ئەم شیعرە پێشکەش کراوە بە "فەرهاد و ئازاد" خوسرەوی و هەموو ئەو کۆڵبەرانە بە سەرما و سۆڵ یا بە دەستی تاوانی هێزی دڵڕەقی داگیرکەری کوردستان گیانیان بەخت کرد



سەر بنێ سەر تاشە بەردێک پێخەفت بەفری سپی
ژانی کوردی بێ وڵاتە کێ دەبیە دەنگی کپی؟

پەنچکە نانێک لێرە ئەمڕۆ گیانی "فەرهاد"ی دەوێ
کۆمەڵی مافی مرۆڤ چۆن راچڵکێنن لە خەوێ

کێ دەزانێ چەند رژاوە خوێنی پیر و لاوی کورد
لەم سنوورەی کێشراوە بۆ نکۆڵی و راوی کورد

لەم سەدە و دەور و زمانە کۆڵبەری کەی بۆتە کار
ژانی نانە چۆتە کۆڵی شێر و گەرووی گورگ و مار

رۆژێ زریان دەمڕفێنێ رۆژێ کڕێوە و بۆران
رۆژێ مینە یا کەمینە یا رێژنەی گوللەباران

شەرمەزار بێ ئەم جیهانەی چاردە پاییز لێی ژیای
لە هەموو مافێک بە ناهەق وەک مرۆڤ بێبەش کرای

شەوی یەڵدا لێرە چل ساڵ هەر دەڕوا و دەکشێتەوە
چاوەڕوانی دەرفەتێکم رۆژی من هەڵبێتەوە

ئەم سەهۆڵبەندانە دەشکێ و بەستەڵەک دەتوێتەوە
ئەو دەمە لاوی خەباتکار وەک سەوڵ دەشنێتەوە

ئارام بەداغی

AM:10:05:22/12/2019




ئه‌م بابه‌ته 2337 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


زۆرترین خوێنراو‌