نامەیەکی سەر ئاوەڵا بۆ پارتە سیاسییەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات


بەڕێزان هاورێیانی سکرتێری گشتی لەپارتە سیاسیەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات

بەڕێزان هاوڕێیانی دفتەری سیاسی و کومتیەی ناوەندی

دوای سڵاوێکی گەرمی شۆڕشگێڕانە

وەک دەزانن مانگی داهاتوو، خولی نوێی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار لە ئێراندا بەڕێوە دەچێ. ئەم هەڵبژاردنە سەرنجی دەوڵەتانی ناوچەکەو جیهان، چاودێرانی سیاسی، ڕۆژنامە نووسان و چالاکانی مەدەنیشی بۆ لای خۆی ڕاکێشاوە. هۆکاری ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ گرنگی کاریگەرییەکانی ئەم هەڵبژاردنە، لە یەک لای کردنەوەی کێشە وململانێی نێوان باڵەکان و داڕشتنەوەی سیاسەتی داهاتووی ئێران و ڕۆڵی پیاوانی سیاسی و سەربازی و ڕۆحانییەت تێیدا. ئەگەر چی پرسەکە پەیوەندیی بە ئاستی سەرانسەری ئێرانەوە هەیە، بەڵام لەگەڵ پرسی کوردستانی ئێمەش گرێدراوە. بەرنامەی کاری ئێمە سەقامگیر کردنی دێمۆکراسیە لە ئێران بۆ ئەوەی لەو ڕێگایەوە مافەکانی گەلی کورد دەستەبەر بکەین. هەر بۆیەش دەبێ لەسەر ئەم پرسە قسەی خۆمان هەبێت.

ساڵی ٢٠١٧ دوای ئەوەی بەو باوڕە گەیشتین کە پرۆسەی هەڵبژاردن دەرفەتی هیچ گۆڕانکارییەک لە ئێراندا ناهێنێتە ئاراوە، سەرەڕای کەمی ئیمکانات و توانایی ڕاگەیاندن و نەبوونی دەرفەتی پێویست، هەموومان پێکەوە توانیمان بەهەڵوێستی یەکگرتووانەی بایکۆتی هەڵبژاردنەکان و داوای بەشداری نەکردنی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان و دواتریش بە وڵامی بەشداری نەکردنی خەڵکی کوردستان، توانیمان هەم قورسایی کورد و بزووتنەوەکەی بسەلمێنین و هەم پارێزگاری لە ڕۆڵی پڕ کاریگەری و هەژموونی کورد لە ناو خۆی ئێراندا بەرامبەر بە کۆماری ئیسلامی بکەین.

ئێستاش ئێوەی خۆشەویست هەمان هەڵوێستتان گرتۆتە بەر لە هەمانکاتدا ٢٤٠ ڕۆشنبیر وخەڵکی دیار لەسەر ئاستی ئێران داوای بایکۆت دەکەن، ئەمە دەرفەتێکی مێژوویی بە ئێمە دەدات کە هەموومان ستراتیژییەکی یەکگرتووانەی بایکۆت بە هاوبەشی لەگەڵ هێزەکانیتر لە بەلووچستان و ئەهواز، ئازەربایەجان و تورکەمنستان، چالاکانی سیاسی و مەدەنی، نووسەر و ڕۆژنامە نووس بەرینە پێش و پێکەوە پڕۆژەی کۆماری ئیسلامی کە دەیەوێ بەبەشداری خەڵک ڕەوایەتی بۆ سیستەم وەرگرێ پووچەڵ بکەینەوە.

