٥٢ ساڵ خەبات لە پێناوی ئازادی و یەکسانیدا

٥٢ ساڵ خەبات لە پێناوی ئازادی و یەکسانیدا


موختار ئەحمەدی

بەدرێژایی مێژوو دو چەمکی ئازادی و یەکسانی لە بەرانبەر دیکتاتۆری و نادادپەروەری لە ململانێیەکی هەمیشەییدا بوون. ئازادی و یەکسانی ئەوەندە لێک نزیکن کە وەک دو ڕووی یەک دراویان لێهاتووەو هەرکامەیان بە بێ ئەوی دی ناتەواوەو پازێڵەکە تەکمیل نابێت. مێژووی مرۆڤایەتی پڕە لە ناکۆکی و ئەو دژایەتییانەی کە لایەنی پاوانخواز و چەقبەستوو بە هەمو شێوازێکی سەربازی، ئابووری،کلتووری و سیاسی بۆ سەرکوت و لەبار بردنیئازادی و دەستەبەر کردنی یەکسانی کەڵکیان وەر گرتووە کە هەم کارەساتی ئینسانی لێکەوتووەتەوە و دەسەڵاتی دیکتاتۆر تووشی تاوانەکانی شەڕ هاتووە.

بوونی هەڵاواردن و نەبوونی دیمۆکراسی لەهەمو وڵاتاندا لەپاڵ زۆر بوونی نادادپەروەری و درووست بوونی تۆێژی هەژار و دەوڵەمەند و زۆر بوونی بۆشایی نێوان ئەم دو توێژەی کۆمەڵگا ، توێژێکی خەباتکار و خۆنەویست لە کۆمەڵگای زوڵم لێکراوو و ئیستبداد لێدراو دەردەکەوون و دەبنە موژدەدەری هێنانی ئازادی و دادپەروەری کۆمەڵایەتی، سیاسی، و ئابووری لە ناوچەو وڵاتی خۆیاندا.

کۆمەڵە لە هەلومەرجێکی سیاسی تاریک و ئیستێبداد لێدراو هاتە ناو گۆڕەپانی سیاسی ئێران و کوردستان کە سێبەری دیکتاتۆریەتی شاهەنشاهی پەهلەوی تا دەهات زیاتری دەکرد و سەرکوت و تۆقاندن ، زیندان و ئەشکەنجەو ئێعدام رۆژ لە دوای رۆژ زیاتر دەبوو. دام و دەزگاکانی ساواک هەمو قوژبنێکی ژیانی تاکی کۆمەڵگای کردبووە شوێنی سیخوڕی و چاوەدێری ئەمنیەتی زاڵکردبوو کە تاکی کۆمەڵگا لە سێبەری خۆێ دەترسا.

لەوەها هەلومەجێکدا سەرەڕای ئەو فەزا سیاسی و ئەمنیەتیە بزووتنەوە یەک لەدوای یەکەکانی خوێندکاری، کرێکاری و خەباتکردن لە دژی سیستەم و پاشماوەکانی فێئۆدالیزم لە گۆشەو کەناری ئێران بەدی دەکران و بڕێک جاریش بە توندوتیژی دەکێشرا.

هەردو بزووتنەوەی کرێکاری و خوێندکاری بەهۆی زیندو بوونیان لە گۆڕەپانی سیاسی ئەوکاتی ئێران زیاتر لەلایەن ساواکەوە لەژێر چاوەدێریدا بوون و زوومی کامێرا ئەمنیەتییەکانیان لەسەرکارو تێکۆشانی ئەو دو توێژە لەکۆمەڵگا زیاتر بە دیی دەکرا.

خوێندکارانی کوردی زانستگاکانی ئێرانیش بەهۆی پێشینەی خەباتکارانەی نەسڵی پێش خۆیان و هەبوونی هەڵاواردنە یەک لەدواییەکەکان لە بواری سیاسی، کۆمەڵایەتی، ئابووری و کلتووری هەستیان بە زوڵم و چەوسانەوەی زیاتر دەکرد.

