هۆشداری رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی سەبارەت بە ئێران

هۆشداری رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی سەبارەت بە ئێران



رێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی و دامەزراوەی بروومەند لە راگەیاندراوێکی هاوبەشدا رایانگەیاند کە لە شەش مانگەی ئەوەڵی ساڵی ٢٠٢٢ی زایینی، ٢٥١ کەس لە ئێران لەسێدارە دراون، هەوروەها لەم راگەیاندراوەدا ئاماژە بەوە دراوەکە کە ئەگەر دۆخەکە هەر وا برواتە پێش، رێژەی سێدارە لە ٣١٤ کەس کە ئاماری ساڵی ٢٠٢١ی زایینی زۆرتر تێدەپەرێت.
بە پێی ئەم راپۆرتە زۆرترین کەسانێک کە لە سێدارە دراون پەیوەندی بە تۆمەتی کووشتن بووە و ١٤٦ کەس تا ئێستا بە بەرێوەچوونی دادگای نادادپەروەرانە لەسێدارە دراون.
٨٦ کەسیش بە هۆکاری مادە هۆشبەرەکانەوە حوکمی سێدارەیان بەسەر دا سەپاوە و گیانیان لەدەستداوە، کە بە پێی یاسای نێودەوڵەتی ئەو کەسانە نابێت، حوکمی سێدارەیان بۆ ببڕێتەوە.
دیانا الگحاوی، جێگری نووسینگەی رۆژهەڵاتی نێوەراست و باکووری ئافریقای لێخۆشبوونی نێونەتەوەیی، باسی لەوە کرد کە لەم شەش مانگەی سەرەتای ساڵی ٢٠٢٢ی زایینی، بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی ئێران هەر رۆژێک، ١ کەسیان لە سێدارە داوە.
الگحاوی لە درێژەی وتەکانیدا وتی کە کۆماری ئیسلامی، لە کاتێ جێبەجێکردنی هێرشێکی هەموو لایانەیە دژ بە مافی ژیانی مرۆڤەکان و کۆمەڵکووژییەکی گەورەیە لە ئاستی گشتی ئێران.
لێبوردنی نێودەوڵەتی لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگادار لە زیندانی رەجایی شەهر، باسی لەوە کرد کە هەر حەفتە پێنج کەس لە سێدارە دراون هاوکات لە هەندێک حەفتە دا ئەم رێژەیە دەگەیشتە ١٠ کەس.
شایانی باسە کە پێشتر رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی  لە رێکەوتی ٣ی جۆزەردانی ساڵی ١٤٠١ی هەتاوی، لە راپۆرتێکدا رایگەیاندبوو کە ژمارەی لەسێدارەدراوان لە ئاستی جیهانی دا لە ساڵی ٢٠٢١ی زایینی، بە بەراوەرد لە گەڵ ساڵی رابردوو لە ٢٠٪ زیادی کردووە کە یەکێک لە هۆکارەکانی زیادبوونی رێژەی لەسێدارەدراوان لە ئێرانە.
جێگای ئاماژەیە کە ئانتۆنیۆ گووترێش، سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە راپۆرتێکی فەرمیدا نیگەرانی خۆی سەبارەت بە زیادکردنی ژمارەی لەسێدارەدراوان لە ئێران راگەیاند.







ئه‌م بابه‌ته 482 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


AM:10:09:28/07/2022