامی بنەماڵەی دادخوازەکان و هەندێک لە چالاکوانانی سیاسی و دەرهێنەران لەوانە محەممەد رەسوول ئاف، مستەفا ئال ئەحمەد و جەعفەر پەناهی دەستبەسەر کران.
ئەمە لە کاتێکدایە کە ئەم شەپۆلی دەستبەسەرکردنانە رەنگدانەوەیەکی بەربڵاوی نێونەتەوەیی لەگەڵ بووە. دەزگای دادی کۆماری ئیسلامی ئێران سەبارەت بە باروودۆخی ئەندامانی دەستبەسەر کراوی بنەماڵە دادخوازەکان هیچ شیکارییەکی رانەگەیاندووە.
پێشتر ماڵپەری هەواڵنێری فارس، سەر بە سوپای پاسداران، بنەماڵە دادخوازە دەستبەسەر کراوەکانیان بە پەیوەندی لەگەڵ دامودەزگا سیخۆرییەکان و وەرگرتنی پارە تۆمەتبار کردووە.
ئهم بابهته 420
جار خوێنراوهتهوه