پێداچوونەوە بە دۆسیەی پەرهام پەروەری لە تاران بەڕێوە چوو

پێداچوونەوە بە دۆسیەی پەرهام پەروەری لە تاران بەڕێوە چوو




ئاسۆی رۆژهەڵات/ رۆژی یەکشەممە رێکەوتی ٧ی جۆزەردانی ١٤٠٢ی هەتاوی، دادگایی پێداچوونەوە بە ئەو تۆمەتانەی کە خراونەتە پاڵ "پەرهام پەروەری" تەمەن ٢٤ساڵ، خەڵکی سەقز، یەکێک لە دەستبەسەر کراوانی شۆڕشی ژینا، لە لقی ٢٨ی دادگای ئینقلابی تاران بەڕێوە چوو.

ناوبراو لە رێکەوتی ١٢ی رەزبەری ١٤٠١ی هەتاوی، لە ئاخێزی سەرانسەری شۆڕشی ژینا لە تاران دەستبەسەر و دواتر بۆ دەستبەسەرگەی وەزارەتی ئیتلاعات، بەندی ٢٠٩ی زیندانی ئەوین گواسترابوویەوە.

جێگای ئاماژەیە کە رامین سەفەرنیا، پارێزەری پەرهام پەروەری بە بڵاو کردنەوەی نووسراوەیەک سەبارەت بە تۆمەتی موحارێبەی ئەم هاووڵاتییە لە ئێکاونتی خۆی نووسیبووی: ((لە دوایین پەیوەندییەک کە "موکل"م، پەرهام پەروەری لەگەڵ باوکی بووە، رایگەیاند کە بە "موکل"م وتوویانە موحارێبە لە تۆمەتەکان لابراوە و بە "اجتماع و تبانی، تشوین اذهان عمومی و مخدوش کردن پلاک" تۆمەتبار بووە، هیوادارم پەرهام پەروەری لە رۆژانی داهاتوو بە دانانی بارمتە ئازاد بکرێت.))

هەروەها مازیار تاتایی، پارێزەری دادوەری دوای پێداچوونەوە بە دۆسیەی ناوبراو بە بنەماڵەی رایگەیاندبوو کە تۆمەتی موحارێبە لەم دۆسیە ماوەتەوە.





ئه‌م بابه‌ته 214 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


AM:11:25:29/05/2023