بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە،
١٧ی بەفرانبار حوکمی لەسێدارەدانی محەمەد مەهدی کرمی و محەمەد حوسێنی، کە لەکاتی ناڕەزایەتییە
سەرتاسەرییەکاندا لە دۆسیەی ناسراو بە "کوشتنی بەسیجی ڕوحوڵڵا ئەجەمیان"
دەستگیرکران، جێبەجێکرا.
محەممەد مەهدی کرمی، تەمەن
٢٢ ساڵ، خەڵکی بیجاڕ و دانیشتووی کەرەج، خاوەنی چەندین میدالیایە و نازناوی پاڵەوانێتی جۆراوجۆری لە
وەرزشی کاراتە هەیە. لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، پارێزەرەکەی ڕایگەیاند کە مەحەممەد لە ڕۆژی
چوارشەممە ١٤ی سەرماوەز لە زیندانی ناوەندیی کەرەجەوە وەک ناڕەزایەتییەک بەرامبەر بە ڕێگەنەدان بە هەبوونی
پارێزەرێکی ئیختیاری دەستی دابووە مانگرتن لە خواردنی وشک.
هەروەها عەلی شەریفزادە
پارێزەری بەرگریکاری محەمەد حوسێنی، لە لاپەڕەی تایبەتی خۆی لە تویتەر بابەتێکی بڵاوکردەوە
و نووسیویەتی: "لە زیندانی کەرەج چاوم بە سەید محەمەد حوسێنی کەوت". گێڕانەوەی
پڕ بوو لە فرمێسک. لە ئەشکەنجە، لێدان بە چاو و دەست و قاچ بەستراو بە لێدان لە سەر
و بێهۆشی، لە مێڵەی ئاسن هێنان بە بنی پێیەکان و شۆک لە بەشە جیاوازەکانی جەستە، پیاوێک
کە دانپێدانانەکانی لە ژێر ئەشکەنجەدا بووە و دانپێدانانەکانی هیچ پێوەڕ و بنەمایەکی
یاسایی نییە. " زۆری نەخایاند حوکمی لەسێدارەدانی ئەم دوو خۆپیشاندەرە لە
دادگای باڵا پشتڕاستکرایەوە. لە هەمان کاتدا حوکمی ١٤ تۆمەتباری دیکە لەم پەیوەندەدا
دۆسیەکانیان ڕەوانەی هەمان لق کرا بۆ دووبارە لێکۆڵینەوە.
ئەم شارۆمەندانە پێشتر لە پێوەندی لەگەڵ دۆسیەی کوژرانی سەربازێکی
بەسیج بە ناوی ڕوحۆڵا ئەجەمیان لە شاری کەرەج دەستبەسەر کراون.