هاوکات لەگەڵ بەردەوامی ناڕەزایەتییەکان لە شارەکانی ئێران، ٥٠٠ چالاکی سیاسی و مەدەنی لە راگەیەندراوێکی هاوبەشدا سەبارەت بە هەڵسووکەوتی توندووتیژانەی رژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران لەگەڵ خۆپیشاندەران کە شارۆمەندانی وەزاڵە هاتوون هۆشداریان داوە و لەم راگەیەندراوەدا کە رۆژی دووشەممە رێکەوتی ٢٦ی گوڵانی ساڵی ١٤٠١ی هەتاوی بڵاو کراوتەوە هاتووە: ئێمە کۆمەڵێک لە چالاکوانانی سیاسی و مەدەنی بە بەرپرسانی باڵای نیزام هۆشداری دەدەین لەسەر بابەتی ژیان و گوزەرانی نالەباری کۆمەڵگای ئێران.
لە درێژەی راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە: ئەگەر رێکاری حکومەت لە بەرانبەر کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکانی خەڵک سەرکووت، دەستبەسەر و ئەشکەنجە بێت، نە تەنیا کێشەکان چارەسەر ناکرێن، بەڵکوو ئاگری ناڕەزایەتییەکان زیاتر دەبێت. ئەم چالاکوانانە داوایان لە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی کردووە کە لەگەڵ خۆپیشاندەران هەڵسووکەوتێکی مرۆڤانەیان هەبێت.