زاڵبوونی گوفتمانی چەپ لە ئێران و بەتایبەت لەناو زانستگاکان، توێژی خوێندکاری کورد لەم هەلو مەرجەدا قۆستنەوەی دەرفەتەکان بە قازانجی بونیات نانی حیزبێکی سیاسی کە خاوەن گوفتمانێکی چەپ بێت هاتە ئاراوە و وەک بیرۆکەیەک لەناخی خوێندکارانی کورد بەتایبەت لە ئاڵقەی یەکەمی پێکهێنەرانی ئەو حیزبە واتە کاک فوئاد موستەفە سوڵتانی، کاک حەمەحسەین کەریمی و کاک عەبدوڵڵا موهتەدی چەکەرەی کرد و لە پێنجی خەزەڵوەری سالی ۱۳٤۸ی هەتاوی کۆمەڵە وەک حیزبێکی سیاسی چەپ کە پێداگرە لە یەکسانی، عەداڵەت و ئازادی لەدایک بوو.

هاتنە ئارای کۆمەڵە وەک ڕەوتێکی سیاسی چەپ و پێشکەوتنخواز لەگەڵ خۆی چەندین چەمک و دەستەواژەی گرینگی سیاسی وەک عەداڵەتخوازی، یەکسانی لە نێوان ژنان لەگەڵ پیاوان، ژنانی پێشمەرگە، یەکێیتیە جۆراوجۆرەکانی وەک یەکێیتی جوتیاران، مامۆستایان، ژنان، خوێندکاران کە تا ئەوکات لە بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی کوردستاندا بوونیان نەبوو خۆیان دەرخست و وەک ئۆرگانیزمێکی نوێی گۆمەڵگا هاتنە ئاراوە کە رۆڵی باشیان گێڕا لە ئاراستە کردنی کۆمەڵگا بەرەو جیهانێکی مۆدێڕنتر لە سەردەمی خۆیان.

بە پێی تەشخیسی درووست و هەنگاوی جیدی و بە پراتیککردنی تیئۆریەکان زۆر زوو توانرا سیاسەتە نوێخوازانەکانی کۆمەڵە سەرەرای هەبوونی لەمپەرگەلی سیاسی، کۆمەڵایەتی، کلتووری، ئایینی و دژایەتی کردن و شەڕپێفرۆشتنی ئەحزابی دیکە خۆی بە هەمو توێژەکانی کوردستان بناسێنێ و جێگای خۆی لەناو دڵی جەماوەری کوردستاندا بکاتەوە.

دۆخی سیاسی ئەمڕۆی ئێران و دۆخی نالەباری ئابووری خەڵک و زیاتر بوونی بۆشایی نێوان چینی هەژارو دەوڵەمەند کە بژێوی ژیان و گوزەرانی رۆژانە بووەتە مەشغەڵەی کۆمەڵگا، زەروورەتی بەکردەوە دەرهێنان و پاڵپشتی کردن لە گوفتمانی کۆمەڵەی زیاتر لەهەرکات بە پێویست و زەروور دەزانرێ و شەرعییەت و ڕەوایی زیاتری لە خۆ گرتووە.

دەبێ هەمو کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان پاڵپشتی لەم گوفتمانە سەردەمیانە بکەن، چوون هیچ گوفتمانێک بە بێ چارەسەر کردنی گرفتە چینایەتییەکانی کۆمەڵگا ناتوانێت بگات بە بەختەوەری، باشوری کوردستان نزیک بە سێ دەهەیە بێجگە لەناوچە دابڕێنراوەکان کێشەی نەتەوایەتی تێدا نەماوە بەڵام چوون خاوەن گوفتمانێکی چەپ و عەداڵەتخواز نەبووە نەیتوانیووە رساڵەتی شۆڕشە یەک لەدوای یەکەکان بە ئەنجامی خۆی بگەیەنێت و مەودای نێوان دو توێژی هەژار و دەوڵەمەند کەم بکاتەوە. کۆمەڵەو گوفتمانەکەی لفەو دوانەی بەختەوەری کۆمەڵگان و هەر ئەمەیش وایکردووە کە توێژی لە دوای توێژی کۆمەڵگا روو لە کۆمەڵەو سیاسەتە درووست و ئینسانییەکانی بکەن.