لەلایەکی دیکەوە وەک بۆ خۆتان ئاگادارن بەردەوام کەسانێک هاوشانی کۆماری ئیسلامی پڕۆپاگەندە دژی پارتە سیاسیەکانی ڕۆژهەڵات دەکەن، کە کاریگەرییان نەماوە ئەمە هەم ڕاستەو هەم ناڕاست ڕاستە ئەو کاتەی کە یەکگرتوو نین و دوژمن دەتوانێ بۆ شاییەکانی نێوانمان بە قازانجی خۆی سوود لیوەرگرێ، ناڕاستە ئەو کاتەی کە داوای یەکگرتوویی و یەکڕیزی ئێمە لە هەموو ناوچەکانی کوردستاندا وڵام دەدرێتەوە و خەڵکی میللەتەکەمانیش دڵخۆش و کاریگەر نیشان دەدات ئەو بۆ هەمووان شاراوە نییە کە تا ئێستاش خەڵکی تێکۆشەری کوردستانی ڕۆژهەڵات وەفادارن بە ئێوەو و خوینی شەهیدەکان '' لەپێشەوا قازیەوە تا دوایین شەهیدی ژێر پەتی سێدارەمان'' نابێ ئەم وەفاداری و حەماسەی، جەماوەری نیشتمان پەروەر بەکەم بگیرێ چوونکە تەنها بە بە یەکگرتووییە ئەوانیش دەتوانن بەرامبەر بە کۆماری ئیسلامی خۆڕاگرتر و جەسوورتر بن هەر لەبەر ئەوەشە داوان لێدەکەم، کە پەرە بە یەکگرتوویی و یەکڕیزی بدەن.

هاوڕێیانی خۆشەویست

دەمەوێ سەرنجی ئێوە بۆ دواین گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە ڕابکێشم؛ وەک ئاگادارن دوای هاتنە سەرکاری بایدەن و هەوڵە بەردەوامەکانی وڵاتانی ئەورووپا بۆ گەڕاندنەوەی ئێران و ئەمریکا بۆ سەر مێزی دانووستان، هاوکات کۆمەڵێک خاڵی سەرکەوتن بۆ مووشەکە نوێیەکانی ئیران لە شەڕی فەلەستین و ئیسرائیلدا، تۆمار کرا لەڕاستیدا مووشەکەکانی ئێران لەو شەڕەدا سەرنجی هەمووانی بۆ لای خۆی ڕاکێشا سەرنج ڕاکێشانێک کە بیری جیدی لەوە بکرێتەوە جارێکیتر بیر لە دەرکردنەوەی ئیران لە سووریا و عێراق بکەن کار لەسەر کەمکردنەوەی مەترسییەکانی بکەن لە ناوچەکەدا ئەمە دەرفەتێکی باش بە ئێمە دەدات کە ببینە بەشێکی کاریگەر لەم ڕوبەڕوبوونەوەیە، بەڵام بەڕاستی دەتوانین بەم بارو دۆخە نایەکگرتووانە کە هەمانە بیر لە دەرفەتێکی وا بکەینەوە؟

بەر لە هەمووشتێک ئەم باروودۆخە پێویستی بە یەکڕیزی و یەکگرتوویی هەیە، من لەو کاتەوە کە بوومەتە دۆستی ئیوەو دەتانناسم، داوام لە ئێوە ئەوەیە کە لە ئاستی ناوخۆیی حیزبی خۆتان یەکگرتوو، لەسەر ئاستی سیاسەتی دەرەکیشتان یەکگرتووتر دەرکەون. ئێمە پێویستمان بە بە بەرەیەکی کوردستانی یەکگرتوو هەیە، لەڕاستیدا بوونی هێزێکی پیشمەرگەی یەکگرتوو، دیپلۆماسیەکی هاوبەش، میدیاییەکی کاریگەر وسیاسەتێکی دیاری نیشتمانی وا دەکات هەموو لایەک بەڕێز و قورساییەوە، لێمان بڕوانن ئەمە کورد دەکاتە مەحوەری ئەسڵی بۆ کۆکردنەوەی هەموو ئۆپۆزسیۆنی ئیرانی و پڕۆسەی ڕووخان و لەناو بردنی کۆماری ئیسلامی و بەدەستهێنانی مافەکانمان خێراتر دەکات.

من خۆم بە سەربڵندو ڕووسوور دەزانم کە خزمەتکارێکی بەشدار لە خەباتی ڕزگاریخوازی کوردستانی ڕۆژهەڵات بم و وەفادارم بە خوێنی شەهیدەکانو لەم پێناوەدا تا دوایین هەناسە لە گەڵتانم.

بەهیوای یەکڕیزی و یەکبوونمان

براتان

ڕۆژنامە نووس و چاودێری سیاسی

مەسعوود محەممەد


PM:06:32:31/05/2021




ئه‌م بابه‌ته 272 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