بەهۆی درووستی و زەرورەتی پڕۆگرام و بەرنامەی سیاسی بۆ داهاتو دروشمەکان و خەتی فیکری سنوورەکانی کوردستانی تێپەڕکردوەو شەقامەکانی ئێرانی تەنیوەتەوە.

ئێستا کۆمەڵە بووەتە ڕەوتێکی فیکری و سیاسی کە پانتایی کوردستان و جوغرافیایەکی زیاتری تەنیوەتەوە، ئەمەیش وا دەکات کە دەبێ زیاتر لەجاران و بە پێی پلانی نوێ و توکمە بەرەو پێشهاتە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان و ئەو گۆڕانکاریانەی کەچاوەڕوان دەکرێ دێنە پێش، زیاتر خۆی ئامادە بکات.

چۆن کاتی خۆی کۆمەڵە راگەیاندنی"خلق کورد در بوتە آزمایش"ی دایە دەرەوە و کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان و دواتریش حیزبەکانی دیکەیش هاتنە پیری ئەو بانگەوازەی کۆمەڵەوە، لەم قوناغەیشدا لەپاڵ سیاسەت و خەتی فیکری دروست بەهەڵپێکانی هەردو بزاڤی نەتەوەیی و چینایەتی مەترسیەکان بکات بە دەرفەت و دەرفەتەکانیش لە پێناو ئامانج و مافە ئینسانییەکانی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بەکاربێنێت.

چون بەهۆی چەپ بوون و هەوڵەکانی پێنج دەهەی رابردوو چاوەڕوانییەکانی جەماوەر لە کۆمەڵە زیاترە.

لەم کاتەدا کە هەمو شەقامەکانی ئێران و کوردستان بووەتە گۆڕەپانی ململانێ سیاسیەکان و دو گوفتمانی ئازادیخوازی و پارێزەرانی دیکتاتۆریەت لە لایەک و مەیدان دان بە سەلەفییە تووندڕەوە ئیسلامییەکان لە لایەکی دیکەوە هەوڵ دان بۆ یەکێتی و تەبایی زیاتر لەنێوان هێزە دیمۆکرات وپێشکەتنخوازەکان زەروورەو هەوڵەکانیش لەو بوارەدا زیاتر بووە.

جێگای خۆیەتی ئەزموونەکانی کۆمەڵە لەبواری بەڕێوەبەری و ئیدارەکردن، شوێن دانەر بووە، لە ئێستاو لە داهاتویشدا ئەو ئەزموونانە بکرێنە مەشغەڵی کاری داهاتووی خەباتی حەقخوازانەی کوردستان.

کۆمەڵەو مێژوەکەی پڕە لە روبارێک لە خوێن و گیانبازی هەزاران مرۆڤی خۆنەویست کە بەوپەڕی لێهاتوویی و قارەمانی سینگیان نا بە رووی هەمو ئاستەنگەکان و بەشێکی زۆریشیان لە پێناو کۆمەڵەدا گیانیان بەخت کرد و بوونە پاڵەوانی خەباتی خەڵکی چەوساوەی کوردستان.

لە رۆژی كۆمەڵەو یادی پەنجاودوساڵەی هەڵسووڕانی کۆمەڵە سپاس و رێزی فراوان ئاراستەی هەموو ئەو تێكۆشەرو خەباتكارانە بكەین كە خانەخوێی پێشمەرگەی کۆمەڵە بوون و فکر و هزری کۆمەڵەیان بۆ هەمیشە بەرز ڕاگرتوەو منداڵانیان بە کلتووری پێشکەوتوانەی کۆمەڵەوە پەروەردە کردوەو و دەیان نێرنە نێو ریزی پێشمەرگایەتی کۆمەڵە.